لێکۆڵینەوە

11:26 - 28/01/2021

بەپێی بەڵگەنامەکان؛ هەسەدە چۆن ئەمریکای خستە خزمەتی کورد؟‌

پەیسەر

دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی سوریا، کوردانی رۆژئاوای کوردستان توانییان خۆبەڕێوەبەری بۆ خۆیان دروستبکەن، لە رێگەی هێزە پارێزەرەکانیشەوە داعشیان تێکشکاند. بۆ ئەوەی پشتیوانی ئەمریکا بەدەستبهێنن، لۆبی کورد لە واشنتن لە ماوەی چەند ساڵێکی کەمدا توانییان کار بکەنە سەر ئەمریکییەکان و بیانخەنە خزمەتی دۆزی کورد لە سوریا. لە رێگای بەڵگەنامەکانی وەزارەت دادی ئەمریکاوە، لەگەڵ لۆبی کوردیدا گەشتێک بەرەو واشنتن دەکەین.

سەرهەڵدانی کورد؛ شۆڕش وەک هەلی دروستبوون
پێگەی ساساپۆست لە چوارچێوەی پڕۆەژەیەکی خۆیدا، باس لە لۆبی بەشێک لە دەوڵەت و گروپەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات لە ئەمریکا، بەشێکی گەورەی پڕۆژەکە بۆ لۆبی رۆژئاوای کوردستان لە ئەمریکا تەرخانکراوە. زانیارییەکانی راپۆرتەکە لە وەزارەتی دادی ئەمریکییەوە وەرگیراون و سەرچاوەکان فەرمی و بەردەستن.

دوای هەڵگیرساندنی شۆڕشی گەلانی سوریا، کوردەکان بەشێوەیەکی چالاک هاتنە گۆڕەپان و توانییان دەست بەسەر ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستاندا بگرن، کوردەکانی رۆژئاوا لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکەدا توانییان خۆبەڕێوەبەری دروستبکەن و ناوچەکانیان بپارێزن.

دواتریش هێزەکانی سوریای دیموکرات پێکهێنرا کە بوو بە بڕبڕەی پشتی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای کوردستان. لە نێو هێزەکانی بەرگری رۆژئاوا، ئاسایش و دامەزراوەکانیشدا ئاشور، تورکمان، ئەرمەن، عەرەب و چەرکەسەکان بەشداری گەورەیان پێکرا، ئەمەش وەهای کرد، بەر لە کوردەکان پێکهاتەکانی دیکە ئامادەبن بەرگری لە خاکی رۆژئاوای کوردستان بکەن.

لۆبی پاش سەرکەوتن
کاتێک چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر کۆبانی، بەشێکی گەورەی جیهان پێیان وابوو شارەکە دەکەوێت و کورد ئاوارە دەبێت، بەڵام کورد و پێکهاتەکانی دیکەی رۆژئاوا بە هاوکاری هێزەکانی ئەمریکا توانییان شارەکە لە کەوتن بپارێزن و بەسەر داعشدا زاڵبن.

دوای سەرکەوتنە یەک لەدوای یەکەکانی شەڕڤانانی رۆژئاوای کوردستان و ئازادکردنەوەی ناوچەکان لە دەستی چەکدارانی داعش، ئیتر رۆژئاوای کوردستان زیاتر وەک هێزێکی دیموکراسی و دژ بە داعش دەرکەوت و بەڕووی جیهاندا کرایەوە.

لە دوای سەرکەوتنەکان رۆژئاوای کوردستان دەیەویست لە جیهاندا دەنگ و رەنگی هەبێت و پشتیوانی بۆ خۆبەڕێوەبەری و هێزە پارێزەرەکەی کۆبکاتەوە. لێرەوە دەست بە دروستکردنی لۆبی کرا، یەکەم هەنگاویش کردنەوەی نووسینگەی نوێنەرایەتی بوو لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٨.

بە روانین و لێکۆڵینەوە لە دۆسیە و بەڵگەنامەکانی وەزارەتی دادی ئەمریکا، دەردەکەوێت کە خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای کوردستان توانیویەتی بەپێی توانای سنورداری خۆی لۆبی دروستبکات و کار بکاتە سەر حکومەت و کۆنگرێسی ئەمریکا.

