ڕاپۆرتی کوردستانی

12:09 - 21/01/2021

کۆماری کوردستان لەنێو بەرداشی سۆڤییەت و بریتانیادا‌

پەیسەر

کورد نزیکەی سەدەیەکە بە دوای دوو شت دا دەگەڕێت: یەکەم، هەڵەیەکی ستراتیژی دەوڵەتە ناوەندییەکان  و دووەم، بۆشایی هێزی دەوڵەتی ناوەندی لە کوردستان، هەموو دەستکەوتەکانی یەک سەدەی رابردووی کورد لە کاتێکدابووە کە ئەم دوو حاڵەتە هاوکات روویدابێت، کۆماری کوردستان لە مهابادیش یەکەمین ئەزمونی کورد بووە کە بەمجۆرە لە دایک بوو.

دروستبوونی هەرێمی کوردستانیش لە ساڵی ١٩٩١دا بە هەمان شێوە بەرهەمی هەڵەی ستراتیژی سەدام لە داگیرکردنی کوەیت و بۆشایی هێزی دەوڵەتی ناوەندی عێراق بوو لە دوای هێرشی ئەمریکا و هاوپەیمانان، ئێستا رۆژئاوای کوردستانیش بە ئەزمونێکی هاوشێوەدا تێپەڕ دەبێت، کە بەرهەمی هەڵەی بەشار ئەسەد لە سەرکوتی خۆپیشاندانەکان و ملنەدان بوو بۆ ویستی خەڵک و دروستبوونی بۆشایی هێزە لە دوای سەرهەڵدانی جەنگی ناوخۆ لە سوریا.

کۆماری کوردستانیش لە ساڵی ١٩٤٦دا بەرهەمی هەڵەی ستراتیژی ئێران بوو لە جەنگی جیهانی دووەمدا کە رەزا شا لە ژێر ناوی بێ لایەنیدا ئامادە نەبوو رێگە بە بریتانیا و هاوپەیمانان بدات لە خاکی ئێرانەوە یارمەتی بگەیەننە سۆڤییەت بۆ ئەوەی ئەو وڵاتە لە جەنگی دژی ئەڵمانیا شکست نەهێنێت، هەربۆیە دوای ئەم هەڵوێستەی ئێران سۆڤییەت باکوری ئێرانی داگیرکرد و بریتانیاش باشوری ئێران و رەزا شای پەهلەوییان لە پاشایاتی خست، بەم جۆرە بۆ ماوەی چەندین ساڵ لە بەشێکی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆشاییەکی هێزی حکومەتی ناوەندی دروست ببوو کە هەلی ئەوەی بۆ کورد رەخساند کۆماری کوردستان دابمەزرێنێت.

خوێندنەوەی سەرکردەکانی کۆماری کوردستان بۆ سیاسەتی نێودەوڵەتی
بۆ تێگەیشتن لە خوێندنەوەی کۆماری کوردستان بۆ سیاسەتی نێودەوڵەتی نابێت تەنیا پشت بە تەمەنی ١١ مانگەی کۆماری کوردستان ببەستین کە بە پشتگیری سۆڤییەت دامەزرا، چونکە لەو حاڵەتەدا ئەو تێگەیشتنە دروست دەبێت کە قازی محەمەد و بەڕێوەبەرانی کۆمار تەنیا جێبەجێکاری ئاجێندای یەکێتی سۆڤییەت بوون لە ئێران، ئەوە لە کاتێکدایە ئەوەی بۆ قازی محەمەد و سەرکردەکانی کۆمار گرنگ بوو ئامانجی نەتەوەیی کورد بوو و بۆ ئەمەش ئامادەبوون یارمەتی لە هەر دەوڵەتێک وەربگرن کە یارمەتیان بدات.

بۆ خوێندنەوەی دروستی تێگەیشتی سەرکردەکانی کۆمار لە سیاسەتی نێودەوڵەتی دەبێت بگەڕێینەوە بۆ کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد کە حیزبی دیموکرات و کۆماری کوردستان لەسەر بناخەی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد دامەزران.

