لێکۆڵینەوە

09:46 - 14/01/2021

کێ تیرۆریستە؟ ئەمریکا چۆن و بە چی پێوەرێک لیستی تیرۆر دروستدەکات؟‌

پەیسەر

تیرۆر چەمکێکی ئاڵۆز و کەم تەمەنە، هەرکەس بە جۆرێک پێناسەی دەکات، هەر کەس و لایەنێک کەسێ بە تیرۆریست دەزانێت و کارێک بە تیرۆر ناو دەبات، ئەمریکا لەو وڵاتانەیە کە چەند دەیەیەکە لەژێر ناوی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر جەنگیکی درێژی دەستپێکردووە و بۆ ئەم شەڕەش هێزی سەربازی بردووەتە دەیان وڵات.

تیرۆر لە چاوی ئەمریکاوە
ئەمریکا بەپێی چەند پێوەرێکی جێگیر و ناجێگیر ناسنامەی تیرۆر و تیرۆریست بە بەرامبەرەکانی دەدات، بەڵام بەپێی بەرژەوەندیی و پەیوەندییەکانی بەردەوام گۆڕانکاری بەسەر پێوەرەکانیدا دێت.

ئەوەی تاکو دوێنێ لای ئەمریکا دۆست بووبێت، دەکرێت ئەمڕۆ ببێت بە تیرۆریست و دوژمنی ئازادیی و بەپێچەوانەششەوە هەر راستە، سودان کە چەندین ساڵە لە لیستی تیرۆری ئەمریکادایە، دوای نزیکبوونەوەی لە واشنتن و تەلئەبیب و پێدانی ٣٣٥ ملیۆن دۆلار بە ئەمریکا وەک بژاردن لە بەرامبەر هێرشەکانی بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تەنزانیا و کینیا لە ساڵی ١٩٩٨، لەلایەن ترەمپەوە لە لیستی "دەوڵەتانی پشتیوانی تیرۆر" دەرهێنرا.

ئامادەکردنی لیستی تیرۆر
ئەمریکا چەند دەوڵەت و رێکخراوێکی خستووەتە لیستی "رێکخراور تیرۆریستیییەکان و دەوڵەتە پشتیوانەکانیان، ئەم کارەش بە زۆری لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت و لیستەکان رێکدەخرێن.

هەریەک لە وەزیرانی دەرەوە و گەنجینەی ئەمریکا بە هاوکاری وەزیری داد، زانیاری و بەڵگە لەبارەی دەوڵەت و رێکخراوەکانەوە دەخەنە بەردەم کۆنگرێس، کۆنگرێسیش دوای لێکۆڵینەوە لیستی تیرۆرەکە پەسەند دەکات یان رەتیدەکاتەوە، دانان و لابردنی دەوڵەت و رێکخراوەکانیش لە لیستی تیرۆردا لەلایەن کۆنگرێسەوە بەپێی ماددەی ٢١٩ی یاسای کۆچ و رەگەزنامەی ئەمریکی دەکرێت.

هەر رێکخراوێک کە دەخرێتە لیستی تیرۆری ئەمریکاوە، دەبێت بیانیی بێت و لە کاری تیرۆریستی تێوەگلابێت، چالاکییەکانیشی بووبێتە مەترسی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا و هاوڵاتیانی ئەمریکا.

پاش ئامادەکردنی لیستی تیرۆر چی روودەدات؟
دوای ئامادەکردنی لیستەکە، وەزارەتەکانی دەرەوە و گەنجینە تۆمارێک لەبارەی کەس و رێکخراوە تیرۆریستییەکەوە ئامادە دەکەن، هەژمارە بانکییەکانیان لە ئەمریکا و هەر دامەزراوەیەکی ژێر کۆنترۆڵی ئەمریکا لە جیهاندا بلۆک دەکەن، دامەزراوە داراییەکانی ئەمریکا لە بڕیارەکە ئاگادار دەکرێن تاکو هەژمارەکانی ئەم کەس و رێخراوانە بلۆک بکەن.