ئەنجومەنی سوریای دیموکرات
ئەنجومەنی سوریای دیموکرات لە نۆی کانونی یەکەمی ٢٠١٥ دامەزرا، ئامانجی ئەنجومەنەکە دامەزراندنی سیستمێکی عەلمانی، دیموکراتی و لامەرکەزی بوو لە هەموو سوریا.

ئەنجومەنەکە وەک باڵی سیاسیی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە ئیدارەی خۆبەرێوەبەری رۆژئاوا رۆڵێکی ئاشکرا و گرنگی گێڕاوە.

کۆمەڵەی پێکهێنەری ئەنجومەکە لە ١٣ ئەندام پێکهاتبوو، کە لە کەسانی سەر بە پێکهاتە جیاوازەکان بوون و شارەزای سیاسی و ئابووری بوون. ئەنجومەنەکە لە یەکی ئابی ٢٠١٦ نوسینگەی گشتیی خۆی لە شاری حەسەکە کردەوە.

نووسینگەکە نوێنەرایەتی سیاسی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)ی دەکرد.

هێزەکانی سوریای دیموکرات؛ تێکشکێنەری داعش
هێزەکانی سوریای دیموکرات خۆی بە "هێزێکی سەربازیی نیشتمانی یەکگرتوو بۆ هەموو سورییەکان" دەناسێنێت، کە کورد، عەرەب، سریان و سەرجەم پێکهاتەکانی رۆژئاوای کوردستانی لەخۆگرتووە.

پێکهێنانی هەسەدە هاوکات بوو لەگەڵ بڕیاری ئەمریکا بۆ پڕچەککردنی گروپە دژبەرەکانی رێکخراوی داعش.

هەسەدە لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥ لە شاری قامشلی راگەیەندرا، واتە دوو مانگ پێش دامەزراندنی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات.

ئەم هێزە بە سەرکەوتنەکانی بەسەر داعشدا توانا و هێزی خۆی بۆ هەموو وڵاتانی جیهان سەلماند و لە ماوەیەکی کەمدا متمانەی دەوڵەتەکانی دژ بە داعشی بەدەستهێنا.

هاوپەیمانە تاقانەکەی ئەمریکا
هێزەکانی سوریای دیموکرات توانی متمانەی تەواوی ئەمریکا بەدەستبهێنێت و ببێت بە هاوپەیمانی تاقانە و متمانپێکراوی ئەمریکا لەسەر گۆڕەپانی سوریا، بەم جۆرە هەسەدە بوو بە نوێنەری ئەمریکا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە جەنگی دژ بە داعش لە سوریا.

هەسەدە بە هاوکاری ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی توانی داعش تێکبشکێنێت، ناوچە کۆنترۆڵکراوەکانی رۆژئاوای کوردستان رزگار بکات و رێگا نەدات داعش دەست بەسەر خاکی رۆژئاوادا بگرێت.

هەردوو ئیدارەی باراک ئۆباما و دۆناڵد ترەمپ پشتیوانی هێزەکانی سوریای دیموکراتیان کرد، ئەمەش بوو بەهۆی تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان واشتن و ئەنقەرە، تورکیا بە تەواوی نیگەران و بێزار بوو، چونکە هێزی سەرەکی پێکهێنەری هەسەدە کە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بوو، بە لای تورکیاوە رێکخراوێکی "تیرۆریستی" و دریژکراوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بوو.

ئەمریکا پشتیوانی دارایی، لۆجستی و سەربازیی هێزەکانی سوریای دیموکراتی کرد. لە سەر گۆڕەپانی شەڕ پشتیوانی، چەک و کەلوپەلی سەربازی بە هەسەدە دەدا و لە ئاسمانیشەوە و لە پڕۆسەی تێکشکاندنی داعشدا بە فڕۆکە پشتیوانی شەڕڤانانی دەکرد.

پشتکردنە رۆژئاوای کوردستان
ئەمریکا هاوپەیمانێکی بەهێزی رۆژئاوای کوردستان بوو، بۆیە کەس چاوەڕوانی لاوازبوونی نەبوو، هەموان پێیان وابوو ئەمریکا رۆژئاوا بەجێناهێڵیت، بەتایبەت کە تورکیا بەردەوام چاوی بڕیبووە رۆژئاوا.

