09:57 - 31/01/2021
ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك یه‌كه‌م په‌نجه‌ره‌ى ڕوانینى كورد
ناوه‌ڕاستى سه‌ده‌ى رابردوو له‌سه‌رده‌مى پادشایه‌تیدا له عێراق بناغه‌ى ته‌له‌فیزیۆنى كه‌ركوك دانرا، ئه‌و ته‌له‌فیزیۆنه به ته‌مه‌ن و قۆناغى دورو درێژدا تێپه‌ڕی، له‌و قۆناغانه‌ى ته‌نها یه‌ك په‌یه‌نجه‌ره هه‌بوو كورد دونیا ببینێت، ته‌له‌فیزۆنى كه‌ركوك گۆشه‌یه‌كى خۆشه‌ویست و تاقانه بوو بۆ روانینى خه‌ڵك، جگه له‌وه‌ش خزمه‌تێكى مه‌زنى به‌رهه‌مه هونه‌رییه كوردییه‌كانى كرد، ئێستاش ئه‌رشیفێكى نایاب و ده‌گمه‌نى هه‌یه كه له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ى له‌ناو چووندایه.
ته‌له‌فزیۆنی كوردی كه‌ركوك له كه‌ركوك و شاره‌كانی تری كوردستان. هه‌موو هونه‌رمه‌ندان و ڕ‌ۆشنبیرانى له شاره‌كه كۆكرده‌وه، كه‌ركوك بووه خاڵی یه‌كتر بینین و كۆكه‌ره‌وه‌ی هونه‌رمه‌ندان و نوسه‌ران و رۆشنبیران. هه‌ر له‌و ته‌له‌فزیۆنه‌وه ده‌یان و سه‌دان گۆرانی و مۆسیقای كوردی په‌خش كرا، له وه‌ختى خۆیدا تاكه كه‌ناڵ بووه‌و ركابه‌رى نه‌بووه.
ساڵی 1956 په‌خشی ته‌له‌فزیۆنی عیراق به فه‌رمی ده‌ستی به په‌خش كرد، عیراق یه‌كه‌م ده‌وڵه‌ته له ناوچه‌كه و پێش ئێران و ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بییه‌كان كه‌وت له كردنه‌وه‌و په‌خشكردنی كه‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنی. میسر ساڵی 1959 واته دوای 3 ساڵ له‌عێراق یه‌كه‌م ته‌له‌فیزیۆنی دامه‌زراندووه. به‌بۆنه‌ی كردنه‌وه‌ی كه‌ناڵی عیراق، مه‌لیك فه‌یسه‌ڵی دووه‌م مه‌لیكی عیراق وتارێكی خوێنده‌وه. كه‌ناڵی عێراق ته‌كنه‌لۆژیاكه‌ی ئه‌ڵمانی بوو، یه‌كه‌م ته‌له‌فیزیۆنی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باكوری ئه‌فریقایه و عه‌دنان نعێمی یه‌كه‌م به‌ڕێوه‌به‌ری بوو.
ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك كه‌ی دامه‌زرا؟
له‌دوای دامه‌زراندنی ته‌له‌فزیۆنی به‌غدا ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك یه‌كه‌م ته‌له‌فزیۆن بوو له‌سه‌ر ئاستی شاره‌كانی عیراق و ته‌نانه‌ت پێش هه‌ندێك وڵاتانی ناوچه‌كه‌ش كه‌وت له په‌خشكردندا وه‌ك به‌حره‌ین و چه‌ند وڵاتێكی تری كه‌نداو. ساڵی 1967 تاهیر یه‌حیا سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق سه‌ردانی كه‌ركوكی كرد، له‌و سه‌ردانه‌یدا بریاری دامه‌زراندنی ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك ده‌دات. سه‌ره‌تا كوردی تیا نه‌بوو، له 17-7-1969 په‌خشی كوردی له ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك كرایه‌وه.
