ڕاپۆرتی کوردستانی

11:43 - 01/02/2021

یەكی شوبات و هەوێنی یەكڕزیی نێوان یەكێتی و پارتی‌

پەیسەر

لە یەكەم رۆژی جەژنی قوربانی 17 ساڵ پێش لە ئێستا دا و  لە 1ی شوباتی 2004 دا ھەردوو بارەگای لقی 2ی پارتی دیموكراتی كوردستان و مەڵبەندی 3ی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە رێگەی تەقینەوەی خۆكوژییەوە كرانە ئامانج و چەندین قوربانی لێكەوتەوەو بەرەبەیانی ئەو رۆژە بووە ڕۆژێكی پر لە ماتەم بۆ زۆرینەی كوردستانیان و بگرە جیهانیش، چوون كارەساتی لەو جۆرە جگە لەوەی نامۆ بوو بە گەلی كورد لە هەمان كاتدا لە رۆژێكدا ئەنجامدران كە خەڵك لە پێشوازی جەژنێكی موسڵماناندا بوو، كە خودی جەژن لە كەلتووری ئیسلامی و كوردەواریش دا بۆنەیەكی پیرۆزەو تیایدا ئەگەر ناكۆكی و ناتەباییەكیش هەبێت لەبیری دەكەن و گەردنی یەكتری ئازاد دەكەن .

پلانێكی ورد:
دیاریكردنی كات و شوێنی تەقینەوەكان كۆمەڵێك پلانی وردی لە پشتەوە بووە لەوانەش، بە ئامانجگرتنی دوو بارەگای سەرەكی دوو پارتی دەسەڵاتداریی هەرێمی كوردستان، هەر یەك لە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان بوون، چوون تا ئەو كاتەش ئەو دوو حیزبە زۆربەی جومگەكانی هەرێمی كوردستانیان بەدەستەوەبوو، بەئامانج گرتنی هەر دوو بارەگای (لقی 2) ی پارتی و (مەڵبەندی 3)ی یەكێتی مانای ئەوە بوو كە پلاندانەرانی ئەو كارە ئامانجیان لێدانی ئەو دەسەڵاتە بووە لە هەرێمی كوردستان، نەك تەنها لایەنێك، بۆیە هیچ لایەكی بەركەوتەی ئەو پلانە بە پێچەوانەی پێشوویانەوە یەكترییان تاوانبار نەكردو كۆك بوون لەسەر ئەوەی دوژمنی هاوبەشیان ئەو كارەیان ئەنجام داوە.

پایتەختی هەرێم:
دیاریكردنی شوێنی تەقینەوەكە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستانەو بەو پێیەش زۆرینەی چاوەكان لەسەر پایتەختەكانە، هێندەی تر پلانەكە وردتر دەكاتەوە، بەو پێیەی دوای پرۆسەی ئازادی عێراق كە هێشتا ساڵێك نەبوو پرۆسەی ئازادی عێراق لە 4نیسانی2003 كۆتایی هاتبوو، پەیكەرەكەی سەدام حسین هێنرابوویە خوارەوە، نائارامییەكان لە سەرجەم عێراقدا لەپەرەسەندندا بوون، بەعسییەكان نەیاندەویست تەسلیمی چارەنووسی خۆیان ببن و جاری مەرگی خۆیان بدەن، باڵی نەیارەكانی ئەمەریكاش بە شێعەو سونەوە لەپەرەسەندندا بوون، ئالەو كاتانەدا زۆرینەی چاوەكان لەسەر هەرێمی كوردستان بەگشتی و هەولێری پایتەخت بوو بە تایبەتی، هەر بۆیە پەیامی ئەو تەقینەوانە زۆر توند بوو، دەنگدانەوەكەشی ئەوەندە گەورە بوو كە بووە مانشێتی زۆرینەی رۆژنامە جیهانییەكان. لەو رۆژە بە دواوە دەبوو هێزە ئەمنیەكان خۆیان كۆبكەنەوەو بەجۆرێكی دیكە مامەڵە بكەن و دەروازەكانی داخڵ بوونی هەرێم توند تر بكەنەوەو لەناوخۆشدا چاوەكانیان تیژتر بكەنەوە.

