ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

10:19 - 07/02/2021

ئیسرائیل لە چاوەڕوانی تەلەفۆنێكی جۆ بایدن دا‌

ئایندە شەمیانی

جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە ماوەی 10 ڕۆژی ڕابردوودا پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرکردەکانی وڵاتانی وەک کەنەدا، مەکسیک، بەریتانیا، ئەڵمانیا، فەرەنسا و ڕوسیا کردووە، بەڵام هێشتا پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلدا نەکردووە.

چوار ساڵ لەمەوبەر و تەنیا سێ ڕۆژ پاش گەیشتنی بە کۆشکی سپی، دۆناڵد ترامپ، پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ نەتانیاهۆ کرد، کە لە ڕوانگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلەوە، سەرەتای سەردەمێکی "چوار ساڵی زێڕین" بوو بۆ پێشخستنی ئامانجەکانی ئیسرائیل لە چەندین ناوچەدا، بە تایبەت لە بەرەنگاربوونەوەی لەگەڵ ئێران، كە بە كلیلی كێشەكانی ناوچەكەی دەزانن.

میدیاکانی ئیسرائیل لە کاتێکدا ئاماژە بە دواکەوتنیتەلەفۆنی بایدن دەکەن دەڵێن: سەرۆکی ئەمریکا کە (ناتانیاهۆ)ی بە خوێن سارد ناوبردووە ، دەیهەوێت بە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بڵێت کە ئەو مینانەی لە بیر نەچووەتەوە  کە ناتانیاهۆ دەیدەنان لە سەر ڕێگای ئیدارەی ئۆباما - بایدن دا لە ساڵانی پێشوودا، لەوانەش سەردانە بەناوبانگەکەی بۆ واشنتن بۆ ئەوەی لە کۆنگرێس وتارێك لە دژی ئەو ئیدارەیە پێشکەش بکات لەبارەی ڕێككەوتنامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران لە كاتێكدا بایدن جێگری ئۆباما بووە .

لای هەمووان ئاشکرایە کە بایدن و نەتانیاهۆ ناکۆکی جدییان هەیە لەسەر ئەو بابەتە گرنگانەی كە هەیە لە نێوانیاندا وەک ئۆردوگا  نیشتەجێبوونەكانی ئیسرائیل و كێشەی ڕێككەوتن نامەی ئەتۆمی.

دوای سەرکەوتنی بایدن ، بنیامین ناتانیاهۆ بەدواخستنێکی کەمە وە و بەکارهێنانی دەستەواژەی " سەرۆکی هەڵبژێرراو " پیرۆزبایی و دڵخۆشی خۆی لە لەگەلی ئەمەریكا کرد .

هەروەها کاتێک ڕوون بووەوە کە هەوڵەکانی دۆناڵد ترامپ بۆ گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بێ ئاکام بوون، نەتانیاهۆ چەندین جار جەختی لەوە کردووەتەوە کە لە شارۆچکەكەی بایدن خوێندوویەتی و هەردووکیان "منداڵی گەڕەكە کۆنەکانی شارۆچکەیەن"

لەیەکەم كاتژمێری گەیشتنی جۆ بایدن بۆ کۆشکی سپی لە رۆژی 20كانوونی دووەمی 2021 ، نەتانیاهۆ لەپەیامە ڤیدیۆییەکەدا جەختی کردەوە کە ماوەیەکی زۆرە لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا هاوڕێیەو " بەگرنگییەوە دەڕوانێتە کارکردن لەگەڵی بۆ بەهێزکردنی هاوپەیمانێتی هەردوو وڵات و هاوکاری کردن لەروبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران " .

هەروەها یائیر ناتانیاهۆ کوڕی بنیامین نەتەنیاهۆ، هەمان شەو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وێنەیەکی بۆ ئاهەنگێک لە ماڵی باوکی بڵاوکردەوە،كە تیایدا لە ساڵی 2011 دا ئێوارە خوانێکی خۆشیان لەگەڵ جۆ بایدن و دکتۆر جیل بایدن هاوسەری سەرۆکی ئەمریکا بەبیردێتەوە.

