ڕاپۆرتی کوردستانی

11:11 - 04/02/2021

هیومان رایتس وۆچ دەستگیرکردنی کوردانی رۆژئاوا و دادگایکردنیان لە تورکیا ئاشکرا دەکات‌

پەیسەر

کورد وعەرەبەکانی رۆژئاوای کوردستان لە خاکی خۆیاندا غەریبن، لە ماڵ و حاڵیاندا دەردەکرێن، بە زۆر و ناچاریی دەبرێنە تورکیا و دادگایی دەکرێن. دادگاییەک دوور لە نیشتمان و خاکی وێرانبوویان. داگیرکەر دێت و نەک هەر ماڵیان وێران دەکات، دادگاییشیان دەکات و سزایان دەدات.

دەستگیرکردنی رۆژئاواییەکان
بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ، تورکیا و سوپای نیشتمانی سوری، ٦٣ هاوڵاتی رۆژئاوای کوردستانیان لە ناوچەکانی باکوری خۆهەڵاتی سوریا دەستگیرکردووە و بە شێوەیەکی نایاسیی گواستوویانەتەوە بۆ تورکیا.

دوای گواستنەوەیان بۆ تورکیا، لەوێ لەسەر چەند تۆمەتێک دادگاییان کردوون، کە سزای هەندێکیان هەتاهەتاییە.

بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی دەست رێکخراوەکە کەوتووە، ئەم کەسانە بەشێوەی نایاسایی دەستگیکراون و راپێچی تورکیا کراون، کە ئەمەش پێشێلکردنی رێککەوتنی چوارەمی جنێفە لەلایەن ئەنقەرەوە.

داگیرکەر و پێشێلکاری
مایکڵ بەیج، جێگری بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقای رێکخراوەکە دەڵێت، تورکیا وەک داگیرکەرێک پێویستە بەپێی یاسای داگیرکاریی لە باکوری خۆرهەڵاتی سوریا رێزی مافەکانی مرۆڤ بگرێت، لەوانەش قەدەغەکردنی دەستگیرکردنی هەڕەمەکی و گواستنەوەی خەڵکی ناوچەی داگیرکراو بۆ خاکەکەی.

بەرپرسەکە دەڵێت، تورکیا پێشێلی یاساکانی کردووە، سورییەکانی دەستگیرکردووە و بۆ تورکیای گواستوونەتەوە، ئەمەش بەهۆی چەند تۆمەتێکی گوماناوی و ناڕوون.

دەستگیرکردنی هاوڵاتیانی سەرێ کانی
هەر بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکە، دوای داگیرکردنی بەشێک لە ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان، هێزەکانی تورکیا و گروپێکی چەکداری سەر بە سوپای نیشتمانی سوریا لەنێوان ئۆکتۆبەر و کانونی یەکەمی ٢٠١٩ چەند هاوڵاتییەکیان لە سەرێ کانی دەستگیرکردووە.

دوای دەستگیرکردنیان تورکیا ئەم هاوڵاتیانەی گواستووەتە تورکیا و دەستبەسەری کردوون کە کورد و عەرەبن. دوای هێشتنەوەیان لە زیندان، بەپێی یاساکانی تورکیا چەند تۆمەتێکیان ئاڕاستە کراوە، لە کاتێکدا ئەو "تاوان"انەی خراوەتە پاڵ ئەم کەسانە لە سوریا کردوویانە.

واتە کورد و عەرەبەکانی رۆژئاوای کوردستان بە "تاوانێک بە حسابی تورکیا" کە لە خاکی خۆیاندا کردوویانە بە یاسای تورکیا سزا دەدرێن.

٤٧٠٠ لاپەڕە
رێکخراوەکە پێداچوونەوەی بە ٤٧٠٠ لاپەڕەدا کردووە کە تایبەتن بەو بەڵگەنامانەی باس لە دەستگیرکردنی ٦٣ هاوڵاتییەکەی رۆژئاوای کوردستان دەکەن لەلایەن "داگیرکەر"ی تورکەوە.

بەڵگەنامەکانی وردەکاری زۆریان تێدایە لەبارەی مامەڵەی تورکیا لەگەڵ دەستگیرکراوەکان لەوانەش؛ دەستگیرکردنیان لە رۆژئاوای کوردستان، گواستنەوەیان بۆ تورکیا، دەستبەسەرکردنیان و زیندانیکردنیان لە تورکیا، لێکۆڵینەوەکانی پۆلیسی تورکیا و راپۆرتە پزیشکییەکان لە پارێزەرەکانەوە.

٢٠٠ کەس
بەپێی راپۆرتی چەند رێکخراوێکی کوردی و سوری ژمارەی ئەو هاوڵاتییە سوریانەی دەستگیرکراون و گواستراونەتەوە بۆ تورکیا گەیشتووەتە ٢٠٠ کەس. ئەم زانیارییانە تەنانەت لە میدیاکانی نزیک لە حکومەتی تورکیاشدا باس کراوە و ئاماژەی پێدراوە.

بەپێی بەڵگەنامە فەرمییەکانی تورکیا کە باس لەم دەستگیرکراوانە دەکات، تۆمەتی "لاوازکردنی یەکێتی دەوڵەت، زیانگەیاندن بە ئارامیی هەرێمیی، لایەنگری بۆ رێکخراوە "تیرۆریستییەکان" و کوشتن خراوەتە پاڵیان.

