ڕاپۆرتی کوردستانی

03:12 - 12/01/2021

رابردووی تاریک و ئایندەیەکی ئاڵۆز بۆ کورد؛ ئەردۆغان هەدەپە بۆ باخچەلی دادەخات؟‌

پەیسەر

کورد رابردوویەکی تاریکی لەگەڵ داخستنی پارتەکانیدا هەیە، هەر کات بەهێز بووبن داخراون، ئێستاش دەوڵەت باخچەلی رووی لە ئەردۆغان کردووە و داوای داخستنی هەدەپەی لێدەکات. سەرەڕای هەموو رێگرییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، داخستنی هەدەپە وەک ئەگەرێکی ئەستەم سەیر ناکرێت و دەکرێت تورکیا وەک رابردوو دیسانەوە تاکە دەروازەی کوردەکانی باکوری کوردستان دابخات.

دەوڵەت باخچەلی: دەبێت هەدەپە دابخرێت
١١ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٠، دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست لە تویتەری خۆیەوە داوای داخستنی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)ی کرد و وتی، "کاروانەکە ئاوا ناڕوات، دەبێت داد و ماف دەستبەکار بن و قوفڵ لە دەرگای هەدەپە بدەن، دەبێت ئەم پارتی تیرۆر و دابەشکەرە دابخەن."

باخچەلی سەڵاحەدین دەمیرتاشی بە "تیرۆریست" ناوبرد و داوای کرد کۆتایی بە دۆسییەکەی بهێنرێت و لەوە زیاتر درێژە نەکێشێت.

پەروەین بوڵدان: هێزی داخستنی هەدەپەتان نییە
رۆژێک دواتر پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی هەدەپە لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی یەنی یاشام وەڵامی دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرستی دایەوە کە سەڵاحەدین دەمیرتاشی بە تیرۆریست ناوبرد و داوای داخستنی هەدەپەی کردبوو.

بوڵدان بە رۆژنامەکە وت، "لە راستیدا پێمان وایە هەر پێویست ناکات وەڵامی مەهەپە بدەینەوە، بەڵام لەبەر وەڵامی ئێوە و بۆ گەلەکەشمان وەڵام دەدەینەوە."

پەروین لە وەڵامەکەیدا وتی، "با گەلەکەمان باش بزانن هیچ کەسێک هێزی داخستنی هەدەپەی نییە، دەمەێت بە روونی ئەوە روونبکەمەوە و دووبارەی بکەمەوە؛ هیچ کەسێک توانای داخستنی هەدەپەی نییە."

بوڵدان ئاماژەی بەوە کردبوو، ئەو لێدوانەی باخچەلی نیشانەی هەبوونی کێشەیە لەناو هاوپەیمانییەتییەکەی نێوان ئاکپارتی و مەهەپە، بۆیە باشترە لەبری بەئامانجگرتنی دەمیرتاش و هەدەپە کێشەکانی خۆیان چارەسەر بکەن.

پەروین بوڵدان بە توندی هێرشی کردە سەر مەهەپە و وتی، "پارتێک کە کۆمەڵگەی لەگەڵ نییە و ئەگەر خۆی بە کلکی پارتێکی دیکەدا هەڵنەواسێت ناتوانێت بچێتە پەرلەمان، حەدی نییە قسە لەسەر هەدەپە بکات کە سێیەم گەورە پارتی تورکیایە."

لە بەردەوامی قسەکانیدا بوڵدان وتی، "پێویستە هەرکەسێک قسە لەسەر دەمیرتاش و هەدەپە دەکات، سەرەتا کڵاوەکەی بهێنێتە پێشەوەی سەری و ٥٠ جار بیر بکاتەوە، با بیر لە کارەکانی هەدەپە بکەنەوە ئینجا قسە بکەن."

مەهەپە بەردەوامە
دەوڵەت باخچەلی ماوەیەکی زۆرە کار لەسەر بەهێزکردنی بەرەی دژە هەدەپە دەکات، بەڵام تاکو ئێستا نەیتوانیوە سەرکەوتوو بێت، بۆیە رووی لە بەرزترین دەسەڵات و بەهێزترین دەسەڵاتداری تورکیا کردووە کە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری وڵاتەکەیە.

