ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

02:10 - 14/01/2021

دەوڵەتی كوەیت؛ 37 حكومەت لە 59 ساڵدا‌

پەیسەر پرێس

گۆڕانكارییە لەناكاوو بەردەوامەكانی كوەیت بەیەكێك لە دیاردە سیاسیە سەرنج ڕاكێشەكانی وڵاتانی عەرەبی و ناوچەكەو بگرە جیهانیش دێتە ئەژمار، هەر یەك لە گۆڕانكارییەكانیش پاساوی خۆیان هەیە، بەیە پێیەی ئەو وڵاتە خاوەنی یەدەگێكی نەوتی زۆرە لەناوچەكەدا چاوی جیهانی لەسەرەو جێگەی بایەخ و گرنگی هەمووانە، هەرچی ناوخۆی ئەو وڵاتەشە پڕیەتی لە گۆڕانكاریی خێراو گۆڕینی كابینە حكومیەكانیشی جێگەی هەڵوێستە لەسەر كردنە، بەو پێیەی كە باوەڕیان بە دەستاودەستكردنی دەسەڵاتە.

یەكەم حكومەت لە كوەیت دەكەوێتە ساڵێ 1962و ناونرا (حكومەتی ڕاگوزەر-انتقالی) و لە رۆژی 17/1/1962 بەسەرۆكایەتی ئەمیری كۆچكردوو شێخ عەبدوڵا سالم ئەلسەباح بوو، حكومەتەكەی لە 14 وەزیر پێكهاتبوو، لەگەڵ 3 وەزیری دەوڵەت و دامەزرێنەر، ئامانجی ئەو كابینەیە بۆ ئەوە بوو دەستوێك بۆ دەوڵەتەكیان بنووسنەوە، بەڵام هێندەی نەخایاند و لە دوای تەنها یەك ساڵ و 10 رۆژ لە 27/1/1963 حكومەت هەڵوەشایەوە.

هەرچی حكومەتی دووەمیشە یەك رۆژ دوای هەڵوەشاندنەوەی یەكەم كابینە لە رۆژی 28/1/1963 بەسەرۆكایەتی شێخ سەباح سالم ئەلسوباح پێكهێنرایەوە و لە 15 وەزارەت پێكهاتبوو، لەم كابینەیەدا بۆ یەكەمجار وەزارەتی دەرەوە دروستكرا كە سەرۆك وەزیران خۆی بەڕێوەی دەبرد، ئەم حكومەتە بەردەوام بوو تا رۆژ 5 /12/1964 بەردەوامی هەبوو، بەڵام دووەم حكومەتیش هەڵوەشایەوە.

حكومەتی سێیەمی دەوڵەتی كوەیت لە رۆژێك دواتر و لە بەرواری 6/12/1964 پێكهێنراو ئەمجارەش هەر بەسەرۆكایەتی شێخ سەباح و ئەمجارەشیان لە 14 وەزارەت پێكهاتبوو، بەڵام وەك شارەزایان باسی دەكەن یەكەم حكومەتی تەمەن كورتی ئەو وڵاتەیەو كەمتر لە مانگێك بەردەوام بووە و لە رۆژی 2/1/1965 هەڵوەشاوەتەوە، هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە كە حكومەتی سێیەم نەیتوانیوە ڕەزامەندی پەرلەمان(مجلس الامة)ەی كوەیتی بەدەست بهێنێت و بیانووەكەشیان ئەوە بووە دانانی هەندێك لەوەزیرەكان پێچەوانە بووە لە گەڵ مادەی 131 دەستووری وڵاتەكەیان.

حكومەتی چوارەمیش لە رۆژی 3/1/1965 پێكهێنراوەتەوە بەسەرۆكایەتی شێخ سوباح سالم ئەلسوباح، كە لە 13 وەزیر پێكهاتووەو بەردەوام بووە لە كارەكانی تا رۆژی 3/12/1965 بە مردنی شێخ سوباح هەڵوەشایەوەو بەدوای ئەودا ئەمیری كۆچكردوو عەبدوڵاسالم ئەلسوباح لە رۆژی 3/12/1965 كابینەی نوێی پێكهێنایەوە كە لە 13 وەزیر پێكهاتبوو، 2 لە وەزیرەكانی لە لایەن ئەنجوومەنی ئومەوە هەڵبژێردرا.