ئەم پڕۆسەی بلۆک کردن و دەستبەسەرداگرتنە بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی بڕیارەکە بە فەرمی هەڵدەوەشێندرێتەوە و یان کاتی بڕیارەکە کۆتایی دێت، ئەمەش بە پێی یاسا بەرکارەکانی ئەمریکا ئەنجام دەدرێت.

دەوڵەتانی پشتیوانی تیرۆر
ماوەی چەند ساڵێکە چەند دەوڵەتێک لە لیستی دەوڵەتانی پشتیوانی تیرۆردان، ئێران و سوریا ئەو دوو دەوڵەتەن چەند ساڵێکە لەم لیستەدان و ماونەتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی هەردوو دەوڵەتەکە بەپێی بۆچوونی ئەمریکا پشتیوانی لە کردەوە تیرۆریستییەکان دەکەن، ئەمەش بەپێی یاساکانی "یاسای بەڕێوەبردنی هەناردەکان، "یاسای چاودێری چەک" و "هاوکاری و پشتیوانی دەرەکی".

ئێران
لە مانگی نیسانی ٢٠١٩ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، سوپای پاسدارانی ئێران بە فەرمی و بەپێی ماددەی ٢١٩ لە یاسای کۆچ و رەگەزنامەی ئەمریکی خراوەتە لیستی تیرۆرەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش رایگەیاند، ئێران هەر بە تەنها دەوڵەتێکی پشتیوانی تیرۆر نییە، بەڵکو سوپای پاسدارانیش بەشداری چالاکی هەیە لە کردەوە تیرۆریستییەکان، پارەدارکردن و پشتیوانیکردنیان، ئەمەش رەفتاری بنەڕەتیی حکومەتی ئێرانییە لە ئاڕاستەکردن و جێبەجێکردنی "پڕۆسە تیرۆریستییەکان" لە سەرئاستی جیهان.

بەپێی ئەم دوو لێدوانەی ترەمپ و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، هەرکەسێکیش مامەڵە لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێران بکات، بەشدارە لە پشتیوانیی و پارەدارکردنی تیرۆر.

بەپێی راپۆرتێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٩، ئێران لە سەر ئاستی جیهان پلانی تیرۆریستی داناوە و جێبەجێیکردووە، ساڵانەش نزیکەی ٧٠٠ ملیۆن دۆلاری بۆ پشتیوانی لە گروپە تیرۆریستییەکان دابین کردووە کە لە لیستی تیرۆری ئەمریکادان، لەوانەش بزوتنەوەی (حەماس)ی فەڵەستینی و حزبوڵای لوبنانی، ئەم هاوکارییانەش لە رێگەی سوپای پاسداران و دەزگای هەواڵگری ئێرانییەوە کراون.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ئێران ئاسانکاریی کردووە بۆ رێکخراوی قاعیدە و ناردنی ئەندام و پارەکانیان بۆ ناوچەکانی شەڕ لە ئەفغانستان و سوریا، ئەمە جگە لە رێگەدان بە ئەندامانی رێکخراوەکە تاکو لە ئێران بژین.

سوریا
ئەمریکا بۆ یەکەم جار ساڵی ١٩٧٩ سوریای خستە لیستی "دەوڵەتانی پشتیوانی تیرۆر"، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی سوریاوە دەڵێت، سوریا بەردەوامە لە پشتیوانی سیاسی و سەربازی بۆ گروپە تیرۆریستییەکان لەوانەش حزبوڵای لوبنانی.

لەم ساڵانەی دواییدا سوریا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران بەهێز کرد لەپێناو رووبەڕووبوونەوەی گروپە دژبەرەکانی، تاکو ئەم ساتەش سوپای پاسداران و گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە سوریا ئامادەییان هەیە و رۆژ بە رۆژ تەمەنی دەوڵەتەکەی بەشار ئەسەد درێژ دەکەنەوە.