مەهەپە تەنها بە ئەردۆغانەوە نەوەستاوە، بەڵکو بەردەوام هەوڵ دەدات شەقامی گشتیش دژی پارتی دیموکراتی گەلان بجوڵێنێت، بەڵام لاوازبوونی پێگە جەماوەرییەکەی لە چاو پێشوودا وای کردووە رووبەڕووی شکست ببێتەوە.

هەدەپە دادەخرێت؟
لەگەڵ ئەوەی پارتی داد و گەشەپێدان بە فەرمی داواکەی دەوڵەت باخچەلی بۆ داخستنی هەدەپە رەتکردووەتەوە، بەڵام هەندێک لە چاودێران پێیان وایە باخچەلی لە ئەردۆغانەوە گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵکراوە و کاری هاوبەشی هەردووکیانە.

باخچەلی وەک قۆناغی یەکەم داوای بڕینی هاوکاریی دارایی حکومەتی بۆ هەدەپە کردووە، لە قۆناغی داهاتووشدا پلانی دیکە دەگرێتەبەر و رەنگە داخستنی هەدەپە بباتە پەرلەمانەوە.

مەهەپە بە هەدەپە خۆی رزگار دەکات
مەهەپە دژ بە مافەکانی گەلی کوردە لە باکوری کوردستان و هەر شوێنێکی دیکەی کوردستانی گەورە، بەڵام لە ئێستادا هەموو سەرنجی خۆی خستووەتە سەر داخستنی هەدەپە، ئەمەش چەند بۆ دژایەتیکردنی کوردە، هێندەش بۆ رزگارکردنی خۆیەتی.

بە جیابوونەوەی بەشێکی دیاری بەرپرس و ئەندامەکانی مەهەپە و دامەزراندنی (پارتی باش)، مەهەپە کەوتە ناو دۆخێکی خراپ و لاوازەوە، لێرەوە دەکرێت بوترێت مەهەپە بوو بە دوو بەشەوە و لەوەش خراپتر بۆ مەهەپە ئەوەیە کە ئیتر ناتوانێت تاکە پارێزەری بزوتنەوەی نەتەوەپەرستیی تورکیی بێت.

مەهەپە لە رێگەی بانگەشەی داخستنی هەدەپەوە دەیەوێت سۆزی جەماوەرە نەتەوەییەکەی تورک بجوڵینێت و پێگە نەتەوەپەرستییەکەی خۆی بەهێز بکاتەوە، چونکە لە ئێستادا مەهەپە جگە لە پەنابردن بۆ ئەردۆغان و دنەدانی هەستی نەتەوەپەرستی تورکی هیچ رێگایەکی دیکەی لەبەردەستدا نەماوە.

 رووکردنە ئەردۆغان
پارتی بزوتنەوەی نەوەپەرست و داد و گەشەپێدان، لە چەند ساڵی رابردوو رووبەڕووی شکست و لاوازیی بوونەوە، بۆ ئەوەی بتوانن بەرامبەر پارتەکانی دیکە درێژە بە تەمەن و پێگەی خۆیان بدەن، لەیەکتر نزیکبوونەوە و تەنانەت گەیشتن بە پێکهێنانی هاوپەیمانی جمهور لەلایەن هەردوو حزبەکەوە و بڕیاریشیاندا پێکەوە بەشداری هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨ بکەن.

باخچەلی بەردەوام داوای داخستنی هەدەپە لە ئەردۆغان دەکات، چونکە دەزانێت دادگا لەژێر دەستی ئەردۆغاندایە و دەبێت هەر لەم رێگەیەوە بە ئامانجەکەی بگات، بەڵام ئەردۆغان خۆی لە ناو دۆخێکدا نییە بتوانێت ئەم کارە بۆ باخچەلی بکات.

