ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

11:51 - 11/01/2021

ئێران سوریا بەجێ ناهێڵێت؛ كێشەیەك لەبەردەم ئیدارەكەی بایدن دا‌

پەیسەر

پاش ئەوەی لە ساڵی 2011 خۆپیشاندانی ئاشتیانە لە دژی ئەو ڕژێمی سوریا سەری هەڵدا لە میانەی بەهاری عەرەبیدا. ئێران یەکێک بوو لەو وڵاتانەی كە دەستی درێژکرد بۆ پشتیوانیکردن لە ڕژێمی ئەسەد و تا ئێستاش پشتیوانی ئەو وڵاتەن، بەڵام ناكۆكی و ململانێكان لەو وڵاتەدا فرە ڕەهەندو فرە لایەنە، سوریاش گۆڕەپانێكی دیكەی بەریەك كەوتنی هێزە نێو دەوڵەتی و هەرێمییەكانە، پرسیار ئەوەیە مانەوە و نەمانەوەی هەژموونی ئێران لە سوریا لە سەر مێزی ئیدارەكەی جۆ بایدن چارەنووسی ئەو وڵاتە بەرەو كوێ كەمەندكێش دەكات؟

لەو رۆژەوە تا ئێستا کاریگەری هەژموونی ئێران لە سوریا فراوان بووە بۆ ئەوەی دەست بەسەر هەموو ئەولایەنە بیانیانەدا بگرێت کە دەستوەردانیان لە ململانێی سوریادا کردووە، لەوانەش ئەمریکا، کە ئیدارەی دۆناڵد ترامپ سەرۆکی هەڵنەبژێراوەی ئەمریکا ڕابەرایەتی دەكرد.

سەرەڕای هەموو ئەو قەیرانە زۆرانەی کە لە ناوخۆی ئێراندا هەبووە، بوون و کاریگەری لە سوریا بەرچاوە، بەڵام ئایا ئیدارەی جۆ بایدن - ی سەرۆک کۆماری هەڵبژێراو دەتوانێت چی بکات بۆ لەکارلابردنی هێزەکانی ئێران وباڵە جۆراوجۆرەکانی ئەو وڵاتە لە سوریا ؟

بە لەبەرچاوگرتنی لایەنە دەرەکییەکان لەسەر گۆڕەپانی ململانێكانی سوریا، بەتایبەتی مۆسکۆ و ئەنقەرە، ئیلیزابێس دێنت توێژەر لە پرۆگرامی دژەتیرۆر و توندڕەویی پەیمانگای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاریان تەباتابائی کە توێژەرە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە سندوقی -هاوپەیمانی مارشاڵ- فەندی ئەڵمانیی بۆ دێموکراسی سەرپەرشتی دەكات، ڕاپۆرتێکی نووسیوەو تیایدا باسی ئەو دۆخە دەكات .

ئێران پاساوێکی بەهێزی هەیە بۆ خۆلادان لە ڕاکێشانی سەرنج بۆ چالاکییەکانی لە سوریا و ڕژێمی ئێرانیش لە مێژە ڕۆڵی خۆی لەو ململانێیەدا بەکەم نیشان دەدات، بۆئەوەی چاوی نەچێتە سەر .

لە ناوەڕاستی مانگی دیسەمبەردا، شرۆڤەکارانی ئەمریکا جەختیان لەوە کردەوە، کە ئایا بەڵێنی تۆڵەکردنەوەی ئێران لە كوشتنی فەخریزادە- باوكی ئەتۆمی ئێران-، دەتوانێت تەگەرە بخاتە بەردەم هیواکانی جۆ بایدن سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراو بۆ زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنە ئەتۆمیەکەی لەگەل ئێران؟ لەكاتێكدا مانەوەی پەیوەندی نێوان تاران و دیمەشق وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر سەقامگیری ناوچەکە دەمێنێتەوە ، ئاڵۆزیەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە ناکۆکی سوریادا زیاتر دەبێت ، کە دەکرێت دوای دەست بەکاربوونی بە ماوەیەکی کەم ئیدارەی بایدن ناچار بکات لەوێ کارەكانی ڕێكبخاتەوە.

چەند ساڵە ئیسرائیل بە شێوەی خولی زیان لە پێگەكانی ئێران لە سوریا دەدات، لەم چەند مانگەی دوایدا ئیسرائیل بە لێدانی چەند پێگەیەك ئاڵۆزیەکانی نێوان ئێران و ئەمریکای زیاتركردووە.

