دۆسێ

01:43 - 23/01/2021

ئابووری جیهان لە بەردەم پەتای كۆرۆنادا‌

پەیسەر

كۆرۆنا لەپڕهات و لەناكاو هەرچی پێشبینی و بیردۆزەكان هەبوو ئاوەژووی كردن، هەرچەندە زیانە گیانیەكان زۆر بوون و كەرتی تەندروستی خستە پێشەوەی بەرەكەوە، بەڵام دواجار كاریگەرییەكان هەمە لایەنە بوون، بەڵام هیچ یەكێك لە كایەكان بە ئەندازەی كەرتی ئابووری زیانی بەرنەكەوت، بەجۆرێك ئابووری هێنایە لەرزە، هەندێك وڵاتی تا سەر لێواری مایەپووچی برد، بەڵام ئەو وڵاتانەی كە زووتر كەوتنە خۆیان و پلانیان هەبوو، خێراتر كەوتنەوە سەر سكەی خۆیان و ڕووبەڕووی پەتاكەو لە هەمان كاتیشدا تێكشكانی ئابووری بوونەوە.

سەنتەری (المستقبل) بۆ توێژینەوە و لێکۆڵینەوە پێشکەوتووەکان، شیکردنەوەیەکی -یوسف داوود-ی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا باسی لەوە کردووە کە هەر وڵاتێك دەیهەوێت ژیانی ئابووری خۆی بگەڕێننەوە بۆپێش سەرهەڵدانی  ڤایرۆسەکە و پاڵنەرە بەپەلەکانیان بۆ گەڕانەوەی چالاکی ئابووری بە زووترین كات دەبێت بەرنامەڕێژیی بكات و هەنگاوی زانستیانەی بۆ بهاوێژێت. لەو توێژینەوەیەدا هاتووە:

لە ئێستادا بوژاندنەوەی چالاكییە ئابوورییەكان، بووەتە ناونیشانی سەرەكی ڕێوشوێنە ئابوورییەكانی جیهان، دوای ئەوەی  پەتای كۆرۆنا لەناكاو هات و بەرۆكی هەموویانی گرت، لە پێناوی ڕێگریی و تەشەنەنەكردنی زیاتری كەرەنتینەی گشتی ڕاگەیەنراو بەشێكیشی كەرەنتتینەی نیوەییان پەیڕەو كرد، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی چالاكییە ئابورییەكان تەنگەژەی بۆ دروست ببێت و بەرەو پووكانەوە بچێت، بە تێپەڕبوونی كات وئاشنابوون لەگەڵ سروشتی ڤایرۆسەكەو چۆنیەتی خۆپارێزیی بەهێواشی كەرەنتینەكان سووك كران و ناوەندەكانی بازرگانی و سەرچاوەكانی ئابووری گەشانەوەیان بەخۆوە بینیی.

لەوبوارەدا دەكرێت ئاماژە بە چەند ئەزمونێكی جیهانی بكرێـت، لەوانەش: ئەڵمانیا لە چوار مانگی یەكەمدا (نیسانی 2020) بەشێك لە ناوەندە بازرگانییەكانی كردەوە. سەرۆك وەزیرانی بەریتانی –بوریس جونسون- هەزاران ناوەندی بازرگانی لە مانگی تەمووز2020 داركردەوە، ژاپۆن لە مانگی حوزەیران 2020 دا كەرەنتینەی سەر زۆربەی شارە بازرگانییەكانی هەڵگرت و بە تۆكیۆی پایتەختیشەوە، بەو شێوەیە زۆرینەی وڵاتە پیشەسازییەكان توانییان بە لەبەرچاوگرتنی ڕێوشوێنی تەندروستی ناوەندەكانی بازرگانی و پیشەسازیی بكەنەوە تا لەو ڕێگەیەوە كاریگەرییە ئابورییەكانیی سەریان كەمبكەنەوە، كارەكە بەرەو ئەو ئاڕاستیە ڕۆشت كە سینەماو مۆزەخانەو ئوتێل و دواجاریش كەرتی گەشتیاری بكرێتەوە. هەموو ئەمانەش پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە بوژاندنەوەی ئابوورییەوە هەبووە.

