ڕاپۆرتی کوردستانی

12:44 - 05/02/2021

ژنانی کۆبانی چۆن وەهمی "لاوازی"یان تێکشکاند؟‌

پەیسەر

ژنانی رۆژئاوای کوردستان دوو وەهمی گەورەیان تێکشکاند، یەکەمیان وەهمی نەرمونیانی ژن بوو، کە مێژوویەکی سەدان ساڵەی هەبووە و دووەمیشیان وەهمی چەکدارانی داعش بوو، کە بوو بوو بە مایەی ترس و تۆقین بۆ جیهان. ژنانی کۆبانی ساڵی ٢٠١٥ بۆ جیهانیان سەلماند؛ ژن ئەو رەگەزە "لاواز و نەرمونیانە" نییە لەبەردەم وەهمی "بەهێزی پیاو"دا چۆک دابدات، ئەویش بە تەنیشت پیاوانەوە ئامادەیە تاکو ناو جەرگەی ترس و جەنگەکان بڕوات و ئازادی بۆ ژن و پیاوانیش بەدەستبهێنێت.

گایل تزیماش لیمۆن لە نوێترین کتێبیدا بە ناوی "کچانی کۆبانی؛ چیرۆکی شۆڕش، ئازایەتی و دادپەروەری"  باس لە چیرۆکی سەرکەوتنەکانی ژنانی کۆبانی و تێکشکاندنی وەهمە گەورەکان دەکات لەلایەن ئەم ژنانەوە.

کتێبەکە لەلایەن کۆمپانیای هێدن لایتەوە دەکرێتە بە زنجیرە، کە لەلایەن هیلاری کلینتۆنەوە خاوەندارییەتی دەکرێت. ئەوەش دوای ئەوەی کۆمپانیاکە مافی کردنە زنجیرەی کتێبەکەی بەدەستهێنا.

کتێبەکە ئازایەتی و پاڵەوانی ژنانی کۆبانی دەگێڕێتەوە، دامەزراوەکەش دەیەوێت لە رێگەی زنجیرەوە ئەم ئازایەتی و پاڵەوانییەتییە پیشانی هەموو جیهان بدات.

هەلێک بۆ رۆژئاوا
دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی گەلانی سوریا، کوردەکانی رۆژئاوای کوردستان هەلێکی گەورەیان بۆ دروست بوو، تاکو بگەن بە ئازادی، کشانەوەی هێزەکانی سوریاش لە تەموزی ٢٠١٢، وای کرد کوردەکان دەست بەسەر ناوچە کوردییەکاندا بگرن و حزبی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە)ش رابەرایەتی بەڕێوەبردنی شارە کوردییەکانی دەکرد.

دواتر کورد لە باشور، باکور و رۆژهەڵاتی کوردستانەوە روویان لە رۆژئاوای کوردستان کرد، تاکو خۆبەڕێوەبەرایەتییەکەی ئەو پارچەیەی کوردستان بەهێزتر بکەن.

یەپەگە و یەپەژە
دواتر یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) دامەزران، ئەم دوو هێزە توانییان بەرگری لە خۆبەڕێوەبەریی رۆژئاوای کوردستان و ناوچە کوردییەکان بکەن و رێگە نەدەن بکەوێتە دەست گروپە چەکدارەکانەوە.

پێکهێنانی ئەم دوو هێزە گڕوتینێکی زیاتری نەتەوەیی دروستکرد و بوو بە هۆی ئەوەی کورد و تەنانەت پێکهاتەکانی دیکەی رۆژئاوای کوردستان، هەست بکەن دوو هێزی گەورە هەیە و دەیانپارێزێت، ئەمەش دوای دەیان ساڵ لە ستەم و چەوساندنەوەی رژێمی سوریا.

شەڕی کۆبانی؛ کیلی هاوپەیمانی
بەشێکی گەورەی جیهان ترسیان لە کەوتنی کۆبانی هەبوو، زۆرینە چاوەڕوان بوون داعش دەست بەسەر کۆبانیدا بگرێت، بەڵام ژن و پیاوەکانی کۆبانی و رۆژئاوای کوردستان جیهانیان تووشی شۆک کرد، ئەوەش دوای ئەوەی توانیان گەورەترین و ترسناکترین هێز لە کۆبانی تێکبشکێنن و نەهێڵن قەڵا بەهێزەکەی کوردان بکەوێت.

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی کۆبانی نەکەوێت، بڕیاریدا لە ئاسمانەوە هاوکاری ژن و پیاوانی کۆبانی بکات، فڕۆکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتی ئەمریکا دژی داعش، دەستیان بە بۆردومانکردنی هێزەکانی داعش کرد، هاوپەیمانان لە ئاسمانەوە و شەڕڤانانی کۆبانی لەسەر زەوییەوە دەستیان بە کوتان و هەڵتەکاندنی هێزی داعش کرد. لێرەوە پەیوەندییەکانی رۆژئاوا و ئەمریکا چووە قۆناغێکی گرنگترەوە کە تاکو ئێستا بەردەوامی هەیە.

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەسەر خاکی رۆژئاوای کوردستان هێز و تیمی تایبەتی بڵاوکردەوە. لە رێگەی زەوی و ئاسمانیشەوە دەستی بە گواستنەوەی چەک و هاریکاری سەربازی بۆ شەڕڤانان کرد.

