ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

01:36 - 28/01/2021

یەکەمین وتاری خامنەی لە 2021 دا چی تێدابوو؟‌

پەیسەر

هەرچەندە  رابەری ئێران لە یەکەم  وتاری ساڵی نوێدا  جێگەی بۆ بایدن هیشتەوە بۆ گەرانەوە بۆ رێککەوتننامە ئەتۆمییەکە و خۆی دورگرت لەباسی تۆڵەکردنەوە، بەڵام پەیامی سەرەکی خامنەی ئەوەبوو کە ئێران ناتوانێت سەبارەت بە بابەتە ئابوری، ئەمنییەکان و تەنانەت پێکوتەی کۆرۆناش پشت بە ئەمریکا ببەستێت.

عەلی خامنەی، رابەری کۆماری ئیسلامی ئێران، هەموو ساڵیک لە ساڵڕۆژی راپەڕینی "8ی کانوونی دووەم" لە قوم دژی دەسەڵاتی شا لە ساڵی 1978 وتار دەدات، قسەکانی لەسەرەتادا پیرۆز راگرتنی  ساڵیادی شۆڕشی ئیسلامیە، رابەری ئێران لەماوەی مانگێکدا "لە 8ی کانوونی دووەم بۆ 8ی شوبات" کۆمەڵێک وتار دەدات، ئەم وتارانە دەکاتە هەلێک بۆ ئاماژەکردن بە بۆچوونی خۆی سەبارەت بە روداوەکانی ئێستا بۆ گوێگرانی ناوەوە و دەرەوە. لە دەیەی رابردوودا، وتەکانی خامنەی لە ساڵڕۆژی راپەڕینی قومدا تیشک خستنەسەر ئەوەبووە کە ئێران چۆن دەتوانێت بەرامبەر بەرەی ڕۆژئاوا بوەستێتەوە و بەسەر دژوارییەکانی "سەربەخۆی نیشتیمانی"دا زاڵبێت. وتەکانی "8ی کانوونی دووەم"ی ئەمساڵ، کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناوە راستەوخۆی لە تەلەفزیۆنەوە پەخشکرا، دووبارەکردنەوەی هەمیشەی بابەتەکانی پێشوو بوو لەگەڵ ئاماژەکردن بە گۆڕانکارییە ناوخۆی و دەرەکییەکان.

ئەمریکا لە پێگەیەکی لاوازدایە
هەرکاتێک خۆپیشاندان لە ئەمریکا و ئەوروپا رووبدات، زۆربەی کات خامنەی ئەم هەلە دەقۆزێتە تاوەکو بڵێت، سیستمە سیاسیەکان و کۆمەڵگای ڕۆژئاوا شکستیان هێناوە. وەک پێشبینی دەکرا، روداوەکانی ئەم دوایەی واشنتۆنی وەک گەواهیدەری پاشەکشەی ئەمریکا لە دیموکراسی و مافی مرۆڤ دانا. " ئێوە ئەمڕۆ بارودۆخی ئەمریکا دەبینن، ئەوەی ئەمڕۆ ئەیبینن ئەوە حاڵی دیموکراسی بتە گەورەکەیە، ئەمە رسوایی هەڵبژاردنەکەیانە." ئەو ئاماژەی بەوەشکرد ئەمریکا لە ساڵی 2009 وە هەوڵدەدات شەڕی ناوخۆ لە ئێراندا دروستبکات و "ئێستا کە ساڵی 2021کە خوای گەورە ئەمەی بەسەر خۆیاندا هێناوە."

پاشان خامنەی روی دەمی کردە ئەو کەسانەی، کە لەو باوەڕەدان ئاشتی لەگەڵ ئەمریکادا، ئێران دەکاتە "بەهەشتی فراوان" و بارودۆخی ئێرانی پێش شۆڕشی ئیسلامی بەبیرهێنانەوە کە لەوکاتەدا نێوانی ئێران و ئەمریکا خۆش بووە، پێی گوتن سەیری حاڵی لاوازی ئابوری ئەمریکا "کە بە مانای واقیعی ئیفلیجە" بکەن. لە بەرامبەردا، جەختی لەوە کردەوە، ئێران بە خۆڕاگری لە بەرامبەر فشارە دەرکییەکاندا سەرکەوتنی زۆری لەم کۆتاییانەدا بەدەستهێناوە.