هەربۆیە لە سەردەمی شێخ سەباح دا تا كاتی كۆچی دواییەكەی چوار حكومەتی یەك لە دوای یەك لە كوەیت دامەزرێنراو تا كاتی مردنی بەردەوامی هەبوو، كابینەی پێنجەم لە رۆژی 4/12/1965 بەسەرۆكایەتی شێخ جابر ئەحمەدی كۆچكردوو هاتە دروستكردن و لە 13 وەزارەت پێكهاتبوو كە 3 لەوانە ئەندامی مەجلیس ئومەی كوەیتی بوون ، لە هەمان كاتیشدا هەردوو وەزارەتی نەوت و دارایی لە ژیر سەرپەرشتی و دەسەڵاتی خودی سەرۆك وەزیران _جابر ئەحمەد-دا بووە، هەروەها سەرۆك وەزیران خۆی سەرپەرشتی وەزارەتی دەرەوەشی دەكرد. ئەم كابینەیە درێژەی كێشا تا 3/1/1967 و لەو رۆژەدا حكومەت خۆی دەستی لەكار كێشایەوە لەبەر ئەوەی لە ڕووی دەستوورییەوە كاتی تەواو ببوو دەبوو هەلبژاردنی پەرلەمانی بكرێت و لەوێشەوە متمانە بە حكومەتێكی دیكە بدرێتەوە.

حكومەتی شەشەمیش لە رۆژی 4/1/1967 هاتە پێشەوە بەسەرۆكایەتی شێخ جابر و لە 14 وەزارەت پێكدەهات و سێ لە وەزیرەكان لە ئەندامانی مەجیلسی ئومە بوون، كارەكانی خۆی بەڕێوەبرد تا رۆژی 1/1/1971 و دواتر حكومەت بەپێی دەستوور دەستی لەكار كێشایەوە.

كابینەی حەوتەمی حكومەت بە پێی دەستووری وڵات لە رۆژی 2/1/1971 بەسەرۆكایەتی شێخ جابر و بەدانانی 13 وەزیر پێكهاتبوو، دوو لە وەزیرەكان ئەندامانی پەرلەمان بوو، كارەكانی بەڕێوەچوو تا رۆژی 8/1/1975 و چوار ساڵی تەواوی خۆی بەڕێوەبرد.

حكومەتی هەشتەمیش لە رۆژی 9/1/1975 بە 15 وەزراەت و سەرۆكایەتی شێخ جابر دەستی بەكارەكانی كردو 18 مانگ لە كارەكانی بەردەوام بوو، لە رۆژی 5/9/1976 دا كۆتایی هات و لەو رۆژەدا بە فەرمانێكی ئەمیری ولات مەجلیسی ئومە- پەرلەمان- و حكومەتیش هەڵوەشانەوە.

كابینەی نۆیەمی حكومەت لەكاتێكدا هاتە كایەوە كە پەرلەمان هەڵوەشابوویەوە لە رۆژی 6/9/1976 دەستی بەكرەكانی كردو لە 18 وەزارەت پێكهاتبوو بە سەرۆكایەتی شێخ جابر ئەحمەد جابر، دوای ئەوەی كە ئەمیری وڵاتی كوەیت- شێخ سەباح سالم- لە مانگی 12/1978 كۆچی دوایی كرد، وەلی عەهدی وڵات و سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران شێخ جابر ئەحمەد جابر ئەلسوباح بووە فەرمانڕواو میری كوەیت و لە رۆژی 15/1/1978 كۆتایی بەو حكومەتەش هات.

كابینەی دەیەم لە رۆۆژی 16/1/1978 دەستی بەكارەكانی كردووە بەسەرۆكایەتی وەلی عەهدی كوەیت شێخ سەعد عەبدوڵا سالم و لە 18 وەزارەت پێكهاتبوو كارەكانی تا رۆژی 3/3/1981 بەڕیوە بردووەو بەپێی دەستوور كۆتایی بە كاتەكەی هاتووەو دەبوو هەڵبژاردن بۆ پەرلەمان دەستپیبكاتەوە.