پێشتر ته‌نها رادیۆی به‌غدا به‌شی كوردی هه‌بوو ئه‌و رادیۆیه‌ش په‌خشه‌كه‌ی چه‌ند كاتژمێرێك بوو، به هه‌زار حاڵ و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئارێڵ ده‌گه‌یشته هه‌ندێ شوێن. ته‌نانه‌ت له كفریش كه له به‌غداوه نزیكتره رادیۆكه‌ی وه‌رنه‌ده‌گرت، یه‌كێك له شاعیرانی كفری كه ناوی ( قادر میر ئاخوڕ – موخلیس) بوو ئه‌م هۆنراوه‌یه‌كی وتووه له‌سه‌ر رادیۆی كوردی به‌غدا:
( مودیری ئیزاعه‌ی كوردی له به‌غداد
من زۆر ئه‌دوێم تۆ ئه‌كه‌ی عیناد
ده‌نگی محه‌ته‌ی كوردی خه‌فیفه
ده‌نگی ده‌رناچێ یه‌كجار زه‌عیفه
ئه‌نوسم بۆ تۆ ئه‌مه لاف نی یه
بۆچی محه‌ته‌ی كوردی صاف نییه
ئه‌گه‌ر محه‌ته‌ی كوردی صاف نه‌كه‌ن
ئه‌بێ ته‌ركی كه‌ن ده‌ها لاف نه‌كه‌ن).
ته‌له‌فزیۆنی كوردی كه‌ركوك خاوه‌ن مێژووییه‌كی دێرین و ئه‌رشیفێكی ئێجگار به‌نرخ و گه‌وره‌یه له‌بواری هونه‌رو گۆرانی و مۆسیقا‌و دراما‌و رۆشنبیری‌دا، جگه له به‌رنامه كوردییه‌كانی به‌شێك له به‌رنامه‌كانی تری به ئاماده‌كراوی پێش وه‌خت له ته‌له‌فزیۆنی به‌غداوه ده‌هاتن له كه‌ركوك په‌خش ده‌كران. له‌سه‌ره‌تای ساڵی 1968وه په‌خشی هه‌واڵه‌كان به زمانی كوردی ده‌ستی پێكرد. له‌پاڵ په‌خشی كوردیدا، ڕۆژانه یه‌ك كاتژمێر به‌زمانی توركمانی و نیو كاتژمێر به‌زمانی سریانی په‌خش ده‌كرا.
سەرەتا پەخشی کوردی ١٥ خولەک بووە
ماوه‌ی په‌خشی كوردی به‌چه‌ند قۆناغێك زیادیكردووه ساڵی 1969 سه‌ره‌تا ١٥ خولەک بوو" دوایی بوه بیست خوله‌ك" ساڵی 1972 كرایه 40 خوله‌ك. له1/6/ 1974 كه‌ناڵێكی تایبه‌ت به كوردی كرایه‌وه. كه په‌خشه‌كه‌ی له‌كاتژمێر 5ی ئێواره‌وه تا 12ى شه‌و به‌رده‌وام بوو.
په‌خشی كوردی ته‌له‌فیزیۆنه‌كه ده‌گه‌یشته سه‌رتاسه‌ری كوردستان سلێمانی، هه‌ڵه‌بجه، هولێر، دهۆك و هه‌ندێك شار‌و شارۆچكه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، ئیتر ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك بووه ته‌له‌فزیۆنێكی هه‌رێمی. له‌سه‌ره‌تادا به‌رنامه‌كانی ئه‌و ته‌له‌فزیۆنه هه‌ر ئه‌و به‌رنامانه بوون، كه له ته‌له‌فزیۆنی به‌غداوه په‌خش ده‌كران، بۆ رۆژی دووه‌م به تۆماركراوی ده‌گه‌یشتنه كه‌ركوك. به‌رنامه‌یه‌ك هه‌بوو به‌ناوی (أنغام من الشمال: ئاوازگه‌لێك له باكوره‌وه) كه هونه‌رمه‌ندان جه‌مال جه‌لال و ژیان ئه‌حمه‌د(دكتۆره به‌ڵقیس) پێشكه‌شیان ده‌كرد.
