ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

03:50 - 20/01/2021

سوپا ئەلکترۆنییەکان؛ مۆتەکەی چالاکوانە عێراقییەکان‌

پەیسەر

لە دوای ساڵی ٢٠٠٣، هێز و گروپە چەکدار و تەنانەت سیاسییەکانیش، دەستیان بە دروستکردنی سوپا ئەلکترۆنییەکان کرد، ئامانجی ئەندامانی ئەم سوپایانە کە بە وردی راهێنرابوون، بریتی بوو لە هەڕەشەی کوشتن لە چالاکوان و کەسە ناڕازییەکانی عێراق، ئەم سوپایە تیرۆری کەسیی چالاکوانەکانیان دەکرد، تۆمەتیان بۆ دروستدەکردن و بە ناپاک وەسفییان دەکردن.

هەڕەشەی کوشتن
"هەڕەشەم لێکرا بەوەی کە ماڵی باوکم دەسوتێنن، براکەم دەکوژن و خۆشم لەناودەبەن" ئەمە قسەکانی یەکێک لە چالاکوانە دیارەکانی شاری موسڵە کە لەلایەن سوپا ئولکترۆنییەکانەوە لە خۆی و چالاکوانەکانی دیکەی عێراقیی دەکرێت.

سوپای ئەلکترۆنی بەو گروپە راهێنراوانە دەوترێت کە بەپێی سیاسەت، پلان و ئامانجێکی دیاریکراو کار دەکەن. ئەم سوپایە لە رێگەی پێگە ئەلکترۆنی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە کار بۆ برەودان بە هزر و ئایدۆلۆجیایەکی دیاریکراو دەدەن.

سوپا ئەلکترۆنییەکان کار دروستکردنی بۆچوونێکی دیاریکراو و بڵاوکردنەوەی دەدەن، لە هەمان کاتیشدا درۆ، بوهتان، پڕوپاگەندە و زانیاریی ساختە بڵاودەکەنەوە.

ئەندامانی سوپا ئەلکترۆنییەکان لە رێگەی هەژماری ساختەوە کار دەکەن، بەم جۆرە ئەم زانیارییە ساختانە بڵاودەکەنەوە و هەڕەشە لەو کەسانە دەکەن کە بە هەڕەشەیان دەزانن لەسەر خۆیان و هزرەکەیان.


پەلاماردانی چالاکوانان
سوپای ئەلکترۆنی لە رێگەی ئەندامەکانیانەوە، چالاکوانان و ئەندامانی ئەو گروپ و حزبانەی کە جیاوازن لە خۆیان بە "کرێگیراو، خۆفرۆش و ناپاک" ناو دەبەن.

لە ئێستادا سوپا ئەلکترۆنییەکانی عێراق لە هەوڵێکی چڕدان بۆ پەلاماردانی هێزە ناڕازیی و کەسە رەخنەگرەکان، دەستیان لێناپارێزن و بە ناشرینترین شێواز هێرش دەکەنە سەریان.

بەشێکی دیار لەو هەژمارانەی سوپا ئەندامانی سوپا ئەلکترۆنییەکان بۆ پەلاماردانی چالاکوان و کەسە نیشتمانییەکان بەکاریدەهێنن، وێنەی سەرکردە و کەسە دیارەکانی میلیشیا چەکدارەکان و حەشدی شەعبیان لەسەرە.


مێشی ئەلکترۆنی
چالاکوانێکی موسڵی بە پێگەی حوڕەی وتووە، بەشێکی زۆری نامە هەڕەشەئامێزەکان لەو هەژمارانەوە دێن کە وێنەی قاسم سولەیمانی و ئاڵای حەشدی شەعبییان لەسەرە، لە نامەکانیشدا زۆر جار هەڕەشەی کوشتن دەکرێت.

حزبە سیاسی و میلیشیا چەکدارەکان پەنا بۆ ئەم سوپا ئەلکترۆنیانە دەبەن کە بە "مێشی ئەلکترۆنی"ش ناودەبرێن، ئەمەش لەپێناو بەبازاڕکردن و بڵاوکردنەوەی بۆچوونەکانیان، لە هەمان کاتدا بۆ لێدان و کوتانی هەر کەس و لایەنێک دژی ئەوان بن.


سەرهەڵدانی سوپا ئەلکترۆنییەکان
ریاز حەمدانی رۆژنامەنووسی عێراقی دەڵێت، یەکەم دەرکەوتنی سوپا ئەلکترۆنییەکان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٠، ئەو کاتەی کە فەیسبووک لە عێراق بەکارهێنرا و دەستی بە بڵاوکردنەوە کرد.