ئێران دەبێت پشت بە تواناکانی خۆی ببەستێت، نەک ڕۆژئاوا
خامنەی لە وتاری 23/11/2020 ئەوەی دووپاتکردەوە، ئێرانییەکان نابێت هیوایان بە یارمەتی دەرەکی یان گۆڕانی سیاسەتی وڵاتانی رۆژئاوا بێت. لەهەمەنکاتدا، فەرمانی بە بەرپرسانکرد   بۆ رووبوڕووبوونەوەی کێشەکان گرنگی بە پشتبەخۆبەستنی وڵات بدەن. لە وتارەکەی 8ی کانوونی دووەم ئەمساڵیشدا جەختی لەوە کردەوە، تاران دەبێت ئابورییەکەی بۆ هەر سیناریۆیەک "چ سزاکان هەڵوەشێنەوە و چ توندبکرێنەوە" ئامادە بکات. سەرەڕای ئەوەش، بە گوتەی خامنەی ڕێگەچارەکانی دەسەڵاتداران، هەنگاو بە هەنگاو، سزاکانیان بێ کاریگەر کردووە.

توندڕەوترین بۆچوونی خامنەی دەربارەی پشت بەخۆبەست، گومانکردن و دوو دڵی لە بەرهەم هێنانی پێکوتەکانی ئەمریکا و بەریتانیا بوو، ئاماژەی بەوەکرد ئێران پێکوتەی کۆرۆنا لەم وڵاتانە ناکڕێت، بانگەشەی ئەوەی کرد "ئەگەر ئەوان توانیبێتیان پێکوتە بەرهەم بهێنن، ئەم رسواییەی کۆرۆنا لە وڵاتەکانی خۆیاندا روی نەدەدا، ئەمانە ئەگەر شارەزان  پێکوتە بەرهەم بهێنن...خۆیان بکوتن تاوەکو هێندە مردوویان نەبێت." دواتر خامنەی باسی لەو گومانە کرد کە رەنگە رۆژئاوا لە هەوڵدا بێت بۆ "تاقیکردنەوەی پێکوتە لەسەر میللەتانی دیکە". ئەو گوتی گەشبین نییە بە بەرهەمهێنانی پێکوتەی فەرەنسیش و ئاماژەی بە پێشینەی ئەم وڵاتەکرد لە دەیەی 1990 و رسوای خوێنی "هاوردەی" فەرەنسا کە چەندین ئێرانی توشی ئایدز کردبوو، کرد و گوتی دەبێت ئێران پێکوتەی پێویست لە وڵاتانی "باوەڕپێکراو" بکڕێت یان پشت بە دروستکردنی بەرهەمهێنانی پێکوتەی ناوخۆ، کە هێشتا لە قۆناغی تاقیکردنەوەدایە، ببەستێت.

گومانە خراپەکانی خامنەی سەبارەت بە بواری  پزیشکی "کە لە وتاری نەورۆزی پارساڵێشدا لەکاتی بڵابوونەوەی کۆرۆنا بینرا" رەنگە ببێتە هۆی مردنی ژمارەیەکی نادیاری هاووڵاتیانی ئێران. چەند سەعاتێک دوای وتارەکەی، مانگی سوری ئێرانی رایگەیاند، ناردنی بارێکی 150 هەزار دۆزی پێکوتەی فایزەر بۆ ئرێان رەتکراوەتەوە.

ئەمریکا دەبێت سزاکان پێش گەرانەوە بۆ رێککەوتنە ئەتۆمیەکە هەڵگرێت
بە گوتەی خامنەی ئێران "پەلەی"ی نییە بۆ گەرانەوە بۆ رێککەوتننامەی ئەتۆمی و گوتی ئەگەر واشنتۆن سزاکان هەڵگرێت، ئێران دەگەڕێتەوە بۆ جێبەجێکردنی پەیمانەکانی سەبارەت بە رێککەوتنە ئەتۆمییەکە، بەڵام بە گوتەی خامنەی "ئەگەر هەربەمشێوەیە سزاکان بهێڵرێتەوە، گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ رێککەوتننامە ئەتۆمیەکە رەنگە زیانی بۆ ئێران هەبێت". خامنەی پێزانینی خۆی بۆ حکومەت و پەرلەمان سەبارەت بە بڕیاری "لۆجیکی و عەقڵان"یان سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی پەیماننامەی رێککەوتنە ئەتۆمیەکە لەسەرەتای هەفتە و پیتاندنی یۆرانیۆم بە ڕێژەی 20٪ دەربڕی و وتی" کاتێک لایەنی بەرامبەر پابەند نابێت بە نزیکەی هەموو بەڵێنەکانی، مانای نییە ئێران پابەندی پەیمانەکانی بێت." خامنەی ئەوەشی وەبیرهێنایەوە، ئەمریکا دەبێت هەموو زیانەکانی ئێران لە سالی 2018 و دوای دەرچوون لە ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکە لەلایەن ترەمپەوە، ببژێرێت.

