ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

01:38 - 07/02/2021

تورکیا و ئیسرائیل؛ ئەو دوو نەیارەی بەبێ یەکتر نایانکرێت‌

پەیسەر

پەیوەندییەکانی تورکیا و ئیسرائیل لە ١٥ ساڵی رابردوودا ئاڵۆز، ناجێگیر و پڕ لە قەیران بووە، هەردوولا زیانێکی زۆریان لەم ئاڵۆزییە کردووە، بۆیە بە نهێنی و ئاشکرا هەوڵی ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانیان دەدەن. نیشتنەوەی یەکەم فڕۆکەی نەفەرهەڵگری ئیسرائیلی لە ئیستەنبوڵ، ئاماژەی یەکەم هەنگاوی گەورەی هەردوو وڵاتە بۆ دروستکردنەوەی دۆستایەتییەکەی نێوانیان.

ناسەقامگیریی پەیوەندییەکان
پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل لە ١٥ ساڵی رابردوودا پڕ بووە لە ئاڵۆزی و قەیران، ئەنقەرە و تەلئەبیب سەرەڕای پەیوەندییە بازرگانییەکانیان، هەمیشە لە ئاستی میدیا و لێدوانی فەرمیدا دژایەتی یەکتریان کردووە. تورکیا هەوڵی داوە خۆی وەک دوژمنی سەرسەختی ئیسرائیل و بەرگریکاری مسوڵمانان دەربخات،  ئامانجیشی ئەوە بووە سۆزی بەشێکی دیاری مسوڵمانانی جیهان بۆ خۆی رابکێشێت.

هەردوو وڵات لە مانگی مایسی ٢٠١٨ باڵیۆزی یەکتریان دەرکرد، ئەوەش دوای کوژرانی دەیان فەڵەستینی لە کەرتی غەزە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە. هەشت ساڵ پێشتر و لە ٢٠١٠، بەهۆی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کەشتییەکەی تورکیا کە دەیەویست هاوکاری بە کەرتی غەزە بگەیەنێت، پەیوەندییەکانی هەردوو گەیشتە ئاستێکی زۆر خراپ.

هەنگاوێکی شەرمنانە
 لە ٢٤ی ئایاری ٢٠٢٠ فڕۆکەیەکی کارگۆی سەر بە هێڵی فڕۆکەوانی ئەلعالی ئیسرائیلی لە فڕۆکەخانەی ئەتاتورک لە ئیستەنبوڵ نیشتەوە، ئەمەش دوای ١٠ ساڵ لە یەکەم فڕۆکەی ئیسرائیلی بوو بۆ تورکیا بفڕێت و بنیشێتەوە.

فڕۆکەکە ٢٤ تۆن کەلوپەلی هاوکاری هەڵگرتبوو، هاوکارییەکان کەلوپەلی تەندروستی بوون و لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ ئەمریکا نێردرابوون، ئەمەش بۆ هاریکاریکردنی واشنتن لە رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنادا.

لەگەڵ ئەوەی هەنگاوەکە وەک بەشێک لە ئاسایکردنەوەی پەیوەدنییەکان تەماشای دەکرا، بەڵام بە هەنگاوێکی شەرمنانە سەیر دەکرا.

لە ١٩٤٨ بۆ ٢٠١٧
کۆمپانیای هێڵی فڕۆکەوانی ئەلعال ساڵی ١٩٤٨ لەلایەن دەوڵەتی ئیسرائیلەوە دامەزرا. کۆمپانیاکە بەردەوام، لەنێوان ئیسرائیل و تورکیادا گەشتی هەبووە، بەڵام ساڵی ٢٠١٧ کۆتایی بەم پەیوەندییە هات و سەرجەم گەشتەکان راگیران.

دوای ئەوەی ساڵی ٢٠١٠ هێرشکردنە سەر کەشتیییەکەی تورکیا لەلایەن ئیسرائیلەوە پەیوەندییەکانی هەردوو وڵاتی تێکوپێک دا، ئیتر هیوا بۆ دەسپێکردنەوەی ئەم گەشتانە لەلایەن ئەم کۆمپانیایەوە نەما.

هەنگاوە بوێرانەکە
رۆژی شەممە شەشی شوبات، کۆمپانیای فڕۆکەوانی (یسرائیر)ی ئیسرائیلی رایگەیاند، دوای ١٠ ساڵ یەکەم فڕۆکەی سەر بە هێڵەکەیان لە شاری ئیستەنبوڵ نیشتووەتەوە.
کۆمپانیاکە لەسەر هەژماری فەرمی خۆی لە تویتەر ڤیدیۆی نیشتنەوەی فڕۆکەکەی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی، "١٠ ساڵ بەبێ گەشتی گەشتیارە ئیسرائیلییەکان بۆ تورکیا. لەم ڤیدیۆیەدا، مێژوویەکی دیکە، فڕۆکەیەکی (یسرائیر (ATR72 لە ئیستەنبوڵ نیشتەوە."