كابینەی یازدەی دەوڵەتی كوەیت لە رۆژی 4/3/1981 هاتە پێشەوە بەسەرۆكایەتی شێخ سەعد عەبدوڵا سالم و لە 15 وەزیر پێكهاتبوو و تەنها یەك كەسیان ئەندامی پەرلەمان بوو و بەردەوام بوو لە كارەكانی تا رۆژی 2/3/1985 و دوای كۆتایی هاتنی كاتی دیاریكراوی خۆی جارێكی تر هەڵبژاردنی مەجلیس ئومە –پەرلەمان- ئەنجام درایەوە.

كابینەی 12 لە رۆژی 3/3/1985 دەست بەكار بوو بەسەرۆكایەتی شێخ سەعد عەبدوڵا و لە 15 وەزرارەت پێكهاتبوو2 لەوەزیرەكان ئەندامی پەرلەمان بوون و تەمەنی ئەم كابینەیەش تەنها 16 مانگ بوو، بۆیەكەمجار لێرەوە كێشەو ناكۆكی كەوتە نێوان هەردوو دەسەڵاتی (یاسادانان و جێبەجێكردن) پەرلەمان و حكومەتەوە، ئەوەش بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و پاشان لە 11/6/1986 حكومەتیش هەڵوەشایەوە.

رۆژی 12/6/1986 كابینەی 13 هەمینی حكومەت پێكهێنرا بەسەرۆكایەتی شێخ سەعد عەبدوڵا و بۆ یەكەمجار ژمارەی وەزارەتەكانی بەرزكردەوە بۆ 21 وەزراەت و كارەكانی تا رۆژی 19/6/1990 بەردەوام  بوو، ئەو رۆژەی كە پەرلەمان و حكومەت كۆتایی هات و دەبوو خۆیان بۆ هەڵبژاردنی نوێ ئەنجام بدرێتەوە.

كابینەی 14 ی لە رۆژی 20/6/1990 و بە 22 وەزارەتەوە دەستی بەكارەكانی كرد، لەو سەردەمەدا داگیركردنی وڵات لە لایەن عێراقەوە ڕووی لەو وڵاتەكردو بەناچاری حكومەت كارەكانی بردە وڵاتی عەرەبستانی سعودییەو لە شاری تائیفەوە سەرۆكایەتی كارەكانی دەكرد و دوای ئازادكردنەوەی كوەیت و گەڕانەوەی حكومەت بۆ نێوخۆی وڵات پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەی سەرلەنوێی وڵات دەستی پێكردو لە 19/4/1991 ئەم كابینەیەش دەستی لەكار كێشایەوە.

كابینەی 15یەكەم كابینەی حكومەتە لە دوای پرۆسەی ئازادكردنەوەی كوەیت و هاتنە ناوەوەی سوپای هاوپەیمانان و گەورەترین ئەركیشی ئاوەدانكردنەوەو دروستكردنەوەی وڵات بوو، لە رۆژی 20/4/1991 جارێكی دیكەش بەسەرۆكایەتی شێخ سەعد عەبدوڵا پێكهێنرایەوەو لە 20 وەزارەت پێكهاتبوو تا رۆژی 16/ئۆكتۆبەری1992 بەردەوام بوو، حكومەت بۆ ئەنجامدانی هەلبژاردنێكی دیكە كابینەكە دەستی لەكار كێشایەوە.

رۆژی 17 ئۆكتۆبەری 1992 شانزە هەمین حكومەت دەستی بەكارەكانی كردو سەرۆكایەتی كابینەكەش شێخ سەعد عەبدوڵا بوو، بەڵام ئەمجارەیان وەزارەتەكان كەمكرانەوە بۆ 15 وەزارەت و 6 یان لە ئەندامانی پەرلەمان بوون، یەكێك لە گۆڕانكارییەكان هاتنەوەی شێخ سەباح ئەحمەد جابر بوو، وەك جێگری سەرۆك وەزیرانی نوێ و وەزیری دەرەوەی وڵات. ئەم كابینەیە كاتی دەستووری خۆی تەواو كردو لە رۆژی 14 ئۆكتۆبەری 1996 تەواو بوو، بۆئەوەی ڕێگەخۆش بكەن بۆ هەڵبژاردنی نوێی وڵات.

