ڕاپۆرتی کوردستانی

03:49 - 13/01/2021

هه‌رێم و عێراق ئاماده‌كاری بودجه دەكەن‌ و داهاتوش نادیارە‌

پەیسەر پرێس

ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق خوێندنه‌وه‌ی دووه‌می بۆ پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتی ساڵی 2021 ده‌ستپێكرد، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستانیش دوای حه‌وت ساڵ بۆیه‌كه‌م جار، تاوتوێی پرۆژه‌یاسای بودجه‌ده‌كات، ئه‌وه‌ له‌ كاتێكدایه‌، تائێستا هه‌رێم و به‌غداد نه‌گه‌یشتونه‌ته‌ هیچ ڕێككه‌وتنێكی كۆتای، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمیش ده‌ڵێت، هەرێمی کوردستان لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، هەموو ئەرکە دەستوورییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە. جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی و ئابووری له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ڵێت، بودجه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای شه‌فافی دێته‌ په‌رله‌مانی كوردستان و بودجه‌ش بۆ پارێزگاكان ته‌رخان كراوه‌.

ئامادەكارییەكان دەستیانپێكرد
دوای ئه‌وه‌ی پرۆژه‌یاسای بودجەی ساڵی 2021 گەیشته‌ پەرلەمانی عێراق و خوێندنه‌وه‌ییه‌كه‌می بۆكرا،  جارێكیتر ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كۆبونه‌وه‌كانی بۆ خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م تایبه‌ت به‌و پرسه‌ ده‌ستپێكرده‌وه‌.

رەشنووسی پرۆژەیاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2021 قەبارەی زیاتر لە 164 تریلیۆن دینارە. داهاتی عێراق زیاتر لە 93 تریلیۆن دینارە کە 73 تریلیۆن دیناری داهاتی نەوتە و 20 تریلیۆن دیناریشی داهاتی نانەوتییە.

لە پرۆژەیاساکەدا نرخی نەوتی خاو بە 42 دۆلار خەمڵێندراوە و عێراق بە تێکڕا رۆژانە سێ ملیۆن و 250 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکات.

بودجەکە زیاتر لە 71 تریلیۆن دینار کورتهێنانی هەیە و بەهاییەک دۆلار بە 1450 دینار هەژمار دەکرێت، بودجەی 2021 پێویستی بە قەرزکردنی 47 تریلیۆن و 817 ملیار دینارە.

لە پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021ی عێراقدا پشکی هەرێمی کوردستان 13 تریلیۆن و 904 ملیار و 12 ملیۆن و 452 هەزار دینار دەبێت.

هه‌رێمی كوردستان و بودجه‌
بۆیه‌كه‌م جار دوای حه‌وت ساڵ له‌ هه‌رێمی كوردستانیش پرۆژه‌یاسای بودجه‌ ئاماده ‌ده‌كرێت.

ئەنجوومەنی باڵای ئابووری هەرێمی کوردستان، گفتوگۆی دەربارەی دیاریکردنی هێڵە گشتییەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021ـی هەرێمی کوردستان و هەنگاوەکانی پرۆسە چاکسازی ده‌ستپێكرد. 

‎هەریەک لە وەزیرانی دارایی و ئابووری و پلاندانان، راپۆرتێکیان دەربارەی دۆخی ئێستای دارایی و ئامادەکارییەکانی پرۆژەیاسای بودجەی 2021 خستووەتەڕوو.

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت لە کۆبوونەوەکەداڕایگه‌یاند، حکومەتی هەرێم هەموو هەوڵێکی خستووەتەگەڕ لە پێناوڕێکخستنەوەی داهاتەکان و کەمکردنەوەی خەرجییە ناپێویستەکان و ڕێکخستنەوەی میلاک و دەرھێنانی ناوی ئەو کەسانەی کە بە شێوەیەکی ناڕەوا سوودمەندبوون لە بودجە گشتی، بۆ ئەوەی ماف و شایستەی دارایی مووچەخۆری شایستە دەستەبەر بکرێت، سەرەڕای کارکردن بۆ کەمکردنەوەیڕووتین لەڕاییکردنی مامەڵە داراییەکان.

‎وتیشی، هەرێمی کوردستان لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، هەموو ئەرکە دەستوورییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە، بۆیە دەبێت دەسەڵاتی فیدراڵیش ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم لە چوارچێوەی پڕۆژە بودجەی فیدڕاڵی بۆ ساڵی ٢٠٢١ دابین بکات.

هاوكات، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، تاوتوێی ‌دەرەنجامی كۆبونەوەی ئەنجومەنی ئابوری كرد، سەبارەت بەپێشنوسی پڕۆژەیاسای بودجەی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2021.

