ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

12:11 - 27/01/2021

دڵەڕاوکێی جەنگ؛ هێشتا هێرشکردنە سەر ئێران ئەگەرێکی کراوەیە؟‌

پەیسەر

چوار ساڵەکەی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ، سەخت ترین چوار ساڵی 40 ساڵی رابردوو بوو بۆ ئیران، ترەمپ لە ڕێککەتننامە ئەتۆمیەکە کشایەوە، زۆرترین سزای بەسەر ئێراندا سەپاند و سیاسەتی ئەوپەری فشاری دژی ئەم وڵاتە بەکارهێنا. ئەگەرچی ترەمپ رۆشت و حکومەتی نوێ لە ئەمریکادا هاتووەتە سەر حکوم، بەڵام گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێراندا رۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت و هێشتا ئەگەری رودانی شەڕ لەهەموو ئەگەرەکان لە پێشترە.

لەگەڵ دەستبەکاربوونی حکومەتی نوێ لە ئەمریکا، وڵاتانی زلهێزی وەک روسیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا،چین و بەریتانیا داوای گەڕانەوە بۆ رێککەوتننامە ئەتۆمیەکەی ساڵی 2015 دەکەن، کە لە ساڵی 2018 دا لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە یەکلایەنە هەڵوەشێنرایەوە، ئیسرائیلی نەیاری سەرسەختی ئێرانیش گەرانەوە بە "هەڵەیەکی ستراتیژی" ئەمریکا ناودەبات و  هەرەشەی هێرشکردنە سەر ئێران و بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەکات.

بایدن و ئێران
دوای ئەوەی جۆبایدن لە ڕۆژی چوارشەممە،20/1/ 2021سوێندی یاسایی خوارد، ئێران داوای  هەڵگرتنی سزاکانی سەری و  گەرانەوە بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەکات، بایدنیش ئاماژەی بەوەدا واشنتن دووبارە دەچێتەوە ناو ڕێککەوتنە ناوکییەکە ئەگەر ئێران بە بەتەواوی پابەند بێتەوە بە بەندەکانی رێککەوتنەکەوە.
محەمەد جەواد زەریف لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ئیتمەدی ڕیفۆرمیست ڕایگەیاند "بە بۆچوونی من دەبێت ئێمە پەیوەندییەکانی خۆمان لەگەڵ ئەمەریکا دیاری بکەین."
زەریف لە چاوپێکەوتنەکەدا دەڵێت" هیچ کێشەیەکمان نییە لەسەر پرسی نەوت لەگەڵ ئەمریکا کار بکەین، هیچ کێشەیەکمان نییە لە مسۆگەرکردنی ئاسایشی کەنداوی عەرەبی "کە ئەو بە کەنداوی فارس ناوی بردووە"، هەرچەندە ئێمە لەو بڕوایەشداین بوونی هێزی بیانی لە کەنداوی عەرەبی دەبێتە هۆی نائارامی و پێویستە لەوێ نەبن."

روسیا داوای گەڕانەوە بۆ رێککەوتنە ئەتۆمیەکە دەکات
روسیا یەکێک بوو لە لایەنکانی واژۆکردنی رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێران لە ساڵی 2015 و لە سەردەمی باراک ئۆبامای سەرۆکی ئەمریکا.
وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سێرگی لاڤرۆڤ لەمیانەی پێشوازیکردنی هاوتا ئێرانییەکەی محەمەد جەواد زەریفدا وتی " هیوادارین ئەمەریکا بگەڕێتەوە سەر ڕێزگرتنی تەواوی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تاوەکو ئەمە هەلومەرجێک بۆ ئێران بڕەخسێنێت لە چوارچێوەی ڕێککەوتنە ناوەکییەکەدا ڕێز لە بەرپرسیارێتیەکانی بگرێت."
لاڤرۆڤ جەختی لەوە کردەوە " ئەو بابەتەی کە ئێستا زۆر گرنگە ڕزگارکردنی ڕێککەوتنەکەیە و ئێمەش وەکو ئێران هیوادارین دووبارە بەتەواوەتی جێبەجێ بکرێتەوە."
ئێران سوپاسی روسیا دەکات و پێشوازی لەم هەڵوێستەی دەکات بۆ رزگارکردنی رێککەوتنەکە.

