ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

11:45 - 13/01/2021

ئەمریکا بیانووەکانی روخاندنی بەعس رووبەڕووی ئێران دەکاتەوە‌

پەیسەر

ئەو تۆمەتانەی 17 ساڵ پێش ئێستە خرایە پاڵ عێراق و بەهۆیەوە هێرش کرایە سەر  رژێمەکەی سەدام و روخێنرا، لە ئێستادا هەمان ئەوتۆمەتانە رژێمی ئێرانی پێ تۆمەتبار دەکرێت. سەرەڕای بەرنامە ئەتۆمییەکەی، ئەمریکا لەسەر زاری مایک پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە ئێرانی بەوە تۆمەتبارکرد دەستی هەبووە لە هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەر بۆسەر دوو تاوەرە بازرگانییەکەی وڵاتەکەی و بووەتە مۆڵگەی ئەلقاعیدە.

لە کانوونی دووەم 2004، دەیڤد کەی، لێکۆڵەری باڵای چەک لە ئەمریکا لە بەردەم کۆنگرێسدا سەبارەت بە هەبوونی چەکی کۆمەڵکوژ لە عێراقدا گوتی " تەقریبە هەموومان هەڵە بووین"، بەڵام لەوکاتەدا رژێمی بەعس رووخابوو.
ئەو تۆمەتانەی مایک پۆمپیۆ دایەپاڵ رژێمی ئێران، زۆر قورسترن لەو تۆمەتانەی کە رژێمەکەی سەدام بەهۆیەوە لەناوچوو. وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئێرانی وەک وڵاتێکی مەترسیدار بۆسەر ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا دانا کە بووەتە بنکەی قاعیدە و راستەوخۆش دەستی هەبووە لە رووداوەکانی 11ی سێپتەمبەر لەم وڵاتەدا.

چەکی ئەتۆمی
یەکێک لە بیانووەکانی هێرشکردنە سەر عێراق لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانانەوە لە ساڵی 2003 ئەوەبوو، ئەم وڵاتە بەهەبوونی چەکی کۆمەڵکوژ  و هەوڵدان بۆ دەست گەشتن بە چەکی ئەتۆمی  تۆمەتبار دەکرا. ئەگەرچی سەدام ڕێگەیدا بە پشکنەرە نێودەوڵەتییەکان سەردانی بنکە ئەتۆمییەکانی بکەن، بەڵام پشکنەرەکان بیانوی پێشێلکردنی رێکەوتننامە نێودەوڵەتییەکانیان دەدایە پاڵ عێراق و بە شاردنەوە و ڕێگرکردن لێیان تۆمەتباریان دەکرد، ئەمەش وایکرد پشکنەرە نێودەوڵەتییەکانی ئاژانسی وزەی ئەتۆم لەلایەن عێراقەوە دەربکرێن.
لە ئێستادا، هەمان بیانوو و هەمان کاردانەوە وا خەریکە لە ئێراندا روو دەدات.

ساڵی 2015، ئێران و وڵاتە زلهێزەکان لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئەم وڵاتە گەشتنە ڕێککەوتن، بەڵام لە ساڵی 2018 دا، ڕێککەوتنە ئەتۆمەیەکەی ئەم وڵاتە لەلایەن ترەمپەوە هەڵوەشێنرایەوە.
دەرچوونی ترەمپ لە ڕێککەوتنە ئەتۆمیەکە وایکرد، ئێرانیش پابەند نەبێت بەرێککەوتنەکەوە و دەستبکات بە  هەڵگرتنی یۆرانیۆمی پیتێنراوی خۆی.
لەکاردانەوەی تەقاندنەوەی بنکەی ئەتۆمی نەتەنز و کوشتنی موحسینی فەخریزادە، زانای ئەتۆمی ئەم وڵاتەش، لە دواین مانگی 2020دا، عەلی خامنەی، رابەری باڵای ئێران، فرمانی پیتاندنی یۆرانیۆمی بە ڕێژەی 20٪ دەرکرد و بەرنامە ئەتۆمییەکەی وڵاتەی نزیکتردەوە لەوەی بتوانێت زوتر دەستی بە چەکی ئەتۆم بگات.
هەروەها، چەندین جار لەزاری بەرپرسانی باڵای رژێمی ئەم وڵاتەوە هەڕەشەی دەرکردن و ڕێگریکردن لە لێکۆڵەرانی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی دەکەن .