ته‌له‌فزیۆنى كه‌ركوك بۆ منداڵانیش په‌نجه‌ره‌یه‌كى خنجیلانه‌بووه، منداڵان بۆ ته‌ماشاكردنی ده‌چوونه ئه‌و چایخانانه‌ی ته‌له‌فزیۆنی تێدابوو، بۆ ته‌ماشاكردنی فیلمی كارتۆن به پێنج فلس ده‌چوونه ریزی پێشه‌وه داده‌نیشتن، ئیتر چایخانه‌ی گه‌ڕه‌كه‌كان جمه‌ی ده‌هات له منداڵان. كاتێك كه ته‌له‌فزیۆن زۆربوون له‌ماڵان، دراما میسرییه‌كان خه‌ڵكیان فێری زمانی عه‌ره‌بی میسری كرد به تایبه‌ت ژنان.
وه‌ك ئاشكرایه سه‌ره‌تا په‌خشی ته‌له‌فزیۆنی ره‌ش و سپی بوو، له‌مانگی چواری ساڵی 1980 بینایه‌كی گه‌وره بۆ كه‌ناڵی كوردی له‌ناو جه‌رگه‌ی شاری كه‌ركوك دروستكرا دواى 12 ساڵ ته‌له‌فۆزینه‌كه هه‌نگاوێكى جیاوازترى نا و خۆى ره‌نگكرد. ئیدی له‌وێوه ده‌ست به په‌خشی ره‌نگاوڕه‌نگ كرا و شوێنی ته‌له‌فزیۆنی ره‌ش و سپی گرته‌وه.
یه‌كه‌مین گۆرانی كه له په‌خشى ره‌نگاو ره‌نگى ته‌له‌فیزیۆنه‌كه‌وه په‌خشكراوه، گۆرانییه‌كی( كه‌ریم خه‌مزه‌یی) بوو به‌ناوی (هه‌ی زێنێ) كه هونه‌رمه‌ند ناسر حه‌سه‌ن له ئاهه‌نگ و سه‌یرانێكی زانكۆی سلێمانی له‌ناوچه‌ی ده‌ربه‌ندیخان تۆماری كردبوو.
هه‌رچه‌نده ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك، به ئازادی و به ره‌هایی له خزمه‌تی گه‌لی كورد نه‌بووه. به‌ڵام له‌ماوه‌ی 40 ساڵی كاركردنیدا به‌شێوه‌یه‌كی گشتی خزمه‌تێكی به‌رچاوی به هونه‌رو كلتوری كوردی كردووه. یه‌كه‌م كه‌ناڵی راگه‌یاندنی بینراوی كوردییه له‌مێژوودا. تاقه په‌نجه‌ره‌یه‌ك بوو بۆ نیشاندانی به‌رهه‌م و چالاكی هونه‌ری و رۆشنبیری و سه‌دان گۆرانی و مۆسیقا و ده‌یان دراما و زنجیره و به‌رنامه‌ی هه‌مه‌جۆری بۆ نوسه‌ران و هونه‌رمه‌ندانی كورد كه له‌و ته‌له‌فزیۆنه‌وه تۆمار و په‌خشكراوه.
به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌كانی هونه‌رمه‌نده ره‌سه‌نه‌كانی كورد( عه‌لی مه‌ردان، شه‌ماڵ سائیب، حوسێن عه‌لی، حه‌مه‌جه‌زا، سه‌ڵاح داوده، ئیبراهیم خه‌یات، فوئاد ئه‌حمه‌د، ته‌حسین ته‌ها، عه‌باس محه‌مه‌د، كه‌ریم كابان، شه‌وكه‌ت ره‌شید، قادر مه‌ردان، حه‌سه‌ن گه‌رمیانی، گوڵبه‌هار و قادر كابان، عوسمان عه‌لی، قادر زیره‌ك، ره‌سول گه‌ردی، حه‌مه‌قوتو، عه‌دنان كه‌ریم).
به‌رهه‌مه‌كانی تیپی مۆسیقای سلێمانی، تیپی مۆسیقای هه‌ولێر، تیپی مۆسیقای كه‌ركوك، تیپی مۆسیقای باواجی كۆیه، تیپی مۆسیقای دهۆك و ده‌یان و سه‌دان به‌رنامه‌ی رۆشنبیری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاینی و كه‌له‌پوری به‌زمانی شیرینی كوردی له ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوكه‌وه په‌خشده‌كرا.
