ڕاپۆرتی کوردستانی

04:16 - 13/01/2021

چارەنووسی خوێندنی ئەمساڵ لەنێوان كۆرۆنا و نەبوونی مووچەدا‌

پەیسەر

گەرچی شەش ساڵ زیاترە پرۆسەی پەروەردەو فێركردن لە هەرێمی كوردستان كەوتووەتە بەردەم هەڕەشەی جدییەوە، بەڵام هیچ ساڵێك وەك ساڵی 2019-2020 و ئەمساڵیش 2020-2021 كێشە نەبووە، بەو پێیەی كە كۆرۆنا بیانووە یاسایی و گشتییەكەی داخستنی دەرگای قوتابخانەكان بوو، بەڵام وەك شارەزایان باسی دەكەن هۆكاری دیكەشی هەیە كە دیارترینیان نەدان یان دواخستنی مووچەی مامۆستایان  بووە.بژاردەكانی بەردەم وەزارەتی پەروەردە چییە؟ چارەنووسی خوێندن لە لایەك و مووچەی مامۆستایان و كەرتی پەروەردە بە كۆێ دەگات؟

قەیرانی دارایی، قەیرانی خوێندن:
قەیرانی دارایی لە ساڵی 2014 ەوە ڕووی لە هەرێمی كوردستان كردووە، بەو هۆیەوە مووچەی سەرجەم فەرمانبەرانی كوردستان كێشەی بۆدروست بوو، پلانەكانی حكومەتی هەرێم لە نیوە مووچەو چارەكە مووچەوە دەستی پێكردو دواجاریش لە هەر ساڵێك دا مووچەی چەند مانگی دواخستووەو ناوی –پاشەكەوت-ی لێنرا، گەرچی لەو سەرەتایەوە ئومێدێك هەبوو بۆ گەڕاندنەوەی مووچەكان و دانانی لە حساباتێكی تایبەتی فەرمانبەراندا و هەوڵێكیش هەبوو بۆ ئەوەی لە ڕێگەی پەرلەمان و وەزارەتی داراییەوە حساباتێكی بانكی بكرێتەوەو پارە پاشەكەوتكراوەكانی تێدا هەلبگیرێت بۆمامەڵە حكومیەكان بەكار بهێنرێتەوە، بەڵام ئەوەش سەری نەگرت.

درێژی كێشانی قەیرانی دارایی هات، تا ئەو كاتەی كە پەتای كۆرۆنا لەسەری ساڵی 2020 ەوە بڵاوەی كردو لەرۆژی 25/2/2020 ەوە دەرگای قوتابخانەكان كڵۆم دران و لەو رۆژەوە قوتابیان نەچوونەوە بۆ قوتابخانە تەنها بۆ ئەنجامدانی تاقیكردنەوەكانی خولی دووەم نەبێت و بەبڕیارێكی ئەنجوومەنی وەزیران و لەسەر پێشنیاری وەزارەتی پەروەردە ئەنجامی وەرزی یەكەم بۆ هەموو ساڵەكە ئەژماركرا. لەگەڵ ئەوەشدا قەیرانی دارایی قووڵتر بوویەوە، لەبەر ئەوەی جگە لە پەتای كۆرۆنا بووە نەخۆشیی و پەتایەكی جیهانی لە هەمان كاتدا دابەزینی نرحی نەوتی هاتە سەر و ئابووری زۆرینەی وڵاتانی جیهانی گرتەوە، هەرێمی كوردستان جگە لەوەی لەڕێگەی پلانی خۆیەوە سەربەخۆیی دارایی هەبووە، بەڵام نەیتوانیوە هیچ پاشەكەوتێك بۆخۆی دیاری بكات، هەربۆیە بەرگەی ناهەموارییە داراییەكانی نەرگرت و نەیتوانی لەبارەی پاشەكەوت و مووچە فەوتاوەكانی ساڵانی پێشووەوە هیچ بڕیارێك بدات و لە ئێستاشدا هیچ ئومێدێك بۆ گەراندنەوەیان لە ئارادا نییە، هەرچەندە ئەو حساباتە لەنێو حكومەت و داتاو لیستی مووچەكانیشدا وەك ژمارە ماوەتەوە.