لە دوای دروستبوونی بۆشایی لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لە ساڵی ١٩٤٢ کۆمەڵێک لە خوێندەواران و رۆشنبیرانی ئەوکاتی کورد لە مهاباد رێکخراوێکی نهێنیان بە ناوی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد ( کۆمەڵەی ژێکاف)یان دامەزراند، کۆمەڵەی ژێکاف رێکخراوێکی سەربەخۆییخواز بوو و لە بەرنامەکەیدا ئامانجی دروستکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بوو بۆ هەر چوار بەشی کوردستان، هەر بۆیەش لە ماوەیەکی کورتدا ژمارەیەک زۆر لە پارچەکانی دیکەی کوردستانیش بوونە ئەندامی ئەو کۆمەڵەیە.

فکر و ئایدۆلۆژیای کۆمەڵەی ژێکاف سەربەخۆیی کوردستان بوو، لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا خۆیان دەستکراوە کردبوو کە یارمەتی لە هەر دەوڵەتێک وەربگرن کە یارمەتی کورد بدات، لەو کاتەدا یەکێتی سۆڤییەت و بریتانیا دوو دەوڵەتە زلهێزەکەی جیهان بوون، لە رۆژهەڵاتی کوردستان تا سەقز ناوچەی هەژمونی سۆڤییەت بوو و لە باشوریشەوە تا سەقز ناوچەی هەژمونی بریتانیا بوو.

لەو سەروبەندە سەرکردەکانی ژێکاف لە هەوڵدابوون لەگەڵ هەر دوو زلهێزەکە پەیوەندی دروست بکەن، مێژوونووس ئەیوب ئەیوب زادە لە کتێبی " لە ژێکافەوە بۆ کۆمار" لە سەر زاری قادری مودەریسی لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی ژێکافەوە نووسیوویەتی: " لە هەلومەرجی ئەو سەردەمەدا رووس و ئینگیلز وەک دوو بەرداش وابوون و کوردیش وەک گەنم لەنێوانیاندا، جا بۆیە ئەگەر ئێمە تاریفی یەکێکیانمان بکردایە، ئەبوو لە ژمارەی داهاتووی گۆڤاری نیشتمان بۆ ئەوەیترمان قەرەبوو بکردایەتەووە، بۆ ئەوەی ئەو دوو دەوڵەتە گەورەیە هیچیان وا نەزانن کە ئێمە سەر بە یەکێک لەوان و دوژمنی ئەویتریانین".

گۆڤاری نیشتمانی زمانحاڵی ژێکاف لە ژمارەیەکدا وەسفی بریتانیای کردووە و لە ژمارەکەی دیکەیدا وەسفی یەکێتی سۆڤییەت، بۆ نمونە لە وتارێکیدا بە ناوی " جوانمێری و مەردومدۆستی بریتانیای گەورە"دا بریتانیای بە ئاڵاهەڵگری بیری ئازادی جیهانی وەسف کردووە کە سەبارەت بە کوردیش ئەرکی خزمایەتی خۆی بە جێ گەیاندووە و داوای  کردووە رادیۆی لەندەن رۆژانە کاتژمێرێک بۆ زمانی کوردی تەرخان بکات.

ئەوە لە کاتێکدایە لە چەندین ژمارەی دیکەدا وتاری لە وەسفی شۆڕشی ئۆکتۆبەری روسیا و لینیندا بڵاوکردوەتەوە، یان بە راگەیەنراو داوای لە حکومەتی تاران کردووە ئیمتیازی نەوتی باکور بداتە یەکێتی سۆڤییەت، لەو سەردەمەدا کە بریتانیا و سۆڤییەت لە ناوچەکانی ژۆژهەڵاتی کوردستان ئامادەبوون و چاودێری جموجۆڵەکانی کوردستانیان دەکرد، کۆمەڵەی ژێکاف هیوای لەسەر ئەوە هەڵچنیبوو بەم پێداهەڵگوتنانە سەرنجی ئەو دوو زلهێزە بۆ لای پرسی کورد رابکێشێت.