رۆژنامەنووسەکە پێی وایە، یەکەم جار سوپای ئەلکترۆنی لەلایەن حیزبی ئیسلامیی و حیزبی دەعوەوە بەکارهێنرا، ئامانجیشیان هەڕەشەکردنی کوشتن بوو لەو رۆژنامەنووسانەی کە کاری بێلایەنانەیان ئەنجام دەدا.

غانم عابد لێکۆڵەر لە دۆخی سیاسی عێراق بەهێزبوون و دەرکەوتنی گەورەی سوپا ئەلکترۆنییەکان بۆ خۆپیشاندانەکانی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩ دەگەڕێنێتەوە و دەیبەستێت بە میلیشیای دیاریکراویشەوە.

لێکۆڵەرە عێراقییەکە دەڵێت، ئەم سوپا ئەلکترۆنییانە پەیوەستن بە میلیشیایەکەوە، بەڵام ئەوەی راستی بێت ئەم سوپایە لەژێر سەرپەرشتی و چاودێری سوپای پاسدارانی ئێراندا بەڕێوەدەبرێن، سەرەتای دامەزراندنیشیان بۆ ساڵی ٢٠١٤ دەگەڕێتەوە، بەتایبەت دوای هاتنی رێکخراوی داعش.

بەداعشکردن
سەبارەت بە سەرەتای کارەکانیش دەڵێت، لە چوارچێوەی شەڕی دژ بە داعش، تاران لەژێر سەرپەرشتی سوپای پاسداران، لە ناو هەموو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەستی بە دامەزراندنی سوپا ئەلکترۆنییەکان کرد.

ئامانجی سەرەکی ئەم سوپا ئەلکترۆنییە کە دواتر بە ئاشکرا دەرکەوت، برتی بوو لە بەداعشکردن و بە تیرۆریست ناساندنی هەموو ئەو کەس، چالاکوان، گروپ و حزبە سیاسییانەی کە دژی هەژموون و باڵادەستی ئێران بوون لە عێراق.

ئامانجێکی دیکەی ئەم سوپا ئەلکترۆنیانەی سەر بە میلیشیاکان ئەوە بوو کە، پەردەپۆشی تاوانی میلیشیاکان بکەن و بیانوو بۆ کوشتن و لەناوبردنی چالاکوان و کەسە بەرهەڵستکارەکان بهێننەوە.


سوپاکە چۆن کار دەکات؟
سوپا ئەلکترۆنییەکانی عێراق بۆ ئەوەی لە کەمترین کاتدا بە زۆرترین خوێنەر بگەن، پەنا بۆ هەژمارە ساختەکان دەبەن، بەم جۆرەش بە کەمترین کەس زۆرترین هەژمار بەڕێوەدەبەن.

سوپاکە بەم جۆرە کار دەکات؛ ژمارەیەکی زۆر هەژماری ساختە دروستدەکرێن، هەرکەسێک و بەرپرسە لە ژمارەیەک لەم هەژمارانە و بەکاریان دەهێنێت، بۆ نموونە یەک کەس ١٠ هەژمار بەکاردەهێنێت، ئەم کەسە بە تەنها دەتوانێت لە ماوەی یەک کاتژمێردا زیاتر لە ١٠٠ پۆست و بڵاوکراوەی هەبێت.

بەپێی هەندێک زانیاری، ژمارەی هەژمارە ساختەکانی میلیشیاکان ٢٠ هەزاری تێپەڕاندووە، ئەمەش مانای ئەوەیە کە ئەم ٢٠ هەزار هەژمارەی دەتوانن لە ماوەی یەک کاتژمێردا دەیان هەزار پۆست و بڵاوکراوەیان هەبێت.

راهێنانی سوپا ئەلکترۆنییەکان
میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە عێراق لەلایەن پسپۆڕە ئەلکترۆنییەکانی حیزبوڵای لوبنانییەوە راهێنان پێدەکرێت و ئامادە دەکرێن، تاکو بۆ پەلاماردانی چالاکوانان ئامادە بکرێن.

پسپۆڕێکی ئەلکترۆنی حیزبوڵای لوبنانی لە بنکەیەکی سەربازی لە شاری بەغدا بە درێژایی هەشت مانگ لە نێوان ساڵانی ٢٠١٧ – ٢٠١٨ راهێنانی بە نزیکەی ١٠٠٠ کەس کردووە. ئامانجی راهێنانەکە بریتی بووە لە بەڕێوەبردنی سوپای ئەلکترۆنی و ناویشیان لێناوە سوپای بەرگریی ئەلکترۆنیی.

دوای ئەوەی لێهاتوترین راهێنراو دیاری دەکرێت و هەڵدەبژێردرێت، رەوانەی ئێران دەکرێن تاکو راهێنان لەسەر هاککردن و راگرتنی هەژماری چالاکوانەکان بکەن.