زلهێزەکانی ئەوروپا  و ئێران
رۆژی 16/1/ 2021،  هەرسێ وڵاتی بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا لە بەیاننامەیەکدا هۆشداری دەدەنە ئێران سەبارەت بە بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی کانزایی و دەڵێن " گەر ئێران مەبەستی بێت لە رێککەوتنی ئەتۆمیدا بمێنێتەوە،دەبێت بەبێ دواکەوتن بۆی بگەڕێتەوە"
لەلایەکی دیکەوە وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ژان ئێڤ لێ دراێن لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ گۆڤاری لو دیمانچ باسی لەوەکرد، ئێران توانایی چەکی ناوکی پتەودەکات و پێویستە تاران و واشنتن بگەڕێنەوە سەر ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015
لە کاردانەوەی ئەم هۆشداریانەدا، جەواد زەریفی وەزیری دەرەوەی ئێران لە تویتێکدا وەڵامی هاوتا فەرەنساییەکەی دایەوە نوسیوویەتی " هاوکاری بەڕێز: تۆ بە چک فرۆشتن بە تاوانبارانی شەڕی سعودی دەستکرد بە کاری وەزارەتەکەت. خۆت دوور بگرە لە شتی تەواو بێمانا لەسەر ئێران."
زەریف ڕەخنەی لە فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا گرت، کە لە ڕێککەوتنەکەدا لەگەڵ چین و ڕویسا ماونەتەوە، بۆ ئەوەی نەیانتوانیوە لە سالێ 2018 پەیڕەوەی ڕێککەوتنەکە بکەن لەوکاتەوەی ترەمپ یەکلایەنانە لە ڕێککەوتنەکە کشایەوە و سزاکانی بەسەرئێراندا سەپاندەوە.

ئەگەرەکانی رودانی شەڕ و هێرشکردنە سەر ئێران
ئیسرائیل دەستگەشتنی ئێران بە بۆمبی ئەتۆمی بە هێڵی سور دادەنێت. ئەم وڵاتە تا ئێستا سێجار هێرشی سەربازی کردووەتە سەر بەرنامە ناوەکییەکانی نەیارەکانی، لە ساڵی 1981 هێرشی کردەسەر پرۆگرامە ئەتۆمیەکەی عێراق، لەساڵی 2007 هێرشی بۆسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی سوریا ئەنجامدا و لە 2020یش هێرشی کردە سەر کێڵگەی ئەتۆمی نەتەنز لە تاران.
ئەڤیڤ کۆهاڤی، سوپاسالاری ئیسرائیل لە میانەی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی ساڵانەی ئینستیتیۆی لێکۆڵینەوەکانی ئاسایشی نیشتیمانی ئاماژەی بەوە کردووە، پلانیان ئامادەیە بۆ ئەگەری هێرشکردنە سەر ئێران، ئەمەش بۆ رێگریکردن لە بەدەستهێنانی بۆمبی ئەتۆمی.
بە گوتەی سوپاسالاری ئیسرائیل، ئێران دەتوانێت بڕیار بدات بۆ دروستکردنی بۆمب و "منیش فەرمانم بە هێزەکانی ئیسرائیل کردووە، جگە لەو پلانانەی هەن، چەند پلانێکی ئۆپەراسیۆنی ئامادە بکەن. ئێمە لەم پلانانە دەکۆڵینەوە و پەرەیان پێدەدەین."
کۆهاڤی بە راشکاوانە هۆشداری دایە دەوڵەتەکەی جۆبایدنی سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە گەرانەوە بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و بە "هەڵەیەکی ستراتیژی"ناوی برد.
هەروەها، ئاژانسی هەواڵی پەستۆنیوز رایگەیاند، سوپای ئئیسرائیل داوای ملیاردها دۆلاری کردووە بۆ خۆئامادەکردن بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، بنیامین ناتەنیاهۆی سەرۆک وەزیران و بێنی گانتزی وەزیری پێشووی بەرگریش پشتگیری لەم داوایە دەکەن.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز ئاماژە بەوە دەکات، ئەم هەرەشانە لەلایەن بەرپرسانی ئیسرائیلەوە شتێكی ئاسایی نییە و نیشانەی رووبەڕووبوونەوەی بێ پێشینەی ئێران و ئیسرائیلە.
لەلایەکی دیکەوە، سعودیەی هاوپەیمانی ئەمریکا، تەنها لەم هەفتەیەدا دووجار بەموشەک هێڕشی کراوەتەسەر. هێڕشی یەکەم بۆ سەر ریازی پایەتخت بە موشەک لەلایەن حوسیەکانەوە ئەنجامدار و هێڕشی دووەمیش گروپێک لە  عێراقەوە بەناوی "الوعد الحق" ئەنجامیدا، هەردوو گروپەکەش سەر بە ئێران دادەنرێن.
بەرپرسی فەرماندەی ناوەندی سوپای ئەمریکا، ژەنەراڵ کەنێت مەککێنزی، لە 25/1/2021 لە بەندەری یەنبەعی سعودیە رایگەیاند"لەحاڵەتی هێرشی چەکداری بۆسەر ئێران، ئاوەکانی ناوچەکە دەبنە ناوەندی رووبەڕووبوونەوە و لەو حاڵەتەدا باشترە هێزەکان لەناوچەکانی وەک رۆژئاوای دەریای سور هەبن."