بەڵام هەموو شت پێچەوانە دەرچوو، لە بڕیارێکی چاوەڕوان نەکراودا و لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ دۆناڵد ترەمپ بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکای لە رۆژئاوای کوردستان دەکرد، بڕیارەکە کە شۆکێکی گەورە بوو بۆ کورد، لەژێر فشاری رەجەب تەیب ئەردۆغان و لۆبی تورکیا لە ئەمریکا لەسەر ترەمپ درابوو.

بڕیاری کشانەوەی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان، هەسەدەی بێهیوا و بێزارکرد، بەتایبەت کە بڕیارەکە نزیک بوو لە هێرشی تورکیا بۆ سەر شاری عەفرین و رۆژئاوای کوردستان.

ئامانجەکانی رۆژئاوا لە ئەمریکا
لەم دۆخە سەخت و دژوارەدا خەونی هەسەدە دروستکردنی خۆبەڕێوەبەرییەکی بەهێز و دانپێدانانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بوو، کردنەوەی نوێنەرایەتییەکەشیان لە سەرەتای ٢٠١٨ لە ئەمریکا بەمەبەستی بەدەستهێنانی ئەم دانپێدانانە بوو.

نووسینگەی رۆژئاوای کوردستان لە ئەمریکا و لۆبی کورد، بەردەوام هەوڵیان داوە فشار لەسەر ئەمریکا دروستبکەن و قایلیان بکەن بەوەی کە چارەسەری کێشەکانی سوریا بە فیدراڵییەت دەبێت.

لۆبی رۆژئاوای کوردستان لە ئەمریکا دەیەویست لەسەر چوار جومگە و ئامانج کار بکات و هەوڵی زۆریشی بۆ دەدا؛

یەکەم؛ پڕچەککردن و ئامادەکردنی (سوپای یەکێتی دیموکراتی بۆ باکوری سوریا) و بەهێزکردنی (دەزگای دژە تیرۆر) لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا،ئەمەش وەک ئامادەکاری بۆ دوای تێکشکاندنی داعش.

دووەم؛ کۆتاییهێنان بە داگیرکاری تورکیا لە سوریا، کە گەورەترین داگیرکارییەکان بریتی بوون لە (چڵە زەیتون) لە ساڵی ٢٠١٨ و (کانی ئاشتی) لە ساڵی ٢٠١٩.

سێیەم؛ رێگەدان بە سوپای یەکێتی دیموکراتی بۆ باکوری سوریا تاکو بتوانن فڕۆکەخانەیەکی نێودەوڵەتی بە مەبەستی چەند ئامانجێک بخەنە کار.

چوارەم؛ زیادکردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای کوردستان.

جگە لەم ئامانجانە، نووسینگەی رۆژئاوای کوردستان لە ئەمریکا جەختی لەسەر دروستکردنی فشاری سیاسی و گرنگیپێدانی میدیایی لە بەرژەوەندی دۆزی رۆژئاوای کوردستان دەکردەوە.

نوێنەرایەتی کورد لە بەڵگەنامەکانی ئەمریکادا
بەپێی بەڵگەنامەکانی ئەمریکا چوار کەس نوێنەرایەتی کوردی رۆژئاوا لە ئەمریکا بەڕێوەدەبەن، دوو کەسیان هەڵگری رەگەزنامەی ئەمریکی (عەهد هندی و بەسام ساید عشاق) و دوانی دیکەشیان هەڵگری رەگەزنامەی سورین (نەوبەهار مستەفا و سەنام محەمەد). هەریەک لە (ئیلهام ئەحمەد، ریاز درار و عەهد هندی)ش لە نوێنەرایەتییەکەدا کار دەکەن.

نوێنەرایەتییەکەی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات لە ئەمریکا، بەمەبەستی پشتیوانی زیاتر و بەردەوام، لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ دامەزراوەکانی ئەمریکادا، بەتایبەت وەزارەتەکانی دەرەوە و بەرگری، ئەندامانی لیژنە گرنگەکانی ئەنجومەنی پیران و ئەنجومەنی نوێنەران، وەک لیژنەکانی هێزە چەکدارەکان، دەرماڵە، دارایی و هەواڵگریی.