هەر بۆیە لە كابینەی نۆیەم دا حكومەتی هەرێم گۆڕانكاریی لە دەستەواژەی –پاشەكەوت- داكردو بە لێبڕینەوە ڕووبەڕووی مووچە خۆان بوویەوە، بەجۆرێك لێبرین هیچ پاشخانێكی یاسایی یان چاوەڕوانی بۆ فەرمانبەران نەهێشتەوەو تەنها لە ساڵی 2020 دا چوار مووچە بە تەواوی و دوو مانگ جارێكیش مووچەی داوە بە لێبڕینی 18% و 21% و ئێستەش وا چاوەڕی دەكرێت ئەگەر مووچە لە 30 رۆژ جارێكیش دا بدات، ئەوا لێبرینەكان تا نزیكەی نیوە مووچە دەبێتەوە، هەموو ئەو گۆڕانكارییانە لە مووچەدا بووەتە كێشەی بەردەم دەوامكردن و تا ئێستاش كە بەپێی یاسا كۆتایی بە وەرزی یەكەم هاتووە بەڵام دەرگای قوتابخانەكان بەداخراوی ماوەتەوە.

شەش پۆلی نەخوێندەوار:
ئەگەر بەوردی سەرنجی ئەو چەند ساڵە بدەین كە قەیرانی دارایی بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتووە، ئەوا لەو ڕاستییە تێدەگەین كە خوێندن لەنێو هۆڵی قوتابخانەكاندا وەك پێویست نەبووە. بایكۆتی مامۆستایان و دەوام نەكردنی وقوتابیان بووەتە كێشەی گەورەی بەردەم پرۆسەكە، هەرچەندە لە ڕووی ژمارەی ڕۆژەكانی دەوامیشەوە كێشە هەبووبـێت ئەوا بەلەبەرچاوگرتنی دۆخەكە تێپەڕینراوەو هەڵوێستەی جدی لەبارەیەوە نەكراوە، دەكرێت بگوترێت كە پرۆسەی پەروەردەو فێركردن وەك پێویست نەبووەو هەڵوێستی زۆرینەی خەڵك و كادرانی پەروەردەیش خەمساردیی بووەو ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی خەڵك گلەیی لە هەڵوێستی مامۆستایان بكەن كە بۆچی لە پێناوی مووچەدا بایكۆت دەكەن و دێنە سەرشەقام بەڵام لە پێناوی فێربوونی نەوەیەكدا هیچ هەڵوێستێكان نیە، بەمانایەكی دی؛ ئەو هەموو نوقسانییە لەنێوپرۆگرام و ژینگەی خوێندنی هەرێمی كوردستان دا هەیە، كەچی هەلوێستێكی لەو شێوەیان نەبووە؟

لە ئێستادا ژمارەی ئەو پۆلانەی كە لە هەرێمی كوردستان كە وەك پێویست دەوامی ئاساییان نەكردووەو خوێندنیان وەك پێویست نەبووەو نەتوانراوە پرۆگرامی ساڵانەیان تەواو بكەن شەش پۆلی تەواوە، كەواتە  ئەو شەش پۆلەی كە ئێستا لە پۆلی (1 بۆ 6) بنەڕەتیدان كێشەی فێربوون و نەشارەزاییان هەیەو وەك شارەزایانیش باسی دەكەن كاریگەرییەكانی لە دوای چەند ساڵێكی دیكە دەردەكەوێت.

چی دەكرێت بۆ خوێندنی ئەمساڵ؟
پێش لە دەستپێكردنی  خوێندنی ئەمساڵ، لە سەرەتای مانگی ئەیلوول (9/2020) كە كاتی دەستپێكردنەوەو خۆ ئامادەكرنە بۆ دەوامی ساڵانە، مامۆستایان واژۆی ئامادەبوونیان كردو ئیتر هەموو كۆبوونەوەیەك بڕیاری درێژكردنەوەی داخستنی دەرگای قوتابخانەكان دراوەو بیانووی فەرمیش خۆپارێزیی بووە لە بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا، بەڵام وەك لە بەیاننامەی مامۆستایانی ناڕازییدا ئاماژەی پێكرابوو بیانووی كۆرۆنا خۆدزینەوەیە لە نەتوانینی دابینكردنی مووچە، ئەگینا بازاڕو شوێنە گشتیەكان شایەتی دەری ئەوەن كە پەتای كۆرۆنا وەك سەرەتاكانی ترسی نەماوەو بۆ ئەو مەبەستەش چەندین پاساوی هەیە.

