ڕاپۆرتی کوردستانی

11:54 - 23/01/2021

کامپی هۆل لە رۆژئاوای کوردستان؛ ١٢ کوژراو لە ١٦ رۆژدا‌

پەیسەر

کامپە گەورەکەی رۆژئاوای کوردستان ساڵی نوێی بە خوێنڕێژیی دەستپێکرد، تەنها لە ماوەی ١٦ رۆژی سەرەتای ئەمساڵدا ١٢ حاڵەتی کوشتن روویداوە و نەتەوە یەکگرتووەکانیش هۆشداری دەدات. کامپە ٦٥ هەزار کەسییەکە لە قوتابخانەی داعشەوە بووە بە قەسابخانە و یەکتر کوشتن.

ئەم رووداوانە ترسناکن
عەدنان حوزام وتەبێژی لیژنەی نێودەوڵەتی لە مانگی سوری نێودەوڵەتی لە سوریا دەڵێت، ئەم رووداوانە ترسناکن و مەترسین بۆ سەر دانیشتوانی کامپەکە. کاریگەری خراپیشیان دەبێت لەسەر گەیاندنی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان بۆ دانیشتوانی کامەپەکە.

حوزام دەڵێت، ٦٥ هەزار دانیشتوانی کامپەکە لە دۆخێکی باشدا نین بەتایبەت لەم وەرزی سەرمایەدا و ئەم دۆخەش بارودۆخەکە خراپتر دەکات.

سەرەتایەکی خوێناوی
یانس لایرک، گوتەبێژی نووسینگەی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی – ئۆچا دەربارەی دۆخی کامەپەکە و رووداوەکانی کوشتن دەڵێت، "نەتەوە یەکگرتووەکان زۆر نیگەرانن لە خراپبوونی دۆخی ئاسایش لە کامپی هۆل لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا. راپۆرتمان بەدەست گەیشتووە کە باس لەوە دەکەن لە سەرەتای ئەمساڵ تاکو ١٦ی ئەم مانگە ١٢ کەسی عێراقی و سووری دانیشتووی کامپەکە کوژراون، کە یەکێکیان ژنێکی عێراقی بووە و کەسێکی دیکەش بە سەختی بریندار بووە".

وتەبێژەکە باسی لەوەش کردووە، بەرزبوونەوەی رێژەی توندوتیژییەکان لەناو دانیشتووانی کامپەکە تەنیا لەدەستدانی تراژیدیانەی ژیانی کەمپنشینەکان نییە، بەڵکو توانای نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوبەشە مرۆییەکانی دیکە بۆ گەیاندنی یارمەتییە مرۆیی و خزمەتگوزارییەکان بۆ دانیشتووانی کەمپەکە دەخاتە بەردەم مەترسییەوە.

کامپێک بە ٦٥ هەزار کەسەوە
نەواف خەلیل سەرۆکی ناوەندی کوردی بۆ لێکۆڵینەوە دەڵێت، زیاتر لە ٢١ هەزار خێزان لەم کامپەدا نیشتەجێن، ١٤ هەزاریان لە ٥٠ رەگەزی جیاوازی وڵاتانن، ٤٥٪ی دانیشتوانی کامپەکە عێراقین، ٤١٪یان سورین، ١٤بەشەکەی دیکەش سەر بە رەگەزەکانی دیکەن.

ئاماژەی بەوەش کردووە، ٣٤ رێکخراوی کۆمەڵگای مەدەنی هاوکاری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای کوردستان دەکەن بۆ بەڕێوەبردنی کامەپەکە، ئەمە سەرەڕای مانگی سوری نێودەوڵەتی، پزیشکانی بێسنور، یونسێف و رێکخراوی دیکەش.

نەواف خەلیل دەربارەی دانیشتوانی کامپەکە دەڵێت، تەنانەت پزیشاکانیش رووبەڕووی سەختی دەبنەوە، چونکە هەندیک جار کە پزیشکێک چارەسەری هەندێک دانیشتوانی کامپەکە دەکات پێی دەوترێت ئەمەش لە بێباوەڕەکانە.