1- ترسی كەمبوونەوەی بەکاربەر:
حكومەتەكان باش لەوە تێگەشتبوون كە پەتاكە زۆر بە خێرایی سنوورەكان دەبڕێت و بڵاودەبێتەوە، ئەوەش حاڵەتی ترس و دڵەڕاوكێی گشتی دروستكردو بووە هۆی ئەوەی بەكاربردن سنوورداربكات و لەو ڕێگەیەشەوە فشار لەسەر بەرهەمهێنان دابنێت، بە مانایەكی دیكە كاتێك حكومەت توشبوونی یەك كەسی بە پەتاكە ڕادەگەیاند بەو مانایە نەبوو تەنها یەك كەس لە بەكاربەران كەم بووەتەوە، بەڵكوو بە تووشبوونی تەنها یەك كەس كاریگەریی لە سەر سەدان و بگرە هەزاران كەس داناوە، ئەوەش زیانە ئابورییەكانی قورستر كردووە.

ترس لە تووش بوون، گرتنەبەری خۆپارێزی توند، بووە هۆی ئەوەی كە بەكاربردن بەڕێژەیەكی لەبەرچاو كەم بكات و چالاكیی ئابووری كەمتر بكات، كاتێكیش ژمارەی توشبووان بەرەو هەلكشان ڕۆشتبێت حكومەتەكان سەرجەم چالاكییە ئابووری و بازرگانییەكانیان بە نیوە یان بە تەواوی پەكخستبوو، لەبەر ئەوەی لە زۆربەی وڵاتاندا ڕیژەی بەكاربەر نزك ببوویەوە لە سفر، هەربۆیە شارەزایانی ئابووری پێیان وایە هەستانەوەی ئەو شكستە ئابوورییە پەیوەندی زۆری بە ڕەفتارو سلوكی كۆمەلایەتییەوە هەیەو تا دۆخی تەندروستی ئاسایی نەكرێتەوە ڕەوشی ئابووریش ئاسایی نابێتەوە.

2- دووركەوتنەوە لە پاشەكشە:
هەرچەندە وڵاتان لەسەر ڕێوشوێنە خۆپارێزییەكان هاوڕان ، بەڵام ئەدای ئابووری و کاریگەری داخستنی چالاکی لەسەر نیشاندەری ئابووری لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی تر جیاوازی هەیە . بۆ نموونە لە دوای پەتای كۆرۆنت هیندستان کەرتی خۆراک و بەتایبەتی تر کشتوکاڵ زیاتر لە 50 % هێزی کاری هیندستان بۆ لای خۆی ڕاكێشاوە ، دەکرێت ئەم حاڵەتە بەوە پێناسە بكەین كە بەرەو پاشەکشە خێراتر بڕوات و بکات ، کاریگەریی لەسەر کەرتەکانی تری ئابووری دروستبكات ، لەوانەش کەرتی تەندروستی.

دواجار بڕیاری هەڵپەساردنی کەرتە ئابوورییەکان و بەردەوامبوونی کەرتەکانی تر بەندە بە بەشداری  وەبەرهێنانی ناوخۆیی و ڕادەی ئەوەی کە کەرتی تایبەت کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر تێکچوونی بنەڕەتیی نیشاندە ئابوورییەکان ، ئەمەش بۆ ئەوەی ڕێ لە پاشەکشەی ئابووری بگرێت . ئەم لۆجیکە نەک هەر بەسەر کاڵاکانی وەک خۆراکدا جێبەجێ دەبێت ، بەڵکو ئەو هەموو ئەو كەرتانە دەگرێتەوە كە پەیوەندییان بە وەبەرهێنانی ناوخۆیی وڵاتانەوە دەژمێردرێن ، وەک کەرتی ئۆتۆمۆبیل لە ئەڵمانیا ، خانووبەرە و بیناسازی لە فەرەنسا و کۆریای باشوور .