پێشكه‌شكار و به‌رنامه‌كان
هاشم جه‌باری، راگه‌یاندنكار و یه‌كه‌مین بێژه‌ری ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك بوو. كه له‌شه‌وی 1-9-1969 هه‌واڵه‌كانی خوێندۆته‌وه. ساڵانه‌ش به‌رنامه‌ی تایبه‌ت به جه‌ژنی نه‌ورۆزی پێشكه‌ش كردووه. یه‌كه‌مین ئافره‌ته بێژه‌ری كورد له ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك ( نه‌سرین مه‌حمود ) كه له 1973 ده‌ستبه‌كاربوو.
له‌سه‌ره‌تادا چه‌ند به‌رنامه‌یه‌كی كوردی له به‌غداو له كه‌ركوكیش تۆمارده‌كران، به‌تایبه‌تیش به‌رنامه‌ی یه‌كێتی نوسه‌رانی كورد كه نوسه‌ر و رۆژنامه‌نوس مسته‌فا ساڵح كه‌ریم، پێشكه‌شی ده‌كرد و دیداری له‌گه‌ڵ زۆرینه‌ی نوسه‌ران و شاعیران‌دا ده‌كرد.
باشترین به‌رنامه‌ش كه له ساڵانی هه‌شتاكاندا پێشكه‌ش ده‌كران به‌رنامه‌ی (هونه‌رمه‌ندی هه‌فته) بوو له ئاماده‌و پێشكه‌شكردنی (دڵپاك تاهیر). به‌رنامه‌ی (ره‌نگاو ره‌نگ) كه له ئاماده‌كردنی هاشم جه‌باری و پێشكه‌شكردنی ( په‌روین مه‌حمود). هه‌ریه‌ك له ( هه‌رده‌وێڵ كاكه‌یی) و ( ئه‌سعه‌د عه‌دۆ) به‌رنامه‌ی تایبه‌ت به كه‌له‌پورو فۆلكلۆری كوردی‌یان پێشكه‌ش ده‌كرد.
به‌رنامه‌ی (لادێی نوێ) هونه‌رمه‌ند ناسر حه‌سه‌ن له‌به‌غدا تۆماری ده‌كردو (شه‌ونم خان) پێشكه‌شی ده‌كرد. وه هونه‌رمه‌ند ( شه‌وكه‌ت ره‌شید) به‌رنامه‌ی ئاره‌زوومه‌ندانی پێشكه‌ش ده‌كرد. (ره‌زا شوان) به‌رنامه‌ی چیرۆكی منداڵانی پێشكه‌ش ده‌كرد.
له‌مێژووی ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك دا(هونه‌رمه‌ندان سه‌ڵام داوده و فایه‌ق داوده) یه‌كه‌م تیپی هونه‌ری میللی كوردی بوون له ته‌له‌فزیۆن به ڕه‌ش و سپی چه‌ند گۆرانییه‌كیان تۆماركرد. وه تیپی مۆسیقای سۆلاڤی كه‌ركوك ساڵی 1969 یه‌كه‌مین ئاهه‌نگی راسته‌وخۆیان له‌و ته‌له‌فزیۆنه سازكردووه.
گۆرانی ( ئێمه گیانێكین)ی هونه‌رمه‌ند ئیبراهیم خه‌یات
سه‌رده‌می زێڕینی دراما‌و زنجیره
دراما‌و زنجیره‌و شانۆ له‌ساڵانی حه‌فتاكان سه‌رده‌می زێڕینی بوو باشترین به‌رهه هونه‌رییه‌كان هی ئه‌وكاته‌یه له ته‌له‌فیزیۆنیی كه‌ركوكه‌وه پێشكه‌ش ده‌كران. هه‌ر له‌و ته‌له‌فزیۆنه‌وه عه‌لیه فه‌نی و ئه‌حمه‌د سالار وعومه‌ر چاوشین ده‌ركه‌وتن، له‌بواری دراما و نواندن( جه‌نابی موفه‌تیش، مامه خه‌مه (مه‌ره‌زه) ژاڵه، هه‌بوو نه‌بوو، گه‌ڕه‌كه‌كه‌مان، ژن به ژن، باوه‌ژن خوا بناسه، به‌قه‌ده‌ر به‌ره‌كه‌ت پێ راكێشه، خوله چه‌خماخه، لاس و خه‌زاڵ، تاپۆ حه‌قی چیه، هه‌بوو نه‌بوو، كار‌و دراماكانی عه‌لی ئه‌فه‌ندی، ئه‌حمه‌د سالار، جه‌لیل زه‌نگه‌نه، ناسر حه‌سه‌ن، جیهاد دڵپاك، گه‌زیزه و عومه‌ر چاوشین و ده‌یان هونه‌رمه‌ندی بواری دراما وشانۆ له‌سه‌رجه‌م شاره‌كانی كوردستان له‌و شایه‌وه ده‌ركه‌وت و ناسران. خه‌ڵكیش به‌تامه‌زرۆییه‌وه ته‌ماشای ئه‌و دراما‌و ته‌مسیلیانه‌وه داده‌نیشتن.