هەرچی كابینەی 17 هەمینیشە لە رۆژی 15 ئۆكتۆبەری 1996 بە سەرۆكایەتی شێخ سەعد عەبدوڵا دروستكرایەوە بە 14 وەزارەتەوە كە 4یان لە ئەندامانی پەرلەمان پێكهاتبوون، بەڵام ئەم كابینەیەش تەمەنی درێژ نەبوو، نەیتوانی كاتی یاسایی خۆی تەواو بكات و لە رۆژی 21/3/1998 بەهۆی ناكۆكییەكانی نێوان پەرلەمان و حكومەتەوە جارێكی تر كێشەی تێكەوت و هۆكارەكەشی ئەوەبوو كە 3 ئەندامی پەرلەمان داوای پرساندنی وەزیری ڕاگەیاندن –شێخ سعود ناسر ئەلسوباح- یان كردبوو، بۆ ئەوەی ئەوە بكەنە بنەمای لێسەندنەوەی متمانە.

كابینەی 18 هەمیش لە رۆژی 22/3/1998 دروستكرا بەسەرۆكایەتی شێخ سەعد عەبدوڵا و لە 14 وەزارەت پێكهاتبوو، سیانیان لە ئەندامانی پەرلەمانبوون، بەڵام تەمەنی تەنها 15 مانگ و چەنج رۆژێك زیاتر نەبوو، جارێكی دیكە كێشە كەوتەوە نێوان  حكومەت و پەرلەمان، لەبەر ئەوەی پەرلەمان لێپێچینەوەی لە وەزیری ئەوقاف –ئەحمەد كولەیب- كرد و لە رۆژی 12/حوزەیرانی 1999 بە فەرمانێكی ئەمیری ولات كۆتایی پێهات.

كابینەی 19 لە 13/6/1999 جارێكی تریش بەسەرۆكایەتی شێخ سەعد و بە 15 وەزارەتەوە دەستی بەكاركرد، تەنها یەك كەس لە پەرلەمانەوە بووە وەزیر، ئەم كابینەیە كاتی خۆی تەواو نەكردو لە رۆژی 29/2/2001 جارێكی دیكە كێشە كەوتەوە نێوان  حكومەت و پەرلەمان و ئەوەیش بەهۆی ئەوەی لە لایەن ئەندان پەرلەمانێكەوە داوای لێپێچینەوە لە وەزیرەكانی (دادو ئەوقاف و كاروباری ئیسلامی)كرابوو.

كابینەی 20هەمینی حكومەت لە رۆژی 14/2/2001 بەسەرۆكایەتی شێخ سەعد دامەزرایەوە ، بەڵام بە هۆی تێكچوونی باری تەندروستی سەرۆك وەزیرانەوە ڕەوانە دەرەوەی وڵات كراو لەبری ئەو بۆیەكەمجار لە مێژووی ئەو وڵاتەدا كارەكان لە لایەن شێخ سەباح ئەحمەدەوە بەڕیوەبراو لە كۆی 15 وەزارەت سێ ئەندامیان پەرلەمانی بوون، ئەم كابینەیەش تا رۆژی 13/6/2003 بەردەوام بوو و پاشان دەستیان لە كار كێشایەوە بە پێی دەستوور و دەبوو هەڵبژاردن ئەنجام بدرێتەوە.

جارێكی دیی شێخ سەباح ئەحمەد لە رۆژی 14/6/2003 كابینەی 21 پێكهێناو لەم سەردەمەدا گەورەترین گۆڕانكاریی هاتە پێشەوە جیاكردنەوەی دەسەڵاتو پێگەی وەلی عەهد و سەرۆكایەتی حكومەت بوو. كابینە نوێیەكە لە 15 وەزارەت پێكهات و تا رۆژی 8/2/2006 بەردەوام بوو، بە مردنی ئەمیری وڵات لەو رۆژەدا كۆتایی بەو كابینەیەش هات.

