ڕاپۆرتی کوردستانی

11:19 - 06/02/2021

کۆچۆ؛ گوندی روفات و ئازاری ئێزدییەکان‌

پەیسەر

ئەمڕۆ گوندی کۆچۆ لە شوێنی ئاهەنگ گێڕانەوە بوو بە شوێنی شیوەن و گریان. ئەو گۆڕستانەی ئەمڕۆ روفاتی ١٠٤ ئێزدی تێدا بەخاک سپێردرا، پێش ساڵی ٢٠١٤ و هێرشی داعش، شوێنی ئاهەنگ و دڵخۆشی ئێزدییەکان بوو. کۆمەڵکوژی کۆچۆ چۆن روویدا و ئەم ئازارە چۆن چووە ناو مێژووی ئێزدییەکانەوە؟

ئازارە گەورەکە
گوندی کۆچۆ نزیکەی ١٨ کیلۆمەتر لە باشووری قەزای شنگالەوە دوورە، پێش هێرشی چەکدارانی داعش بۆ سەر ناوچەکە زیاتر لە ٢٢٠ خێزانی تێدا بوو، کە لە ١٧٠٠ کەس لەو گوندەدا دەژیان.

لە سەرەتای مانگی ئابی ٢٠١٤ چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر ناوچەی ئێزدییەکان، دواتر چەکدارانی داعش گەیشتنە گوندی کۆچۆ، ئەو گوندەی بوو بە سیمبولی ئازار و کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان.

دوای چەند رۆژێک لە هێرشکردنە سەر گوندەکە، چەکدارانی داعش دەستیان بە دروستکردنی یەکێک لە گەورەترین ئازارەکانی مێژووی ئێزدییەکان کرد.

بەپێی راپۆرتێکی بی بی سی، چەکدارانی داعش چەند رۆژێک مۆڵەتیان بە دانیشتوانی گوندی کۆچۆ داوە مسوڵمان ببن، دوای تەواوبوونی مۆڵەتەکە و رەتکردنەوەی داواکاری چەکدارانی داعش، رێکخراوەکە بڕیارە قورسەکەی داوە.

زانیاری جیاواز هەیە دەربارەی ژمارەی قوربانییەکانی گوندەکە، هەندیک زانیاری باس لەوە دەکەن لە هەموو هێرشەکەی داعشدا بۆ سەر گوندەکە نزیکەی ٥٢٠ پیاو و ٥١٠ ژن کوژراون و بێسەروشوێن کراون.

هەندێک سەرچاوەش باس لەوە دەکەن گوندەکە ژمارەیان ١٧٤٠ كەس بووە، لە کۆمەڵکوژییەکەی داعشدا ٤٨٠ پیاو کوژراوە و تاکو ئێستاش چارەنووسی زیاد لە ٥٠٠ کەسیان دیار نییە.

گێڕانەوەی ئازار
چیرۆکی لینا

لینا ئەمین ساڵح کە یەكێكە لە كچە ئێزدییە رزگاربووەکانی كۆمەڵكوژییەكەی گوندی كۆچۆ دەڵێت، "گوندەکەمان لەلایەن چەکدارانی داعشەوە گەمارۆ درا، لە رۆژی ١٥ی تەباخ گوندەکەمان لە لایەن داعشەوە بە تەواوی کۆنترۆڵ کرابوو، ئێمەیان بردە قوتابخانەی گوندەکەمان. هەر لەوێ پیاوەکانیان کوشت و ئێمەشیان لەگەڵ خۆیاندا برد".

سەبارەت بە رۆژانی دواتر دەڵێت، "دواتر ئێمەیان بۆ موسڵ برد، پێنج رۆژ لە موسڵ هێڵدراینەوە و دواتر لەگەڵ کچە مامەکەمدا بۆ شوێنێکی دیکەیان بردین."

هەڵهاتن
لینا بەم جۆرە باسی گەیشتنە موسڵ دەکات، "ئێمەیان برد بۆ ماڵی كەسێكی مەسیحی لە ناوچەی رۆشنبیری لە شاری موسڵ، لە ماڵەکەدا ژمارەیەك تیرۆریستی داعش دەژیان".

لینا سەبارەت بە دەرفەتی هەڵهاتن دەڵێت، "دوای ئەوەی لەگەڵ چوار ئافرەتی دیكە بۆمان دەرکەوت كە لەسەر دەستی تیرۆریستانی داعش، چارەنووسمان كەنیزەكردن دەبێت، لە ماڵە مەسیحییەكەدا و لەو كاتەدا كە تیرۆریستانی داعش لە ماڵەكەدا نامێنن، دەرفەتێكی باشمان بۆ هەڵاتن بۆ رەخسا."

