ڕاپۆرتی کوردستانی

10:53 - 27/01/2021

گەڕانەوە خوێناوییەکەی داعش؛ کوشتنی ژنە بەرپرسەکانی رۆژئاوای کوردستان‌

پەیسەر

چەکدارانی داعش و گروپە چەکدارەکان ژنە بەرپرسەکانی رۆژئاوای کوردستان بە ئامانج دەگرن، دواترینیان کوشتنی دوو هاوسەرۆکە لە حەسەکە، داعش دەیەوێت ترس و دڵەڕاوکێ بڵاوبکاتەوە و لەم رێگەیەوە هەڕەشە لەو ژنانەی دیکەش بکات کە لە رۆژئاوای کوردستان پۆست و پلەیان هەیە، چونکە داعش ژنە چالاکەکان بە مەترسی لەسەر داهاتووی خۆیان دەزانن.

پەیام لە داعشەوە بۆ هەسەدە
رۆژنامەی (The Jerusalem Post)ی ئیسرائیلی لە نوێترین راپۆرتیدا باس لە گەڕانەوەی داعش و بەئامانجگرتنی ژنە دیارەکانی رۆژئاوای کوردستان دەکات. رفاندن و کوشتنی دوو ژنی دیاریش لە حەسەکە لە یادی ئازادکردنی کۆبانیدا، بە بەشێک لە شێوازێکی فراوانتر و هەوڵێکی گەورەتری داعش ناوی دەبات لە ناوچەکەدا.

رۆژنامەکە دەنووسێت، رفاندن و کوشتنی دوو ژن لە رۆژهەڵاتی سوریا، نوێترین کردەی کوشتنە لەلایەن داعشەوە دژی هێزەکانی سوریای دیموکرات و خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای کوردستان.

بەپێی زانیارییەکانی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ تەرمی دوو ژنەکە لە دەورووبەری شاری حەسەکە دۆزراونەتەوە.

 

کوشتنی دوو هاوسەرۆکەکە

دوو ژنەکە کە لەلایەن داعشەوە رفێندراون و دواتر کوژراون، لە بەرپرسانی ئیداریی رۆژئاوای کوردستانن و بریتین لە هاوسه‌رۆكان سه‌عده‌ فه‌یسه‌ڵ هه‌رماس و هیند له‌تیف خزه‌یر، هاوسه‌رۆكانی شاره‌وانی "تل شایر"ی سه‌ر به‌ ناحیه‌ی "دشیشه‌" له‌ سنووری حه‌سه‌كه‌.

دشیشە لەو ناوچانەیە کە پێش چەند ساڵێک لەلایەن داعشەوە دەستی بەسەردا گیرا و دواتر لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە کۆنترۆڵ کرایەوە.

لە رووخانەوە تاکو سەرهەڵدانەوە
هێزەکانی سوریای دیموکرات کە ساڵی ٢٠١٧ لە رەقە داعشی تێکشکاند و لە ئازاری ٢٠١٩ش دواین ناوچەکانی داعشی کۆنترۆڵ کردەوە، لەبەردەم هەڕەشەی شانە نووستووەکانی چەکدارانی داعشدایە.

لە چەند هەفتەی رابردوودا چالاکی گروپە چەکدارەکان لە عێراق و سوریاش زیادیان کردووەتەوە، دوو تەقینەوەکەی شاری بەغداد، رفاندن و کوشتنی دوو بەرپرسەکەی ئیدارەی رۆژئاوا و پێکدادانەکانی رژێمی سوریا لەگەڵ گروپە چەکدارەکان لە رۆژئاوای فورات ئاماژەی بەهێزبوونەوە و گەڕانەوەی داعشن.

رۆژنامە ئیسرائیلییەکە باس لەوە دەکات، چەکدارانی داعش توانایان هەیە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی عێراق، سوریا، هێزەکانی سوریای دیموکرات و تەنانەت ناوچەکانی ژێر دەستی تورکیاشدا چالاکی تاکوتەرا ئەنجام بدەن.

تورکیا؛ سەنگەری پشتەوەی داعش
ژمارەیەکی زۆری چەکداری داعش دوای شکانیان لە تورکیاوە هەڵهاتن، یان لە سوریاوە بە سنورەکانی ژێر کۆنترۆڵی تورکیادا خۆی بە سوریادا دەکرد و لەوێوە هەڵدەهاتن یان لە تورکیا دەمانەوە.

