ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

02:29 - 09/01/2021

ترەمپ هێشتا دەتوانێت هێرش بکاتە سەر ئێران؟‌

پەیسەر

دوای راگەیاندنی ئەنجامە سەرەتاییەکانی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەمریکا، حەسەن رۆحانی، سەرۆکی ئێران رایگەیاند "سوپاس بۆ خوا، شەڕی ترەمپی لە کۆڵ کردینەوە!"، بەڵام هێشتا ئاماژەکان باس لە ئەگەری هێرشکردنە سەر ئێران دەکەن لەلایەن ترەمپەوە. فرۆکە جەنگییە "بی-52"ەکانی ئەمریکا لە کەنداو تەراتێن دەکەن و دیموکراتەکانی ئەمریکاش لەزاری بەرپرسە باڵاکانیانەوە باس لە ئەگەری هێرشی ترەمپ دەکەن بۆ سەر ئێران لەم ماوە کورتەی کە ماوییەتی.

دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، لەماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا سیاسەتی ئەوپەڕی فشاری بەرامبەر ئێران بەکارهینا، لە رێکەوتنە ئەتۆمیەکە لەگەڵ ئەم وڵاتە کشایەوە، قاسم سولەیمانی سەرۆکی سوپاسی قودسی کوشت. سەپاندنی ئەو هەموو سزا بەسەر  ئێراندا لەماوەی حکومرانییەکەیدا، لە 40 ساڵی رابردوودا بێپێشینە بووە.

لەم ئاخروئۆخری ماوەی سەرۆکایەتییەکەشیدا ،هێشتا لەلایەن ترەمپەوە باس لە ئەگەری هێرش بۆ سەر ئێران بابەتێکی گەرم و ئەگەرێکی کراوەیە.

دیموکراتەکانی ئەمریکا  مەترسیان هەیە ترەمپ هێرش بکاتە سەر ئێران
رۆژی 5ی کانوونی دووەم، هیلاری کلینتۆن، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا و رکابەری ترەمپ لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ساڵی 2016، لە تویتێکیدا لە هەژماری تویتەری خۆی نوسیوویەتی"خەڵاتێک کە ترەمپ دەتوانێت  پێشکەشی  وڵاتەکەی و جیهانی بکاتە ئەوەیە کە لە 15 رۆژی کۆتای سەرۆکایەتییەکەیدا، شەڕ لەگەڵ ئێراندا دەستپێنەکات."

کلینتۆن ئاماژە بەوە دەکات، دژوارە بزانرێت ترەمپ هەنگاوی سەرەکی دژی ئێران دەنێت یا نا و لە بەشێکی دیگەی تویتەکەیدا دەڵێت " لە هەموو حاڵەتێکدا، ئەوان"مەبەستی حکومەتکەی ترەمپە" سەرقاڵی یارییەکی ترسناکن."
لەلایەکی دیکەوە، نانسی پیلۆسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا کە ژنێکی سەر بە دیموکراتەکانە، ترەمپ بە سەرۆکە "ناتەواوەکە" ناو دەبات و دەشڵێت، لەگەڵ سوپاسالاری ئەمریکا قسەی کردووە بۆ ئەوەی رێگەی پێ نەدرێت فەرمانی وەشاندنی گورزی ئەتۆمی و ئەنجامدانی چالاکی سەربازیی دوژمنکارانە دەربکات."
چاودێران لەوباوەرەدان هەوڵەکانی پێلوسی بەشێکە لەو هەڵمەتەی لەم کاتەدا دژی ترەمپ لەلایەن دیموکراتەکانەوە بەرێوە دەبڕێت، ئەگینا ترەمپ تاوەکو 19ی کانوونی دووەم بە فەرمی سەرۆکی وڵاتە.

دیموکراتەکانی ئەمریکا لە سەردەمی  سەرۆکایەتی باراک ئۆبامادا، رێکەوتنی ئەتۆمیان لەگەڵ ئێراندا واژۆکرد و ئەمەش وایکرد پارە بلۆککراوەکانی ئێران بکەوێتەوە دەستی رژێمەکەی و ئێران هەناردەکردنی نەوتی دەستپێکردەوە، بەڵام لەگەڵ هاتنە سەر حوکمی ترەمپدا هەم ڕێککەوتنەکەی هەڵوەشاندەوە و هەم سیاسەتی ئەوپەری فشاری دژی ئەم وڵاتە بەکارهێنا.