3- کاریگەریی سیستمی تەندروستی:
بڕیاری حکومەتەکان ئەوەیە لە ئەگەری گەڕانەوەی ڕێژەی توشبوون دا هەندێک سنوورداری بۆ چالاکییە  ئابوورییەكان ئاسان بکرێت و هێندە سەختگیریی لەبەرامبەردا نەكرێت ، بۆیە شرۆڤەكاران باوەڕیان وایە دەبوو حکومەتەکان لەماوەی ڕابردوودا توانای کەرتی تەندروستیان زیاد کردبایە، ئامادەکاریی بكەن بۆ بڕیارەکان بۆ ئەوەی وردە وردە چالاکی بگەڕێننەوە . لە ئەنجامدا بڕیارەکانی گەڕاندنەوەی چالاکی ئابووری و ڕێژەکەی دەکەوێتە سەر ئەوەی چ وڵاتانێک توانییان لە بەرزکردنەوەی توانای کەرتە تەندروستیەکانیان بەدەستی بهێنن ، کە لەو نێوەدا ناوی ئەڵمانیا بە ڕوونی دێت  كەکاری بۆ ئەوە كردووە كەرتی تەندروستی بەهێز بكات کاتێک سەرکەوتوو بوو كە ژمارەی قەروێڵەی چاودێری چڕی  لە 28 هەزارەوە بۆ 40 هەزار قەروێڵە بەرزكردەوە.

4-ڕێژەی سوود:
پسپۆڕە تایبەتمەندەکان لە سیاسەتی داراییدا جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە بۆ تێپەڕبوون لە دۆخی ناجێگیربوونی ئابووریدا پێویستی بە کەمکردنەوەی ڕێژەی سوود ە لە سپاردەکان و قەرزکردن بۆ دابینکردنی پارە لە بازاڕەکاندا، چونکە لەحاڵەتی کەمکردنەوەی بەرژەوەندی هاوڵاتیان پێیان باشترە کە لەکرێکانیان بگرنەوە و کەلوپەل یان خانووبەرە بکڕن کە بەهای پارەکەیان لە جیاتی دانانیان لە بانکەکان دا بە ڕێژەی کەمی سوود لە بانکەکان دا بهێڵنەوە، هەروەها بەشێك لە خەڵك پێیان باشترە قەرز لە بانکەکان بکەن بە ڕیژەیەكی كەم سوودی بچێتە سەر،  ئەمەش وادەکات نرخی قەرزەکانیان كەمتر دەبێتەوەو لە بەرژەوەندی ئەواندا دەبێت، کە ئەمەش دەبێتە هۆی دابینکردنی پارە  لە بازاڕەكاندا بۆ ئەوەی بەسەر ئەو قەرزانەدا زاڵ بێت. ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی بەسەر دیاردەی پاشەكشەی بازاڕدا زاڵببن.
شارەزایان باس لەوە دەكەن ئەم جۆرە سیاسەتە لە هەندێك وڵاتدا كاریگەری زۆر داناوە لەوانەش میسر ڕێژەی سوودی بانكەكانیان لە سپاردنەكاندا گەشتووتە 15%، بەڵام لەهەندێك وڵاتی دیكەیدا نزیك بووەتەوە لە سفر، لە وڵاتێكی وەكو فەرەنسادا 0.2% بۆ 0.5% بووە ، ئەوانەی كە ئابورییەكەیان پشتی بە بەكارهێنان بەستووە حاڵیان زۆر خراپ بووە، بەڵام كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت و نیمچە تایبەتەكان سوودی زۆریان بینیوەوە بوژاونەتەوە.
هەربۆیە سەرەڕای ئەوەی هێشتا ڤایرۆسەكەش كۆتایی نەهاتووەو گوڕێكی ماوە، بەڵام لایان كردووەتەوە بەلای بوژاندنەوەی ئابورییەوە. لەوەشدا بە ڕژاندنی پارە بۆ نێو بازارەكان دەبێتە هۆی بووژاندنەوەی بازاڕو پێداویستی و خزمەتگوزارییەكان چالاكتر دەكاتەوەو كاریگەریی دروست دەمات و ڕێژەی هەڵاوسان بەرزدەكاتەوە و لە هەندێك وڵاتدا پارەدار كردنی بازاڕەكان وەڵامی ئەرێنییان داوەتەوە.