بەپێی راپۆرتێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، هەڵوێستی حکومەتی بەشار ئەسەد لە دوو دەیەی رابردوودا ئاسانکاری تێدایە لەگەڵ رێکخراوی قاعیدە لە عێراق. ئەمریکا بانگەشەی ئەوە دەکات کە بەڵگەیان لایە سوریا ساڵی ٢٠١٢ ئاسانکاری کردووە بۆ پەڕینەوەی چەکدارە بیانییەکان بۆ عێراق بۆ وەستانەوە دژی هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق.

سودان
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ساڵی ١٩٩٣ سودانی خستە لیستی "دەوڵەتانی پشتیوانی تیرۆر"، ئەمەش دوای پشتیوانییەکانی خەرتوم بۆ رێکخراوەکانی جیهادی ئیسلامیی، حەماسی فەڵەستینی و (أبو نضال) کە رێکخراوێکی سەربازیی فەڵەستینیی بووە و لە ساڵی ١٩٧٤ لە بزوتنەوەی فەتح جیابووەوە.

دەرهێنانی سودان لە لیستی تیرۆر لەلایەن ترەمپەوە لە کۆتایی ئەمساڵدا، دەرگا بەڕووی خەرتوومدا دەکاتەوە تاکو تێکەڵی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی ببێتەوە.


چەند دەوڵەتێکی دیکە لە لسیتی تیرۆری ئەمریکادان، بەڵام ئەوەی پەیوەستە بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و زۆرترین پەیوەندییان بە ناوچەکەوە هەیە ئێران، سوریا و سودانن.

وەک چۆن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەپێی چەند پێوەرێک لیستێکی بۆ "دەوڵەتانی پشتیوانی تیرۆر" دروستکردووە، بە هەمان جۆر لیستێکیشی هەیە بۆ ئەو گروپانەی بەپێی پێوەرەکانی ئەمریکا تیرۆریستین و چالاکییەکانیشیان دەبن بە چالاکی تیرۆریستی.

لیستی تیرۆری ئەمریکا
وەک لە بەشی یەکەمدا ئاماژەی بۆ کرا، ئەمریکا بەپێی چەند پێوەرێکی جێگیر و ناجێگیر ناسنامەی تیرۆر و تیرۆریست بە بەرامبەرەکانی دەدات، بەڵام بەپێی بەرژەوەندیی و پەیوەندییەکانی بەردەوام گۆڕانکاری بەسەر پێوەرەکانیدا دێت.


پاش ئامادەکردنی لیستی تیرۆر چی روودەدات؟

رێکخراوە ئیسلامییەکان
دەوڵەتی ئیسلامیی

دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق و شام لە ریزی ئەو رێکخراوانەدایە کە لە لیستی تیرۆری ئەمریکادان، ئەمریکا دەڵێت، توندوتیژی و کارەکانی دەوڵەتی ئیسلامیی بوونەتە هۆی کوژران و ئاوارەبوونی دەیان هەزار کەس لە عێراق  و سوریا.

رێکخراوەکە بۆ ماوەی چەند ساڵێک دەستی بەسەر ناوچەیەکی بەرفراوانی عێراق و سوریادا گرت، تاکو دواتر و لە هەردوو وڵاتدا بە شێویەکی نیمچە کۆتایی، کۆتایی بە دەسەڵاتەکەی هێنرا.

لە کۆتاییدا و لە ژێر ناوی "کایلا مویلەر" و لەلایەن هێزێکی ئەمریکییەوە ئەبوبەکر بەغدادی لە باکوری سوریا کوژرا، (کایلا مویلەر ئەو کچە ئەمریکییە بوو ساڵی ٢٠١٣ لەلایەن رێکخراوی داعشەوە رفێندرا) و تاکو ئێستاش چارەنووسی نادیارە.