لای خۆیه‌وه‌، هێڤیدار ئه‌حمه‌د جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی و ئابووری له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، راگه‌یاند، ئێسته‌ كه‌ كابینه‌ی نۆ بڕیاری داوه‌ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ بنێرێته‌ په‌رله‌مان، مانای ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ هه‌موو كێشه‌ داراییه‌كانی هه‌رێم چاره‌سه‌ر ده‌بن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگ ده‌بێت، ئاشكرا و شه‌فاف ده‌بێت كه‌ پاره‌ و داهات چه‌ند ده‌بێت، چۆن خه‌رج ده‌كرێت و له‌ چیدا و بۆ كوێ خه‌رج ده‌كرێت، كه‌رت و پڕۆژه‌كان چۆن پاره‌یان بۆ ته‌رخان كراوه‌.

وتیشی، بودجه‌ شه‌فافییه‌تی تێدا ده‌بێت و به‌ ئاشكرا بڕی پاره‌ و خه‌رجكردنی دیاری ده‌كرێت، هه‌ر پارێزگایه‌كیش بۆ پڕۆژه‌ پاره‌ی بۆ خه‌رج ده‌كرێت، كه‌مترین پاره‌ خه‌رج بكرێت به‌ ئاشكرایه‌ و لایه‌نی شاراوه‌ی تێدا نییه‌، ده‌ستی حكوومه‌ت هه‌مووی ئاشكرایه‌.

جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارای وتیشی، له‌ كۆتایی ساڵیشدا حیساب خیتامی بودجه‌ هه‌یه‌، حكوومه‌ت ده‌ینێرێته‌وه‌ په‌رله‌مان و به‌ په‌رله‌مان ده‌ڵێت كه‌ ئه‌و پاره‌یه‌ی خه‌رجی كردووه‌ چه‌نده‌ و چۆن خه‌رج كراوه‌، دینار به‌ دینار ده‌ینێرێته‌وه‌ و په‌رله‌مانیش به‌دواداچوونی بۆ ده‌كات، بودجه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای دادپه‌روه‌ری به‌سه‌ر هه‌موو كه‌رت و شار و پارێزگایه‌كدا دابه‌ش ده‌كرێت.

ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه‌ تائێستا حكومه‌تی هه‌رێم و عێراق له‌ باره‌ی پرۆژه‌یاسای بوجه‌ نه‌گه‌یشتونه‌ته‌ڕێككه‌وتنی كۆتا، حیزبه‌ده‌سه‌ڵاتداره‌كانیش له‌ هه‌وڵییه‌ك ده‌نگی لایه‌نه‌سیاسیه‌كانن له‌سه‌ر پرسه‌كه‌ و تائێستاش واده‌ی گه‌ڕانوه‌ی وه‌فده‌كه‌ نادیاره‌.

پشکی هەرێمی کوردستان بەپێی ژمارەی دانیشتووانی دیاریدەکرێت، دەبێت شایستەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2014 تاوەکو 2020 یەکلایی بکرێنەوە، هەروەها دەبێت هەرێمی کوردستان رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکات و داهاتی رادەستی حکومەتی عێراق بکات، داهاتە نانەوتییەکانیشی رادەستی حکومەتی عێراق بکات.

ئەگەر هەرێمی کوردستان داهاتەکانی رادەست نەکات، ئەوا بڕی ئەو داهاتانە لە پشکەکەی دەبڕدرێت، دەبێت هەرێمی کوردستان لە ماوەی 30 رۆژدا هەموو زانیارییەکانی ئەو قەرزانەی لەسەریەتی رادەستی وەزارەتی دارایی عێراقیان بکات، لیژنەیەکی هاوبەشی نێوان هەردوولا لە ماوەی 90 رۆژدا بەو زانیارییانەدا دەچێتەوە.

ساڵانێكە بەناوی ئابوری سەربەخۆوە نەوتی هەرێم خراوەتە ژێر دەسەڵاتی توركیا، بە درێژایی ئەو ماوەیە لە بێموچەیی و قەرز زیاتر خەڵكی ئاسایی هیچی تری لێ نەچنیەوەتەوە.

لە ئێستادا هیچ دەرفەتێك نەماوەتەوە كە حیزبە دەسەڵاتدارەكان، خەڵك بكەنە قوربانی سیاسەتە هەڵەكانیان، دەبێت نەوتی هەرێم لە رێگەی عێراقەوە بفرۆشرێ لەبەرامبەردا پشكی هەرێم لە موازەنەی۲٠۲۱ مسۆگەر دەبێت، بەپێچەوانەوە هەرێم مایەپوچ دەبێت لە بەرامبەر بەغداد.