نووسینگەکە بە پارەی رەوەندی کورد لە ئەمریکا بەڕێوەدەبرێت و هاوکاری دەکرێن.

وەک لە بەڵگەنامەکاندا هاتووە، نوێنەرایەتی ئەنجومەنەکە جەختیان لەسەر فیدراڵییەت وەک چارەسەر بۆ قەیرانی سوریا کردووەتەوە.

بەڵگەی یەکەم

بەڵگەی دووەم

  دروستکردنی تۆڕی پەیوەندی
نووسینگەی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات هەوڵی داوە لەگەڵ زۆرترین ژمارەی ئەو کەسانەدا کۆببێتەوە و پەیوەندی درودستبکات کە کاریگەرییان لەسەر بڕیارەکانی ئەمریکا هەیە.

نووسینگەکە لە ماوەی رابردوودا لەگەڵ ئەندامانی تیمی سیناتۆر مارکۆ روبیۆ کۆبوونەوە و باسیان لە دۆخی مەیدانی عەفرین لە دوای داگیرکاری تورکیا کرد.

بەڵگەی سێیەم
ئەم سیناتۆرە بۆ کورد گرنگ و پڕ بایەخە و لە چەند سەرچاوەیەکەوە دەتوانێت هاوکاری رۆژئاوای کوردستان بکات، چونکە لە چەند لیژنەیەکی گرنگدا ئەندامە، وەک لیژنەکانی دەرماڵە، پەیوەندییە دەرەکییەکان و هەواڵگری، ئەمە جگە لەوەی لە لیژنە لقییەکانی وەک رۆژهەڵاتی دوور، باشوری ئاسیا، ئاسیای ناوەڕاست و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریش ئەندامە.

لە نێوان مانگی شوبات تاکو ئابی ٢٠١٨، نووسینگەی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات لەگەڵ ئەندام و کارمەندانی تیمی بۆب کۆرکەر سیناتۆر و سەرۆکی کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا کۆبوونەتەوە و باسیان لە دۆخی مرۆیی و سیساسی لە باکوری سوریا کردووە، گرنگی ئەم سیناتۆرە بۆ رۆژئاوای کوردستان لەوەدایە کە ئەندامی لیژنەی بودجەشە، هەر بۆیە رۆژئاوا دەیەوێت لەم رێگایەوە پارەی پێویست بۆ قۆناغی دوای داعش پەیدا بکات.

بەڵگەی چوارەم

بەڵگەی پێنجەم
نووسینگەکە لەو ماوانەشدا توانیویەتی لەگەڵ چەند کەسێکی دیاری کۆنگرێس و ئەنجومەنی نوێنەران کۆببێتەوە، لەوانەش پاوڵ رایان وتەبێژی ئەنجومەنی نوێنەران.

لەم ماوەیەدا نووسینگە کوردییەکە زۆر چالاک بوون، سەرنجی زیاتریشیان خستووەتە سەر چاوپێکەوتن و پەیوەندی دروستکردن لەگەڵ لیژنەی هێزە چەکدارەکانی سەر بە ئەنجومەنی پیران، لەم چوارچێوەیەشدا لەگەڵ چەند ئەندامێکی کۆماری و دیموکراتی ئەنجومەنەکەدا کۆبوونەتەوە.

ناوی دیاریش کە نووسینگەکە لەگەڵیدا کۆبووەتەوە سیناتۆری دیموکرات تیم کینە کە جگە لە لیژنەی هێزە چەکدارەکان، ئەندامی هەردوو لیژنەی خزمەتی دارایی و کاروبارە دەرەکییەکانیشە. ئەوە جگە لەوەی نووسینگەکە لەگەڵ هەردوو سیناتۆری کۆماری دیڤد پێردیو و تیم سکۆت کۆبوونەتەوە.