ئەوەی كە هەیە
1-ساڵی پار وەرزی دووەم نەخوێندراو هیچ قەرەبوویەكی خوێندنیش نەكرایەوەو بە هەژماركردنی وەرزی یەكەم كۆتایی بە ساڵی خوێندنی 2019-2020 هات.
2-كۆتایی بە وەرزی یەكەمی خوێندنی 2020-2021هاتووەو پێمان ناوەتە وەرزی دووەمەوە.
3-پێنەدانی مووچە بەردەوامی هەیەو ئەوەشی كە بە لێبڕینەوە دەدرێت نزیك دەبێتەوە لە دوو مانگ.
4-خوێندنی پۆلی 12 كان كە لە هەرێمی كوردستان بە قۆناغێكی چارەنووس ساز دیاری كراوە وابڕیارە بە هەندێك ڕێنماییەوە لە رۆژی یەك شەممە 17/1/2021 بكرێتەوەو بچنەوە هۆڵەكانی خوێندن.
5-هەرچی پۆلەكانی دیكەیە وابڕیارە لیژنەی باڵای كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان و وەزارەتی پەروەردە بڕیاری یەكلاكەرەوەی لەبارەوە بدەن كە وەك شارەزایان باسی دەكەن لە دوو حاڵەت بەدەر نییە یەكێكیان ئەوەیە ساڵی خوێندن بكرێتە سالی نەكەوتن (عدم رسوب)، بەڵام ئەم حاڵەتە بۆ داهاتوو زیانی گەورەی دەبێت و دیارترینیان دواخستنی یەك نەوەیە بۆ ساڵێكی خوێندن، بەو پییەی كە پۆلی یەكەمی بنەڕەتی لە ئەمساڵدا دوا دەكەون و لە هەمان كاتیشدا ژمارەی قوتابیانی ساڵی داهاتووشی دێتە سەر بەوەش لانی كەم پۆلی یەكەمی بنەڕەتی بۆ ساڵێكی تر دەبێتە دوو بەرامبەر، هەرچی بژاردەی دووەمیشە لە داهاتوودا دەستبكرێتەوە بەدەوامی فەرمی و لە وەرزی یەكەمەوە دەستبكرێتەوە بە خوێندن تا كۆتایی مانگی ئازار و داوی ئەوە لە مانگی حوزەیران 6/2021 تاقیكردنەوەی كۆتایی وەرزی یەكەم ئەنجام بدرێت و لەسەری ساڵی خوێندنی داهاتووشەوە كە دەكاتە مانگی ئەیلوولی 2021 تا كۆتایی ساڵ درێژە بە خوێندنی وەرزی دووەم بدرێت و بەرلە هاتنی ساڵی 2022 كۆتایی بە تاقیكردنەوەكان بهێنرێت و بەدوای ئەویش دا و دوای كۆتایی هاتنی پشووەكانی سەری ساڵە 2022 خوێندنی ساڵی نوێ دەست پێبكرێتەوە، ئەمە تائێستا پێشنیارە هێشتا نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە.
6-ئەگەر لە ماوەیخوێندندا گرنگی بە مووچەی مامۆستایان نەدرێت و بەشێوەیەك نەبێت كە ڕازییان بكات، یان ڕێگەیەك نەدۆزرێتەوە كەناچاریان بكات بە گەڕانەوەیان بۆ نێو هۆڵەكانی خوێندن، ئەوا هیچ ئومێدێك نییە بۆ دەستپێكردنەوەی دەوام، بەو پێیەی كە ناوچەی بایكۆت (سلێمانی، هەڵەبجەو هەردوو ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین) وەك لە لێدروانەكانی مامۆستایانی ناڕازییدا ئاماژەی پێدەدرێت تا ئێستاش سوورن لەسەر ئەوەی كە تا مەرجەكانیان لە لایەن حكومەتەوە جێبەجێ نەكرێت ئامادەنین بچنەوە نێو هۆڵەكانی خوێندن كە زۆرینەی ڕەهایان پەیوەندییان بە ژیان و گوزەرانی مامۆستایان و مووچەكانیانەوە هەیە و ئەوەش لە ئێستادا نەك هەر بە دوور دەزانرێت بەڵكو خودی سەرۆكی حكومەت لە كۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەك لە رۆژنامەنووسانڕایگەیاند قۆناغی داهاتوو خۆ گونجاندن دەبێت لەگەڵ دارایی وەدەستهاتووی حكومەت وبە دڵنیاییەوە بە دڵی مووچە خۆانیش نابێت.

ئەوەی كە ماوەتەوە:
بیانووی پەتای كۆرۆنا بەرەو كەمبوونەوە دەڕوات و لەم رۆژانەی ڕابودوودا بەرەو ڕێژەیەكی ئەوەندە كەم رۆشتووە كە نزیك بووەتەوە لە سفر. بەڵام پرسیار ئەوەیە ئایا لە ململانێی نێوان حكومەت و مامۆستایاندا چارەنووسی مووچە لە لایەك  و قوتابیان لە لاكەی ترەوە بە كوێ دەگات؟ كێ لە خەمی دوو لایەنەی بێ پارەیی مامۆستایان و دواكەوتنی خوێندنی قوتابییاندا دەبێت؟