بریتانیا لەو سەردەمەدا سیاسەتی ئەوە بوو پشتگیری لە محەمەد رەزا شای گەنج بکات، چونکە پێچەوانەی باوکی بە تەواوی گوێڕایەڵی بریتانیا بوو، هەربۆیە کورد و کۆمەڵەی ژێکاف نەیانتوانی سەرنجی بریتانیا بۆ لای خۆیان رابکێشن، بەڵام یەکێتی سۆڤییەت کە نیازی ئەوەی هەبوو ئیمتیازی نەوتی باکور لە ئێران وەربگرێت، بۆ دروستکردی فشار لە سەر تاران پشتگیری کورد و تورکە ئازەرییەکانی کرد، پەیوەندییان لەگەڵ سەرۆک عەشیرەتە کوردییەکان و کەسایەتییە ناسراوەکانی کورد دروست کرد.

یەکێتی سۆڤییەت زۆر حەزی لە بیروباوەڕی سەربەخۆییخوازانەی کۆمەڵەی ژێکاف نەبوو، بەڵکو سیاسەتی یەکێتی سۆڤییەت ئەوەبوو کورد وەک کارتێک لە دژی تاران بەکاربهێنێت، هەربۆیە داوای لە قازی محەمەد و بەرپرسانی کورد کرد کە سیاسەتی خۆیان بگۆڕن و لە چوارچێوەی ئێراندا داوای مافەکانی خۆیان بکەن، ئەمەش بووە هۆی هەڵوەشانەوەی کۆمەڵەی ژێکاف و دامەزرانی حیزبی دیموکراتی کوردستان.

ئامانجی قازی محەمەد لە هەڵوەشانەوەی کۆمەڵەی ژێکاف و دامەزراندنی حیزبی دیموکرات، خۆ هەماهەنگ کردن بوو لەگەڵ سیاسەتی یەکێتی سۆڤییەت، چونکە لەو کاتە لە پشتگیریکردنی بریتانیا بێ هیواببوون و لەلایەکی دیکەشەوە ئەیانزانی کە بەبێ پشتگیرییەکی نێودەوڵەتی بەهێز ناتوانن بەردەوام بن هەربۆیە ناچاربوون پەنا ببەنە بەر یەکێتی سۆڤییەت.

هەر چەندە قەوامولسەلتەنە سەرۆکوەزیرانی ئێران لە دانیشتنێکدا لەگەڵ ستالین توانی بەڵێنی پێدانی ئیمتیازی نەوتی باکور رازی بکات کە واز لە پشتگیریکردنی کورد بهێنێت،  ئەم پشت تێکردنەی سۆڤییەتیش بووە هۆی روخانی کۆماری کوردستان، بەڵام ئەمە ئەو واتایەی ناگەیەنێت کە بەڕێوەبەرانی کۆمار خوێندنەوەی هەڵەیان هەبووە بۆ سیاسەتی نێودەوڵەتی، چونکە وەک ئاماژەی پێکرا هەر لە سەرەتاوە ئەو تێگەیشتنەیان هەبووە کە هەموو هێلکەکانی خۆیان نەخەنە سەبەدی زلهێزێکەوە، بەڵکو هەوڵی راکێشانی سەرنجی هەر دوو زلهێزەکەیان هەبووە، بەڵام ئەوەی لەم نێوانەدا کێشە بووە و تا ئێستاش کورد هەمان کێشەی هەیە ئەوەیە کە کورد ناتوانێت بە ئەندازەی حکومەتە ناوەندییەکان بەرژەوەندی زلهێزەکان دابین بکات، هەربۆیە بریتانیا یان سۆڤییەت کاتێک کە تاران بەرژەوەندی ئەوانی دابینکرد ئاساییە کە روو لە کورد نەکەن.