بەڵگەی شەشەم
نووسینگەکە لەم ماوەیەدا بە زۆری هەوڵی داوە بە ئەندامانی لیژنەی کاروبارە دەرەکییەکان بگات، ئامانجیش بەدەستهێنانی زۆرترین پشتیوانی دەسەڵاتی ئەمریکیی بووە بۆ دەسەڵاتی رۆژئاوای کوردستان.

بەپێی بەڵگەنامە بەرەستەکانی ئەمریکا، نووسینگەی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات بۆ بەهێزکردنی لۆبی رۆژئاوا و بەدەستهێنانی زۆرترین پشتیوانی، لەگەڵ هەشت ئەندامی لیژنەی کاروباری دەرەکییەکان کۆبووەتەوە کە سەر بە هەردوو حزبی دیموکرات و کۆمارین؛ براد شیرمان، پاوڵ کوک،  برایان ماست، سکوت پیری، برایان فیتزپاتریک، رۆن دیسانتس، دینا تیتوس و فرانسیس رۆنی. ئەم لیژنەیە زۆر گرنگ و پڕ بایەخە، چونکە دەتوانن سەرپەرشتی و چاودێریی بەشێک لە هاریکارییە دارایی و سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ دەرەوە بکەن.

لە پلەی دووەمدا نووسینگەکە تیشکی خستووەتە سەر لیژنەکانی ئاسایش و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە ئەنجومەنی نوێنەران، نووسینگەکە توانیویانە لەگەڵ بەشێک لە ئەندامانی ئەم لیژنانەدا کۆببنەوە کە لە هەمان کاتدا ئەندامن لە لیژنەی کاروبارە دەرەکییەکاندا.

کورد لە دەرەوەی کۆنگرێس
چالاکییەکانی نووسینگەی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات تەنها لە کۆنگرێسدا نەوەستاوە، بەڵکو چووەتە ناو ناوەندەکانی دروستکردنی بڕیاری ئەمریکی.

بەڵگەی حەوتەم
نووسینگەکە لە ناوەندە گرنگەکانی وەک پەیمانگای واشنتن بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی دوور، پەیمانگای هیدسۆنی پارێزگار و ناوەندی پیشکەوتنی ئەمریکی چالاکی و دانیشتنی هەبووە.

کوردەکان لە رێگەی ئەم گفتوگۆ و چالاکییانەوە هەوڵیان داوە کاریگەری لەسەر سیاسییەکانی ئەمریکا دروستبکەن و بۆ پاراستنی ئەو خۆبەڕێوەبەرییەی لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا دروستکراوە.

نووسینگەکە لە ماوەی حەوت مانگدا توانیویانە چاویان بە بسام براونباک باڵیۆزی ئەمریکا بۆ ئازادی ئاینی و بەرپرسانی رێکخراوی بەرگری لە کریستیانەکان بکەوێت.

نووسینگەکە سەرکەوتووش بوون لە ئەنجامدانی چاوپێکەتن لەگەڵ نووسینگە جیاوازەکانی ناو وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە گرنگترینیان نووسینگەی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ بووە، لەگەڵ ئەم نووسینگانەدا باس لە پیشێلکاری مافە مرۆڤ لەلایەن تورکیاوە کراوە لە عەفرین.

بەپێی بەڵگەنامەکانی وەزارەتی دادی ئەمریکا، لە مانگی ئابی ٢٠١٨وە تاکو ناوەڕاستی شوباتی ٢٠١٩ فشاری سیاسیی کوردی لە واشنتن ئاڕاستە و شێوەیەکی دیکەی گرنگیپێدانی وەرگرت، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندی بە سیاسەتی دەرەکی ئەمریکاوە هەیە لەبارەی سوریا.

بەڵگەی هەشتەم

فراوانکردنی پەیوەندییەکان
وەک لە بەڵگەنامەکانی وەزارەتی داددا هاتووە، نووسینگەکە لەگەڵ بڕیاردەرانی کۆنگرێسدا باسیان لە بابەتەکانی (گفتوگۆی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی سوریا، گروپی لێکۆڵینەوەی سوریا و پشتیوانی سەربازیی بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات) کردووە.