هونه‌رمه‌ند عه‌لیه فه‌ندی ناوی ته‌واوی حاجی مه‌كی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ی له ساڵانی حه‌فتاكان و هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو له‌شاشه‌ی ته‌له‌ڤیزیۆنی كه‌ركوكه‌وه بووه هونه‌رمه‌ندێكی دیاری سه‌رده‌مه‌كه‌ی خۆی. هه‌ر له شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوكه‌وه هونه‌رمه‌ندی بواری شانۆ و دراما عومه‌ر چاوشین ناوبانگی په‌یداكرد، كه بۆیه‌كه‌م جار ده‌وری ژنی بینی له‌دراما و ته‌مسیلی كوردی.
له ساڵانی هه‌شتاكان له‌ڕێگه‌ی ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوكه‌وه هونه‌رمه‌ند (زوله‌یخا) ده‌ركه‌وت كه یه‌كێ بوو له به‌ندبێژه به‌تواناكان. ئه‌و گۆرانی بێژێكی میللی بوو له‌زه‌ماوه‌نده‌كان كۆڕی شایی و هه‌ڵپه‌ركێی ساز ده‌كرد و گۆرانی فۆلكلۆری ده‌گوت، ئه‌و ده‌میش به‌لای زۆر كه‌سه‌وه مایه‌ی سه‌رسوڕمان بوو ئافره‌تێك له‌و ته‌مه‌نه به‌جلوبه‌رگی كوردییه‌وه ده‌هاته سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆن و به‌ندی ده‌گوت.
هونه‌رمه‌ند زلیخا، ساڵی 1989 به‌رنامه‌ی له‌كه‌له‌پووره‌وه
ئه‌رشیفی سی ساڵی ته‌له‌فزیۆنه‌كه
ئه‌رشیفی ته‌له‌فزیۆنه‌كه بریتیه له 1263 شریتی ره‌ش و سپی و زیاتر له 400 شریتی ره‌نگاو ره‌نگ، هه‌موو بابه‌ته‌كانی مێژووی ته‌له‌فزیۆنه‌كه له خۆده‌گرێت. (754) گۆرانی ره‌ش و سپی (944) گۆرانی ره‌نگاوره‌نگ، (105) ته‌مسیل و دراما. ده‌یه‌ها مۆسیقا و هه‌ڵپه‌ڕكێ و ئۆپه‌رێتی منداڵان و به‌رنامه‌كان. بۆ پاراستنی ئه‌و ئه‌رشیفه گرنگه، ڤیدیۆییه‌كی دوو ئینج پێویسته، چونكه له‌ئێستادا ئه‌و ڤیدیۆیه نه‌ماوه، ده‌بێ كۆمپانیایه‌ك یان حكومه‌ت ئه‌و كاره بكات بۆ پاراستنی ئه‌رشیفه‌كه. هه‌وڵ هه‌بووه بۆ بردنی ئه‌رشیفه‌كان بۆ به‌غدا. ئه‌رشیفی زیاتر له سی ساڵی یه‌كه‌م ته‌له‌فزیۆنی كوردی له كه‌ركوك له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ناوچووندایه.
سه‌رچاوه:
1-چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ (هاشم جه‌باری) یه‌كه‌مین بێژه‌ری ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك
2- جارانی كه‌ركوك: زاهیر شكور