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا، چرای سەوزی داوە بە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، بۆ سزادانی ئێران، تا ئەو کاتانەی هێرشەکان مەترسی هەڵگیرسانی "شەڕی جیهانی سێیەم "لێنەكرێت، لەگەڵ ئەوەشدا کۆشکی سپی ئەو هەواڵەی پشتڕاست نەکردوەتەوە، بەڵام پێدەچێت ئەمریکا بەردەوام بێت لە پێدانی گڵۆپی سەوز بە ئیسرائیل بۆ کردەوەکانی و تەنانەت فەرمانەكانیش دەداتە دەستی خۆی بۆ ئەوەی پێگە ئێرانییەکان بە ئامانج بگرێت.

بایدن ئاماژە بەوە دەكات بەرەنگاربوونەوەی بوون و کاریگەری ئێران لە سوریا لە پێشینەی كاری ئیدارەکەی دەبێت ، چونکە تاران بەشداریی دەکات لە ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە بە پاڵپشتیکردنی ڕژێم لە دیمەشق کە بە شێوەیەکی دڕندانە سەرکوتی خەڵکی خۆی دەکات و چەک و کەلوپەل بە هاوپەمانەکانی و هاوکارە ناحکوومیەکانی لە عێراق و لوبنان و سوریا دەگەیەنێت .

ئیدارەی ترامپ کێشەکەی بە دروستی دەستنیشان کردووە، بەڵام سیاسەتێکی (هەموو یان هیچ)ی پەیڕەو کردووە کە کاریگەری واشنتۆنی بە گەورەیی بەسەر تاراندا زۆر بە کەمدەزانی، ئەم بریارە یارمەتیدەر بوو بۆ دامەزراندنی داعش لە سووریا و فراوانکردنی هەژموونی خۆی لەو ناوچەیە . ئەگەر بایدن بیەوێت ئەم ڕەوتە پێچەوانە بکاتەوە ، دەبێت تیمی سیاسەتی دەرەوەی خۆی لەگەڵ شەریکەکانی ناوچەکە و ئەوروپا کارا بکات و بۆی دەردەکەوێت کە ئێران لایەنی كاریگەری پلەیەکە لە گۆڕانكارییەكانی سوریادا .

جگە لەوەش کاریگەری ئەمریکا لە سوریا سنوردارە ، بەڵام هێزی ئاسمانی و بوونی لە بەشی باکوری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە و کۆنترۆڵکردنی ناوچە کێڵگە نەوتییەکانیش دەگرێتەوە . کاریگەری ئەمریکاش ئەگەری كەمكردنەوەو سووككردنی سزاکان دەگرێتەوە، کە ئێران و سوریاش زۆر بە سەختی پێویستیان پێیەتی.

لە دوای شۆڕشی ئیسلامییەوە لە ساڵی 1979 وە پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ دراوسێ عەرەبەکانی پڕ بووە لە ئاستەنگ، لە کاتی شەڕی ئێران و عێراق لە ساڵی 1980 - 1988 دا ، زۆرینەی ڕەهای وڵاتانی عەرەبی لە پشتی سەدام حوسێنەوە وەستان ، لە کاتێکدا سوریا بەئاشکرا یارمەتیدەری ئێران بوو. لە ماوەی دوو دەیەی داهاتوودا و لە ماوەی ئەو چەند ساڵەی دوای حافز ئەسەدی کوڕی و بەشاری شوێنگرەوەی، سووریا بە یەکێک لە تاکە دۆستە دڵسۆزەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا ماوەتەوە .

لە سەرەتای ئەو جموجوڵەی لە ساڵی 2011 دا ڕوویدا ئێران دەستی هاوكاریی بۆ ڕژێمی سوریا درێژ کرد بۆ ئەوەی یارمەتی  بدات و لە تێکشکان ڕزگاری بكات ، ئەوەی تاران لە سەرەتادا بینی بوو بە خێرایی گۆڕدرا بۆ دەستێوەردانێکی سەربازی تەواو کە ئەندامانی سوپای پاسداران و هێزە سەربازییە تەقلیدییەکانی بەشدارییان تێدا كرد، ئێرانیش وردە وردە ه هاوکارە ناحکوومیەکانی خۆی بۆ پشتیوانی ئەسەد کۆدەکاتەوە .

قورسە ژمارەی هێزەکانی پشتیوانی ئێرانی كە لە سوریا کار دەکەن بزانرێت، لەبەر ئەوەی ئێران و سوریاش نایانەوێت ئاشكرا ببێت،  پاش ئەوەی ئەسەد دەسەڵاتی خۆی توند کردەوە ، زۆرێک لە هێزەکانی ئێران خاکی سوریایان بەجێهێشت، بەڵام ژمارەیەک لە فەرماندە و بریکارەکانی ئەو سوپایە ماونەتەوە، بۆئەوەی  ئەو هێزە ئێرانییە پارێزگاریی لە بەرژەوەندییەکانی ئێران بكات و سەرپەرشتی ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەکان بکەن .