بەڵگەی نۆیەم
دوای بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا، نووسینگەی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات چالاکی و چاوپێکەوتنەکانی زیاتر کرد تاکو بتوانن پشتیوانی بۆ رۆژئاوای کوردستان پەیدا بکەن و ئەم بڕیارە زیان لە داهاتووی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای کوردستان نەدات.

بەپێی بەڵگەنامەکان نووسینگەکە لەگەڵ بەشێک لە بەرپرسانی ئەمریکا کۆبووەتەوە، لەوانەش ویندی بارکەر هاریکاریی یاسایی نانسی پیلۆسی.

بەڵگەی دەیەم
هەر لەم چوارچێوەیەدا نووسینگەکە دوو جار لەگەڵ سیناتۆری دیموکرات کریس ڤان هۆڵن ئەندامی لیژنەکانی دەرماڵە و بودجە کۆبوونەتەوە و باسیان لە کشانەوەی بەپلانی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا، پێشنیاری ناوچەی ئارام لەسەر سنوری تورکیا – سوریا، سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی سوریا و هاوکارییە مرۆییەکان کردووە.

ئەوەی جێگەی سەرنجە چاوپێکەتنەوەی نووسینگە کوردییەکەیە لەگەڵ هەردوو سیناتۆری دیار و بەهێز مارکۆ رۆبیۆی کۆماری و تیم کینی دیموکرات. یەکەمیان ئەندامی لیژنە گرنگەکانی هەواڵگری، رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و گەشەپێدانی نێودەوڵەتییە، دووەمیشیان ئەندامی هەرسێ لیژنەی هێزە چەکدارەکان، پەیوەندییە دەرەکییەکان و بودجەیە.

بەڵگەی یانزەیەم
نووسینگەکە لەگەڵ ئەندامانی لیژنەکانی وەک بودجە، دەرماڵە و خزمەتی دارایی درێژەی بە چاوپێکەوتنەکان داوە، لەوانەش سیناتۆری دیموکرات تۆم ئوداڵ و سیناتۆری کۆماری رون جۆنسن کە سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەی و کاروباری دەرەکییە.

ئامانجی چاوپێکەوتنەکانی نووسینگە کوردییەکە لەگەڵ ئەندامانی ئەم لیژنانەدا بۆ بەدەستهێنانی هاریکاری دارایی بووە بۆ دروستکردنی فڕۆکەخانەیەک لە رۆژئاوای کوردستان.

بەڵگەی دوانزەیەم
بەپێی بەڵگەنامەکان یەکێک لە ئامانجە هەرە سەرەکییەکانی نوێنەرایەتی کورد لە واشنتن، بەکارخستنی فڕۆکەخانەیەکی نێودەوڵەتییە لە رۆژئاوای کوردستان و بەردەوامیش کاری جدییان بۆ کردووە.

نوێنەرایەتی کورد لە ئەمریکا بە جددی کاریان لەسەر کۆکردنەوەی پشتیوانی ئەمریکا بۆ هێزە پارێزەرەکانی رۆژئاوای کوردستان کردووە، تاکو ئەمریکا بەردەوامبێت لە پڕچەکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات و ناردنی پشتیوانی و هاریکاری سەربازیی. لەم چوارچێوەیەشدا لەگەڵ ئەدەم شیف سەرۆکی دیموکراتەکان لە لیژنەی هەواڵگری و لە پیرانیش لەگەڵ ریک سکۆت و جۆنی ئێرنست کۆبووەوە.

لۆبی لە ناو میدیاکاندا
لە ماوەی ساڵێکدا لە سەرەتای ٢٠١٩ تاکو سەرەتای ٢٠٢٠ نوێنەرایەتی کورد لە ئەمریکا تیشکی زۆریان خستووەتە سەر ئەو کەسانەی کە کاریگەرییان لەسەر بڕیاری ئەمریکا هەیە، یان ئەو ناوەندە رۆژنامەوانیی و لێکۆڵینەوانەی کە دەتوانن کار بکەنە سەر بڕیارەکانی ئەمریکا، بەتایبەت دوای بڕیاری کشانەوەی ئەمریکا لە سوریا.

