ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

01:41 - 19/01/2021

ئاکار لە بەغدا و هەولێر تۆڕەکە دەچنێت؛ پەکەکە دەگرن؟‌

پەیسەر

پارتی کرێکارانی کوردستان ٣٠ ساڵ زیاترە چەکی هەڵگرتووە، چەکێک کە مایەی هەڕەشە بووە بۆ تورکیای زلهێزی ناوچەکە. کتومت وەک تورکیا، پارتی دیموکراتی کوردستانیش هەمیشە پەکەکەی بە "دوژمن"ی خۆی و هەڕەشە بۆ سەر خەڵکی هەرێمی کوردستانی زانیوە. عێراقیش لە پەکەکە نیگەرانە و دەیەوێت دووری بخاتەوە، بۆیە هاوکاری نێوان هەولێر - ئەنقەرە –بەغداد بۆ دژایەتیکردنی پەکەکە وەک پێویستییەک بۆ هەر سێ لایەنەکە دەبینرێت.

تورکیا و پەکەکە
١٥ی ئابی ١٩٨٤ گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان دەستیان بە خەباتی چەکداری لە دژی دەوڵەتی تورکیا کرد. سەرەڕای هەموو ئاگربەستەکانی نێوانیان، پەکەکە ٣٦ ساڵە پەکەکە و سوپای تورکیا لە شەڕێکی خوێناویی بەردەوامدان. لەم جەنگەدا دەیان هەزار کەس کوژراون و سەدان هەزار کەسیش بریندار بوو.

تورکیا دوای دەستگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجەلان پێی وابوو کۆتایی بە پەکەکە هێناوە، بەڵام گەریلا بەردەوام بوون و چەکیان دانەنا. تورکیاش مکوڕتر لە جاران دەستی بە لێدانی گەریلا کرد و هەوڵی فراوانکردنی بەرەی دژە قەندیلی دا.

دروستبوونی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای کوردستان گورزێکی کوشندە بوو لە بەرەی دژ بە قەندیل، هەر بۆیە تورکیا شەڕی خۆی لە باکوری کوردستانەوە گواستەوە بۆ رۆژئاوا و ئەمەش رووبەڕووی ئەو هێزانەی کردەوە کە هاوکاری رۆژئاوا دەکەن. دواین هەوڵی تورکیاش بۆ دژایەتیکرنی پەکەکە سەردانی خوڵوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیایە بۆ بەغدا و هەولێر.

پارتی و پەکەکە
پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی کرێکارانی کوردستان بە درێژایی مێژووی خۆیان لە پەیوەندییەکی ئاڵۆز، خوێناوی و پڕکێشەدا بوون. هەردوولا یەکتریان بە "دوژمن"ی کوردستان و "ناپاک" بەرامبەر گەلی کورد تۆمەتبار کردووە.

چەند جارێک پێکدادان و شەڕی خوێناویی لەنێوان پارتی و پەکەکەدا روویداوە، کە خوێناویترینیان لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا بوو. ئەو خوێنەی لەنێوانیاندا رژا تاکو ئێستا بڕیار لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان ئەم دوو هێزە دەدات.

دوای دروستبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پارتی لە رێگەی دامەزراوە فەرمییەکانەوە بەرهەڵستی پەکەکەی کرد و ئیتر پەکەکە لە رکابەری حزبێکی دیاریکراوەوە کرا بو "دوژمن"ی هەرێمی کوردستان. لە راگەیەندراوەکانی حکومەتی هەرێمدا هەمیشە پەکەکە بە "هەڕەشە" بۆ سەر قەوارە و سەروەری هەرێمی کوردستان ناوی هێنراوە.

عێراق و پەکەکە
عێراق لە مێژووی خۆیدا کەمترین بەرکەوتنی لەگەڵ پارتی کریکارانی کوردستاندا هەبووە، بوونی پەکەکە لە هەرێمی کوردستاندا وای کردووە کەمتر پەیوەندی بە حکومەتی عێراقەوە هەبێت و بەرکەوتنیشیان کەمتر بێت.

هاتنی پەکەکە بۆ شنگال و ناوچەکانی سەر بە موسڵ دوای هاتنی داعش، خاڵی بەرکەوتنی گەریلا و سوپای عێراقە، لێرەوە پەکەکە بە فەرمی و نافەرمی، ئاسایی و نائاسایی بەر حوکمەتی بەغدا دەکەوێت، بۆیە ئێستا پەکەکە لە هەرکاتێک زیاتر بۆ بەغدا بابەتە و دەتوانێت بەپێی ئامانج و بەرژەوەدنییەکانی مامەڵەی لەگەڵ بکات.

شنگال؛ چەقی ناکۆکی
هەلێک بۆ پەکەکە

شنگاڵ ناوچەیەکی ستراتیژی گرنگە، خاڵی بەریەککەوتنی چەند جوگرافیا و هێزێکی جیاوازە. شنگال بۆ هەرێم، عێراق، تورکیا، ئێران، پەکەکە و ئەمریکاش گرنگە، هەر لایەکیان دەیانەوێت پێگەی خۆیان لە ناوچەکەدا بەهێز بکەن، لە هەموان زیاتریش هەرێم و عێراق خۆیان بە خاوەنی ناوچەکە دەزانن و پەکەکەش خۆی بە رزگار دەزانێت.