بزوتنەوەی حەماس
بزوتنەوەی حەماس ساڵی ١٩٨٧ لە میسر و لەسەر دەستی ئەحمەد یاسین دامەزراوە کە کاریگەر بوو بە هزری ئیخوان موسلیمینی میسر. خالد مشعەل و ئیسماعیل هەنیە لە سەرکردە دیارەکانی بزوتنەوەکەن.

لە سەرەتاکانی دامەزراندنی بزوتنەوەکەدا ئەمریکا حەماسی تۆمەتبار کرد بەوەی کە ئەنجامدەری چەند هێرشێک بووە کە بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی ١٧ ئەمریکی، ساڵی ٢٠١٧ش ئەمریکا خالد مشعەلی خستە لیستی تیرۆرەوە.

بزوتنەوەی حەماس وەک هێزە چەکدارەکانی دیکەی جیهان، خەباتی چەکداری بەکارهێنا بۆ رووبەڕووبوونەوەی دەوڵەتی ئیسرائیل، باڵێكی سەربازیشی هەیە بە ناوی "کەتیبەکانی عیزەدین قەسام".

واشنتن هەریەک لە "جيش الإسلام، الجبهة الشعبية لتحرير فلسطين، كتائب شهداء الاقصى و جبهة التحرير الفلسطينية"ی خستووەتە لیستی تیرۆرەوە.

حزبوڵای لوبنانی
حزبوڵای لوبنانی وەک گروپ و کۆمەڵەیەکی سیاسیی، سەربازیی و کۆمەڵایەتیی سەیردەکرێت کە خاوەن پێگەیەکی جەماوەریی بەرفراوان و هەژموونێکی بەهێزە.

حزبوڵای لوبنانی لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردوودا دامەزرا و رۆڵێکی گرنگی هەبوو لە شەڕی ئیسرائیل لە باشوری لوبنان لە ساڵی ١٩٨٢، ئەمەش وای کرد زیاتر دەربکەوێت و بەناوبانگ بێت.

حزبوڵای لوبنانی چەندین هێرشی کردووەتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل، جگە لە ئەمریکاش چەند وڵاتێکی رۆژئاوا و کەنداویش وەگ گروپی تیرۆریستی ناساندوویانە.

ئەمریکا حەسەن نەسڕوڵا و چەند بەرپرسێکی دیاری حزبوڵای خستووەتە لیستی تیرۆرەوە.

ویلایەتی سینا
ناوی پێشووی ئەم رێکخراوە "أنصار بيت المقدس" بوو، ئەوەش پێش ئەوەی لە تشرینی دووەمی ٢٠١٤ بەیعەت بە دەوڵەتەکەی رێکخراوی داعش بدەن.

"أنصار بيت المقدس" دوای شۆڕشی کانونی دووەمی ٢٠١١ی میسر دەرکەوتن، ئەوەش دوای ئەوەی چەکدارە فەڵەستینییەکان پەیوەندییەکان بە کۆمەڵی "التوحيد والجهاد"ی میسرییەوە کرد کە لە بیابانی سینا چالاک بوون، هەردوولا پێکەوە "أنصار بيت المقدس"یان دروستکرد.

هەیئەی تەحریری شام (ناوی پێشتری جەبهەی نوسرە بوو)
جەبهەی نوسرە لە سەرەتای ٢٠١٢ لە سوریا دەرکەوت، لە سەرەتادا درێژکراوەیەک بوو بۆ رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق، بەڵام دواتر و لە تەموزی ٢٠١٤ بە سەرکردایەتیی ئەبو محەمەد جۆلانی لە رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامیی جیابوونەوە، دوای جیابوونەوەکەش ناوی خۆیان گۆڕی بۆ هەیئەی تەحریری شام، ئەوەش دوای ئەوەی چەند گروپێکی ئۆپۆزسیۆنی سوری لە پارێزگای ئیدلب پەیوەندییان پێوەکردن.

