لێکۆڵینەوە

11:08 - 21/01/2021

چیرۆکی دادگاییکردن و لەسێدارەدانی قازی محەمەد‌

پەیسەر

دوای ئەوەی یەکێتی سۆڤییەت و ئێران لەسەر کشانەوەی هێزەکانی روسیا لە ئێران و پێدانی ئیمتیازی نەوتی باکور بە روسیا ڕێککەوتن، قازی محەمەد بەرپرسانی کۆمار و سەرکردایەتی حیزبی دیموکرات و هەندێک لە پیاوماقوڵ و سەرۆک عەشیرەتەکانی کۆکردەوە و بۆ ماوەی چەند کاتژمێر خەریکی هەڵسەندگاندنی دواین گۆڕانکارییەکان بوون.

 لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا کۆماری کوردستانیش هاوشێوەی کۆماری ئازەربایجان لە لەگەڵ کاربەدەستانی تاران بکەوێتە دانوستانەوە، قازی محەمەدیش ئەم ئەنجامەی پێ باش بوو و سەبارەت بەمە وتبووی:

 " ئێمەی کورد هەرگیز خوازیاری شەڕ نەبووین، بەڵام هەمیشە داگیرکەران شەڕیان بە سەردا سەپاندووین. ئێستا کە کاربەدەستانی تاران گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کێشەکە لە ڕێی ئاشتییەوە چارەسەر بکرێت، ئێمە نەک هەر ڕازین بەڵکوو سپاسیشیان دەکەین، ئێمە نوێنەرانی خۆمان دەنێرینە تاران، تاکە داخوازی ئێمە خودموختاریی ( ئۆتۆنۆمی)یە بۆ کوردستان، ئەگەر حکومەتی تاران مافەکانی ئێمەی پەسەند کرد، ئەوا ئێمەش ڕازین. تورکەکانی تەورێز لە ئێمە بەهێزتر بوون و هێزی سەربازیشیان زیاتر بوو، بەڵام بارودۆخی سیاسی ئەوانی ناچار کرد کە بەر لە ئێمە لەگەڵ تاران بکەونە دانوستانەوە. ئەگەر ئێمەی کورد وەک ئەوان نەکەین و درێژە بە شەڕ بدەین، نەک هەر کەس پشتگیریمان ناکات، بەڵکوو دۆستەکانیشمان لێ دەبنە دوژمن."

شاندی کۆماری کوردستان بە سەرۆکایەتی قازی محەمەد هاوکات لەگەڵ شاندی ئازەربایجان گەیشتە تاران و لەگەڵ کاربەدەستانی تاران کەوتنە دانووستانەوە، کاربەدەستانی تاران زۆر زیرەکانە ڕەفتاریان دەکرد، قازی محەمەد بەمەی زانیبوو، بەڵام چاری ناچار بوو و نەیدەتوانی دژایەتی ویستی سۆڤییەت بکات، ڕووسەکان لەگەڵ ئەحمەد قەوامولسەڵتەنە سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی ئێران لەسەر کشانەوەی هێزەکانیان لە ئێران ڕێک کەوتبوون و لە بەرانبەردا بەڵێنی پێدانی نەوتی باکووریان لە قەوام وەرگرتبوو و هەندێک بەڵێنی درۆشیان بە نوێنەرانی کورد و تورک دابوو.
 
هەرچەندە بە وتەی عەبدوڵڵا ئەحمەد ڕەسووڵ پشدەری لە کتێبی " یاداشتەکانمدا" قازی محەمەد پێیوابوو کە ڕووسەکان لەگەل سەرۆک وەزیران ناگەنە هیچ ئەنجامێک و لە کۆتاییدا تێدەگەن هەڵەیان کردووە و دەگەڕێنەوە لای کۆماری کوردستان، بەڵام ئەحمەد قەوام لەگەڵ ڕووسەکان رێککەوتن و لە چوارچێوەی ئەم رێککەوتنەشدا لە ئەیلوولی ١٩٤٦ یەکێتی سۆڤییەت هێزەکانی خۆی لە ئێران کشاندەوە و لە ڕاگەیەنراوێکدا بەمجۆرە ماڵئاواییان کرد:

 " برایانی بەڕێزی کورد و تورک، وەک ئێوەش دەزانن ڕووسیا هەردەم پشتیوانی گەلانی زوڵم لێکراو و چەوساوەی جیهان بووە و دەبێت، ئێمە هاتینە ئازەربایجان و کوردستان و لە هێچ بوارێکدا درێخیمان لە خەڵکی ئەم ناوچانە نەکرد و یارمەتیمان دان، ئێستاش بەرژەوەندی ئێران و ڕووسیا لەوەدایە کە ئێمە هێزەکانمان لە ئێران ببەینە دەرەوە، بۆیە بە پێویستمان زانی سپاسی ئێوە بکەین".

دوای ئەم رووداوە سوپای ئێران لە تارانەوە کەوتەرێ بۆ کۆنتڕوڵکردنەوەی ئازەربایجان، کۆماری ئازەربایجان لە حکومەتی کوردستان بەهێزتر بوو و پێشبینی  نەدەکرا سوپای ئێران بە ئاسانی بتوانێت بە سەر ئازەربایجاندا زاڵ ببێت، هێزەکانی ئازەربایجان لە بەرامبەر هێزەکانی تاران خۆڕاگرییان دەکرد، بەڵام زۆری پێنەچوو کە پاشەکشەیان کرد و گەڕانەوە بۆ تەورێز، لە دەوروبەری تەورێزیش هەندێک شەڕ کرا، بەڵام دواجار سوپای ئێران توانی لە ١٣ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٦ تەورێز کۆنتڕۆڵ بکات و حكومەتی ئازەربایجان بڕوخێنێت.
 مامۆستا هێمنی شاعیر سەبارەت بەم رووداوە نووسیویەتی: " سوپای ئازەربایجان بە چەک و چۆڵ و فەرماندەی بەرجەستەوە بە خێرایی تەسلیم بوون، کاربەدەستانی سوپای ئازاربایجان ڕایانکرد و کەسایەتییە ناودارەکانی تەورێز لەگەڵ خەڵک چوون بە پێشوازی سوپای ئێرانەوە".

 هەواڵی کەوتنی ئازەربایجان ڕۆژی دواتر گەیشتە مەهاباد و دۆخی مهاباد شڵەژا، کاربەدەستانی کۆمار لە ماڵی قازی محەمەد کۆبوونەوە و ئەنجومەنی جەنگیان دروست کرد و بڕیاری بەرەنگاربوونەوەی هێزەکانی تارانیان دا، بەڵام ڕۆژێک دواتر بڕیارەکە گۆڕا، ئەندامانی حیزب و کۆماری کوردستان پێیان وابوو لە کاتێکدا هێزەکانی کۆماری ئازەربایجان بەو هەموو چەک و چۆڵەوە نەیانتوانیوە بەرەنگاری سوپای تاران ببنەوە، ئەی چۆن کۆماری کوردستان بتوانێت بە هێز و چەکوچۆڵی زۆر کەمترەوە بەرەنگاری سوپا ببێتەوە؟ کەس لەم شەڕەدا پشتگیری لە کورد ناکات. 

ئەندامانی کومیتەی ناوەندی حیزبی دیموکرات داوایان لە قازی محەمەد کرد لە مهاباد بڕوات و ڕوو بکاتە عێراق یان ڕووسیا و خۆی ڕزگار بکات، بەڵام قازی ئەم داوایەی ڕەتکردەوە و وتی: " ئەگەر من لە مهاباد بچمە دەرەوە، حکومەتی تاران تا دوا ڕادە ڕق و قینی خۆی بەسەر خەڵکی کورددا دەڕژێنێت ..."

