ڕاپۆرتی کوردستانی

03:24 - 31/01/2021

رۆژئاوای کوردستان بە گەمارۆ رژێمی سوریای شەکەت کردووە‌

پەیسەر

رۆژئاوای کوردستان لە وەڵامی گەمارۆکانی سەر ناوچە کوردییەکان لەلایەن دیمەشقەوە، دەستی بە گەماری قورس کردووە بۆ سەر هێزە ئەمنییەکانی سوریا لە حەسەکە و قامشلی، ئەمڕۆش دۆخە تەقییەوە و کوژراو و برینداری لێکەوتەوە. روسەکانیش هەوڵی نێوەندگیری دەدەن و هۆشداریش بە دیمەشق دەدەن کە کورد کارتی کەمەرشکێنی لەدەستدایە و دەتوانن ئابووریی سوریا وێران بکەن.

تەقینەوەی دۆخەکە
ئەمڕۆ لە شاری حەسەکە گرژی و شەڕ روویدا و لە ئەنجامدا کوژراو و برینداری لێکەوتەوە. هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی شاری حەسەکە کە سەر بە خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای کوردستان لەگەڵ هێزەکانی حکومەتی سوریا یەکتر بە کوشتن و بریندارکردنی هاوڵاتیان تۆمەتبار دەکەن.

روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاندووە، ئەمڕۆ یەکشەممە ٣١ی کانونی دووەمی ٢٠٢١، لە چوارگۆشەی ئەمنیی شاری حەسەکە کە لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی رژێمی سوریادایە، خۆپیشاندانێک بە پشتیوانی حکومەت و بە ئاڵای سوریا و وێنەکانی بەشار ئەسەدەوە ئەنجام دراوە.

خۆپیشاندەران دژی ئاسایشی خۆبەڕێوەبەری گردبوونەتەوە و داوای کۆتایهێنان بەو گەمارۆیەیان کردووە کە لەلایەن ئاسایشی رۆژئاوای کوردستانەوە خراوەتەوە سەر ناوچەکانیان.

دوای ماوەیەک لە خۆپیشاندانەکان گرژی و ئاڵۆزی دروستبووە و کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە.

ئاسایش؛ سوریا تەقەی کردووە
میدیاکانی نزیک لە هێزەکانی سوریای دیموکرات و خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای کوردستان رایانگەیاندووە، "میلیشیاکانی سوریا تەقەیان لە لەمپەرە ئەمنییەکانی ئاسایش لە گەڕەکی مەرشو لە شاری حەسەکە کردووە ."

ئاماژە بەوەش کراوە، لە سەرەتادا هێزەکانی ئاسایش دانیان بە خۆیاندا گرتووە و وەڵامی هێرشەکانیان نەداوەتەوە.

سوریا؛ ئاسایش تەقەی کردووە
ئاژانسی هەواڵی سوریا (سانا)ی سەر بە حکومەتی سوریاش ئاسایش بە تەقەکردن، کوشتن و بریندارکردنی خۆپیشاندەران تۆمەتبار دەکات.

لە هەواڵێکی ئاژانسەکەدا هاتووە، ئەمڕۆ دانیشتوانی حەسەکە دژی گەمارۆی هێزەکانی هەسەدە بۆ سەر ناوەندی شارەکە خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتییان ئەنجام داوە، هێزەکانی ئاسایش تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردووە و لە ئەنجامدا هاوڵاتییەکی مەدەنی کوژراوە و چواری دیکەش بریندار بوو.

ئاژانسەکە ئەوەشی بڵاوکردووەتەوە کە، هێزەکانی ئاسایش لەمپەری زیاتریان دروستکردووە، هێزی زیاتریان هێناوە و چەند هاوڵاتییەکیشیان رفاندووە.

روانگەی سوری: کەسێک کوژراوە
رونگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ دەربارەی ئاڵۆزییەکان رایگەیاندووە، لە ئەنجامی تەقە لە دژی خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆی شاری حەسەکەدا، کەسێک کوژراوە و سێ کەسی دیکەش بریندار بووە، بەڵام تاکو ئێستا دیار نییە کوژراوەکە سەر بە هێزەکانی رژێمی سوریایە یان خۆپیشاندەرە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، خۆپیشاندانەکە لە بەردەم کۆشکی پزیشکیدا بووە لە چوارچێوەی چوارگۆشەی ئەمنی لە شاری حەسەکە، ئامانجی خۆپیشاندانە دژایەتیکردنی گەمارۆی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوا بووە بۆ سەر بەشێک لە شارەکە و ناوچەکانی دیکەی قامشلی کە لەژێر دەستی رژێمی سوریادان.

گەمارۆی سەر یەکتر
ریشەی خۆپیشاندانەکە گەورەترە لە گەمارۆی سەر شارەکە. خۆبەرێوەبەری رۆژئاوا لە ئەنجامی فشار و گەمارۆکانی رژێمی سوریا بۆ سەر ناوچە کوردییەکان ئەم کارەی ئەنجامداوە.

ماوەی چەند مانگێکە هێزەکانی رژێمی سوریا گەمارۆی خستووەتە سەر گەڕەک و ناوچە کوردییەکان لە سارەکانی سوریا.

