ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

11:07 - 29/01/2021

یەکەم شازادەی جێنشینی لە مێژووی عوماندا کێیە؟‌

پەیسەر

هەیسەم بن تاریق، سوڵتانی عومان، بە واژۆکردنی فەرمانێک یاسای بنەرەتی ئەم وڵاتەی گۆڕی و بۆ یەکەمین جار لە مێژووی عوماندا، شازادەی جێنشین دیاریکرا، پۆستێک کە بۆ زی یەزن بن هەیسەم ئال سەعید، کوڕەگەورەی سوڵتان داتاشرا.

ئەم گۆرانی یاسای بنەرەتییە لە ڕۆژی 11/1/2021 راگەیەنرا و زۆر بە راشکاوانە دیاریدەکات کە " دەسەڵات لە سوڵتانەوە بۆ کوڕە گەورەکەی و لەمیشەوە بۆ کوڕە گەورەکەی دەگوازرێتەوە."

ئەم هەنگاوەی سوڵتان هەیسەم، هەنگاوێکی جیاوازە لە سیاسەتی سوڵتان قابوس، کە نە منداڵی هەبوو نە برا. قابوس لە ماوەی 50 ساڵەی سوڵتانێتیدا قەت هیچ کەسێکی بەشێوەیەکی ئاشکرا وەک شازادەی جێنشین دیاری نەکرد.

شازادەی جێنشینی عومان کێیە؟
زی یەزن بن هەیسەم ئال سەعید، تەمەنی 30 ساڵە و کوڕە گەورەی سوڵتان هەیسەمە، سەرەڕای تارادەیەک کەمی تەمەنەکەی، بەڵام خاوەن ئەزمونێکی سیاسی بەرچاوە.

شازادە بەشی زانستی سیاسی لە زانکۆی ئۆکسفۆرد تەواو کردووە و تا ساڵی 2020 کەسی دووەم"سکرتێری دووم"ی باڵوێزخانەی عومان بوو لە لەندەن.

لە گۆڕانکارییەکانی کابینەی حکومەتدا لە ئابی 2020، زی یەزن بوو بە وەزیری فەرهەنگ، وەزرش و لاوان و گەنجترین وەزیری کابینەکە بوو.

لەبوون بە وەزیریەوە، راگەیاندنەکانی عومان ئامادەبوون، وتار و دیدارەکانی شازادەیان لەگەڵ کەسایەتییە هەرێمی و جیهانیەکاندا روماڵ دەکرد، بەبڕوای زۆرێک ئەمەش سەرەتای نیشانەکانی ئامادەکاری بوو  بۆ بوون بە شازادەی جێنشین.

شازادەی جێنشین لەزاری خۆیەوە
زی یەزن بن هەیسەم لە تشرینی یەکەم 2020 و هاوکات لە ڕۆژی لاواندا لە عومان گوتی، وەزارەتەکەی هەوڵدەدات "نەوەیەک لە گەنجانی خاوەن فیکر، شیکەرەوە و داهێنەر" دروست بکات و بەڵێنیدا وەزارەتەکەی لە هەمانکاتدا " ئامادەکاری پێویست بۆ بیستینی دەنگی لاوان و بەدواداچوون بۆ تێبینییەکانیان فەرهەم بکات، تاوەکو لە داهاتوودا بەشداریکردنی واقیعیان هەبێت."

شازادە لە وتاری رۆژی ژناندا لە عەمان دەڵێت" جارێکی دیکە بەراشکاوی رایدەگەیەنین، لەناخی دڵەوە حەزدەکەین یارمەتی ژنانی عومان بدەین بۆ گەشتن بەهیواکانیان و هەوڵدەدەین تەواوی توانامان لەم بوارەدا بەکاربهێنین."

لە کۆتا مانگی 2020 دا، عومان میواندارێتی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئۆڵۆمپی ئاسیای کرد ،کە بۆ هەڵبژاردنی وڵاتی میوانداری یارییەکانی ئاسیا لە سالی 2030 کۆبوونەوەکە کرابوو. قەتەر و سعودیە رکابەرایەتیان دەکرد  بۆ میوانداریکردنی یارییەکان. ئەم کۆبوونەوەیە لەکاتێکدا کرا کە دانوستانەکان بۆ کۆتایهێنان بە ناکۆکییەکانی قەتەر و هەندێک لە وڵاتانی دراوسێی لە ئارادابوو.

زی یەزن لە وتاری ئەم کۆبوونەوەیەدا رایگەیاند" روداو و پێشبڕکێ وەرزشییەکان هۆکارێکن بۆ بڵاوکردنەوەی فەرهەنگی دۆستایەتی و لێکتێگەشتن لەنێوان دانیشتوانی ئەم کیشوەرەدا،  و دروستکردنی پایەکانی ئاشتی و دۆستایەتی لە جیهاندا."

شازادە لە زاری ئەوانی دیکەوە
لەگەڵ بوون بە وەزیری لە کابینەی حکومەتدا، سەرچاوەیەکی ئاگادار بە پێگەی کەناڵی ئەلعەرەبیەی راگەیاند، ئەم بڕیارە "نیشانەی  ئارەزووی رابەراتییەکی نوێیە بۆ بە مۆدێرکردنی حکومەت، لە هەنگاوی یەکەمدا بەشداری پێکردنی گەنجان و لە هەنگاوی دووەمیشدا دروستکردنی بازنەیەکی نزیکە لە چواردەورەکەی سوڵتان بەمەبەستی ئامادەکاری بۆ هەنگاونان لە پێشڕەوی سیاسیدا."

عەلی نەجەفی. باڵوێزی ئێران لە عومان، ڕۆژی 11ی تشرینی یەکەم ،2020 لە تویتەر نوسیوویەتی " زۆر چێژم بینی لە کۆبوونەوەم لەگەڵ زی یەزن بن هەیسەم، وەزیری فەرهەنگ، وەرزش و لاوان، هۆکاری یەکەمیش ئەوەیە کە ئەو وەزیرێکی گەنجە و پابەندی بەڵێنەکانێتی، هۆکاری دووەمیش ئەوەبوو، گفتوگۆکردن لەبارەی فەرهەنگ و هونەرەوە بەلای منەوە سەرنجڕاکێشە."

پاش دیدارەکەی زی یەزن لەگەڵ باڵوێزی ئێران، پێگەی وەتەن ئەلسەرب کە گرنگی بە جیهانی عەرەبیی دەدات، دەپرسێت "ئایا زی یەزن بن هەیسەم جێگەی یوسف بن عەلەوی، وەزیری پێشووی دەرەوەی گرتووەتوە وا وەک  نوێنەری پەیوەندییەکانی  عومان لەگەڵ ئێراندا مامەڵە دەکات؟".

ئەم پێگەیە ئاماژە بەوە دەکات، شیکەرەوە سیاسییەکان وا گومان دەبەن کە زی یەزن رەنگە جێگەی وەزیری پێشووی دەرەوە بگرێتەوە.