ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

11:55 - 22/01/2021

پێنج قەیرانە ئاڵۆزەکەی نێوان ئەمریکا و تورکیا لە سەردەمی بایدندا‌

پەیسەر

لەگەڵ دەستبەکاربوونی جۆ بایدن وەک سەرۆکی ئەمریکا، قۆناغێکی نوی لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیا دەستپێدەکات. تورکیا کە بەهۆی دۆسیەی قەشە پاستۆر برۆنسون و کڕینی سیستمی بەرگری ئێس ٤٠٠ی روسی رووبەڕووی سزای توند بووەوە، خوازیارە لە سەردەمی ئیدارەی نوێی ئەمریکادا پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتندا ئاسایی بکاتەوە.

داهاتووی پەیوەدنییەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیا لەسەر پێنج بابەتی سەرەکی بەندە، ئەم پێنج بابەتە بڕیار لەسەر ئاڕاستە، جێگیری و ناجێگیری پەیوەندییەکانی واشنتن و ئەنقەرە دەدەن.

بە لای ئەمریکییەکانەوە گەورەترین کێشەیان لەگەڵ تورکیا کڕینی ئێس ٤٠٠ی روسییە کە رکابەری گەورەیانە، بەلای تورکەکانیشەوە گەورەترین کێشە هاوکاریکردنی رۆژئاوای کوردستانە کە تورکیا بە دوژمنی خۆی دەزانێت. واتە هەردوولا پێیان وایە بەرامبەرەکەیان هاوپەیمانی لەگەڵ دوژمنەکانیاندا بەستووە.

چوار ساڵی داهاتووی ئیدارەی جۆ بایدن لەبەردەم پێنج بابەتی پر لە کێشەدایە لەگەڵ تورکیا.

یەکەم؛ کێشەی دیموکراسی و بینینی ئەردۆغان لەلایەن بایدنەوە بە تاکڕەو
جۆ بایدن ماوەی هەشت ساڵ جێگری باراک ئۆباما بووە، لە نزیکەوە ئاگاداری کێشەکانی وڵاتەکەیەتی لەگەڵ تورکیا، ساڵی ٢٠١٦ بایدن سەردانی ئەنقەرەی کرد و لەگەڵ رۆژنامەنووسان، کەسانی ئەکادیمی و چالاکوانانی کۆمەڵگای مەدەنیدا کۆبووەوە و لەبارەی ئازادی بیروڕا و مافەکانی مرۆڤ پەیامی روونی ئاڕاستەی بەرپرسانی تورکیا کرد.

مانگی کانونی دووەمی ٢٠٢٠ جۆ بایدن لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئەردۆغانی بە "تاکڕەو" تۆمەتبار کرد و وتی، بۆ ئەوەی بە ڕێگا دیموکراسییەکان ئەردۆغان دووربخرێتەوە، هاوکاری لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن دەکات. دوای ئەم لێدوانە ئەردۆغان و بەرپرسانی تورکیا رەخنەی توندیان لە بایدن گرت و بە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتەکەیان تۆمەتباریان کرد.

ئیدارەی نوێی ئەمریکا جیاواز لە ترەمپ سەیری بابەتی دیموکراسی دەکات و وەک کێشەیەکی گەردوونی لێی دەڕوانێت. ئەم ئیدارەیە پێی وایە بوونی سەرۆکە تاکڕەوەکان زیان لەم دیموکراسییە گەردوونییە دەدەن، بۆیە هەر نزیکبوونەوەیەکی ئەردۆغان لە تاکڕەوی رووبەڕووی کێشەی دەکاتەوە لەگەڵ بایدن.

دووەم؛ قەیرانی ئێس ٤٠٠
یەکێک لە قەیران و کێشە گەورەکانی نێوان ئیدارەی ترەمپ و تورکیا کڕینی سیستمی بەرگری ئێس ٤٠٠ی روسی بوو لەلایەن ئەنقەرەوە، چاوەڕوانیش دەکرێت ئەم قەیرانە لەسەردەمی ئیدارەکەی بایدندا بەردەوامی هەبێت و تەنانەت گەورەتریش بێت.