دوای هێرشی چەکدارانی داعش بۆ سەر شنگال و ناوچەکانی دەورووبەری، سوپای عێراق و پێشمەرگە کشانەوە، ئەمەش هەلێکی گەورە بوو بۆ پەکەکە تاکو روو لە ناوچەکە بکات، هەر بۆیە گەریلاکانی پەکەکە خێرا گەیشتنە ناوچەکە، توانیان ژمارەیەکی زۆر ئێزدی رزگار بکەن و رێڕەوی دەربازبوونیش بۆ خەڵکی شنگال بکەنەوە.

هەژموون و خاڵی پێکەوە گرێدان
لەم بەروارەوە پەکەکە توانی وێنەی خۆی لای شنگالییەکان بڕازێنێتەوە و وەک هێزی رزگارکەر سەیر بکرێت، ئەمەش خاڵی سەرەتای پتەوکردنی پێگەی گەریلا بوو لە شنگال، ئەم دۆخەش بە هیچ جۆرێک لای پارتی مایەی قبوڵکردن نەبووە و نابێت.

پەکەکە توانی شنگال بکات بە خاڵی پێکەوە گرێدانی قەندیل و رۆژئاوای کوردستان، ئەمەش گەورەترین هەڕەشە بوو بۆ سەر تورکیا کە هەمیشە ویستویەتی قەندیل لە رۆژئاوای کوردستان داببڕێت.

بەم جۆرە پەکەکە هەم توانی هەژموون وپێگەی خۆی لە شنگال و لای شنگالییەکان بەهێز بکات، هەم توانی قەندیل بە رۆژئاوای کوردستان بگەیەنێت و ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئەنقەرە، واتە لە ناوخۆدا هەڕەشە بوو بۆ سەر پێگەی لەمێژینەی پارتی لە شنگال و لە ئاستی دەرەوەشدا هەڕەشە بوو بۆ سەر تورکیا. بۆیە پەکەکە بوو بە رکابەری سەرەکی پارتی و تورکیا لە شنگال.

فشاری تورکیا
تورکیا لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بەردەوام فشاری لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە تاکو کۆتایی بە بوون و باڵادەستی پەکەکە لە شنگال بهێنێت، هەر بۆیە حکومەتی هەرێم بەردەوام داوای لە پەکەکە کردووە لە شنگال بکشێتەوە و بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان.

تورکیا لە رێگەی سەردانی فەرمی و رێگای نافەرمییەوە هەمیشە داوای لە عێراق کردووە یان شنگال لە پەکەکە پاک بکاتەوە، یان رێگە بە ئەوان بدەن بە هێز کۆتایی بە پەکەکە بهێنن و دەستوەردان بکەن، بەڵام نە عێراق خۆی ئەو کارەی کرد و نە رێگەی بە تورکیاش دا دەستوەردان بکەن.

رێککەوتنی شنگال؛ دەروازەی دەربازبوون
دوای ئەوەی دۆخی زۆربەی ناوچەکان ئاسایی بووەوە و هێزە عێراقییەکان گەڕانەوە ناوچەکانی پێشووی خۆیان، شنگالیش لەو ناوچانە بوو دەبوایە حکومەتی عێراق بە تەواوی بۆی بگەڕێتەوە، بەڵام ئەم کارە بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێم ئەنجام نەدەدرا، بۆیە هەوڵە هاوبەشەکان بۆ بەدەستهێنانەوەی شنگال دەستیانپێکرد.

بەغدا و هەولێر لەسەر گەڕانەوەی شنگال و دەرکردنی پەکەکە هاوڕا بوون، بۆیە دوور لە شەڕ و بەکارهێنانی هێزی سەربازیی رێککەوتنی شنگالیان واژۆ کرد، بەپێی رێککەوتنەکەش شنگال بە هاوبەشی و هەماهەنگی نێوان هەولێر و بەغدا بەڕێوەدەبرێت، ئەمەش بە مانای کۆتایهاتنی هەژموونی پەکەکە بوو لە ناوچەکەدا.

رێککەوتنی شنگال دەەروازەی رزگاربوون بۆ هەرێم و عێراقیش و لەم رێگەیەوە توانیان بە ئامانجەکانیان بگەن و بگەڕێنەوە شنگال، بەڵام ئەم کارە هەر وا ئاسان نییە.

پەکەکە و تورکیا و رێککەوتنەکە
پەکەکە و هێزەکانی لە شنگال هەر لە سەرەتاوە رێککەتنەکەیان رەتکردەوە و رایانگەیاند، ئەوان خەڵکی شنگالیان رزگار کردووە و بەهیچ جۆرێک ئامادە نین بە رێککەوتنێک کە ئەوان تێیدا بەشدار نەبوون ناوچەکە چۆڵ بکەن، هەر بۆیە تاکو ئێستاش حکومەتی هەرێم دەڵێت، پەکەکە رێگرە لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال.