لە سەرەتادا چەندین چەکداری بیانیی و عەرەبیش پەیوەندییان پێوە کردن، بەڵام دواتر هەندێک لەم چەکدارە دیارانە رێکخستنی تایبەت بە خۆیان دروستکرد و لەگەڵ رێکخراوی سەرەکیشدا پەیوەدنییەکانیان پاراست.

ئەمریکا هەیئەی تەحریری شام و هەموو ئەو گروپانەشی خستە لیستی تیرۆرەوە کە پەیوەندییان بە هەیئەکەوە هەیە.

عسائیبی ئەهلی حەق
عسائیبی ئەهلی حەق  بۆ یەکەم جار لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ و هاتنی هێزە ئەمریکیی و بەریتانییەکان بۆ عێراق.

یەکێک لەو کارە دیارانەی ئەم گروپە ئەنجامی داوە فڕاندنی پێنج سەربازی بەریتانی بوو لە ساڵی ٢٠٠٧، لەو پێنج سەربازە تەنها یەکێکیان دوای پێنج ساڵ ئازاد کرا.

ئەنسار ئیسلام لە هەرێمی کوردستان
ئەم گروپە لە کانونی یەکەمی ٢٠٠١ لە هەرێمی کوردستان دامەزرا، دواتر لەلایەن ئەمریکاوە خرایە لیستی تیرۆرەوە و لەناوبران.

بارەگای گروپەکە لە ناوچەی هەورامان بوو، لە مانگی ئازاری ٢٠٠٣ ئەمریکا هێرشی کردە سەر بنکە و بارەگاکانی ئەنسار و لە هەرێمی کوردستان وەدەرنران.

فەیلەقی قودس
فەیلەقی قودس سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانە، بەناوبانگترین و دیاترین فەرماندەی فەیلەقەکە قاسم سولەیمانی بوو کە لە سەرەتای ئەمساڵ لەلایەن فرۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەمریکاوە کوژرا.

فەیلەقەکە و سوپای پاسدارانی ئێرانیش لە لیستی تیرۆری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادان.

گروپەکانی رۆژئاوای عەرەبی
لە مەغریب چەند گروپ و رێکخراوێک هەن کە خراونەتە لیستی تیرۆری ئەمریکاوە.

ئەو گروپانەی لەم وڵاتانەدا لە لیستی تیرۆری ئەمریکادان بریتین لە ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە لیبیا، ئەنساری شەریعە لە بەنغازی، دەرنە و تونس.

پارتی کرێکارانی کوردستان
پارتی کرێکارانی کوردستان لە ساڵی ١٩٨٤وە لە ملاملانێ و شەڕی چەکداریدایە لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا، خاوەن هزری چەپ بووە و لە ساڵانی رابردووشدا هەندێک گۆڕانکاری لە هزری سیاسیی حزبەکەدا هاتووەتە کایەوە.

پارتەکە داوای پێدانی مافەکانی کورد دەکات لە باکوری کوردستان و خەباتەکەشی لەم پێناوەدایە، سەخترین رووداو لە مێژووی پەکەکەدا دەستگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری پارتەکە بوو لە ساڵی ١٩٩٩.

پەکەکە چەندین جار و بۆ پیشاندانی نیازپاکیی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد ئاگربەستی راگەیاندووە، بەڵام دواتر شەڕ لەنێوان هەردوولادا دەستیپێکردووەتەوە.

تاکو ئێستا لە شەڕی نێوان هەردوولادا زیاتر لە ٤٠ هەزار کەس کوژراون، لە ساڵی ١٩٩٧ و دواتر لەلایەن ئەمریکا و چەند وڵاتێکی ئەورووپییەوە خرایە لیستی تیرۆرەوە.