ئەنتۆنی بلینکن کاندیدی جۆ بایدن ٤٦مین سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پەیامێکی توندی ئاڕاستەی تورکیا کرد، هۆشداریشی داوە لە نزیکبوونەوەی زیاتری ئەنقەرە لە مۆسکۆ.

بلینکن لە دانیشتنی لیژنەی پەیوەندییە دەرەکییەکانی کۆنگرێسدا قسەی کرد و وتی، "هاوئاڕاستەیی و نزیکی هاوپەیمانێکی ستراتیژی، واتە بە ناو هاوپەیمانی ستراتیژیمان لەگەڵ روسیا کە یەکێکە لە رکابەرە ستراتیژییە گەورەکانمان، مایەی قبوڵکردن نییە."

بەکارهێنانی "هاوپەیمانی بە ناو ستراتیژی" بۆ تورکیا پەیامێکی روون و ئاشکرای ئیدارەی نوێی ئەمریکایە بۆ تورکیا کە هەمان هەڵوێستی ئیدارەی پێشووییان هەیە دژی نزیکبوونەوەی ئەنقەرە لە مۆسکۆ، بەتایبەت ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە کڕینی سیستمی بەرگری ئێس ٤٠٠وە هەیە.

بلینکن لە بەردەوامی قسەکانیدا ئاماژە بە سزاکانی ئیدارەی پێشووی ئەمریکا دەکات و دەڵێت، "تەماشای کاریگەریی سزاکانی ئێستا بۆ سەر تورکیا دەکەین، دواتریش بەپێی ئەوە بڕیار دەدەین ئایا پێویستە سزاکان زیاد بکەین یان نا."

پەیامەکەی بلینکن کە بۆ دەستبەکاربوون وەک وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پێویستی بە دەنگدانی کۆنگرێس هەیە، جدییەتی ئەمریکا بۆ دژایەتی نزیکبوونەوەی تورکیا لە روسیا دەردەخات کە مایەی چاوپۆشیلێکردن نییە.

بلینکن دەربارەی رەفتاری تورکیا بە روون و ئاشکرایی قسەی کرد و هۆشداری بە تورکیا دا، "تورکیا لە زۆر ڕووەوە وەک ئەوەی پێویستە لەسەری، وەک هاوپەیمان رەفتار ناکات، ئەمەش بۆ ئێمە کێشەیەکی جددی، زۆر جدییە، لەم رووەوە چاو کراوەین."

سەرەڕای هەموو سزاکانی ئەمریکا، هەفتەی رانردوو ئەردۆغان وتی، بۆ دووەم بەتاری ئێس ٤٠٠، گفتوگۆکانیان لەگەڵ روسەکاندا بەردەوامیی هەیە، ئەمەش وەها دەکات ئیدارەی نوێی ئەمریکاش توندتر ببێتەوە و ئەگەری سەپاندنی سزای زیاتریش بەسەر تورکیا بەرزتر بکاتەوە، بەم جۆرەش یەکێک لە کێشە ئاڵۆزەکانی چوار ساڵی رابردووی نێوان هەردوو وڵات، بۆ ئیدارەی نوێی ئەمریکا دەگوازرێتەوە.

سێیەم؛ هاوکاری ئەمریکا بۆ رۆژئاوای کوردستان
یەکێک لە گلەیی و ناڕەزایەتییەکانی تورکیا لە ئەمریکا، هاوکاریکردنی شەڕڤانانی رۆژئاوای کوردستانە، کە ئەنقەرە بە هەڕەشەی دەزانێت بۆ سەر ئاسایشە نەتەوەییەکەی، بۆیە لە چەند ساڵی رابردوودا یەکێک لە کێشە گەورەکانی نێوان هەردوو وڵات، بابەتی رۆژئاوای کوردستان بووە.

خولوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانیدا باس لەوە دەکات، یەکێک لە کێشە گرنگەکانیان لەگەڵ ئەمریکییەکان بابەتی یەپەگەیە و تاکو ئەم کێشەیەش چارەسەر نەکرێت، ئاڵۆزییەکانی نێوانیان بەردەوام دەبێت.

مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیاش لەم بارەیەوە وتویەتی، سیاسەتی هاوکاریکردنی یەپەگە لە ئیدارەکەی ئۆبامادا سەریهەڵدا کە بایدن تێیدا بەشدار بوو، چاوەڕوانی وڵاتەکەشی لە ئیدارەی نوێی بایدن ئەوەیە کە واشنتن لەم هەڵەیە بگەڕێتەوە و راستی بکاتەوە.

مانەوەی داعش و گروپە توندڕەوەکان لە سوریا، وای لە ئەمریکا کردووە کە هاوکاریکردنی رۆژئاوای کوردستان بە پێویست بزانێت تاکو ئەم گروپانە بە بەهێزی نەگەڕێنەوە، بۆیە چاوەڕوان ناکرێت ئیدارەی نوێی ئەمریکا دەست لە هاوکاریکردنی رۆژئاوا هەڵبگرێت، تەنانەت لە چەند مانگی رابردوودا زۆرترین بڕی هاوکاری ئەمریکا بە شەڕڤانان گەیشتووە.

لۆید ئۆستن وەزیری نوێی بەرگری ئەمریکا لە ئیدارەکەی باراک ئۆبامادا فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا بووە و بە یەکێک لە داڕێژەرانی سیاسەتی هاوکاریکردنی یەپەگە دادەنرێت.

یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان وەها دەکەن ئیدارەی نوێی ئەمریکا بەردەوامبێت لە هاوکاریکردنی رۆژئاوای کوردستان، بوونی برێت مەکگۆرگە لە ئیدارە نوێیەکەدا کە بە دژایەتی تورکیا بەناوبانگە.

چوارەم؛ لیبیا، رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و کاراباغ
چەند کێشەیەکی دیکە لە ئیدارەکەی ترەمپەوە بۆ ئیدارەکەی بایدن دەگوازرێنەوە، کە بەشێک لەو کێشانە پەیوەندییان بە چەند وڵاتێکی دیکەی جیهانەوە هەیە و کێشەی هەرێمیی و نێودەوڵەتین.

لەگەڵ ئەوەی چاوشئۆغڵو ئامادەیی تورکیای بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەرێمییەکان راگەیاندووە، بەڵام ئاڵۆزی کێشەکان لەوە زیاترن بە ئاسانی چارەسەر بکرێن.


قەیرانی لیبیا و دەستوەردانەکانی تورکیا لە ناکۆکییەکانی ئەو وڵاتە، فراوانخوازییەکانی ئەنقەرە لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، پەیوەندییەکانی ئەمریکا و تورکیای ئاڵۆزتر کرد، بەتایبەت دوای پشتیوانی ئەمریکا لە یۆنان لە کێشە و ناکۆکییەکانی لەگەڵ یۆنان.

هاوکارییە سەربازییەکانی تورکیا بۆ ئازەربایجان لە شەڕی کاراباغدا، بووە مایەی رەخنە و ناڕەزایەتی ئەمریکا، نزیکبوونەوەی ئەنقەرەش لە مۆسکۆ لە بابەتە هەرێمییەکاندا، هێندەی دیکە واشنتنی لە ئەنقەرە نیگەران کردووە.

پێنجەم؛ دۆسیەی گویلەن
تورکیا ماوەی چەند ساڵێکە داوای رادەستکردنەوەی فەتحوڵا گویلەن دەکات کە بە پلاندانەری کودەتا شکستخواردووەکەی ١٥ی تەموزی ٢٠١٦ تۆمەتباری دەکات، بەڵام نە ئیدارەی پێشووی ئەمریکا ئامادە بووە رادەستی بکات و نە ئیدارەی نوێش رادەستی دەکاتەوە.

ئەمریکا کە بەردەوام لەبارەی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤەوە رەخنە لە تورکیا دەگرێت ئامادەی رادەستکردنی گویلەن نییە، هەر بۆیە ئیدارەی ئۆباما و ترەمپ رادەستیان نەکرد و چاوەڕوانیش ناکرێت بایدن رادەستی بکاتەوە.