بڵاوبونەوەی ئەو وێنەیە بە هەوڵێکی بنەماڵەی نەتانیاهۆ بۆ ئەوەی سەرنجی بنەماڵەی بایدن بەلای خۆیاندا ڕابکێشێت لێکدرایەوە .

بایدن لەو گەشتەدا پەلەی ئەوەی  بوو زوو بچێتە ئیسرائیل ، چونکە ئەو ورەی دابەزیبو ز زۆریش ناڕەحەت بوو لەوەی کە پلانی فراوانکردنی بیناسازی لەسەر زەوی فەلەستینیەكان لە هەمان کاتی سەردانەکەیدا ڕاگەیەنرابوو، لەگەڵ ئەوەشدا جگە لە سەردانە فەرمییەكان سەردانی خێزانیشیان ئەنجام دابوو .

بایدن دواتربە گاڵتەوە بە نەتانیاهۆی گوتبوو : من تۆم خۆش دەوێت ، بەڵام بڕوام بە یەک وشە نییە کە تۆ بیڵێیت .

هەرچەندە بایدن هێشتا پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ نەتانیاهۆ نەکردووە ، بەڵام ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی جەیک سولیڤان ، ئەنتۆنی بلانکین وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریکا لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل دا دووان و بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان ، بابەتی سەرەکی لە هەر سێ وتووێژكەدا " ئێران " بووە .

جگە لەوەش لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەرپرسانی نوێی باڵای ئەمریکا لێدوانیان دا سەبارەت بە "ڕۆڵی تێکدەرانەی کۆماری ئیسلامی و پشتیوانی حکومەتی ئێران لە تیرۆر" و "بەردەوامی پابەندبوونی ئەمریکا بە هێشتنەوەی باڵادەستی ی سەربازیی ئیسرائیل" لە ناوچەکەدا، جەختكراوەتەوە کە لەگەڵ سیاسەتی ئیسرائیلدا بە تەواوی گونجاوە.

هۆشداریی نەتانیاهۆ بۆ بایدن لە بارەی ڕێككەوتنی ئەتۆمییەوە:
بابەتی گرنگ کە لە هەفتەی داهاتوودا ڕوودەدات بابەتی ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكانە،  نەتەنیاهۆ چەند جارێک گوتوویەتی کە گەڕانەوە بۆ ڕێككەوتنامەی ئەتۆمی لە گەڵ ئێران؛ گەمژەیی " و " هەڵەیە " .

دەبێت ئەو ڕۆڵە گرنگەی کە جەیک سولیڤان و وێندی شێرمان و جۆن کیری لە گەیشتن بە ڕێككەوەتنی ئەتۆمی گێڕاویانە بە بیری بهێتەوە و نیگەرانە لەوەی کە تیمەکە ڕێككەوتنەكە چالاكتر بکات .

گەڕانەوەی پۆست پایەکانی ئیدارەی ئۆباما بۆ چەند پلەیەکی گرنگ لەئیدارەی بایدن دا ، ڕووبەڕووی ڕەخنەی زۆر و نهێنی پیاوانی دەوڵەتانی نزیک لەنەتانیاهۆ بووەتەوە ، هەرچەندە زۆرێکیان سیاسەتمەدارو دیپلۆماتە ئەمریکییە زۆر بەتواناكانی یەهودین .

لەم نێوانەدا زیاتر گرنگی بە دامەزراندنی ڕابێرت مالی وەک " نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ كاروباری ئێران " دراوە کە بە وتەی هەندێک لە بەرپرسانی حکومەتی ئیسرائیل "نەرم بڕی" ی هەیە و تەنانەت بە پشتیوانیكردن لە ئێران تۆمەتباریان کردووە .


هۆشدارییەکانی حکومەتی ئیسرائیل، بێگومان سنووردار نەبوو بە لێکدانەوەی ڕەوانبێژی سەبارەت بە گەڕانەوە بۆ ڕێككەوتنامەی ئەتۆمی.