بەڵگەی سیانزەیەم
بۆ نموونە نووسینگەی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات لەم ماوەیەدا توانیویەتی پەیوەندی لەگەڵ رۆژنامەوانانی ناو کۆشکی سپیدا دروستبکات، لەوانەش لارا سلیگمان، پەیامنێری پنتاگۆن و کاروباری سەربازی لە رۆژنامەی فۆرن پۆلیسی، کە لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٩ چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ مەزڵوم کۆبانی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات ئەنجامدا و لەو رێگەیەوە کۆبانی چەند پەیام و داوایەکی ئاڕاستەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمریکا کرد.

سلیگمان پێش چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ کۆبانی لە نووسینێکدا دژایەتی کشانەوەی ئەمریکا و جێهێشتنی ناوچەکەی بۆ تورکیا کرد، ئەوە جگە لەوەی گرنگی بە رۆڵی هەسەدە دا لە رووبەڕووبوونەوەی داعش.

کورد لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا
نوێنەرایەتی رۆژئاوای کوردستان توانیویانە تاکو بەرپرسە هەرە باڵاکانی ناو وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و کەسە پەیوەندیدارەکان بە بابەتی سوریاوە بڕۆن. سەرکەوتووش بوون لەوەی بابەتی سوریا و ئامادەیی هێزەکانی سوریای دیموکرات ببنە ناو گفتوگۆکانی وەزارەتی دەرەوە.

بەپێی بەڵگەنامەکان لە کۆبوونەوەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باس لە دۆخی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات کراوە. فشارەکانی تورکیاش بووەتە هۆی ئەوەی نوێنەرایەتی کورد لە واشنتن چالاکتر ببن و لەگەڵ جیمس جێفری نێردەی ئەمریكا بۆ كاروباری سوریاو نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش کۆببنەوە.

نووسینگەکەی رۆژئاوای کورستان چەند کۆبوونەوەیەکیشیان لەگەڵ جوێل رایبورن جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکادا ئەنجامداوە.

بەڵگەی چواردەیەم
زیادبوونی ئەم چاوپێکەوتنانەی نوێنەرایەتی کورد لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، هاوکاتە لەگەڵ هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان.

کورد لە وەزارەتی بەرگری و ناوەندەکانی دیکە
نوێنەرایەتی رۆژئاوای کوردستان لە ئەمریکا جگە لە وەزارەتی دەرەوە روویان لە وەزارەتی بەرگریش کردووە.

وەک لە بەڵگەنامەکاندا هاتووە، نوێنەرایەتی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات چەند کۆبوونەوەیەکیان لە وەزارەتی بەرگری و نووسینگەی مایک پێنس جێگری پێشووی سەرۆکی ئەمریکا ئەنجامداوە.
بەڵگەی پانزەیەم

نوێنەرایەتییەکە چەند کۆبوونەیەکیشی لەگەڵ ئیلیۆت ئەنگڵی دیموکرات، سەرۆکی لیژنەی  کاروباری دەرەکی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا و ئەندامی لیژنەی وزە و بازرگانی، هەروەها لەگەڵ سیناتۆری کۆماری جەیمس ریش سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییە دەرەکییەکان لە ئەنجومەنی پیران کۆبووەتەوە.

نوێنەرانی رۆژئاوای کوردستان بەبێ ماندووبوون و وەڕسبوون، بە هەموو هێز و توانای خۆیانەوە هەوڵیان داوە زۆرترین پشتیوانی بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای کوردستان بەدەستبهێنن.

بەڵگەی شانزەیەم

بەڵگەی حەڤدەیەم

بەڵگەی هەژدەیەم

وەک لە بەڵگەنامەکاندا هاتووە بڕی تێچووی ئەو هەموو هەوڵانەی نوێنەرایەتی کورد لە واشنتن تەنها ٢٥٠ بۆ ٣٠٠ هەزار دۆلار بووە.

نوێنەرایتییەکە هەوڵیشی داوە لێدوان و هەڵوێستی نووسینگەی چاودێریی بنەڕەتیی بیانیی ئەمریکی لەسەر رۆژئاوای کوردستان وەربگرێت کە نووسینگەیەکی هەواڵگریی دارایی پەیوەست بە سزاکان و جێبەجێکردنیانە.