ئامادەی ئێران لە ناوچەکەدا و توانا موشەکییەکانی دانوستانی لەسەر ناکرێت
خامنەی جارێکی دیکە ئەوەی دووپاتکردەوە،  هەر جۆرە رێککەوتنێک لە داهاتوودا لەگەڵ رۆژئاوا سەبارەت بە بابەتی ئەتۆمی دەبێت. بە بۆچوونی ئەو، ئەوە ئەمریکایە هەوڵ بۆ ناجێگیری ناوچەکە دەدات، لە کاتێکدا ئێران یاریکەرێکی " جێگیرکەرە" و"ئەرکێتی" دۆستەکانی لەناوچەکەدا بەهێز بکات. لەم ڕوەوە، خامنەی بەڵێنیدا کە ئامادەی ناوچەیی ئێران بڕاوەتەوە، ئامادەییە کە "پێویستە هەبێت و دەشبێت".

هەروەها، خامنەی بەرنامە موشەکی و توانا سەربازییەکانی ئێرانی بە توانای "بەرگری" وەسف کرد و بانگەشەی ئەوەی کرد، رۆژئاوا دەیەوێت ئیران وەک چەند دەیەی پێشوو "بێ بەرگری"بمێنێتەوە، تاوەکو کەسێکی وەک "سەدام حسەین بتوانێت شارەکانمان بۆمباران بکات". بە گوتەی ئەو، ئێران بە بەهێزکردنی جبەخانەی موشەکی و سیستمەکانی دیکەی، دەتوانێت بەرامبەر دوژمنەکانی بوەستێت و ناچاریان بکات لە بەرنامەکانی  خۆیاندا "ئەم توانایە بەهەند وەربگرن".

لە کۆتایدا، خامنەی سوپاسی خەڵکی ئێرانی و عێراقی کرد سەبارەت بە بەشداریکردنیان لە ساڵڕۆژی کۆژرانی  قاسم سولەیمانی، فەرماندی پێشووی سوپای قودس، و ئامادەبوونیانی وەک بزوتنەوەیەکی گەورەتر لە پشتگیریکردنی سیاسەتەکانی دەسەڵاتداران کە "گیانێکی نوێ دەکاتەوە بە بەری وڵات و میللەت". ئەو پیزانینی خۆی دەربڕی بۆ دوو کەسی دیکە کە لەم کۆتایانەدا گیانیان لە دەستدا: موحسین فەخریزادە، زانای ئەتۆم، لە هێرشێکدا لە تشرینی دووەم 2020 کوژرا، و محەمەد تەقی سەباح یەزدی، پیاوی توندڕەوی ئاینی، لە یەکەم رۆژی ساڵی نوێدا مرد، خامنەی وتی هەردوکیان میراتێکی زیندوو و بە بەها بوون و دەبێت بپارێزرێن و بمێننەوە. سەرەڕای ئەوەی خامنەی لە وتاری پێشوویدا داوای توڵەکردنەوەی خوێنی سولەیمانی و فەخریزادەی کرد، بەڵام ئەمجارەیان وتارەکەی تۆنی تۆڵەکردنەوەی پێوە نەبوو، ئەمەش رەنگە نیشانەیەک بێت بۆ چاوەڕوانی تاران لەم حکومەتە نوێیەی ئەمریکا، تاوەکو بزانێت چ سیاسەتێکی سەبارەت بە ناوچەکە هەیە و چۆن مامەڵە لەگەڵ ئێران و رێککەوتنە ئەتۆمییەکەدا دەکات.