١٠ هەزار خێزانی چەکدارانی داعش
باس لەوەش دەکات، زیاتر لە ١٠ هەزار خێزانی چەکدارانی داعش لەم کامپەدان و بەردەوام خەریکی خۆڕێکخستنەوە و ئەنجامدانی چالاکین، بۆیە دەبێت نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هاوکاری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای کوردستان بکەن، تاکو بتوانرێت کۆنترۆڵی کامپەکە بکرێت.

عەبدولوەهاب عاسی لە ناوەندی جسور بۆ لێکۆڵیەنەوە دەڵێت، زانیارییەکان دەربارەی کامپەکە هێشتا کەم و شاراوەن، رەنگە زۆربوونی رووداوەکانی کوشتنیش لە کامپەکەدا بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە ئاسایشی کەمپەکە نەیەوێت بە تەواوی کۆنترۆڵی کامپەکە بکات.

کۆتاییهێنان بە دۆسیەی هۆل
لێکۆڵەرەکە باس لەوە دەکات، ئیدارەی رۆژئاوای کوردستان هەوڵ دەدات بە هەر جۆرێک بێت کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بهێنێتە سەر هێڵ تاکو کۆتایی بە دۆسییەی کامپی هۆل بهینرێت، رەنگە ئەم کەمتەرخەمییەی ئاسایشی کامپەکەش بۆ ئەم مەبەستە بێت. بۆ ئەمەش دەتوانرێت ئاماژە بەوە لێدوانێکی مەزڵوم کۆبانی بکرێت کە ساڵی ٢٠١٩ وتی، ناتوانن لەوە زیاتر کۆنترۆڵی ئەم کامپە بکەن.

نەواف خەلیل دەڵێت، چەند هەنگاوێک نراون بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کامپی هۆل، هەوڵیش دەدرێت هەموو سورییەکان ئازاد بکرێن. خۆبەڕێوەبەری هەوڵی زۆری داوە لەگەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی تاکو هاوڵاتییەکانی خۆیان لە کامپەکە ببنەوە و تاکو ئێستاش چەند هاوڵاتییەکیان بردووەتەوە.

ئاماژە بەوەش دەکات، لە کاتێکدا کە رۆژئاوای کوردستان لە ژێر فشار و هەڕەشەکانی تورکیا، ئێران و حکومەتی دیمەشقدایە و سەدان هەزار ئاوارەش بەرێوەدەبات، ناکرێت بە کەمتەرخەمیی تۆمەتبار بکرێت.

تورکیا تاوانبارە
شێخ موس ئەحمەد بەرپرسی کاروباری ئاوارەکان لە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای کوردستان دەڵێت، دەستوەردانەکانی تورکیا لە گرێ سپی، دۆخی کامپی هۆل و کامپەکانی دیکەی ئاوارەکانی رۆژئاوای کوردستانی ئاڵۆزتر کردووە. ئەمەش هەوڵەکانی هاوکاریکردنی ئاوارەکانی سەختتر کردووە.

عەبدولوەهاب عاسی کە نزیکە لە حکومەتی تورکیا و لە غازی عەنتاب نیشتەجێیە، دەڵێت ئەم لێدوانە و تۆمەتبارکردنی تورکیا بۆ شاردنەوەی راستییەکان و سێبەر خستە سەر زانیارییەکانە.
نەواف خەلیل کە نزیکە لە رۆژئاوای کوردستانەوە وەڵامی عاسی دەداتەوە و دەڵێت، ئەمە شاردنەوەی راستییەکان نییە و راپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان باس لەوە دەکەن کە هێرشەکانی تورکیا گەیشتووەتە ئاستی تاوانی جەنگ، ئەمەش قسەی کورد نییە و هی نەتەوە یەکگرتووەکانە.