لەڕوودامانی ئەردۆغان
لە کاتێکدا زۆرینەی هێزە سیاسییەکان پشتیان لە ئەردۆغان کرد و هەوڵی لاوازکردنیان دا، باخچەلی فریای کەوت و پشتی گرت، بەشێکی جەماوەری نەتەوەیی تورکیش قایل کرد پشتگیری لە ئەردۆغان بکەن، بۆیە ئەردۆغان قەرزاری باخچەلییە و دەبێت ئەم قەرزەی بداتەوە.

لە ئێستادا رەنگە ئەردۆغان بیەوێت بەگوێی باخچەلی بکات و هەدەپە دابخات، بەڵام لەڕووداماوە و ئەگەر ئەم هەنگاوە بنێت رەنگە کۆتایی بە چارەنووسی خۆشی بهێنێت، بۆیە هەوڵ دەدات نە شیش بسوتێت و نە کەباب، هەم دڵی باخچەلی رابگرێت و هەم چارەنووسی خۆشی بپارێزێت.

رێگرییەکان
ناوخۆییەکان

ئەردۆغان وەک جاران بەهێز نییە و پێگە جەماوەرییەکەشی لاواز بووە، ئەو کوردانەشی پێشتر پشتگیرییان دەکرد یان کشاونەتەوە یان لە ئەگەری داخستنی هەدەپەدا بە تەواوی دەکشێنەوە.

ئەردۆغان پێویستی بە جەماوەرە کوردییەکەی هەیە، بۆیە نایەوێت بە هەنگاوێکی وەها ترسناک لەدەستیان بدات و هێندەی دیکە پێگەی خۆی بخاتە مەترسییەوە.

قەیرانی دارایی، ئابووری و بێکاریی تەنگیان بە فەرمانڕەواییەکەی ئەردۆغان هەڵچنیوە و هەڵاوسانیش گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار، بۆیە لەبری ئەم هەنگاوە ئەردۆغان ناچارە فریای ئەم قەیرانانە بکەوێت و لەمە زیاتر خەڵک لەخۆی توڕە نەکات.

بەهێزبوونی پارتە دژەبەرەکانی ئەردۆغان و نزیکبوونەوەیان لە هەدەپە، بەتایبەت پارتی باش و پارتی گەلی کۆماری، وای کردووە کە داخستنی هەدەپە لەلایەن ئەم هێزانەوە بە توندی رەتبکرێتەوە و دژایەتی بکەن، بەتایبەت کە ئێستا پەیوەندییەکانی نێوان پارتی گەلی کۆماری و ئەردۆغان لە خراپترین ئاستیدایە.

رێگریی دەرەکی
فراوانخوازییەکانی ئەردۆغان لە دەرەوەی سنورەکانی، لاوازبوونی دیموکراسییەت، قەیرانی دارایی، کپکردنەوەی ئازادییەکان و ناسەربەخۆیی دادگاکان و دەیان کێشەی دیکە، تورکیای رووبەڕووی رەخنە و فشارەکانی ئەورووپا و ئەمریکاش کردووەتەوە.

ئەردۆغان لە ژێر ئەم هەموو فشار و رەخنە زۆرانەدا نایەوێت پەنا بۆ داخستنی هەدەپە ببات، چونکە ئەمە رەنگە دواین بزمار بێت لە تابوتی فەرمانڕەواییەکەی بدات. بۆیە لەبری داخستنی هەدەپە ناچارە بە ریگای دیکە قەرزەکەی باخچەلی بداتەوە.

رابردووی تاریک و ئایندەی ئاڵۆز
پارتە کوردییەکان رابردوویەکی تاریک و خراپیان لەگەڵ تورکیا هەیە، دوایینەکانیان، داخستنی پارتی کۆمەڵگەی دیموکرات بوو لە ساڵی ٢٠٠٩، پاشانیش داخستنی پارتی ئاشتی و دیموکراتی لە ساڵی ٢٠١٤.

لەگەڵ بەهێزی هەدەپە، رێگرییە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی بەردەم ئەردۆغان و فشارە نێودەوڵەتییەکان، هەدەپە لەژێر مەترسیدایە. تورکیا خاوەن بڕیاری چاوەڕواننەکراوە و ئەمەش وەها دەکات هەڕەشەکانی داخستنی پارتە کوردییەکە بە هەند وەربگیردرێت.