ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

11:18 - 13/01/2021

ئیسرائیل سوریای کردووەتە دۆزەخی ئێرانییەکان‌

پەیسەر

لە دوای ساڵی ٢٠١١، سوپای ئیسرائیل بەردەوام هێرشی کردووەتە سەر هێزە ئێرانییەکان لە سوریا، دواترینیان شەوی رابردوو روویداو و تێیدا ١٦ چەکدار کوژران. بنیامین نەتەنیاهوش هەمیشە جەختی کردووتەوە کە رێگە بە بوونی ئێران لە سوریا نادەن. رۆژنامەیەکی رووسیش باس لە ئەگەری روودانی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە سوریا دەکات.

١٨ هێرش لە شەوێکدا
ئاژانسی هەواڵی سوری (سانا) رایگەیاند، درەنگانی شەوی رابردوو ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر شاری دەیرەزوور و ناوچەی بوکەمال.

سەرچاوەیەکەی سەربازی سوریش بە ئاژانسەکەی وتووە، کاتژمێر یەک و دە خولەکی شەو ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی کردووەتە ئەو دوو ناوچەیە و لە ئێستادا سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە دەرئەنجامەکانی هێرشەکان. بەرپرسە سورییەکە ئاماژەی بە هیچ زیانێکی گیانی و مادی هێرشەکە نەدا.

روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤیش ئەمڕۆ چوارشەممە هەواڵەکەی پشتڕاست کردەوە و رایگەیاند، درەنگانی شەوی رابردوو ١٨ هێرشی ئاسمانی کراوەتە سەر هێزەکانی رژێمی سوریا و میلیشیاکانی سەر بە رژێمی ئێران لە خۆرهەڵاتی سوریا.

٢٣ کوژراو
روانگەکە باسی لەوەش کردووە، هێرشەکان کراونەتە سەر گەنجینەی چەک و بنکە سەربازییەکانی رژێمی سوریا و میلیشیا چەکدارەکانی ئێران لە دەیرەزوور و بوکەمال لە سنوری سوریا – عێراق.

بەپێی زانیارییەکانی روانگەکە لە هێرشەکاندا پێنج ئەندامی رژێمی سوریا و ١١ ئەندامی میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ئێران کوژراون.

لە هەواڵەکەی روانگەی سوریدا هاتووە، بەهۆی هێرشەکانەوە گەنجینەی چەکی هێزەکانی رژێم و میلیشیاکان تێکشکێندراون، ئەو بنکانەشی هێرشیان کراوەتە سەر لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، حیزبوڵا و فاتمییەکانەوە بەکارهاتووە و بۆ راهێنان و ئامادەکردنی چەکدارەکانیان بەکاریانهێناوە.

 

دوای چەند کاتژمێرێک روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، ژمارەی کوژراوانی رژێمی سوریا بۆ حەوت کەس و میلیشیا چەکدارەکانیش بۆ ١٦ کەس بەرزبوەتەوە، بەمەش کۆی کوژراوەکانی هێرشەکەی ئیسرائیل گەیشتووەتە ٢٣ کەس.


نەبوونی راگەیەندراوی فەرمی
تاکو ئێستا سوپای پاسدارانی ئێران هیچ لێدوانێکی لەسەر هێرشەکانی شەوی رابرووی ئیسرائیل بۆ سەر میلیشیاکانی بڵاونەکردووەتەوە.

لەگەڵ ئەوەی روونە ئیسرائیل هێرشەکانی ئەنجامداوە، بەڵام هیچ بەرپرسێکی سەربازی ئیسرائیلی لەبارەی هێرشەکانەوە قسەیان نەکردووە.

ئەگەری جەنگی ئیسرائیل - ئێران
دوێنێ و چەند کاتژمێرێک پێش هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر هێزە سوری و ئێرانییەکان، رۆژنامەی (نیزەڤیسیمایا)ی روسی راپۆرتێکی لەبارەی ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگ لەنێوان ئیسرائیل و ئێران لە باشوری سوریا بڵاوکردەوە.

رۆژنامەکە هۆشداری داوە لەوەی کە هەردوو لایەن چەکی زۆر ورد و پێشکەوتوو بەکاربهێنن، بەتایبەت دوای ئەوەی میلیشیا چەکدارەکان دەستیان بە موشەکی پێشکەوتوو گەیشتووە.