تاران؛ سوریا بە توخمێکی كاریگەر دەبینێت بۆمانەوەی ئەو جموجووڵەی ناوی لێنراوە " مقاوەمە- بەرەنگاری " ، کە ڕێگەیەكی گرنگە بۆ گواستنەوەی چەک و کەرەستەکانی تر بۆ حیزبوڵای لوبنان و وەستانەوە لەبەردەم فراوانخوازییەكانی ئیسرائیل لە ناوچەكەدا.
لەگەڵ ئەوەشدا هەر حکومەتێك لەدوای ئەسەدوە بێتە سەركار ڕەنگە ئێرانیان بەلاوە پەسەند نەبێت و ئەگەری زۆرە جێگرەوەكەش سوننە بێت، هەر بۆیە لەگەڵ نەیارە هەرێمییەكانی ئێران وەک سعودیە یەک ڕیزو هاودەستبن. لەگەل کەمی هاوڕییانی ئێران لەناوچەکەدا، بوون و مانەوەی سوریا بە پێویستی سەرەكی دەبینێت بۆ ئەوەی هەژموونی خۆی مسۆگەر بكات.

لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا، ئیدارەی ترامپ سیاسەتێکی سەرپێی و لەناكاوی لە سوریادا پەیڕەو کردووە، کە میسداقیەتی ئەمریکای لەناوبرد و لە بەرژەوەندی  ئێران شكایەوە، بەجۆرێك چەند جارێک کشانەوە و کەمکردنەوەی هێزەکانی بە بەردەوامی ڕاگەیاند، هەروەها پابەندییەکانی بە هێزەكانی سوپای سوریای دیموكرات كەمكردەوە، کە هاوکارێكی گەورەی بوون لە شەڕی دژی داعش دا و کەم خەمڵاندنی و پراوێزی خستن، ئەم بڕیارانە لە سوریا پێچەوانەو ناڕاست بوون لەگەڵ ئەو گوتارە توندەی ترەمپ هەیبوو لە هەمبەر ئێراندا، کە پێدەچێت ئەولەویاتی سەرۆک کۆمار شەڕی ئێران نەبووبێت، نەك بە پێچەوانەوە.

پێویستە ئیدارەی نوێی ئەمەریكا كە بایدن سەرکردایەتی دەکات ئەوە بزانێت کە بژاردەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی نغرۆبوونی ئێران لەسوریا سنووردارە ، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا دەتوانێت هەندێک هەنگاوی دەستبەجێ بنێت ، بۆ نموونە ئێستا هێزەکانی سوریای دیموكرات ڕووبەڕووی فەرمانێک دەبنەوە لەواشنتۆنەوە بۆ وەستاندنی گفتوگۆ لەگەڵ ڕژێمی سوریادا دەركراوە ، دەبێت ئیدارەی نوێی ئەمەریكا ئەو بەربەستە لابدات و ڕێگە بدات ئەسەد وەک ناوبژیوانێک پەیوەندی زیاتر لەگەڵ ڕوسیادا بکات و ڕێكیان بخاتەوە.

چوونكە ئەگەر یەک یاریکەری هەرێمی هەبێت کە بە توندی دژی نفووزی ئێران بێت لە سوریادا ئەوە هێزەکانی سوپای دیموكراتن، چونکە میلیشیاکانی سەر بە ئێران بە پاڵپشتی ئێران بە درێژایی رووباری فورات هێزەکانی سوپای سوریای دیمەكراتیان ماندوو کردووە و لەگەڵ دانیشتوانی دێرەزۆر و قامیشلوش هەمان شتیان کردووە.
بەتایبەتی ئەگەرهێزەكانی سوپای سوریای دیموكرات لەگەڵ روسیا دانوستان بکات، دەتوانێت یارمەتی بدات بۆ لەکارلاچوونی ئەو میلیشیایانەی کە پەیوەستن بە ئێرانەوە لەو ناوچانەی کە ئەمریکا و حزبەکانی كار بۆسەقامگیرییەكەی دەكەن.

سیاسەتی ئێستای ئەمریکا ڕەتکردنەوەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانە لەگەڵ ڕژێمی ئەسەددا، لەکاتێکدا زۆرێک لەوڵاتانی عەرەبی لە ئێستادا بەدوای گەڕاندنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیانن لەگەڵ سوریا (بەبێ -یان -بە بوونی ) ئاگاداریی ئەمریکا .

ئەمریکا ماوەیەکی درێژە کەناڵی دیپلۆماسی خۆی لەگەڵ ڕوسیا لەبارەی سوریاوە دەهێڵێتەوە لە کاتێکدا ئەمەریکا دەزانێت كە ڕووسیا بە هاوبەشی ئێران دەناسێت، بەڵام دەبێت بەردەوام بێت لە هاوکاری کردن لەگەڵ ڕوسیا کە بەرژەوەندییەکانیان لەگەڵ یەک بێت .