میدیاکانی ئیسرائیلیش ڕایان گەیاندووە کە ئەو گوتانەی سەرۆکی دەستەی کارگیڕی سوپای ئیسرائیل ، ئاڤیڤ کۆخاڤی لە 27 ی کانوونی دووەم ، کاتێک فەرمانی بە فەرماندەکانی سوپا کرد پلانی نوێ بۆ " هێرشکردنە سەر ئێران " ئامادە بکەن ، زیاتر " هۆشداری " بوون بۆ ئیدارەی بایدن نەک ئاگادارکردنەوەی ئێران .

بەپێی ڕاپۆرتەکان ، وتەکانی سەرۆکی ستافەکە بێنی گانتزی وەزیری بەرگری و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی ئیسرائیلی سەرسام کردووە کە پێیان وایە دەبێت " لەپشتی دەرگا داخراوەکانەوە " . ئەو قسانە بكرێت.

زۆرێک لە ئیسرائیلیەكان لەو بڕوایەدان کە ئاڤیڤ کۆخاڤی ئەو هۆشداریەی بۆ ئیدارەی بایدن ، پشتیوانی كردنی ڕاستەوخۆی نەتانیاهۆیە لە لایەكەوە بگرە بە فەرمانی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلیش ئەو قسانە كراوە .

گەمەی ئێران گرنگترە

یەکێکی تر لەبابەتەکێشە لەسەرەکان ڕاگەیاندنی " پێداچوونەوە " ی ئیدارەی جۆ بایدنە سەبارەت بەمامەڵەی گەورەی چەکەکانی ئیدارەی ترامپ لەگەڵ ئیمارات و فرۆشتنی چەک بەشانشینی سعودیە .

ئەو ڕێککەوتنە پەیوەندی بەڕێککەوتنەکانەوە هەبوو بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیمارات و ئیسرائیل ، بڕیاری واشنتن بۆ پێداچوونەوە بەفرۆشتنی چەک بەسعودیە ، کە هاوڕێی پشتی پەردەی ئیسرائیلە لەناوچەکەدا ، هەروەها بەڵگەی ڕوون و ئاشکرا سەبارەت بەئەگەری گۆڕانکاری لەسیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر یەمەن ، نیشانەیەکی باش نییە بۆ ئیسرائیل .

هەرچەندە لە ڕۆژانی سەرەتای ئامادەبوونی بایدن لە کۆشکی سپی دا، هێرشێكی ئاسمانی دیکە لە سوریا درایە پاڵ ئیسرائیل، هەندێک لە میدیاکانی ئیسرائیل یش دەڵێن ئیدارەی بایدن لە ماوەی نزیکی داهاتوودا پەیامی بە ئیسرائیل داوە لەو جۆرە هێرشانە خۆی بپارێزێت.
ئەگەرئەو زانیارییە ڕاست بێت ئەوە بە دڵنیاییەوە ئیسرائیل گوێی لێ دەگرێت .

ئەم نمونانە ئەوە نیشان دەدات کە شەپۆلێکی ناكۆكی پڕ لە ئاریشە لە نێوان ئیدارەی بایدن و نەتانیاهۆ لە ڕێگادایە .

لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئیسرائیل نووسیویانە کە ئەزموونەکانی ڕابردوو دەڵێن ئەدای ئێران لە ڕوانگەی ڕێبەرانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە یەکلاکەرەوەترە کە داهاتووی کێشە جێناکۆکەکانی نێوان هەردوو وڵات دیاری دەکەن .

دەڵێن زوو یان درەنگ بایدن و نەتانیاهۆ بە تەلەفۆن یان ڕاستەو خۆ قسە دەکەن ، بەڵام ئەوەی گرنگە بزانین ئێران لە داهاتووی ئەم یارییەدا سەربەرزانە دەچێتە دەرەوە یان نە؟

 

سەرچاوە