تیرۆر و مێژووی تیرۆر
بەشێکی زۆری ئەو جەنگانەی لە مێژووی ئەمریکا بەرامبەر ئەوانی دیکە روویانداوە، لەژێر ناوی "رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر"دا بووە، ئەمریکا بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆی لایەنێک دەخاتە لیستی تیرۆر و لایەنێکی دیکەش لە لیستی تیرۆر هەڵدەگرێت. ئەو گروپ و دەوڵەتەی تاکو دوێنێ لە لیستی تیرۆری ئەمریکادا بووە، دەکرێت ئەمڕۆ لەو لیستەدا بێتە دەرەوە، ئەوەش بە نزیکبوونەوە لە ئەمریکا.

ریگان و تیرۆر
تیرۆر وەک چەمک و مانا زۆر نوێ نییە، بەڵام هەرگیز بەم قورسییەی ئێستا ئامادەیی نەبووە، لە مێژووی ئەمریکاشدا رۆناڵد ریگان یەکەم سەرۆک بوو جەنگی دژی "تیرۆری نێودەوڵەتی" دەستپێکرد. لە وتارەکانیدا وشەی "تیرۆر"ی بەکاردەهێنا، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو گروپانەی هێرش دەکەنە سەر خەڵکی مەدەنی و تەنانەت سەربازیش، جەختیشی لەسەر ئەو هێرش و توندوتیژیانە دەکردەوە کە دژی وڵاتەکەی ئەنجامدەدرێن.
واتە هەر هێرشێک دژی وڵاتەکەی ئەنجامبدرایە پێی دەوت کاری تیرۆریستی، لە کاتێکدا هەمان هێرش ئەمریکا یان یەکێک لە هاوپەیمانەکانی بیانکردایە، بەرگریکردن بوو لە گەل و وڵاتەکەیان.

ریگان ئەو هێرشەی بۆ کوشتنی سەرۆکی کۆریای باشور لە ساڵی ١٩٨٣ لە بۆرما ئەنجامدرا، بە "هێرشێکی تیرۆریستی" ناوبرد و رایگەیاند، "توندترین هێرشی تیرۆریستی بووە لە کیشوەری ئاسیا لە ١٩٨٣". لێرەوە ئەمریکا دەستی بە پۆلێنکردنی رووداوەکان بە تیرۆریستی و ناتیرۆریستی کرد، ئەوەش لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی واشنتۆن.

کۆنفیدراڵیەتی دەوڵەتە تیرۆریستەکان
رۆناڵد ریگان لە سەرەتای خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەیدا دەستی بە بەکارهێنانی چەمکێکی نوێ کرد، کە "کۆنفیدراڵیەتی دەوڵەتە تیرۆریستەکان" بوو، مەبەستی وڵاتانی (ئێران، نیکاراگوا، کۆریای باکور و لیبیا) بوو، کە پێی وابوو هاوکارن لە تیرۆر و کوشتنە نێودەوڵەتییەکاندا لە جیهاندا.

ریگان بەردەوام لە وتارەکانیدا ئەم وڵاتانەی وەک دوژمن و نەیاری ئەمریکا و خەڵکەکەی پیشاندەدا و دەیویست لە بەرچاوی خەڵکی وڵاتەکەی ناشیرینیان بکات، بەم جۆرەش رەوایەتی بە هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئەم دەوڵەتانە دەدا.

کەمبوون ئەو کەسانەی لە ریگان بپرسن "تیرۆر" چییە و پێناسەی بکە، ئەمەش وایکردبوو بە ئاسانی هێرش و وڵاتیک بە تیرۆر و تیرۆسریست ناوببات و هێرش و وڵاتێکی دیکە بە بەرگریکار لە بەرژەوەندیی و گەلەکەی ناوببات.