لە لایەکەی دیکە مۆسکۆ و تاران بەدوای ئەوەدان کە سەرکەوتنی ئەسەد ڕابگەیەنن و سوودی لێ وەرگرن، ئەمەریکا سوود لە فراوانبوونی بۆشایی نێوان ڕوسیا و ئێران وەربگرێت و ئەمەریکاش  داوا لە ڕووسیا بکات بۆ ئەوەی یارمەتی بدات لە ڕادەستکردنی هێزەکانی ئێران و میلیشیاکانی لە ناوچە هاوسێکانی بەدرێژایی ڕووباری فورات و لە نزیکی سنوورەكانی ئیسرائیلەوە .

لە بەرامبەردا دەتوانێت مۆسکۆ بەرەو ئەو ناوچانە ببەسێت کە بۆ ئەمریکا گرنگ نین، بەڵام ڕوسیا بە گرنگی دەبینێت بۆ ئامانجەکانی بۆ بەدەستهێنانەوەی دەسەڵاتی ڕژێمی ئەسەد بەسەر تەواوی خاکی سوریادا، وەک بنکەی ئەمریکا لە تەنف.

لەوەش زیاتر، پێویستە ئەمەریکا بۆ دوورخستنەوەی ئێران هاوکاری ئەنقەرە و مۆسکۆ بکات و ، ئەگەرێک ئەوەیە ئەمەریکا دەست بە گفتوگۆی سێلایەن بكات لە سەر شانە تیرۆریستەکان لە ئیدلب کە دوایین قەڵاو ، پاشماوەی ئۆپۆزسیۆنی سووریایە و ، بە ئاشكرا لانەوماڵی چەند ئەندامێک لە داعش و ، قاعیدە و ، چەند گرووپێکی توندڕەوی دیکەی توندڕەوە .

ئەم ئەرکە ئاسان نابێت لەبەر ئەوەی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و تورکیا باش نین ، مۆسکۆ و ئەنقەرە بەسەرەکی لەسەر ئەوە ڕێکناکەون کە دەبێت گروپەکان بەتیرۆریست ئەژمار بکرێن و ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا توانای خۆی  بۆ ئەو فایلە گەرمە نیشانداوە ، لەئەوروپای ڕۆژهەڵاتەوە تا باکووری ئەفریقا .

ئەمریکا دەبێت لە نزیکەوە لەگەڵ ئیسرائیل دا بەردەوام بێت لە کارکردن بۆ دڵنیابوون لە دوو شت : ئیسرائیل لە گەڕانەوەی هەڕەشەکان لە نزیک سنووری خۆی لەگەڵ سوریا ئازادە ، هەروەها ڕۆڵی هەبێت لە هەر دانوستانێک لەسەر ئێران و قۆڵەکانی .

ڕەنگە ئەمەریکا بتوانێت وتووێژە جیاکانی خۆی لەگەڵ ئیسرائیل و ڕوسیا وەک خاڵی دەستپێک بۆ دانوستانە سێ لایەنەکە بەکار بێنیت ، کە تێیدا ئەمەریکا و ئیسرائیل دەتوانن ڕووسیا بە بەرپرس بژمێرن لە هەر بەڵێنێک کە دەیداتێ .

ڕەنگە دانوستانە سێ لایەنەکە بەسوود بێت لە هاوبەشیکردنی هەوڵی هەواڵگری لەسەر چەکی ئێرانی و جموجۆڵ و هەڕەشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل .

دۆسێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لەلایەن ئیدارەی بایدن ەوە كە بۆی ماوەتەوە ئاڵۆز دەبێت ، هەر نەبێت بەهۆی ئەو بارگرژیانەی لەنێوان ئێران و ئیسرائیلدا هەیە ، لەوانەش ناکۆکییان لەسەر سوریا .

سیاسەتی ئێستای ئەمریکا بۆ دەستنیشانکردنی ڕۆڵی ئێران لە سوریا، کاریگەری ئەمریکا و توانای لە دەرەوەی سێکتەری ئێران زۆر کەم دەکات پێویستە ئیدارەی نوێی ئەمریکا ئەو دۆخە قبوڵ بکات بۆ ئەو کاتە کە :

1-ئێران بە تەواوی سوریا بەجێناهێڵێت .
2-کاریگەری خۆی لەوێ بەتەواوی لە دەست نادات.
3-سیاسەتی واقیعی و وردە وردەی ئەمریکا لە سوریا یارمەتیدەر دەبێت بۆ کەمکردنەوەی بارگرژییەکان و کەمکردنەوەی زیانەکانی.

بە پێچەوانەوە هەموو شتێك دەچێتەوە خاڵی سفر و ئەو ئامانجەی كە بایدن بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دیاریكردووە بە دیی نایەت و دەكرێت وەك یەكەم شكستی ئیدارەكەی بهێنرێتە سەر مێزی هەلسەنگاندنەكان.