رژێمی سوریا ماوەیەکی زۆرە گەمارۆی خستووەتە سەر ناوچەی کوردنشینی شەهبا لە باکوری حەلەب، فافین و موسلەمیە لە دەورووبەری حەلەب و گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە لە شاری حەلەب.

ماوەی چەند مانگێکە، رژێمی سوریا رێگا بە هێنان و بردنە دەرەوەی کەلوپولی پزیشکی، خۆراک و سوتەمەنی لەم ناوچە کوردییانە نادات.

هێزەکانی سوریا هەر بەوەوە نەوەستاون و باج و سەرانە لە کەسانەوە وەردەگرن کە هەوڵی هێنان و بردنی کەلوپەل و خۆراک بۆ ئەم ناوچانە دەدەن.

وەڵامی گەمارۆ بە گەمارۆ
دوای ئەوەی رژێمی سوریا بەردەوام بوو لە گەمارۆخستنە سەر ناوچە کوردییەکانی حەلەب، خۆبەرێوەبەری رۆژئاوای کوردستانیش بە هەمان چەک و رێگا وەڵامی رژێمی سوریای دایەوە.

ماوەی نزیکەی ٢١ رۆژە گەمارۆ خستووەتە سەر بەشێک لە ناوچەکانی شاری حەسەکە و قامشلی کە لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی رژێمی سوریادان.

ئامانجی خۆبەرێوەبەری رۆژئاوا فشار خستنە سەر دیمەشقە تاکو گەمارۆی سەر ناوچە کوردنشینەکان هەڵبگرێت.

ئاسایشی رۆژئاوای کوردستان بەپێچەوانەی رێمی سوریا رێگا بە دانیشتوانی ئەو ناوچانە دەدات کە گەمارۆی داون، تاکو پێداویستییەکانیان دابین بکەن و رێگای چوون و هاتنیانی لێنەگرتوون، تەنها رێگای لەوە گرتووە کە ئەو کەلوپەلانە بە دەستی هێزەکانی سوریا بگەن.

جیاوازی گەمارۆکانی سەر قامشلی و حەسەکە
روانگەی سوری لە راپۆرتێکیدا باسی لە جیاوازی گەمارۆکانی سەر قامشڵی و حەسەکەی کردووە لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی رۆژئاوای کوردستانەوە.

لە شاری حەسەکە زۆربەی هێزەکانی رژێمی سوریا لە ناوچەکەی جوگرافی بچوکدان کە ناوچەی "چوارگۆشەی ئەمنی"یە، هێزەکانی سوریا لە چەند ناوچەیەکی دیکەی شارەکەشدا هەن، بەڵام لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی رۆژئاواوە گەمارۆ دراون.

لە شاری قامشلی دۆخەکە جیاوازە، هێزەکانی سوریا لە گەڕەکەکانی حلکۆ و تەی، فرۆکەخانە، نەخۆشخانەی نیشتمانی، ناوچەی پشتەوەی سکە، چوارگۆشەی ئەمنی و چەند گەڕەکێکی دیکەدا هەن.

هێزەکانی سوریا لە هەموو ئەم ناوچانەشدا دەسەڵاتی تەواویان نییە، بۆ نموونە گەڕەکەکانی حلکۆ و تەی، رێگای فڕۆکەخانە و چەند ناوچەیەکی دیکە بە هاوبەشی لەنێوان ئاسایشی رۆژئاوا و رژێمی سوریا بەڕێوەدەبرێن.

لە شاری قامشلی ئاسایشی رۆژئاوا تەنها گەرمارۆی خستووەتە سەر هێزە ئەمنییەکان، بەڵام هاوڵاتیانی ئەم ناوچانە دەتوانن بە ئازادی هاتوچۆ بکەن و ژیانی ئاسایی خۆیان بکەن.

لە هەردوو شاری حەسەکە و قامشلی هێزەکانی ئاسایشی رۆژئاوای کوردستان بە وردییەوە مامەڵە لەگەڵ جوڵەی هاوڵاتیانیش دەکەن، چونکە دەیانەوێت رێگر بن لەوەی لە ریگای خەڵکەوە کەلوپەل و پێداویستی بە هێزەکانی رژێمی سوریا بگات.

روسیا هۆشداری بە دیمەشق داوە
لە چەند رۆژی رابردوودا بەرپرسانی روسیا هۆشدارییان بە بەرپرسانی سوریا داوە کە دەست لە گەمارۆی سەر ناوچە کوردییەکان هەڵبگرن، ئەگەر نا کوردەکان کارتی بەهێزیان هەیە و لە ئەگەری بەکارهێنانیدا زیان لە ئابووریی سوریا دەدەن.

روسەکان بە سورییەکانیان وتووە، ئەگەر رژێمی سوریا دەست لە گەمارۆی سەر ناوچە کوردییەکان هەڵنەگرێت و هێزەکانی نەکشێنێتەوە لە ناوچە کوردییەکان، ئەگەر هەیە کوردیش نەوت رەوانەی ناوچە سورییانی ژیر دەستی رژێم نەکەن و تەنانەت دەست لە مامەڵەکردن بە لیرەی سوریش هەڵبگرن، ئەمەش کارتێکی کەمەرشکێن دەبێت بۆ ئابووریی سوریا، بەتایبەت کە بەهای لیرەی سوری بۆ خراپترین ئاستی لە مێژووی خۆیدا دابەزیوە.