ڕاپۆرتی کوردستانی

12:04 - 21/01/2021

ئەمریکییەکان دوای ٢٥ رۆژ زانیان کۆماری کوردستان راگەیەنراوە‌

پەیسەر

ساڵی ١٩٤١ بەدواوە کە ئێران پشێوی تێکەوت و سۆڤێت و بەریتانیا بڕیاریاندا لە خواروو و لە ژوور داگیری بکەن، ئەمریکییەکان تەنیا چاودێری بارودۆخەکەیان دەکرد.
بۆ کۆکردنەوەی زانیاری، سیخوڕ و دیپلۆماتەکانی ئەمریکا بە هەموو وڵاتی ئێراندا بڵاوەیان کردبوو. یەکێک لەو ناوچانەی کە جێی بایەخی ئەمریکییەکان بووە، رۆژهەڵاتی کوردستان بووە.

شانۆگەرییەک هەراسانی کردوون
لەو کاتەی دەستی سوپا و دەزگا ئیسختباراتییەکانی ئێران بەسەر رۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەت ناوچەی موکریان و دەوروبەریدا کز و لاواز دەبێ، چالاکییە سیاسی و رۆشنبیرییەکان لەو ناوچەیەدا پەرە دەسێنن.

هاوینی ساڵی ١٩٤٥ لە شارۆچکەیەکی دەوروبەری مهاباد، لە چالاکییەکی رۆشنبیریدا، کۆمەڵێک گەنج شانۆگەرییەک پێشکەش دەکەن کە پاڵەوانی ئەو شانۆگەرییە ژنێکی بریندار و ماندووە. لە مەچەکی ژنەکە لەسەر کاغەز ناوی تورکیا و ئێران و عێراق نووسراوە.

ئەمەش وەکو هێمایەک بۆ کوردستان کە ژێر دەستەی ئەو دەوڵەتانەیە ناویان نووسراوەو ماندوویان کردووە. کۆتایی شانۆگەرییەکە بەوە دێت کە ژنەکە رادەپسکێ و ئازادی وەدەستدێنێ و دروشمی "بژی ستالین" بەرز دەکاتەوە.

سەرکونسوڵی ئەمریکا لە تەورێز دەڵێ: سێ جار هەوڵی بینینی قازیی محەمەدم داوە، هەرسێ جارەکە رەتیکردووەتەوە

کونسوڵخانەی ئەمریکا لە تەورێز، ئەم شانۆگەرییە دەکاتە راپۆرتێک و بەرزی دەکاتەوە بۆ باڵیۆزخانە لە تاران و لەوێوە بۆ وەزارەتی دەرەوە.
 
ئەمریکییەکان پێیانوایە کوردەکانی ئێران، تەواو کەوتوونەتە ژێر کاریگەری سۆڤێتەوە. بۆیە ئەمە دەبێتە مایەی نیگەرانیان. ئەوەتا ئەو کاتەی (ئارچی رۆزڤێڵت) دیپلۆماتکار و کاربەدەستی CIA دەیەوێ ئەمریکا رێگە بگرێ لە لەسێدارەدانی پێشەوا قازیی محەمەد، باڵیۆز پێیدەڵێ: بۆچی ئەوەندە پەرۆشی کوردەکانی خۆ ئەوان زۆرتر هەوادار و دۆستی سۆڤێتن؟! 

چاودێریکردنی کۆماری کوردستان
بە درێژایی ئەو سێ ساڵەی کورد و بیری کوردایەتی لە موکریان و ورمێ دەبوژێتەوە، ئەمریکییەکان بە وردی چاودێری رەوشی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن و پەیتا پەیتا لەڕێی راپۆرتەوە واشنتۆن لە بەرەوپێشچوونەکان ئاگادار دەکرێتەوە.

بەگوێرەی راپۆرتێکی کونسوڵخانەی تەورێز لە رۆژی ٨ی تشرینی دووەمی ١٩٤٥  "کورد لەو ئاڵوگۆڕەی ئێران و ئازەربایجاندا، پێگەیەکی گرنگیان بە دەستهێناوە" راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشداوە کە سۆڤێت هانی سەرۆک عەشیرەتەکانی کوردی داوە بچنە ریزی حزبی دیموکراتی کوردستانەوە.

کونسوڵی تورکیا لە رەزاییە پێی راگەیاندم کە سێ هەفتە لەمەوبەر کۆماری مهاباد راگەیەنراوە

ورمێ لە بری مهاباد
لە راپۆرتێکی تری هەمان کونسوڵخانەدا لە مانگی شوباتی ١٩٤٦ ئاماژە بە ململانێ و ناکۆکی نێوان دەسەڵاتدارانی ئازەربایجان و پێشەوا قازیی محەمە دەکات.

راپۆرتەکە دەڵێ: "لەم ساتەدا دانوستان لەنێوان (جەعفەری پیشەوەری) سەرۆکی دیموکراتی ئازەربایجان و قازیی محەمەدی رێبەری حزبی دیموکراتی کوردستاندا بەردەوامە دەربارەی دەستنیشانکردنی سنووری حوکمڕانی. ئەو بەرنامانەی بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی کوردی لە ئارادابوون. بە پەلە هەڵپەسێردران".