تاکو ئێستا میدیاکانی تورکیا خۆیان لە بڵاوکردنەوەی هەواڵەکە پاراستووە و هیچ بەرپرسێکی تورکیش لێدوانی لەبارەی نیشتنەوەی فڕۆکەکەوە نەداوە.

رێگرییەکان چین؟
حەماسی فەڵەستینی

گەورەترین و ئاڵۆزترین رێگریی کە ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل پەکدەخات و خاوی دەکاتەوە، دۆسییەی بزوتنەوەی حەماس و پشتگیریکردنی بزوتنەوەکەیە لەلایەن ئەنقەرەوە. ئەمە لە کاتێکدایە مەرجی سەرەکی تەلئەبیب بۆ ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەنقەرە کەمکردنەوەی هاوکاریکردنی بزوتنەوەکەیە لەلایەن ئەم وڵاتەوە، هەروەک وەزیرێکی ئیسرائیلی بە رۆژنامەی شەرق ئەوسەتی وتووە، مەرجی نزیکبوونەوەی تورکیا لە وڵاتەکەی دوورکەوتنەوەیە لە حەماس.

تورکیا رێگە بە سەرکردە و کەسە دیارەکانی حەماس دەدات بچنە تورکیا و بە ئاسانی چالاکی و جوڵە ئەنجام بدەن، ئەمەش ئیسرائیلی توڕەتر کردووە. لە ئابی ٢٠٢٠ ئیسرائیل تورکیای بەوە تۆمەتبار کرد کە پاسپۆرتی بە ١٠ ئەندامی بزوتنەوەکە داوە کە ئیسرائیل بە "تیرۆریست"یان دەزانێت و ئەم هەنگاوەی تورکیاش بە "دۆستانە" نابینێت.

دۆسیەی قودس
یەکێک لە رێگرییە گەورەکانی نێوان هەردوو وڵات و ناکۆکییە ئاڵۆزەکانی نێوانیان دۆسیەی قودسە، تورکیاش بەردەوام هەوڵی داوە خۆی وەک پارێزەری قودس پیشان بدات، ئەمەش وای کردووە سۆزی بەشێکی زۆری عەرەب بۆ لای خۆی رابکێشێت.

ئیسرائیل بەردەوام چاودێری چالاکییەکانی گروپ و رێکخراوە تورکییەکان و نزیک لە تورکیا دەکات لە قودس، ئەمەش لەپێناو کەمکردنەوەی هێز و هەژموونی تورکیا لە فەڵەستین و قودس.

کۆکەرەوە و دوورخەرەوە
یەکێک لەو هۆکارە بەهێزانەی وەها لە ئەنقەرە و تەلئەبیب دەکات نزیک ببنەوە، گواستنەوەی غازی سروشتیی ئیسرائیلە بۆ تورکیا و تەنانەت گواستنەوەی غازی ئیسرائیل لە رێگای تورکیاوە بۆ ئەوروپا.

تورکیا ترسی هەیە ئیسرائیل لە رێگەی قوبرس و یۆنانەوە غازەکەی رەوانەی ئەوروپا بکات، ئەمەش لێدانێکی گەورەیە لە پێگەی ستراتیژی تورکیا کە دەیەوێت تاکە رێگای بەستنەوەی رۆژهەڵات و رۆژئاوای جیهان بێت و ناوەندی گواستنەوەی غازی رۆژهەڵاتیش بێت بۆ رۆژئاوا. بۆیە هەوڵی تەواو دەدات لە ئیسرائیل نزیک ببێتەوە و ئەم پێگەیە لەدەستنەدات.

یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی نزیکبوونەوەی هەردوو وڵات، بەرژەوەندییەکانیانە لە ئاوەکانی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، هەردوولا دەیانەوێت سنورە ئاوییەکانی نێوانیان دابڕێژنەوە، تاکو بتوانن وەبەرهێنان لە غازی سروشتیی ناوچەکەدا بکەن.

هەنگاوی ناچاری
بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی نێوان هەردو وڵات گەورەترن لە کێشەکانی نێوانیان، بەڵام چارەسەرکردنیان بوێرییەکی دەوێت کە لای ئیسرائیلییەکان هەیە و لای تورکەکان لەرزۆکە، بەڵام دۆخی خراپی ئابووری تورکیا، سزاکان، ئاڵۆزییە سیاسییە ناوخۆییەکان و کێشەکانی لەگەڵ دەر و دراوسێدا وەها دەکەن ئەنقەرە ناچار بێت گوڕێک بە بوێرییەکەی بدات و هەنگاوێکی گەورە رووەو ئیسرائیل بنێت.

نزیکبوونەوەی ئیسرائیل لە وڵاتانی عەرەبی و کەنداو، وەهای کردووە تورکیا  ترسی لێبنیشێت و ئیتر تەلئەبیب پێویستییەکی ئەوتۆی بە ئەنقەرە نەمێنێت، بۆیە تورکەکان ناچارن دەسپێشخەری بکەن و لە کاروانی دۆستایەتی ئیسرائیل بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوا نەکەون.