لەگەڵ ئەوەی تورکیا بەردەوام باس لەوە دەکات کە فشار دەخاتە سەر داعش و سەرکوتیان دەکات، بەڵام بەڵگەکان دەریدەخەن داعش تورکیا وەک بنکەیەکی پشتیوانی خۆی و شوێنێک بۆ راکێشانی سەرنج و پشتیوانی لایەنگرانی دەبینێت.

ژنکوژی
رفاندن و کوشتنی بەرپرسە ژنەکانی رۆژئاوای کوردستان رووداوێکی نامۆ نییە، چونکە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا چەکدارانی سەر بە تورکیا لەو ناوچانەی کە لە ژێر دەسەڵاتی تورکیادان دەیان ژنی کوردیان رفاندووە و کوشتویانن، دەیان ژنیشیان دەستگیر کردووە و لە زیندانە نهێنییەکاندا دەستەبەسەریان کردوون، بەتایبەت لە گرێ سپی و عەفرین.

چەکدارانی داعش و گروپە چەکدارەکان ژنە دیار و چالاکەکان بە مەترسی دەزانن، بۆیە دەیانکەن بە ئامانج و دەیانکوژن، لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٩ش چەکدارانی نزیک لە تورکیا هەڤرین خەڵەفی چالاکوانی کوردیان کوشت.

ترس بڵاوکردنەوە و تاریکاندن
لایەنگرانی داعش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وایان بڵاوکردەوە کە دوو ژنەکە سەربڕدراون، ئامانج لەم کارەش بۆ بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندنی چەکدارانی داعش بووە، بەڵام دواتر زانیارییەکان باسیان لەوە کرد کە سەرنەبڕدراون بەڵکو بە فیشەک لە سەریان دراوە.

رۆژنامە ئیسرائیلییەکە لەو بارەیەوە دەنووسێت، لەبارەی چۆنیەتی کوشتنیان زانیاری جیاواز هەیە، بەڵام ئەوەی کێشەی دروستکردووە ئەوەیە تەنانەت ئەو کەسانەشی خۆیان بە رۆژنامەنووس و پسپۆڕ دەزانن، هەندێک جار زانیاری ناڕاست و دڵنیانەکراوە بڵاودەکەنەوە، بۆیە گەشتن بە زانیاری لەسەر ئەم دۆسیانە ئاسان نییە. بۆ نموونە زانیارییەکان لەبارەی سەربڕینی ئەم ژنانە لەگەڵ وێنەی تەرمەکانیان یەکناگرێتەوە کە دیارە بە فیشەک لە سەریان دراوە.

رۆژنامەکە لەبارەی بڵاوکردنەوەی ترس و دڵەڕاوکێوە دەنووسێت، دوژمنەکانی ئاسایش و سەقامگیری لە رێگای ئەم کوشتنە پەنهانانەوە دەیانەوێت ترس و دڵەڕاوکێ لە ناوچەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بڵاوبکەنەوە، بەڵام بە وردی نازانرێت ئەم کارانە لەلایەن داعشەوە ئەنجام دەدرێن یان لەلایەن تورکیا و رژێمی سوریاوە.

تۆمەتبارکردنی هەسەدە
رۆژنامەی (the jerusalem post) باس لەوە دەکات هێزەکانی سوریای دیموکرات گیری خواردووە، چونکە کاتێک ئەم کوشتانە روودەدەن هەسەدە بە کەمتەرخەم تۆمەتبار دەکرێت، کاتێکیش هەسەدە رێوشوێنەکان توند دەکاتەوە، بە توند و رەق بەرامبەر خەڵک تۆمەتبار دەکرێت.

کوشتنی ژنانی بەرپرس و خاوەن پێگەی ئیداری لە رۆژئاوای کوردستان پەیامێکی هەڕەشە ئامێزە بۆ ژنانی دیکە کە واز لە پۆستەکانیان بهێنن. ئەمەش لە کاتێکدایە خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای کوردستان رۆڵێکی گەورەی بە ژنان داوە و لە ئیدارەدانی ناوچەکەدا بەرپرس و خاوەن پۆستی ئیدارین.