هیچ یەکێک لەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی هاوڵاتییە دەستگیرکراوەکانی رۆژئاوای کوردستان کراوە بەڵگەدار نین و نەسەلمێنراون، زۆربەشیان بەوە تۆمەتبار کراون کە پەیوەدنییان بە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)وە هەیە.

بەڵگەی نەسەلمێنراو
بەپێی بەدواداچوونەکانی رێکخراوەکە، تورکیا نەیتوانیوە بیسەلمێنێت کە ئەم کەسانە پەیوەندییان بە شەڕڤانانەوە هەبێت، لە شەڕەکاندا بەشدار بووبن و تاوانیان ئەنجامدابێت. خێزانی دەستگیرکراوەکانیش ئاماژە بەوە دەدەن دەستگیرکراوەکانیان تەنها پێگەی ئیدارییان هەیە و پەیوەندییان بە شەڕڤانانەوە نییە.

بەڵگەنامەکان ئاشکرای دەکەن، تورکیا هەوڵی داوە بیسەلمینێت کە ئەم کەسانە لە ناو تورکیا "تاوان"یان ئەنجامداوە، لە کاتێکدا ئەم کەسانە ئەگەر تاوانیشیان کردبێت لەناو سوریادا کردوویانە.

هەڵکوتانە سەر ماڵە کوردەکان
خێزانی دەستگیرکراوەکان وتویانە، گروپێکی سەر بە سوپای نیشتمانی سوریا کە لەلایەن تورکیاوە پشتیوانیان لێدەکرێت، لە ١٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ داویانە بەسەر ماڵی ١٥ کەسدا و دەستگیریان کردووون، دواتریش ئەم کەسانە بە دەستگیرکراوی گواستراونەتەوە بۆ شارۆچکەی مەبروکە کە لەژێر دەسەڵاتی سوپای نیشتمانی سوریا و تورکیادایە.

خێزانی دەستگیرکراوەکان دەڵێن، دوای دەستگیرکردنیان پەیوەدنییان لەگەڵ کەسەکانیان پچڕاوە و دوای ماوەیەکی زۆر زانیویانە دەستگیرکراوەکانیان بۆ پارێزگای ئورفا گواستراونەتەوە.

بەپێی لێدوانی خێزانەکان، بەشێک لە دەستگیرکراوەکانیان ئەندامن لە پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە)، بەڵام پێگەی ئیدارییان هەبووە، لە چوارچێوەی شەڕڤاناندا شەڕیان نەکردووە و چەکیشیان هەڵنەگرتووە.

ئابڕووچوون
ئەوەی مایەی ئابڕووچوونە، بەپێی بەدواداچوونەکانی رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ، سوپای نیشتمانی سوریا پەیوەندییان بە خێزانی چوار لە دەستگیرکراوەکانەوە کردووە و لە بەرامبەر ئازادکردنیاندا داوای پارەیان کردووە.

لەو چوار خێزانە تەنها یەکێکیان توانیویەتی ١٠ هەزار دۆلار کۆبکاتەوە و بە سوپای نیشتمانی سوریای بدات. ئەم کەسەش لەو دەستگیرکراوانە بووە کە هێشتا نەگواستراونەتەوە بۆ تورکیا.

ئەشکەنجەدانی دەستگیرکراوەکان
بەپێی ئەو وێنە و بەڵگانەی دەست رێکخراوەکە کەوتوون، دەستگیرکراوەکان ئەشکەنجە دراون و شوێنەواری ئەشکەنجە بە جەستەیانەوە دیارە.

یەکێک لە دەستگیرکراوەکان بە تەلەفۆن بە برایەکی وتووە، لەلایەن چەکدارەکانی سوپای نیشتمانی سوریاوە ئازار دراوە و دواتریش کە کەتووەتەوە دەست تورکیا، لەلایەن پۆلیسی تورکییەوە ئازار دراوە.

لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠، داداگای باڵای ئورفا لە کۆی ٦٣ دەستگیرکراوەکە پێنجیانی دادگایی کردووە و بڕیاری سزای هەتاهەتایی بەسەردا سەپاندوون.

سزای ٣٦ ساڵ زیندانیی
باوکی سزادراوێک دەڵێت، "سزای ٣٦ ساڵ زیندانیی بەسەر کوڕەکەمدا سەپێندراوە. بڕیارەکە خراوەتە بەردەم دادگای پێداچوونەوەی شاری غازی عەنتاب، بەڵام بڕیارەکە بە هەمان جۆر گەڕاوەتەوە. باوکی سزادراوەکە بڕیارەکە بە "خراپ و بێبەزەییانە" ناو دەبات.

رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ داوا لە تورکیا دەکات، کۆتایی بە دەستگیرکردنی هاوڵاتیانی سوریا، گواستنەوەیان بۆ تورکیا و دادگاییکردنیان بهێنێت و سەرجەم دەستگیرکراوەکانیش بگەڕێنێتەوە بۆ ناو خێزانەکانیان.

داواش لە تورکیا دەکات لەبارەی دۆخی زیندانییەکانەوە، زانیاری بە خێزانەکانیان بدەن و لە نزیکترین کاتیشدا بیانگەڕێننەوە بۆ سوریا.