لە رپۆرتەکەدا هاتووە، سیناریۆکە ئەوەیە کە باشوری سوریا دەبێت بە گۆڕەپانی جەنگ و ئەمەش نزیکە لە ساڵی ٢٠٢١دا رووبدات و ئیسرائیلیش ئامادەکاری فراوانی بۆ ئەم جەنگە کردووە.

ئەگەری هێرشی ئێران
زانیارییەکانی رۆژنامە روسیەکە پشتی بە راپۆرتێکی پەیمانگای لێکۆڵینەوەکانی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل بەستووە لە زانکۆی تەلئەبیب کە مەترسی و هەڕەشەکانی سەر ئیسرائیلی لە ساڵی ئایندەدا هەڵسەنگاندووە.

راپۆرتی پەیمانگا ئیسرائیلییەکە باسی لەوە کردووە، کە توانا و وردیی میلیشیا ئێرانییەکان زیادیان کردووە و لە توانایاندایە هێرش بکەنە سەر ئامانجە ئیسرائیلییەکان.

سێ هێرش لە ١٠ رۆژدا
رۆژنامە روسیەکە ئاماژەی بە چربوونەوەی هێرشە ئیسرائیلییەکان داوە و نووسیویەتی، تەنها لە ماوەی ١٠ رۆژی رابردوودا ئیسرائیل سێ جار بە چڕی هێرشی کردووەتە سەر میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ئێران.

هێرشەکانی ئیسرائیل لەسەر بنکە و گەنجینە سەربازییەکانی حیزبوڵا و فەیلەقی سوپای پاسداران لە باشور و رۆژئاوای شاری دیمەشق چڕبوونەتەوە.

ئامادەکاری ئیسرائیل
رۆژنامەکە ئەوەسی خستووتەڕوو کە ئیسرائیل چاوەڕوانی هێرشی میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ئێرانە و بۆ ئەمەش ئامادەکاری پێویستی کردووە. تەنانەت لە باشوری ئیسرائیل سیستمی بەرگری دژە موشەکی بڵاوکردووەتەوە.

لە دوای ساڵی ٢٠١١، ئیسرائیل بەردەوام و بە چڕی بۆردومانی هێزەکانی رژێمی سوریا، میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ئێران، حزبوڵای ئێرانی و ئەو هێزانەی کردووە کە پەیوەستییان بە تاران و دیمەشقەوە هەیە.

ئیسرائیل: رێگە بە بوونی ئێران نادەین
ئیسرائیل چەندین جاریش هێرشی کردووەتە سەر ناوچە سەربازی و ستراتیژییەکانی رژیمی سوریا لە شاری دیمەشق، بەڵام سوریا جگە لە رەتکردنەوە هیچ کاردانەوە و هێرشێکی گەورەی نەبووە.

بەرپرسانی ئیسرائیل بەردەوام دووپاتیان کردووەتەوە بە هیچ جۆرێک رێگە بە بەهێزبوونی تاران لە سوریا نادەن و دەبێت کۆتاییان پێبهێندرێت.

وەک بنیامین نەتەنیاهو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاندووە، بە هیچ جۆرێک رێگە بە بوونی ئێران لە سوریا نادەن، چونکە ئامادەیی سەربازیی ئێران لە سوریا هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەی.

بێزارکردنی ئیسرائیل و تۆمەتبارکردنی
لەگەڵ هەموو هەڕەشەکانی ئیسرائیل و هێرشە سەربازییەکانی بۆ سەر میلیشیاکانی، ئێران هەمیشە هەوڵی بێزارکردنی ئیسرائیلی داوە، وەک ئەوەی سەرەتای ئەمساڵ لایەنگرانی سەر بە حیزبوڵای لوبنانی لەسەر سنوری لوبنان – ئیسرائیل وێنەکانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی کوژراوی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران و ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری کوژراوی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی عێراقیان بەرزکردەوە.

ئەوەی مایەی سەرنجە، ئیسرائیل بە دەگمەن هێرشی کردووەتەوە سەر چەکدارانی داعش لە سوریا و هەندێک سەرچاوەش باس لەوە دەکەن ئیسرائیل لە سوریا هیچ زیانێکی لە چەکدارانی داعش نەداوە.

ئەمەش وای کردووە کە رژێمی سوریا بەردەوام ئیسرائیل بە پشتیوانی داعش تۆمەتبار بکات، وەک ئەوەی شەوی رابردوو بەرپرسێکی سەربازی سوریا بە ئاژانسی سانای وتووە کە ئیسرائیل پشتیوانی لە داعش دەکات.