یەكەم رۆژی جەژنی قوربان:
كاتێك خەڵكی ھەرێمی كوردستان سەرقاڵی جەژنە پیرۆزە و گەردەن ئازایی بوون و دڵخۆش بوون بە بەرقراربوونی ئاشتی و رێكخستنەوە ئیدارەی ھەرێمی كوردستان(هەرچەندە تائێستاش شوێنەوارەكانی بەقورسی دیارە)، لەلایەن گرووپێكی خۆكوژییەوە دوو تەقینەوە لە بارەگاكانی مەڵبەندی 3ی یەكێتی و لقی 2ی پارتی لە ھەولێر ئەنجامدران، كە بووە ھۆی شەھیدبوونی 103 كەس لەناویاندا ژمارەیەك سەركردە و بەرپرسی باڵای حكومیی و حزبی بوون و ژمارەیەك كەسی دیكەش برینداربوون هەڵبژاردنی ئەو رۆژە چەند لایەنێكی هەیە كە پێدەچێت زۆر بە وردی بەرنامەو پلانی بۆ دانرابێت، ئەویش ئەوەیە لەو رۆژەدا پشكنین بۆ هیچ میوانێك ناكرێت و هەرچی بێت دەتوانێت لەناو خەڵكدابچێتە بارەگاكانەوە (بە پێچەوانەی رۆژانی ئاساییەوە) ، لە هەمان كاتدا وەك نەریتێكی كۆمەڵایەتی جگە لە بەرپرسی راستەوخۆی بارەگاكان و ئەندامانی باڵای (لق و مەڵەبەند) چەندین بەرپرسی دیكەش ئامادە دەبن، كە لەرۆژانی دیكەدا ئەو كارە ئەستەمەو هەریەك لە شوێنی خۆی دەبێت و بەو شێوەیە كۆنابنەوە.

تۆڵەی هێرشەكان:
هەرچەندە هیچ مەبەستێك لەم دەربرینەدا نییە بۆ ئەوەی پاساو بێت بۆ هێرشێكی لەو جۆرە و هیچ پاساوێك هەڵناگرێت كە ئەو كارانە تیرۆرستین و تەنها دژی ئەو دوو لایەنە نیە كە كراونەتە ئامانج بەڵكو كێشەی دیكەشی بۆ حیزبە ئیسلامیەكانی دیكەش دروستكردو دەبوو تا ماوەیەكی زۆریش پاساو بۆهەڵوێستی خۆیان بهێینەوە و خۆیان بەری بكەن لەو كارە پڕ لە توندو تیژییانە، بەڵام ئەوەی كە شرۆڤەكاران باسی دەكەن ئەو كارە لە تۆڵەی شەڕەكانی ناوچەی هەوراماندا بووە ، كە بە مووشەكی ئاراستەكراو لە لایەن ئەمەریكاوە ئاراستەیان كراو سەرجەم بارەگاو پێگەی ئەنسارولئیسلامیان هەڵتەكاند، تەقینەوەكانی 1 شوباتیش بۆ تۆڵەكردنەوە بووە لە یەكێتی و پارتی كە ڕۆڵیان هەبووە لەو هێرشانەی سەریان .

تەگەرە دروستكردن:
لە دوای 1993 شەری ناوخۆ لە نێوان یەكێتی و پارتی لە باشووری كوردستان پێی نایە قۆناغێكی مەترسیداری گەورەوە، تا 1997 درێژەی كێشا، هەرچەندە لەدوای 1997 ەوە ئیتر شەڕی گەرم كوژایەوە، بەڵام لە ڕووی دابەشكردنی حكومەت و پەرلەمان و داهات و هەڵوێست و لایەنگری بۆ دەوڵەتانی دراوسێ بووە شتێكی ئاسایی و هیچ لایەكیشیان شەرمیان لەوە نەدەكرد بۆ شكستی لایەتی بەرامبەر (وەك خۆیان دەیانگوت) پەنا بۆ شەیتانیش بەرن، پارتییش و یەكێتیش لەو بوارەدا رێغییان نەكردو لەشكرەكانی هەر سێ وڵاتی داگیركەر(ئێران، عێراق و توركیا) یان هێنایە سەر یەكتری و تا ئێستاشی لەسەر بێت نەك هەر بە عەیبەی نازانن بەڵكو وەك شانازیی مێژوویی لێیان دەڕوانن.