دوابەدوای ئەمە قازی محەمەد فەرمانی ڕاگرتنی شەڕی لە دژی سوپای ئێران دەرکرد، دەقی فەرمانەکە بەم شێوەیەبوو:
" برایانی بەڕێز پاش ڕێز و سڵاو پێتان ڕادەگەیەنین سوپای ئێران گەیشتووەتە تەورێز و حکومەتەکەی پیشەوەری بەبێ بەرگرییەکی ئەوتۆ ڕووخاوە. ئێمەش پاش شرۆڤەکردنی دۆخەکە بڕیارمان دا شەڕ نەکەین و پێشوازی لە سوپای ئێران بکەین، تکاتان لێ دەکەم ئەوەی کە عێراقییە با بگەڕێتەوە بۆ عێراق و ئێرانییەکانیش با خۆیان ڕادەستی نزیکترین بنکەی هێزەکانی ئێران بکەن".

دۆخی مهاباد بە تەواوی ئاڵۆزبوو، ڕق و توڕەیی شاری داگرتبوو، خەڵک لە ماڵەکانیاندا خەریکی شاردنەوەی چەک و تەقەمەنییەکانیان بوون، نووسراوە کوردییەکانیان دەشاردەوە و وێنەکانی ستالینیان دەدڕاند، مەلا مستەفا بارزانی ١٦ی کانوونی یەکەم  چووە ماڵی قازی محەمەد و داوای لێکرد پێکەوە مهاباد جێ بهێڵن، بەڵام قازی وتبووی هەرگیز شار جێ ناهێڵێت. 

قازی چەند جارێک قسەی بۆ خەڵک کرد و دۆخەکەی بۆ شرۆڤە کردن و هەموو جارێکیش جەختی لەوە کردەوە کە " من دەزانم و دەڵێم ئێرەش وەک تەورێزی بەسەر دێت و تووشی نەهامەتی و کوشت و کوشتار و تاڵان دەبێت. لەوانەیە من بگرن و ئێعدامم بکەن، بەڵام بۆ ئەوەی شەرەف و کەرامەتی خەڵک پارێزراو بێت من شار چۆڵ ناکەم و خۆم فیدای خەڵکەکەم دەکەم".
 
ڕۆژی ١٧ی کانوونی یەکەم سوپای ئێران لە ڕێی بۆکانەوە گەیشتە مهاباد، قازی محەمەد و حاجی بابە شێخ و وەزیر جەنگ و بەشێکی بەرپرسانی کۆمار چوونە پێشوازیان، بەمجۆرە سوپای ئێران  دوای یازدە مانگ لە دامەزراندنی کۆمار، مەهابادی داگیر کردەوە و کۆتایی بە کۆماری کوردستان هێنا، قازی محەمەد و هەندێک لە بەرپرسانی کۆمار دەستگیرکران، سەدری قازی کە ئەوکات لە تاران بوو هەر لەوێ دەستبەسەر کرا و هێنرایەوە بۆ مهاباد.

ڕۆژێک بەرپرسێکی پلەبەرزی ئەمریکا لەگەڵ ئەفسەرێکی سوپای ئێران لە زیندان سەردانی قازی محەمەد دەکەن، بەرپرسە ئەمریکییەکە بە قازی دەڵێت ئەگەر کێشەی کورد بە پێی سیاسەتی ئەمریکا دابڕێژیتەوە و لە ناو خەڵکی کورددا بانگەشە بۆ سیاسەتی ئەمریکا بکەیت، ئەوا لە مردن ڕزگارت دەکەین، بەڵام قازی لە وەڵامدا پێی دەڵێت: " من ناتوانم خەیانەت لە میللەتەکەم بکەم، لەو ڕێگەی گرتوومەتە بەر پاشگەز نابمەوە".

دادگایی کردنی قازی محەمەد و هاوڕێیانی
لەگەڵ ڕووخانی کۆمار، قازی و هاوڕێیانی خرانە بەندیخانەوە، و رووداوی دادگایی کردنی قازییەکان بووە یەکێک لە ڕووداوە گرنگەکانی دادگا نوێیەکانی ئێران، دادگای سەرەتایی بە سەرۆکایەتی سەرهەنگ پارس‌تەبار و بە بەشداری سەرهەنگ فیووزی بەڕێوەچوو، کۆمەڵێک تاوان درابووە پاڵ قازی محەمەد لەوانە: دامەزراندنی کۆماری کوردستان و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان، لەبەرکردنی بەرگی ژەنەڕاڵی، گۆڕینی ئاڵای ئێران و سڕینەوەی شێر و خۆرەکەی ناو ئاڵاکە، کوشتنی ئەفسەر و سەربازانی سوپا، کۆبوونەوە لەگەڵ بێگانە، سەردانکردنی باکۆ، بەڵێنی پێدانی نەوت بە وڵاتانی دیکە، بەڵگەکانی دادگاش تەنیا بریتیبوون لە هەندێک هەواڵ و راپۆرتی ناو ڕۆژنامەکان.