تورکیا کە دەیەویست بە هێز دەستوەردان بکات و کۆتایی بە هەبوونی پەکەکە بهێنێت لە شنگال، ئەرکەکەی لە کۆڵ بووەوە و پێشوازی لە رێککەتنەکە کرد، چونکە شنگال دەرگای چوونە ناوەوەی قەندیل بوو بۆ رۆژئاوای کوردستان و هەر دەبوایە ئەم دەرگایە دابخات.

بۆردومانی پەیوەندی
لە ١٣ی ئابی ساڵی رابردوو بڕیار بوو خوڵوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا سەردانی شاری بەغدا بکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەتی عێراقدا کۆببێتەوە، تەنانەت ئامادەکارییەکانیش کرابوون بۆ سەردانەکە، بەڵام دواتر و لەپڕ هەموو شت گۆڕا.

پێش سەردانەکە فڕۆکەکانی تورکیا بۆردومانی هێزەکانی پاسەوانی سنوری عێراقیان کرد و لە ئەنجامدا دوو ئەفسەری باڵای پاسەوانی سنور کوژران، ئەمەش عێراقی توڕە کرد و بڕیاریدا سەرجەم سەردانەکانی بەرپرسانی تورکیا بۆ وڵات هەڵبوەشێنێتەوە.

لە راستیدا ئەوەی روویدا تەنها بۆردومانی پاسەوانی سنور نەبوو، بەڵکو لیدان بوو لە پەیوەندییە ناجێگیر و ئاڵۆزەکانی نێوان بەغدا و ئەنقەرە هەر بۆیە عێراق بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی کرد و رایگەیاند، بە هیچ جۆرێک ئامادە نین پێشوازی لە هیچ بەرپرسێکی مەدەنی و سەربازیی تورکیا بکەن.

ئاکار لە بەغدا
دوای چەند مانگێک لە چاوەڕوانی و دامرکاندنەوەی توڕەیی عێراقییەکان خوڵوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ هەریەک لە جومعە عیناد، وەزیری بەرگریی عێراق، بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆمار و مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیران کۆبووەوە.

کازمی پەیمانی هاوکاری بە تورکیا دا
ئێوارەی دوێنێ خوڵوسی ئاکار لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقدا کۆبووەوە و لێدوانەکانی کازمیش لەبارەی کۆبوونەوەکەوە دڵخۆشکەر بوون بۆ تورکیا.

کازمی رایگەیاندووە، لەسەر چارەسەرکردنی هەڕەشەکانی تیرۆر لە ناوچە سنورییەکان رێککەوتوون و رێگا نادەن خاکی عێراق بۆ هەڕەشەکردن لە تورکیا بەکاربهێنرێت.

سەبارەت بە هاریکاری تورکیا و توانا سەربازییەکانیان کازمی وتی، دەتوانن سوپای عێراق لە هەر ناوچەیەکدا جێگیر بکەن و عێراقیش لە توانایدا هەیە کۆتایی بەو هەڕەشانە بهێنێت کە دەکرێنە سەر تورکیا.

وەزیری بەرگری تورکیا لە شاری هەولێرە
شەوی رابردوو خوڵوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا و یاشار گولەر سەرۆک ئەرکانی سوپای تورکیا گەیشتنە شاری هەولێر و لەلایەن شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەوە پێشوازیان لێکرا. بڕیاریشە لەگەڵ سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆببنەوە.


ئامانجی سەردانەکەی ئاکار بۆ گفتوگۆکردنە لەسەر ئاسایشی سەر سنور و رووبەڕووبوونەوەی گەریلاکانی پەکەکە. جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال و رووبەڕووبوونەوەی پەکەکە لە بابەتە گەرمەکانی گفتوگۆکانی نێوان وەزیری بەرگری تورکیا و بەرپرسانی هەرێم دەبێت.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ خولوسی ئاکار لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتتی کوردستان کۆبووەوە و دواتریش کاتژمێر ١٢ی ئەمڕۆ لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەنەوەیەکی درێژیان ئەنجامدا.

تۆڕی هاوبەش
تورکیا دەزانێت بەبێ حکومەتی هەرێم و عێراق ناتوانێت بەرەنگاری پەکەکە ببێتە لەنێو هەرێمی کوردستاندا، بۆیە لە ئێستادا سەرقاڵی نزیکبووونەیە لەم دوو پایتەختە، تاکو بەرەیەکی هاوبەشی دژی پەکەکە دروستبکات و تۆڕی هاوبەشی ئەنقەرە – هەولێر – بەغدا بۆ گرتنی پەکەکە ئامادە بکات.

تورکیا لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا چەندین هێرشی کردووەتە سەر گەریلاکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان، بەڵام تێگەیشتووە بە ئۆپراسیۆنی تاکلایەنە ناتوانێت کۆتایی بە بوونی پەکەکە بهێنێت، بۆیە سەرەڕای نیگەرانییەکانی بەغدا، ئاکار رووی لە عێراق و هەرێم کردووە تاکو پێکەوە ئەم کارە بکەن.