ئەمریکییەکان دەڵێن: کورد لە پراکتیکدا دەسەڵاتیان بەسەر گشت ئەو ناوچە سنوورییانەدا هەیە کە بانگەشەی حوکمداری لێدەکەن.  کوردەکان هەروەها دەیانەوێ ( ورمێ -رەزاییە) بکەنە پایتەختی حکومەتەکەیان لە بری مهاباد. بەڵام تائێستا بەرەوپێشچوونێکی ئەوتۆ نەهاتووەتە ئاراوە.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە کە " ئێستا کوردەکان ئاڵایەکیان بۆ خۆیان دەستنیشانکردووە کە هاوشێوەی ئاڵای ئێرانە بەڵام بە هەڵگەڕاوەیی. هەنگاویشیان ناوە بەرەو دروستکردنی سوپایەکی خۆبەخش. زانیاری تەواو لەبەردەستدا نییە، بەڵام سەرجەم هەواڵدەرەکان هاوڕان کە کوردەکان لە ئازەربایجانییەکان پڕ چەکترن".

پێشەوا دیداری ئەمریکییەکان رەت دەکاتەوە
سەرکونسوڵی ئەمریکا لە تەورێز بەناوی رۆسۆ ئاماژە بەوە دەکات، تا مانگی شوباتی ١٩٤٦ سێ جار هەوڵی بینینی پیشەوا قازیی محەمەدی داوە، بەڵام پێشەوا هەرسێ جارەکە دیداری لەگەڵ ئەمریکییەکان رەتکردووەتەوە.

رۆسۆ دەشڵێ: هەوڵ دەدەم لە مانگی ئازاردا کە رێگا دەکرێتەوە، سەردانی مهاباد بکەم تا لە نزیکەوە کوردەکان بناسم. ئەمە بەومەرجەی ئەگەر روسەکان رازی بن.

تورکەکان ئەمریکییەکان ئاگادار دەکەنەوە
سەرباری ئەو هەموو چاودێرییە و راپۆرتنووسینە سەبارەت بە جموجوڵی سیاسی و سەربازیی کورد، کە چی ئەمریکییەکان ئاگایان لەو رۆژ  ورووداوە نەبووە کە کۆماری کوردستانی تێدا ئیعلانکراوە.

رۆژی ٢٢/١/١٩٤٦ لە ئاهەنگێکی پیشتر ئامادەکراودا، بە بەشداری هەزاران کەس لە مهاباد و دەوروبەری و چەندین کوردی پارچەکانی تر، کۆماری کوردستان بە سەرۆکایەتی پێشەوا قازیی محەمەد راگەیەنرا.

بەگوێری راپۆرتێکی کونسوڵخانەی ئەمریکا لە تەورێز لە شەوی ٢٤/٢/١٩٤٦ کە بۆ وەزارەتی دەرەوەی ناردووە، رایدەگەیەنن ئەو شەوە زانیویانە کە کۆماری کوردستان راگەیەنراوە.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە: کونسوڵی تورکیا لە رەزاییە پێی راگەیاندم کە سێ هەفتە لەمەوبەر کۆماری مهاباد راگەیەنراوە. ئەم هەواڵە لە تەورێز  بڵاونەکراوەتەوە بێجگە لە هەندێ واتەواتی گوماناوی. ئەمە یەکەمین هەواڵە سەبارەت بەم ئاڵوگۆڕە بڵاودەبێتەوە.

بۆ ئەوانەی کە چاودێری سیاسەتەکانی ئەمریکا دەکەن، بە دڵنیاییەوە پێیان سەیر دەبێ، چۆن وڵاتێکی گەورەو بەهێزی وەکو ئەمریکا، بەو سەدان سیخوڕ و دیپلۆماتەی لە ناوچەکەدا بڵاوەی پێکردبوو، کەچی نزیکەی مانگێک دواتر بە رووداوێکی وا گەورەو گرنگ دەزانێ!

ئەمەش نیشانی دەدا کە ئەمریکییەکان لەو ساڵانەدا، رۆڵ و ئامادەییەکی ئەوتۆیان نەبووە بە تایبەت لە رۆژهەڵاتی کوردستان. بۆیە تائێستاش کە ٧٤ ساڵ بەسەر دامەزراندنی کۆماردا تێدەپەڕێ، پرسی کورد لە ئێران وەکو پرسێکی ناوخۆیی دەبینێ و بایەخێکی ئەوتۆی پێنادات.
 
ئەو بەڵگانەی لەم راپۆرتەدا ئاماژەیان پێکراوە، سەرجەمیان لە کتێبی (کۆماری کوردستان و فیرقەی دیموکرات لە دۆکیۆمێنتەکانی ئەمریکادا) وەرگیراوە کە لە ئامادەکردنی کاوە بەیات و وەرگێڕانی لە فارسییەوە د. کارزان محەمەدە.