قازی محەمەد هەر لە سەرەتاوە شەرعییەتی دادگای خستبووە ژێر پرسیارەوە و وتبووی دادگایەکی سەربازی بۆی نییە ئەوان دادگایی بکات، بەڵام هیچ گرنگیان بە رەخنەکانی قازی محەمەد نەدا، چونکە بەپێی هەندێک سەرچاوە بڕیاری پێشوەختە هەبوو بۆ سەپاندنی سزای سی پێشوەختە هەبوو بۆ سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر قازییەکاندا، تەنانەت رێگەیان نەدا قازی محەمەد و هاوڕێکانی پارێزەریان هەبێت،  لە ٢٠ی کانوونی دووەمی ١٩٤٧دا دادگا سزای سێدارەی بە سەر قازییەکاندا سەپاند.

رۆژی ٢٨ی مارس دادگای پێداچوونەوە بە سەرۆکایەتی سەرهەنگ عەتایی و بە بەشداری سەرهەنگ نکوزاد و سەروان سۆڵحجوو و سەروان نەبەوی بەڕێوەچوو و  هەمان تاوانەکانی پێشوو خرایەوە پاڵیان.

بە پێی ڕاپۆرتێکی کەیومەرس ساڵح، پەیامنێری گۆڤاری مانگانەی ئەرتەش کە خۆی لە دانیشتنەکانی دادگادا ئامادە بوو و دواتر وەک راپۆرتێک ڕەوتی دادگایی کردنەکەی بڵاو کردووەتەوە؛ قازی محەمەد لە بەرانبەر سەرجەم ئەو تاوانانەی درابوونە پاڵی، چەندین کاتژمێر زۆر بوێرانە بەرگری لە خۆی و هاوڕێیانی کرد و وتبووی: " گیانی من، وڵاتی من و نەتەوەی من کوردە، چۆنتان پێخۆشە لەگەڵم ڕەفتار بکەن، بەڵام میللەتەکەم ئازار مەدەن"،  لە بەرگریکردنەکەیدا هەوڵێکی زۆری دابوو کە خۆی هەموو تاوانەکە لە ئەستۆ بگرێت و هاوڕێکانی رزگار بکات.

چیرۆکی ئەفسانەیی دادگایی کردنی قازی محەمەد هەرچەند کورت بوو، بەڵام لە مێژوودا کەم وێنە بوو، ناوەڕۆکی دادگاییکردنەکە لە ئەرشیفی سوپای ئێراندا بە شاراوەیی مایەوە، تەنیا هەندێک زانیاری سنووردار و سانسۆرکراو بڵاو دەکرایەوە، سەرچاوەیەکی دزەکردنی دەنگوباسی دادگاکە سەروان شەریفی بوو کە خۆی لە دانیشتنەکانی دادگادا ئامادە بوو.

  ڕۆژێک ئەم ئەفسەرە دەچێتە ماڵی قازییەکان و بە دڵتەنگییەوە باسی قازی دەکات و دەڵێت: " بەڕاستی حەیف بۆ ئەم پیاوە، حەیف بۆ ئەم کەسایەتییە گەورەیە، دوێنێ لە دادگا بە بێ هیچ نووسراوەیەک چوار سەعاتی ڕەبەق بەرگری لە خۆی کرد و ئەندامانی دادگای تووشی سەرسووڕمان کرد، ئەو زیاتر لە ئەندامانی دادگا شارەزای یاساکانی ئێرانی بوو و سەبارەت بە دۆخی سیاسی ناوخۆ و دەرەوەی ئێرانیش لە هەمووان شارەزاتر بوو، لە ڕاستیدا قازی محەمەد دادگاکەی دادگایی کرد".