 

نمایشی هێز لەلایەن ئەمریکا و ئێرانەوە

سوپای پاسدارانی ئێران، رۆژی هه‌ینی (8ی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایه‌ری 2021)، بنكه‌یه‌كی مووشه‌كی له‌ ژێر زه‌وی له‌ كه‌ناراوه‌كانی كه‌نداو له‌ باشووری ئێران ئاشكرا كرد.
 لیوا "حوسێن سه‌لامی"، فه‌رمانده‌ی گشتیی سوپای پاسداران له‌كاتی ئاشكراكردنی بنكه‌ سه‌ربازییه‌كه‌دا گوتی "بنکە موشەکییەکە، چەند کیلۆمەترێك درێژ دەبێتەوە و هێزی دەریایی ئێمەش ژمارەیەکی زۆر لەو بنکانەی هەیە، مووشه‌كه‌كانیشیان جۆرێكن لە مووشەکە هەرە پێشکەوتووەکان لە شەڕی کەناراوه‌كانی دەریایی بەکاردێت، هێزە دەریاییەکانمان به‌هۆی توانا ناوخۆیی و هێزە هێرشبەرییه‌كه‌ی پشت به‌خۆی ده‌به‌ستێت."

 


سه‌لامی جه‌ختی كرده‌وه‌، "مووشه‌كه‌كانمان بۆ گه‌یشتن له‌ مه‌ودای سه‌دان كیلۆمه‌تر زۆر وردن، بۆیه‌ هێزه‌كانی سوپای پاسداران بۆ هه‌ر كرده‌یه‌كی به‌په‌له‌ ئاماده‌ن."

ئەمریکاش پێشتر ژێردەریایی ئەتۆمی "یو ئێس ئێس جۆرجیا"ی هێنایە کەنداوی عەرەبی و لە ئێستاشدا بە چڕی فرۆکە شەڕکەرەکانی لە جۆری بی-52 بە ئاسمانی کەنداو و ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا تەراتێن دەکەن.
وەزارەتی بەرگری سعودیە رایگەیاند، فرۆکە جەنگییەکانی سعودیە بۆ  هاوەڵیکردنی فرۆکە "بی-52"ەکانی ئەمریکا دەستیان بە فڕین کردووە.
فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا ش گوتی؛ ڕۆژی پێنجشەممە "7ی کانوونی دووەم 2021" دوو فرۆکەی جەنگی ستراتیژی بی-52 لە بنکەکانی هێزی ئاسمانی بارکسدێڵ لە لویزیاناوە بۆ خۆرهەڵاتی ناوەراست فڕیون.
لەلایەکی دیکەوە، سعودیە وێنەی ڤیدیۆی راهێنانی هاوبەشی فرۆکەی ئێف-15 و بۆمباهاوێژی بی-52 ی بڵاوکردەوە.
فەرماندەی ناوەندی ئەمریکا، 8ی کانوون دووەم 2021، لە بارەی یەکەمین کاری فرۆکەی بی-52 لە ساڵی نوێدا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوەدەکات ، دوو فرۆکەی "بی-52ی ئێچ" لە کارێکی تایبەتیان لە رۆژهەڵاتی ناوەراست ئەنجامداوە.

رەیستارت:ئەگەر شەڕ روبدات، هیچ سەربازێکی ئەمریکا ناکوژرێت!
تەنها دیموکراتەکانی ئەمریکا نین دژی هێرشی ئەمریکا بن بۆ سەر ئێران ، بەڵکو زلهێزەکانی وەک روسیا، چین و بەریتانیاش لەگەڵ هێرشی سەربازیدا نین بۆ سەر ئەم وڵاتە.
ئۆپۆزسیۆنە ناوخۆی و دەرەکییەکانی ئێرانیش هیچیان بە فەرمی رایانەگەیاندووە لەگەڵ هێرشی ترەمپدا بن بۆ سەر ئێران، بێجگە لە ئۆپۆزسیۆنی رەیستارت.

سەید محەمەدی حسەینی، رابەری ئۆپۆزسیۆنی رەیستارت، لەکاردانەوەی تویتەکەی هیلاری کلینتۆندا، تویتەکەی ریتویت کردووە و زۆ بە توندی رەخنە لە هیلاری دەگرێت و دەڵێت"دەمت داخە!"


رابەری ئۆپۆزسیۆنی رەیستارت دیموکراتەکان بە هاودەستی ئێران تۆمەتباردەکات و دەنوسێت " تۆ"مەبەستی هیلاریە" و بایدن و ئۆباما راستەوخۆ دەستان تێکەڵە لەگەڵ ئێراندا"  و باس لەوە دەکات  "هەم تۆ ئەزانی هەم منیش!!، ئەگەر ترەمپ رژێمی ئێران بگۆڕێت..12 ساڵی دیکە سەرۆکی ئەمریکا دەبێت!، چوار ساڵی خۆی و هەشت ساڵی کچەکەی!!"


سەبارەت بە رودانی شەڕ لەنێوان ئەمریکا و ئێران، حسەینی دەڵێت " ئەگەر شەڕ روبدات، یەک سەربازی ئەمریکا ناکوژرێت!. من ملیۆنان لایەنگرم  لە ئێراندا هەیە، کە ئامادەن گیانی خۆیان بەخت بکەن لە پێناو هاتنی ئیمپراتۆری کۆرش و پەرشیا!. هەر ئەوەندە بەسە ترەمپ بیەوێت...ئێران "رژێـمی ئێران" دەڕوخێنین."