لینا بەم جۆرە بەردەوامی بە چیرۆکی هەڵهاتنی دەدات، "لەگەڵ ئەو دوو ئافرەتەی لە ماڵەكەدا بوون هەڵهاتین و خۆمان گەیاندە ماڵی ئافرەتێكی دانیشتوی ناوچەی رۆشنبیری، دواتر و بە یارمەتی ژمارەیەك كەسی دانیشتوی موسڵ خۆمان گەیاندە پارێزگای كەركوك و پاشانیش گەیشتینە پارێزگای دهۆك."

چیرۆکی تامر
تامر رەشکی یەکێکە لە رزگاربووەکانی گوندی کۆچۆ، رەشکی لە ١٦هی ئاب و رۆژێک دوای کۆمەڵکوژییەکە و هەڵهاتنیان بەم جۆرە چیرۆکەکەی بۆ بی بی سی گێڕایەوە؛

"زوو لە یەکتر جیابووینەوە. ٤٠٠ کەس لە گوندەکەدا مابووەوە، بۆیە ئیتر هەلی هەڵهاتن نەمایەوە. کوڕ و پیاوەکانیان کوشت، کچ و ژنەکانیشیان برد. لە تەلەفۆنی کەسێکی نزیکمدا گوێم لە لەم رستانە بوو؛ ژن و منداڵەکانیان برد و کوڕ و پیاوەکانیان کوشت، ئیتر دەنگەکە پچڕا."

تامر دەڵێت، "داعش تەلەفۆنی هەموو کەسوکارەکانیان کۆکردووەتەوە، ئیتر هەواڵمان لە کەسەوە پێنەدەگەیشت، هاوکاری نەیەت هەموومان دەمرین. هەڵهاتن زۆر سەخت بوو."

گوندی روفات
تاکو ئێستا ٥١٧ دانیشتووی گوندی کۆچۆ رفێندراون و چارەنووسیان دیار نییە، تاکو ئەمڕۆ ١٤ گۆڕی بەكۆمەڵ لە ناوچەكە دۆزراونەتەوە، زۆربەی رزگاربووانی كۆمەڵكوژییەكەی گوندی كۆچۆ لە كەمپی ئاوارەكانی سنووری پارێزگای دهۆك نیشتەجێن، هێشتا هیچ ئاوارەیەك نەگەڕاوەتەوە گوندەكە بەهۆی ئەوەی هێشتا وێرانە و ئاوەدان نەكراوەتەوە. روفاتی ٣٤٨ کەس نێردراونەتە بەغدا بۆ پشکنین و دیاریکردنی ناسنامەکانیان.


لە هەموو ناوچەکانی سەر بە سنوری شنگال ٨٠ گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە، لەو ژمارەیە ٢٠ دانەیان هەڵدراونەتەوە و سەرجەم ٣٤٨ ڕووفاتیان تێدا بووە، بەڵام تەنیا ناسنامەی ١٠٤ ڕووفاتیان ناسراونەتەوە. 

لە شاییەوە بۆ شیوەن
ئەم گوندە شوێنی ئاهەنگ و خۆشی دەربڕینی ئێزدییەکان بووە، ئەم شوێنەشی ئێستا بۆ گۆڕستانی ئێزدییەکان تەرخانکراوە، هەمان شوێنی ئاهەنگ گێڕان بووە پێش هێرشی چەکدارانی داعش.

ئەم گۆڕشتانەی تایبەت بە بە قوربانیانی کۆمەڵکوژی گوندی کۆچۆ دروست کراوە، تاکو ئێستا 517 گۆڕی  تێدا ئامادە کراوە و بڕیارە هەموو قوربانیانی کارەساتی گوندی کۆچۆی سەر بە شنگال تێیدا بنێژرێن.

گۆڕەکان بەردەوام زیاد دەکەن
لە رۆژانی ١٥ تاوەکو ١٩ی ئازاری ٢٠١٩ بە هەماهەنگیی حکومەتی هەرێمی، حکومەتی عێراق و رێکخراوی یونیتات، یەکەم گۆڕی بەکۆمەڵی کوردانی ئێزدی لە گوندی کۆچۆ هەڵدرایەوە.

تاوەکو ئێستا لە کۆی ٧٣ گۆڕی بەکۆمەڵ، نزیکەی ئەو ٣٥٠ روفاتە دەرهێندراون، لە یەکەم قۆناخدا ٢٣٥ رووفات و لە قۆناخی دووەمیش ١١٣ رووفات دەرهێندران و رەوانەی پزیشکی دادی بەغدا کران. لە دواتریش و له‌ تشرینی یه‌كه‌می ٢٠٢٠، له‌ گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كانی سێ ناوچه‌ی چیای شنگال دواین روفات ده‌رهێندران.