نەجەفقولی پوسیان، مێژوونووسی ئێرانی بە پشتبەستن بە بەڵگەنامەکانی ئەرشیفی ڕووسیا نووسیویەتی: " قازی محەمەد لەکاتی بەرگریکردن لە خۆی و هاوڕێکانیدا بە توندی ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی حکومەتی تاران گرت و وتی تاوانباری سەرەکی کاربەدەستانی ڕژێمن نەک ئێمە، ئەوە ئێوەن کە وڵاتی ئێمەتان داگیر کردووە، لە بری ئەوەی ئێوە دادگایی بکرێن، کەچی هاتوون لە ماڵی خۆماندا دادگاییمان دەکەن، سەرپاکی ئەم ڕووداوانە دەرەنجامی زوڵمی کاربەدەستانی داگیرکەری حکومەتە، ئەگەر ئێوە میللەتی کورد بە خائین دەزانن، ئەوا وازبێنن لە کوردستان، ئەگەر پێشتان وایە کورد وڵاتپارێزن، لێیانگەرێن با خۆیان کاروباری خۆیان بەڕێوە ببەن".

بەپێی زۆربەی سەرچاوەکان قازی محەمەد لە ڕەوتی دادگایی کردنەکەیدا، بە بوێری و ئازایەتییەوە بەرگری لە خۆی کردووە، ئەمەش بەرپرسانی ئێرانی نیگەران کردبوو، لە ئەنجامدا دادگای سەربازی لە ٣٠ی مارسی ١٩٤٧دا  سزای لەسێدارەدانی بەسەریاندا سەپاند و بەرپرسانی سوپا چەند کاتژمێرێک دواتر بڕیارەکەیان جێبەجێ کرد.

قازییەکان لە زینداندا چاوەڕێی بڕیاری دادگا بوون و ئاگادارنەبوون شەوی ٣٠ لەسەر ٣١ی مارس کۆتا شەوی ژیانیان دەبێت و کاتێک خەڵکی شار دەخەون لە مەیدانی چوارچرا هەر ئەو شوێنەی کە کۆماری تێدا راگەیەنرا لەسێدارە دەدرێن. هێشتا مەرکەبی بڕیارەکە وشک نەببووەوە کە  کەسێک خۆی بە ژووری زینداندا کرد و وتی خۆتان ئامادە کەن بڕیارە بتانبەن بۆ تاران، ئەمەش هەواڵێکی دڵخۆشکەر بوو، یەکتریان لە ئامێز گرت و بارانی ماچیان بە سەر یەکدا باراند.

 قازی محەمەد خۆی ئامادە کرد، سواری ئۆتۆمبیلێکی ئەمریکی پڕ لە چەک و تەقەمەنی بوو، بەڵام لەجیاتی ئەوەی ئۆتۆمبێلەکە بەرەو تاران بکەوێتەڕێ، بەرەو مەیدانی چوارچرا رۆیشت، لەوێ بەڵام قازییان دابەزاند و بردیانە ژوورێکەوە. لەو کاتەدابوو کە قازی محەمەد تێگەیشت درۆیان لەگەڵ کردوون.

مەلا سدیق ناوێک لە پشت مێزێک دانیشتبوو و قورئانێکی لەبەردەستدا بوو، بەرپرسی تەندروستی واتا سەرهەنگ نکوزاد بریاری دادگای خوێندەوە و وتی هەر ئێستا بڕیارەکە جێبەجێ دەکرێت، هەر داواکاری و وەسیەتێکت هەیە بیڵێ، قازی وەسیەتی کرد و مەلا سەدیق دەینووسیەوە، هەندێک لە سامانەکەی بۆ دروستکردنی کتێبخانە، نەخۆشخانە و مزگەوت تەرخان کرد، ئامۆژگاری کوردانی کرد بۆ ژیانی بێ‌بایەخی ئەم دونیایە خۆیان بە دوژمن مەفرۆشن... وتی لەگەڵ نەتەوەکەم پەیمانم بەستووە لە ناویاندا بژیم و لە پێناویاندا بمرم، هەرگیز ئامادە نیم ئەم پەیمانە بشکێنم...