هەرچەندە یەكگرتنەوەی حكومەت بە ڕواڵەت دەستی پێكردبوو، بەڵام لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراق لە 2003 یەكگرتنەوەی حكومەت و پرۆسەی دانوستانی نێوان یەكێتی و پارتی هەندێك هەنگاوی بریبوو، ئەو دوو تەقینەوەیە لەكاتێكدا بوون، كە پرۆسەی ئاشتی لەنێوان پارتی و یەكێتی چووبووە بواری جێبەجێكردن و خەڵكی ھەرێمی كوردستان بە ئومێدەوە چاوەڕێی قۆناغی داھاتوویان دەكرد، بە گوتەی بەرپرسانی باڵای ھەردوو حزب یەكێك لە ئامانجەكانی ئەو كردەوەیە تەگەرە دروستكردن بووە بۆ پرۆسەكە، بەڵام بە ئامانج گرتنی هەردوولا بووە هۆی ئەوەی زیاتر پشت بەیەكتری ببەستن و بەهۆشی خۆیان بێنەوە كە دووژمنی هاوبەشیان هەیە، ھەوڵەكانیش بۆ كاڵكردنەوەی دوو ئیدارەیی چڕ كرانەوە بەڵام تائێستاش شوێنەوارەكانی بە چڕی دیارە و هێزەكانی (70 و 80) و (دوو دەزگای ئاسایش) و (دوو دەزگای دەزگای هەواڵگریی) شایەتی درێژە پێدانی ئەو دوو ئیدارەییەن كە هەیە، ئەوە جگە لەوەی دەنگێكی زۆر هەیە كە دەڵێت جیاوازی دەكرێت لە نێوان شارەكانی هەرێمی كوردستاندا و تا ئێستاش بە گوكان و دڕدۆنگییەوە لەیەكتری دەڕوانن و لە كاتی هەر كێشەیەكی بچووكی نێوان یەكێتی و پارتیدا ئەوەندە بە توندی هێرش دەكەنە سەر یەكتری كە بۆنی شەری ناوخۆی پێوە دیارە و سۆشیاڵ میدیا و پەیج و ئەكاونتە نافەرمییەكانی هەردوولاش زیاتر ئەو بابەتانە زەق دەكەنەوەو ئاشكرای دەكەن.

دەبێتە هەوێن؟
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە ساڵڕۆژی ئەو كارەساتەدا لە توێتەر نوسیویەتی: له‌ یادی شه‌هیدانی ١ی شوباتدا سه‌ری ڕێز و نه‌وازش بۆ گیانی پاکیان داده‌نوێنین. به‌ شکۆوه‌ یادیان ده‌که‌ینه‌وه‌. با یادی شه‌هیدانی سه‌رکرده‌، ئازیزان و خۆشه‌ویستانمان که‌ خوێنیان تێکه‌ڵ بوو، پێکه‌وه‌ شه‌هید بوون، بکه‌ینه‌ هه‌وێنی یه‌کڕیزی و پێکه‌وه‌یی بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌کانیان، ئەگەر بە چاوێكی وردی ڕەخنەگرانەوە سەیری ئەودیوی پەیامەكەی سەرۆكایەتی هەرێم بكەین، لەو ڕاستییە تێدەگەین كە هێشتا یەكریزی و پێكەوە كاركردن لە هەرێمی كوردستان نەمەیوەو پێویستی بە هەوێن هەیە.

وەزارەتى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوانیش لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە : "ئەگەرچى تیرۆریستان بەو کارەیان ئامانجیان تێکدانى ئاشتى و گیانى لێبوردەیى و خۆشیەکانى جەژن بوو، بەڵام خوێنى شەهیدان و قوربانیەکان بوونە هەوێنى زیاتر بەهێزکردنى گیانى پێکەوەژیان و تەبایى و یەکێتى ریزەکانى گەلى کوردستان، نەک هەرهێندە، بەڵکو ئیرادەى بەرگرى و قارەمانێتى هێزى پێشمەرگە لە کوردستان پاش چەند ساڵێک داستانى مەزنى لە رووبەڕووبونەوەى گەورەترین رێکخراوى تیرۆریستى تۆمارکرد و لە برى جیهان شەڕى تیرۆریستانى داعشى کرد، بەجۆرێک کە مرۆڤایەتى بە شانازییەوە ئاماژەى پێدەکات".

پاش 17 ساڵ:
كارەساتی ا شوبات هێشتا بەردەوامی هەیە، وەك ئەوەی لە بەیاننامە فەرمییەكان و لێدوانی بەرپرساندا هاتووە هێشتا نەبووەتە هۆی ئەوەی یەكێتی و پارتی بە متمانەی تەواوەوە بچنە یەك بەرەوە لەبەرامبەر دوژمنە هاوبەشەكانیاندا پێكەوە و یەك هەڵوێست بن، تا ئێستاش نەك هەر لە بەغداد و پایتەختەكانی دیكە بوچوون و هەڵوێستەكانیان جیاوازە، بەڵكو ئەگەر بەچاوی دوژمنیشەوە لەیەك نەڕوانن بێگومان ئەو دۆستەش نین كە موو لەدەمی یەكتریی ببژنن.