بچوکەکان تیرۆریستن
ئەو هێز و گروپە بچوکانەی دژی وڵاتە زلهێزەکان شەڕیان دەکرد، بە تیرۆریست ناو دەبران و بە ئاسانی دەخرانە لیستی تیرۆرەوە، بەڵام ئەو گروپانەی دروستکراوی زلهێزەکان بوون لە لیستەکەدا دانەدەنران.

بۆ نموونە ئەو کاتەی ئەمریکا چەند گروپێکی بۆ دژایەتیکردنی یەکێتی سۆڤیەت دروستکرد، هەمان ئەو کارانەیان دەکرد کە ئەمریکا بە تیرۆری دادەنان، بەڵام پێی نەدەوتن تیرۆریست و لە لیستی تیرۆر دانەدەنران.

ئەو گروپانەی ئەمریکا پشتیوانی دەکردن لە نیکاراگوا، ئەفغانستان و کوبا و دژی دەسەڵاتی ئەو وڵاتانە کاری تیرۆریستیان ئەنجام دەدا، بە تیرۆریست ناو نەدەبران.

راگەیاندن و تیرۆر
یەکێک لەو هۆکارانەی وایکرد ئەمریکا بە ئاسانی پێناسەی تیرۆر دابەشبکات، راگەیاندنەکان بوون، رۆژنامەکانی ئەمریکا تەنها لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە باسیان لە رووداوەکان دەکرد و بە تیرۆر و ناتیرۆر  پۆلێنیان دەکرد.

بۆ نموونە رۆژنامەکان بەردەوام باسیان لەو تیرۆرە دەکرد ئەمریکا باسی دەکات، بەڵام باسیان لەوە نەدەکرد، کە ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان تەنها دەیەویست باس لە تیرۆری گروپە بچوکەکان بکرێت و هیچ بڕیارێک دەرنەچێت لەسەر تیرۆری دەوڵەت، چونکە ئەمریکا خۆی ئەنجامی دەدا.

پێناسەی تیرۆر
ئەوەی لە ئەمریکا پێناسەی تیرۆری دەکرد و پۆلێنبەندی گروپەکانی دەکرد، سیاسیی و دەزگا هەواڵگرییەکان بوون نەک پسپۆڕانی ئەو بوارە، بۆیە ناساندنی گروپەکان بوون بە پڕۆسەیەکی سیاسیی و ئایدیۆلۆجی نەک زانستیی.

لە نەوەدەکانی سەدەی رابردووەوە، بەشێک لە نووسەر و رەخنەگران دەرکەوتن و هەوڵیان دا پێناسەی تیرۆر و کاری تیرۆریستی بکەن، پێناسەیەک جیاواز لەوەی دەوڵەت لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی دەیکات، بەڵام ئەم هەوڵانە لە چوارچێوەی ناوەندە ئەکادیمییەکاندا مانەوە و کاریگەرییان نەبوو لەسەر سیاسەتی دەروەی ئەمریکا، ئەوەشی تاکو ئێستا ئەمریکا زاڵە بەسەر ئەوەدا کە کێ تیرۆریستە و کێ ترۆریست نییە، پەیوەندی بە کەمی ئەم هەوڵانە و رێگرتن لێیان هەبووە لەلایەن دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکاوە.

بە درێژایی مێژوو بەردەوام ئەوانە خراونەتە بازنەی تیرۆرەوە یان لاواز بوون، یان دژی زلهێزەکان شەڕیان کردووە، تەنانەت بەرگری و سۆشسی گەلە چەوساوەکان بۆ رزگاری لەدەستی وڵاتە داگیرکەرەکان بە تیرۆر ناوبراوە.

لە ئێستادا سەرەڕای هەوڵەکان بۆ ناساندنەوەی چەمکی تیرۆر و پۆلینکردنەوەی، بەڵام بەهۆی زاڵبوونی ئەمریکا و دەوڵەتە گەورەکان بەسەر میدیادا، تەنها ئەوانە بە تیرۆر و تیرۆریست ناودەبرێن کە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بن.