ئەگەر لە ڕێی ئازادیی میللەتەکەمدا بکوژرێم... ئەوا شانازی بە وەها مەرگێکەوە دەکەم... من لە مێژە خۆم بۆ ئەم رۆژە ئامادە کردووە...

لە بەشێکی دیکەی وەسیەتنامەکەیدا وتی: سەرەڕای ئەو هێز و دەرفەتەی لە بەردەستم بوو، شەڕ و کوشتارم بە باش نەزانی، ئامانجی من ئەوە بوو کە مهاباد وێران نەکرێت و میللەتەکەم تووشی نەهامەتی نەبێت، هەر بۆیە وام بە باش زانی شەڕ نەکەین و باشتر ئەوە بوو کە شار چۆڵ نەکەم و لەجیاتی ئەوەی خەڵک سزا بدرێن من هەمووی لە ئەستۆ دەگرم و خۆم فیدای میللەتەکەم دەکەم...

دوای تەواوبوونی وەسیەتەکەی داوای کرد بهێڵن نوێژ بکات،  دوو سەعات خەریکی دۆعا و نزا بوو. حاکمی سەربازی پەلەی بوو زووتر سزاکە جێبەجێ بکرێت، کاتژمێر ٣ی نیوەشەو بوو لە دەرگای پشتەوە بردیانە دەرەوە، کاتێک چاوی بە سێدارە کەوت وتی: " سێدارە لە ئیسلامدا مەکروهە، باشتر وایە تیربارانم بکەن''، بەڵام داواکارییەکەیان قبوڵ نەکرد.


بەمجۆرە لە کاتژمێر ٣ی نیوەشەوی ٣١ی مارسی ١٩٤٧ لەسێدارەدرا، کاتژمێرێک دواتر سەیفی قازیش هەر بەم شێوەیە لە سێدارە دا، دەڵێن کاتێک سەیفی قازی جەنازەی قازی محەمەدی بە سەر پەتی سێدارەوە بینی، هێرشی کردە سەر جەلادەکان و هاواری دەکرد: " بژی پێشەوا، بژی سەربەخۆیی و ئازادی گەلی کورد و کوردستان"، لە دوای سەیفی قازی، سەدری قازیش هەر بەم شێوەیە لەسێدارە درا.
 
بەیانی لەگەڵ خۆرهەڵاتن خەڵکی شار لە مەیدانی چوارچرا جەنازەی قازییەکان بە پەتی سێدارەوە بینی ، خەم و پەژارە شاری داپۆشی، مامۆستا هێمنی شاعیر بەمجۆرە رووداوەکە دەگێڕێتەوە: " ئەو ڕووداوە تاڵ و خەمناکە، دڵی هەموو کوردێکی بە شەرەفی هێنایە ژان، بە تایبەتیش دڵی من، ژان و ئازارێک کە قەت خۆش نەبووەوە و تا مردن ئەم ئازارەم هەر لەگەڵە".

دکتۆر قاسملوو سەبارەت بە کەسایەتی قازی محەمەد دەڵێت: " قازی محەمەد گوڵێک بوو لە بیاباندا ڕووابوو، لە میللەتەکەی دوور نەکەوتەوە، بە قوڵی درکی بە ئازار و مەینەتی و کوێرەوەری و هیوا و ئاواتەکانی گەلەکەی کردبوو، لە دەربڕین و بەرجەستەکردنی ئەو ئازار و هیوا و ئاواتانەدا لە هەموو کەس سەرکەوتووتر بوو. بێ هۆ نەبوو کە لای خەڵکی کورد ئەوەندە جێی ڕێز و خۆشەویست بوو کە بۆ یەکەمجار لە مێژووی گەلی کورددا نازناوی "پێشەوا"یان بە قازی محەمەد بەخشیبوو".