11 سێپتەمبەر و ئەلقاعیدە
ئەگەرچی رژێمی بەعسی عێراقی بە یارمەتیدانی ئەلقاعیدە  تۆمەتبار دەکرا، بەڵام نەتوانرا هیچ پەیوەندیەکی عێراق بە هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەرەوە بسەلمێنرێت.
مایک پۆمپیۆ، ئێرانی وەک مۆڵگە و بنکەی ئەلقاعیدە لەقەڵەمدا  و گوتی ئێران "بۆ قاعیدە بووە بە ئەفغانستان"
مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2020 رۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردووە، ئەبو محەممەد میسری کە سەر بە قاعیدە بووە، تۆمەتبارە بە هاوکاریکردن لە بۆمبارانکردنی دوو باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئەفریقا و لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە ئێران لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژراوە.
لە ئێستادا، ئەمریکا خەڵاتی 7 تا 10 ملیۆن دۆلار بەخششی دیاریکردووە بۆ سێ سەرکردەی ئەلقاعدە لە ئێران، ژمارە تەلەفۆن و رێگاکانی پەیوەندی بڵاوکردووەتەوە تاوەکو لەلایەن هاووڵاتیانی ئەم وڵاتەوە شوێنیان بۆ ئەمریکا دەستنیشان بکرێت.
لە هەمووی مەترسیدارتر، تۆمەتبارکردنی ئێرانە بەوەی راستەوخۆ دەستی هەبووە لە روداوەکانی 11ی سێپتەمبەر، مایک پۆمپیۆ کە پێشتر بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا بوو ئاماژەی بەوەدا  "ئێران پارە و پاسپۆرتی داوەتە بەرپرسانی قاعیدە و قاعیدەش کار بۆ پاراستنی ئێران دەکات".
پێشتر لە ساڵی 2001، ئەمریکا بە بیانووی بوونی قاعیدە، کە تۆمەتبارە بە هێرشەکانی سەر دوو باڵەخانە بازرگانییەکەی نیویۆرک، هێرشی کردە سەر ئەفغانستان.

دیموکراسی و سەرکوتکردنی ئازادییەکان

تۆمەتێکی دیکە بۆ رووخاندنی سەدام و رژێمەی،  دیکتاتۆرییەت و سەرکوتکردنی گەلی عێراق بوو. رژێمی بەعس تۆمەتبار کرا بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و بەکارهێنانی چەکی کۆمەڵکوژ دژی گەلەکەی"ئەگەرچی 15 ساڵ پێشتر لە 16ی ئازاری 1988 دژی شاری هەڵەبجە و چەندین شوێنی دیکەی هەرێمی کوردستان بەکاری هێنابوو."
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە پشتگیریکردنی ئەمریکا بۆ خەڵکی ئێران، هەمان تۆمەتەکانی دژی ئێران دووبارە کردەوە و باسی لەوە کرد " ئێمە پشتگیری خەڵکی ئێرانین. سەرکوتکەرەکانمان سزادا. راستیەکانمان دەربارەی وەحشیگەرییەکانی رژێمی ئێران بڵاوکردەوە. توانیمان ڕێگە بگرین لەو پارەیەی، کە ئێران دەیتوانی بۆ پشتگیریکردنی تیرۆریستان بەکاری بهێنێت".

لە هێرشکردنەسەر ئەفغانستان و عێراقدا، ئەمریکا  و هاوپەیمانان سەربازەکانیان بردەناو ئەو وڵاتانەوە، بەڵام بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، ترەمپ باس لە "هێرشی بروسکە ئاسا"دەکات.