هەلی ئازادی ژنان
بە درێژایی شەڕەکانی رۆژئاوای کوردستان لە دژی چەکدارانی داعش، ژنانی رۆژئاوا لە چوارچێوەی یەپەژە و هێزەکانی دیکەدا، لە هێڵی پێشەوەدا بوون. ژنان سەرکردایەتی بەشێکی زۆری شەڕەکانیان کردووە و تاکو ناوجەرگەی داعش رۆیشتوون.

ژنانی کۆبانی و رۆژئاوای کوردستان بە نیگا وەرگرتن لە کارا فاتمە (فاتمە رەش) کە لە سەردەمی عوسمانییەکاندا دژ بە روسەکان جەنگاوە و سەرکردایەتی ٧٠٠ پیاو و ٤٣ ژنی کردووە، توانییان وەهمی داعش تێکبشکێنن.

شەڕڤانە ژنەکانی کۆبانی ئەو وەهمەیان تیکشکاند کە ژن تەنها نەرمونیانە و لاوازە. وەک بەشێک لە چەکدارەکانی داعش دانیان پێدا ناوە، تێکشکاندنیان لەلایەن شەڕڤانە ژنەکانەوە زیاتر ئازاری داون تاکو شەڕڤانەر پیاوەکان، ئەمەش لەو هزرەوە هاتبوو کە ژن لاوازە و ناتوانێت بجەنگێت.

شەڕڤان لە جیهاندا
دەرکەوتنی ژنانی کۆبانی لە جەنگی دژ بە داعشدا، سەرنجی هەموو جیهانی بەلای خۆیدا راکێشا. میدیاکانی رۆژئاوا گرنگییەکی زۆریان بە رۆڵی شەڕڤانە ژنەکان دا و چەندین فیلم و دۆکیۆمینتارییان لەسەر بەرهەمهێنان.

چەند کتێبێکیش لە ئاستی جیهاندا لەسەر ئازایەتی و چاونەترسی ژنانی کۆبانی و رۆژئاوای کوردستان نووسران، کە توانییان هێزە ترسناکەکی شام و عێراق تێکبشکێنن و ناوەندی دەوڵەتەکەشیان کۆنترۆڵ بکەن.

ئەم دەرکەوتنەی شەڕڤانە ژنەکان لە کاتێکدایە پێگەی ژن لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئاستێکی کەمدایە و رۆڵی ژنان لاواز و کەم کراوەتەوە، ژانانی رۆژئاوای کوردستان سەلماندیان ژن لاواز نییە، بارودۆخ و کۆمەڵگا هێزەکەیان دەکوژن و لاوازیان دەکەن.


پارتی کرێکارانی کوردستان کە رۆحی رۆژئاوای کوردستانە، گرنگییەکی زۆر بە رۆڵ و کاریگەری ژن دەدات، ٤٠٪ی هێزی شەڕکەری پەکەکە لە ژنان پێکهاتووە. ژن لە ئایدۆلۆژیای پەکەکەدا وەک بنەڕەت گیراوە و کاری لەسەر دەکرێت. ئەمەش وەهای کردووە بەشێکی گەورەی هێزی رۆژئاوای کوردستان لە ژنان پێکهاتبن.

ئازدی ژنان
پارتی کرێکارانی کوردستان هەر لە سەرەتای دەستکردن بە خەباتەوە، پێوەرە نێرسالارییەکانی رەتکردووەتەوە و رۆڵ و پێگەیەکی گەورەی بە ژنان داوە، ئەمەش لە بەرنامە و ئایدۆلۆژیای حزبەکەدا بە ئاشکرا دەردەکەوێت.

پەکەکە لە هزر، پەروەردە، پێگەیاندن، سەرکردایەتی و هێزە شەڕکەرەکانیشیدا، پێوەری یەکسانی لەنێوان ژن و پیاودا سەپاندووە. ئەم بەرنامەیەی پەکەکە بە ئاشکرا لەناو شەڕڤانان و ئیدارەی خۆبەڕێوەبری رۆژئاوای کوردستانیشدا رەنگی داوەتەوە و بەشێکی دیاری ناوچەکان لەلایەن ژنانەوە بەڕێوە دەبرێت، ئەوە جگە لەوەی سەرکردایەتی چەندین چالاکی و ئۆپراسیۆنی گەورەیان کردووە.

ژنان؛ راکێشەری سەرنجی بیانییەکان
بیانی و رۆژئاواییەکان وەک ژنانی وڵاتانی دیکە سەیری ژنانی کوردیان دەکرد، بەڵام دەرکەوتنی شەڕڤانانی رۆژئاوای کوردستان لە گۆڕەپانەکانی جەنگ و رووبەڕووبوونەوەی داعشدا، بۆچوونی بیانی و رۆژئاواییەکانی لەبارەی ژنانی کوردەوە گۆڕی.

سوریا کە دەیان گروپی چەکدای توندڕەو و مەزهەبی تیابوو، ببووە مایەی مەترسی بۆ ناوچەکە و رۆژئاوای جیهانیش، بۆیە لەگەڵ دەرکەوتنی شەڕڤانە پیاو و ژنەکانی رۆژئاوای کوردستان کە پێکەوە و شان بەشانی یەکتر لە دژی داعش دەجەنگان، وای کرد ئەمریکا و وڵاتە رۆژئاواییەکان، روو لە رۆژئاوای کوردستان بکەن و هاوپەیمانێییەتی لەگەڵ شەڕڤاناندا ببەستن.