لێرەوە كۆتایی بە رۆڵی شێخ سەباح دێت و بە دامەزراندنی كابینەی 22 لە رۆژی 9/2/2006 بەسەرۆكایەتی شێخ ناسر محەمەد ئەحمەد پێكهات و لە 15 وەزارەت پێكهاتبوو، بەڵام ناكۆكییەكانی نێوان پەرلەمان و حكومەت جارێكی دیكە بووە هۆی ئەوەوە لە 9 حوزەیرانی ئەو ساڵەدا هەڵوەشایەوە، ئەوەش لەبەر ئەوەی كە پەرلەمان لەبەر چۆنیەتی دابەشكردنی زۆنی هەڵبژاردنەكان داوای لێپێچووەنەوەیان لەسەرۆكی حكومەت كردبوو.

دوای ئەوەی لە رۆژی 23/10/2006 هەڵبژاردن ئەنجام درا، جارێكی دیكە بەسەرۆكایەتی شێخ ناسر ئەحمەد كابینەی ژمارە 23 هاتە پێشەوە كە لە 15وەزراەت پێكهاتبوو،بەڵام هێندەی نەبردو لە رۆژی 4/3/2007 جارێكی دی كێشە كەوتەوە نێوان حكومەت و پەرلەمان و ئەوەش بە بیانووی بانگهێشتی وەزیری تەندروستی شێخ ئەحمەد عەبدوڵا سوباح بەمەبەستی لێسەندنەوەی متمانە.

كابینەی 24 هەمین لە رۆژی 25/3/2007 دامەزراو تا رۆژی 27/6/2008 خایاند، بەسەرۆكایەتی شێخ ناسرو هەبوونی 15 وەزیر، لەبەر ئەوەی مەجلیسی ئومە –پەرلەمان- لە لایەن میری وڵاتەوە ھەڵوەشایەوە.

هەرچی كابینەی 25 هەمینی  حكومەتە لە رۆژی 28/6/2008 بەسەرۆكایەتی چەند بارەی شێخ ناسرو بە ئەندامێتی 15 وەزیر، بەڵام ئەمجارەش بە هۆی كێشەی نێوان حكومەت و پەرلەمانەوە لەسەر بانگهێشتی سەرۆكی حكومەتەوەو دواتر وەك حكومەتی كاربەڕێخەر مایەوە تا رۆژی 22/1/2009 و هەلبژاردنی نوی ئەنجام درا.
كابینەی 26 هەمین لە رۆژی 23/1/2009 دەست بەكار بوو بەسەرۆكایەتی شێخ ناسرو لە 15 وەزارەت پێكهات، وەك سەرچاوەكان باسی دەكەن كەمترین تەمەنی كابینەكانی شێخ ناسر بووە كە تەنها 4 مانگی خایاندووەو لە رۆژی 28/6/2009 بە پێی مەرسومێكی ئەمیری حكومەت و پەرلەمان كۆتایی بەكارەكانیان هات.

كابینەی 27 لە رۆژی 28/7/2009 بەسەرۆكایەتی شێخ ناسر دروست كرایەوەو تا 7 حوزەیرانی 2011 بەردەوام بووپاشان حكومەت دەستی لەكار كیشایەوە.

كابینەی 28 لە رۆژی 29 حوزەیرانی 2011 بەسەرۆكایەتی شێخ ناسر هاتەوە كایەو لە 29/11 ی هەمان ساڵدا دەستی لەكار كێشایەوە، لەبەر ئەوەی جارێكی دی كێشە كەوتەوە نێوان هەردوو دەسەڵاتەكەوە.

كابینەی 29 لە رۆژی 13/12/2011 پێكهات بەسەرۆكایەتی شێخ جابر موبارەك ئەحمەد سوباح وەك یەكەم حكومەتی كاربەڕێكەر، بەڵام تەمەنی هێندە كورت بووكە دوو مانگی خایاندو لە 13/2/2012 دا كۆتایی بە كابینەكەی هات كە لە 12 وەزارەت پێكهاتبوو.

