ڕاپۆرتی کوردستانی

11:06 - 29/01/2021

کیژانی گلاریس لە چاوەڕوانی دادگایکردندان‌

پەیسەر

بە جلە کوردییە جوانەکانیان و ژەنین و گۆرانیی چڕینە سەرنجڕاکێشەکانیان نەک تەنها لەناو کوردانی رۆژهەڵات و ئێرانییەکان  ناوبانگیان دەرکردووە، بەڵكو لەدەرەوەی ئەم وڵاتەش ناسراون. وەک هەڵوێستێک بۆ هێرشکردنە سەر کوردانی رۆژئاوا، بانگهێشتی کەناڵێکی بەناوبانگی تورکیایان رەتکردەوە و لە باشوری کوردستانیش بەرنامە و کۆنسێرتی موزیک و گۆرانی گوتنیان هەبووە. کیژە کوردەکانی کرماشان و گروپەکەیان  لەلایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە بە "نەریت شکێن" تۆمەتبارکراون و لە چاوەڕوانی دادگایکردن دان.

گلاریس بە نەریت شكێن تۆمەتبار دەکرێت
 هەوڵەکانی گرووپی ژنانی گلاریس لە کرماشان تایبەتە بە بەرەوەپێشبردنی موزیکی کوردی و لە کۆنسێرتە سەرەکییەکانیاندا بە جلوبەرگی کوردەواریەوە دێنە سەر شانۆ.

رۆژی 16/1/2021، لە سەرەتادا دوو ئەندامی گرووپەکە لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە ئاگادارکرانەوە و پاش لێکۆڵینەوە بە بارمتەی یاسایی ئازادکران. پاشان، هەندێک لە ئەندامانی دیکەی گرووپەکە وەک لە هەواڵەکاندا باسکرا، بە "نەریت شكێن" ناوبراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کرا.

گرووپی گلاریس بانهگێشتی کەناڵی تەرەتەی تورکیایان رەتکردەوە وەک هەڵوێستێک بۆسەر کوردانی رۆژئاوا
رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە راپۆرتێکیدا ئاماژەی بەم دەستگیرکردنانەدا و لە راپۆرتەکەدا هاتووە "دوو گۆرانیبێژی گرووپەکە بەناوەکانی نازەنین ئاتابکی ونەسرین یەزدانی پور بە تۆمەتی "بەرێوەبردنی مەراسیمی نەریت شکێنانە" لەلایەن پۆلیسەوە ئاگادار کراونەتەوە و دەستگیرکراون، پاشان بە بارمتەی یاسای ئازادکراون."

لەراپۆرتەکەی هەنگاودا هاتووە، ئەندامانی دیکەی گرووپەکەش سەبارەت بە "نەریت شکێنی" لەلایەن پۆلیسەوە  ئاگادارکراونەتەوە و نوسراویان پێ واژۆکراوە.

گرووپی گلاریس و موزیکی رەسەنی کوردی
گرووپی کچانی گلاریس لە چەند کچە هونەرمەندێکی خەڵکی کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێکهاتووە، زیاتر لە ١٠ ساڵە دامەزراوە، جگە لە سازکردنی کۆنسێرت لە رۆژهەڵات و ناوچەکانی تر لە چەندین فێستیڤاڵی هونەرییدا بەشدارییان کردووە، گۆرانییەکانیان زۆرتر فۆلکلۆری ناوچەی کرماشان.. جوانی کارەکانیان و گرنگیدانیان بە موزیکی سونەتی کوردی، شێوازی هەڵبژاردنی گۆرانییە بەناوبانگەکان و گەنجێتی ئەندامەکانی گرووپەکە وایکرد بە خێرای ، نەک تەنها لەناو کوردانی رۆژهەڵاتدا، بەڵکو لە سەرتاسەری ئێران و دەرەوەش بەناوبانگ بن. یەکێک لە کەناڵە بەناوبانگەکانی تورکیا داوای لێکردن لەبەرنامەیەکی کەناڵەکەدا بەشداری بکەن، بەڵام لەوکاتەدا تورکیا هێرشی کردبووە سەر کوردانی رۆژئاوا و ئەمەش وایکرد، کەیهانی کەلهوڕ و گرووپی گلاریس بۆ پشتگیری لە کوردانی خۆرئاوا داواکاری کەناڵە تورکییەکە رەتبکەنەوە.

گرووپی گلاریس لە سلێمانی و باشوری کوردستانیش بەرنامە و کۆنسێرتیان پێشکەشکردووە و لەلایەن کەناڵە کوردییەکانی باشورەوە بانگهێشت کراون.

گلاریس پێکهاتووە لە  نۆ ژەنیار و گۆرانیبێژ بەناوەکانی " ئیلهام یەدزانی پور، سارا گوڵمورادی، سەمیرا فەرەحناکی، عاتیفە هلشی، فاتیمە جەلیل نەژاد، فاتیمە کەرەم جانی، مەرجان فەرەحناکی، مەلیحە مورادی و نازەنین ئاتابکی.

رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو رایگەیاند، پارساڵ، مەرجان فەرەحناکی لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەکانەوە قەدەغەی چالاکی و کارکردنی بەسەردا دراوە، ئەم گرووپە لە ئێستادا بە پێنج بۆ شەش کەسەوە بەردەوامن لە کار و چالاکییەکانیان.
تاوەکو گرووپەکە هێندە بەناوبانگ نەبوو بوون، ‌هێزە ئەمنییەکان هێندە فشاریان نەدەخستنەسەر و  تەنگیان پێهەڵندەچنین.

گلاریس لە چاوەڕوانی دادگایکردندا
خالێکی گرنگ لە تەنگپێهەڵچنینەکانی کار و چالاکی ژنانی کورد لە ئێران ئەوەیە، مەزهەبی زاڵ لە ئێراندا مەزهەبی شیعەیە و گۆرانی گوتنی ژنان بە توندی و هەستیاری و لەژێر چەپۆکی یاساکانی کۆماری ئیسلامیدا مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.

پێشتریش گرووپی "ماه بانو" بەسەرپەرشتی مەجیدی درەخشنای رووبەرووی هەمان رێگری یاسایی بوونەتەوە. لە ساڵی 2016دا، پۆلیسی ئێران سکاڵای لەسەر درەخشانی و گرووپەکەی بە تۆمەتی گۆرانی گوتنی ژنان لە ناو گرووپەکەدا تۆمارکرد، بەڵام دادگا سکاڵاکەی رەتکردەوە و لەبەرژەوەندی گرووپەکە بڕیاریدا.

ئەگەر دەستواردانی لایەنە سیاسییەکان لە دادگا نەبێت و هەنگاوەکانی ئەم سکاڵایە لەسەر گلاریس بە وردی بەرەوپێشەوە بچن، چاوەڕوان دەکرێت سکاڵا و تۆمەتەکانی سەر ئەم گرووپەش وەک گرووپی "ماه بانو" رەتبکرێتەوە و تۆمەتی نەریتشکێنیان بەسەردا ساغ نەبێتەوە.