بە چالاك كردنەوەی ئابووری، وڵاتانی خۆرئاو بە خێرایی بەرەو ئەوە چوون كە كۆتایی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا بهێنن ، ئەو ولاتانەی كە زۆر سوودیان بینی ئەوانەیان بوون كە زۆرترین پارەیان خستە بازاڕەوە نەك بەپێچەوانەوە.

5- قەرەبووكردنەوەی بێكاریی:
لەسایەی پەتای كۆرۆنادا ڕێژەیەكی زۆر خەڵك بێكاریوون، بێكاریی یەخەی سەرجەم وڵاتانی دونیای گرتەوە، ئەوەش بووە گرفتێكی گەورەی ئابووری و بگرە كۆمەڵایەتی و سیاسیش، دەبوو حكومەتەكان ڕێگەی زۆر قورس بگرنە بەر ، توانای وڵاتان لەوەدا دەردەكەوت كامیان زیاتر بتوانێت و خێراب كات ئەوەیان سەركەوتنی زیاتری بەدەست دەھێنا.

لەو بوارەدا پلانەكان جۆراوجۆر بوون، هەندێك لە وڵاتان قەرەبووی زیانمەندانیان كردوەو، لەوانەش فەرەنسا و ئیسپانیا، بەڵام لەبەرامبەر ئەوەدا خەڵكیان ناچاركرد بەوەی لە ماڵەكانیان بمێننەوەو خۆیان كەرەنتینە بكەن، چوون پێیان وابوو ناكرێت خەڵك لەنێو ماڵەكاندا بهێڵیتەوەو قەرەبووی كارەكانیان بۆ نەكرێت، چوون ناكرێت مرۆڤ لەنێوان دوو ترسی گەورەدا بهێڵیتەوە لە لایەكەوە ترس لە نەخۆشی كۆرۆنا ولەلایەكی دیكەشەوە ترس لە مایەپووچی و بێ پارەیی و بژێویی رۆژانە. هەربۆیە ئەو دوو وڵاتە زووتر لە هەموویان دەستیان بە چالاكییە ئابورییەكانیان كردوەوە.

هەموو ئەو هۆكارانەی كە لەسەرەوە باسكران بەس بوون بۆ ئەوەی جارێكی دی تێهەڵچنەوەو كەرتی ئابووری ببوژێننەوە، هەرچەندە ئاستی ئابووری وڵاتان جیاوازەو بەراورد ناكرێت، بەڵام هەموویان پێویستیان بەوە هەیە كە بە تواناو لێبڕانێكی زۆرەوە دەست بدەنەوە كارەكە، هەروەها لەئەگەری هاتنەوە پێشی هەر ڕووداوێكی هاوشێوەدا بەرگەی زیاتر بگرن ئەو زیانانەی كە لێیان كەوتووە دووبارە نەبێتەوە، چوون شارەزایان پێیان وایە كاریگەرییەكانی ئەو ماوەیەی بە هۆی خۆپارێزیی كۆرۆناوە بۆ چەند ساڵێكی دیكە  درێژەی دەبێت و هەروا بە ئاسانی شوێنەوارە خراپەكانی ناسڕێتەوە.