كابینەی 30 هەمینی كوەیت لە رۆژی 14/2/2012 بەسەرۆكایەتی شێخ جابر موبارەك پێكهێنرایەوەو لە 15 وەزارەت پێكهات، بەڵام ئەمجارەیان بەهۆی دادگای دەستوورییەوە لە رۆژی 18/6/2012هەلوەشایەوە.

كابینەی 31 هەمین لە رۆژی 19/6/2012 بەسەرۆكایەتی جابر موبارەك و دانانی 13 وەزیر هاتە پێشەوە بەڵام تا رۆژی 10/12/2012 بەردەوامی هەبوو .

كابینەی 32 هەمینیش لە رۆژی 11/12/2012 بە 15 وەزیرەوە پێكهات و دوای نزیكەی 7 مانگ جارێكی دیكە بە بیانووی نادەستووری بوونی هەڵوەشایەوەو كارەكاتی بەڕێوەبرد تا رۆژی 27 حوزەیرانی 2013 .

حكومەتی 33 هەم لە رۆژی 4ئابی 2013 بەسەرۆكایەتی جابر موبارەك و ئەندامێتی 15 وەزیر هاتە سەركارو لە رۆژی 28/11/2013 و بەفەرمانی ئەمیری ژمارە 209 هەڵوەشایەوە.

كابینەی 34 لە رۆژی 10/12/2016 بەسەرۆكایەتی شێخ جابر موبارەك و ئەندامێتی 15 وەزیر هاتە سەر كارو  بەهۆی ناكۆكییە بەردەوامەكانی نێوان پەرلەمان و حكومەتەوە و بانگهێشتكردنی وەزیرەكان لە رۆژی 28/11/2016 هەڵوەشایەوە، بەتایبەتی لێپێچینەوە لە وەزیری دەوڵەت و چەند وەزیرێكی دیكە.

كابینەی 35 یش لە رۆژی 17/12/2017 بەسەرۆكایەتی شێخ جابر موبارەك و ئەندامێتی 15 وەزیر هاتە پێشەوەو لەرۆژی 14/11/2019 دوای ئەوەی وەزیری ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن دەستیان لە كار كێشایەوەو داواكرا كە جێگری سەرۆك وەزیران لە پەرلەمان بانگهێشت بكرێت.

هەرچی كابینەی 36 هەمینیشە لە رۆژی 17/12/2019 دەست بەكاربووە بەسەرۆكایەتی شێخ سەباح خالد  حەمەد موبارەك و ئەندامێتی 15 وەزیرو بۆ یەكەمجار 3 لە وەزارەتەكان درایە دەستی 3 وەزیری ئافرەت و 7 وەزیریشیان لە كۆنەكانی دانایەوە.

ئەمڕۆش 37 هەمین كابینەی حكومی كوەیت بەسەرۆكایەتی شێخ نەواف ئەحمەد دروستكراوە لەدوای ئەوەی هەڵبژاردنی مەجلیسی ئومە ئەنجام دراوە، لە 15 وەزارەت پێكهاتووەو تەنها 5 وەزیریان لە كۆنەكان بووە و زۆرینەشیان گەنجن، لەم كابینەیەدا وەزارەتی ناوخۆ ڕادەستی بنەماڵەی میرەكان كراوەتەوەو ثامر عەلی سەباح سالم ئەلسوباح كراوەتە وەزیری ناوخۆ.

دەوڵەتی كوەیت دەكەوێتە كیشوەری ئاسیا و دراوسێی عێراق و عەرەبستانی سعودییەیە، ڕووبەرەكەی 17.818 كم چوارگۆشەیە، دانیشتوانەكەی نزیكەی 5 ملیۆن كەسە، تا ساڵی 1871 لە ژێردەسەڵاتی عوسمانیەكاندا بووەو لە ساڵی 1899 كەوتە ژێر دەسەڵاتی بەریتانیەكان و لە ساڵی 1961 كۆتایی بە دەسەڵاتی دەوڵەتی بەریتانی هات و لە 11/12/1962 سەربەخۆیی وەرگرتووەو یەكەم حكومەتیان پێكهێناوە.