ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

04:28 - 18/01/2021

ئاکار لە بەغداوە هەوڵی گۆشەگیرکردنی پەکەکە دەدات‌

پەیسەر

خوڵوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا بە یاوەری شاندێکی باڵا سەردانی بەغدای کردووە و لەگەڵ لوتکەی دەسەڵاتەکانی عێراقدا کۆدەبێتەوە. ئاکار دەیەوێت لە بەغداوە کۆنترۆڵی سنورەکانی تورکیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکات و بەم جۆرەش پارتی کرێکارانی کوردستان گۆشەگیر بکات.

ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکان
لە ١٣ی ئابی ساڵی رابردوو بڕیار بوو خوڵوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا سەردانی شاری بەغدا بکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەتی عێراقدا کۆببێتەوە، تەنانەت ئامادەکارییەکانیش کرابوون بۆ سەردانەکە، بەڵام دواتر و لەپڕ هەموو شت گۆڕا.

پێش سەردانەکە فڕۆکەکانی تورکیا بۆردومانی هێزەکانی پاسەوانی سنوری عێراقیان کرد و لە ئەنجامدا دوو ئەفسەری باڵای پاسەوانی سنور کوژران، ئەمەش عێراقی توڕە کرد و بڕیاریدا سەرجەم سەردانەکانی بەرپرسانی تورکیا بۆ وڵات هەڵبوەشێنێتەوە.

عێراق بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی کرد و رایگەیاند، بە هیچ جۆرێک ئامادە نین پێشوازی لە هیچ بەرپرسێکی مەدەنی و سەربازیی تورکیا بکەن.

ئاکار هاتەوە
دوای چەند مانگێک لە چاوەڕوانی و دامرکاندنەوەی توڕەیی عێراقییەکان خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا سەردانی بەغدای کرد و بڕیارە لەگەڵ هەریەک لە جومعە عیناد، وەزیری بەرگریی عێراق، بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆمار و مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیران کۆببێتەوە.

لەگەڵ وەزیری بەرگریدا، یاشار گولەر سەرۆک ئەرکانی سوپای تورکیاش هاتووەتە بەغدا و ئەمەش جدییەتی تورکیا بۆ ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا و گەرەنتیکردنی سنورەکان دەردەخات.

گۆشەگیرکردنی پەکەکە
لە بەیاننامەی وەزارەتی بەرگری تورکیادا بە زۆری جەخت خراوەتە سەر رووبەڕووبوونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان و هاوکاری هەردوولا بۆ دژایەتیکردنی گەریلاکانی پەکەکە.

خوڵوسی ئاکار لە کۆبوونەوەی لەگەڵ جومعە عیناد، وەزیری بەرگریی عێراق وتویەتی، "بوونی تیرۆر لە باکوری عێراق بۆ هەردوو وڵات هەڕەشەیەکی گرنگە، هاوکاری هەردوولا لە بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوی پەکەکە و دروستکردنی هاریکاری رۆڵێكی گرنگ دەگێڕێت.

ئاکار جەختی لەسەر پتەوکردنی پەیوەندییەکانی عێراق و تورکیا کردووەتەوە و بۆ دژایەتیکردنی پەکەکە ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ هەر هاوبەشییەک راگەیاندووە.

یەکێتی عێراق وەک بیانووی لێدان لە پەکەکە
خوڵوسی ئاکار لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ وەزیری بەرگری تورکیا بەردەوام جەختی لەسەر یەکێتی و یەکگرتووی خاکی عێراق کردووەتەوە و بەم جۆرەش پەیامی روون و

بەرپرسانی تورکیا بۆ راکێشانی سەرنجی عێراقییەکان، ھەمیشە جەخت لە "یەکێتی و یەکگرتوویی" خاک و نیشتمانی عێراق" دەکەن، بەم جۆرەش دەیانەوێت بە عێراقییەکان بڵێن، ئەگەر دەتانەوێت خاکاکەتان بە یەکگرتوویی بمێنێتەوە، "ھاوکارمان بن بۆ کۆتاییھێنان بە پەکەکە".

"یەکێتی خاک" وشە دووبارەکە
خوڵوسی ئاکار لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵجومعە عیناد چەندین جار وشەی "یەکێتی خاک" و هاوشێوەکانی دووبارە کردووەتەوە. "رێزی خوشگوزەرانی، کامەرانی، سەروەری و یەکێتیی خاکی عێراق دەگرین."

ئاماژەی بەوەش کردووە، "یەکگرتووی و یەکێتیی سیاسیی عێراق بۆ ئێمە بنەمایە. وەک هەمیشە جەختمان لێکردووەتەوە، تاکە ئامانجی ئێمە، بەرگریکردنە لە ماف و بەرژەوەدنییەکانمان، ژیانی خوشگوزەران و ئاشتی لەناو سنورەکانمان، پاراستنی سنورەکانمان و ئاسایشی خەڵکەکەمان. چاویشمان نەبڕیوەتە خاکی هیچ دراوسێیەکمان."

ئاسایشی هاوبەش
تورکیا بەردەوام ئاسایش و ئارامی سنورەکانی بە ئاسایش و ئارامی وڵاتانی دراوسێی خۆیەوە دەبەستێتەوە، هەر بۆیە لە سەرجەم کۆبوونەوەکاندا ئەو پەیامە بە دروسێکانیان دەدەن کە ئاسایشی ناوچەکە بۆ هەردوولایە و دەبێت بیپارێزن.

وەزیری بەرگری تورکیا لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ وەزیری بەرگری عێراقدا باسی لەوە کردووە، "دەتوانین پێکەوەن بەسەر ناڕەحەتییەکانی ناوچەکەماندا سەربکەوین، دەتوانین ناوچەکەمان بکەین بە ناوەندی ئاشتی و ئاسایش."