ڕاپۆرتی کوردستانی

03:49 - 09/02/2021

هۆل لەژێر چەقۆی داعشدا؛ لە کامپەوە بۆ گۆڕەپانی کوشتن‌

پەیسەر

مەترسییەکان لە کامپی هۆلی رۆژئاوای کوردستان روو لە زیادبوونن، تەنها لە ساڵی نوێدا ١٨ کەس لە کامپەکەدا کوژراون، کە ١٢ لەو کوشتنانە تەنها لە هەفتەی یەکەمی ساڵی نوێدا بوون. بەشێک لە کوشتنەکان سەربڕینە و هەموو گومانەکانیش بۆ داعش دەچن.

زیادبوونی کوشتنەکان
بەپێی راپۆرتێکی بەشی ئینگلیزی دەنگی ئەمریکا، رێژەی کوشتنەکان لە کامپەکانی سوریا و بەتایبەت لە هۆل بەرەو زیادبوون دەچن. ترسیش هەیە ئەم رووداوانەی کامپەکان ببنە هۆی زیندووبوونەوەی داعش لە سوریا و ناوچەکەدا.

بەپێی زانیارییەکان لە سەرەتای ساڵی نوێوە تاکو ئێستا تەنها لە کامپی هۆل، ١٨ کەس کوژراون، ١٢ لەو کوشتنانەش لە دوو هەفتەی یەکەمی ساڵی نوێدا بوون.

سەربڕین
ناوەندی زانیارییەکانی رۆژئاواش لەبارەی رووداوەکانەوە ئاماژە بەوە دەکات، نیوەی رووداوەکانی کوشتن بریتی بوون لە سێدارەدان، بەشێک لە کوژراوەکانیش سەریان بڕدراوە و هەموو ئاماژەکانیش بۆ ئەوە دەچن کە داعش لەپشت کوشتنەکانەوە بووبێت.

چارلز فلین کە توێژەرێکی ناوەندەکەیە دەڵێت، گومانی تێدا نییە داعش کاریگەرییەکی گەورەی بەسەر کامپی هۆلەوە هەیە. دەستگیرکراوەکانی داعش لە کامپەکەدا پیاوێکی عێراقییان سەربڕیوە کە پاسەوانی کامپەکە بووە و داعشەکان بە تۆمەتی هاوکاریکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات، پیاوە عێراقییەکەیان سەربڕیوە.

داعش لە کامپەکەدا
داعش لە کامپی هۆل تاکو دێت بەهێزتر و رێکخراوتر دەبێت و مەترسییەکی گەورەشن بۆ سەر دانیشتوانەکەی. هەر وەک چارلز فلین ئاماژەی بەوە کردووە، لایەنگرەکانی داعش لە کامپەکەدا رووداوەکانی کوشتنیان لە ئەستۆ گرتووە.

توێژەرەکە باسی لەوەش کردووە، دادگا و ئەنجومەنە ناوخۆییەکانی داعش لە کامپەکەدا بڕیار لە چارەنووسی هەر کەسێک دەدەن کە بە هاوکاری هەسەدەی بزانن.

ئەمریکا هۆشداری دەدات
فرانک ماکێنزی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا لە وتارێکیدا لەبەردەم پەیمانگای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست باسی لە مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی داعش و دۆخی مەترسیداری کامپەکان کرد.

ماکێنزی وتی، "ئەگەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتی رێگایەک بۆ گەڕاندنەوەی خێزان و دەستگیرکراوەکانی داعش بۆ وڵاتەکانیان نەدۆزنەوە و تێکەڵ بە کۆمەڵگاکانیان نەکرێنەوە، ئەوا لە داهاتوودا نەوەی نوێی ئەم داعشانە سەرهەڵدەدەن و داعشیش بە هیچ جۆرێک لەناوناچێت."

مەترسییەکی گەورە بۆ ئایندە
لەو ٦٢ هەزار کەسەی لە کامپی هۆلدا دەژین، نیوە زیاتریان منداڵانی خوار تەمەن ١٢ ساڵانن، ئەمەش دەرفەتێکی گەورەیە لەبەردەم داعشدا تاکو ئەم مناڵانە بە بڕواکانیان پەروەردە بکەن.

دانێل مویلان وتەبێژی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی دەڵێت، زیادبوونی رووداوەکانی توندوتیژی لەم دواییانەدا لە کامپی هۆل، ئەوە بۆ هەموان ئاشکرا دەکات کە ئەم کامپە شوێنێکی گونجاو نییە بۆ گەورەبوونی منداڵان.

باس لەوەش دەکات، پێویستە چارەسەرێکی هەمیشەیی بۆ دانیشتوانی کامپەکە بدۆزرێتەوە، عێراقییەکان بن یان سورییەکان یان ئەوانەی سەر بە وڵاتانی دیکەن.

نەتەوە یەکگرتووەکانیش هاتە سەر هێڵ
دوای ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە و رۆژئاوای کوردستان، بەشی هەواڵگریی وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکانیش باس لە زیادبوونی مەترسییەکانی کامپی هۆل دەکەن.

بەپێی راپۆرتێکی هەفتەی رابردووی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەشێک لە دەستگیرکراوەکانی کامپەکە، هۆل بە پاشماوەی کۆتایی داعش دەبینن.

راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، منداڵانی نێو کامپەکە دەکرێت پەروەردە بکرێن و بکرێن بە چەکداری داهاتووی داعش.

"دەستگیرکراوەکان ببەنەوە"
گروپێک لە پسپۆڕانی بواری مافەکانی مرۆڤ کە سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانن، نامەیەکیان بۆ ٥٧ دەوڵەت ناردووە، کە بەشێکیان لە ناو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعشدان، لە نامەکەدا داوا لەو وڵاتانە کراوە لە نزیککترین کاتدا هاوڵاتییە دەستگیرکراوەکانیان لە کامپی هۆل ببەنەوە وڵاتەکانیان.

لە نامەکەدا هاتووە، هەزاران راگیراو لە کامپەکاندا رووبەڕووی توندوتیژی، مامەڵەی خراپ و بێبەشکردن بووونەتەوە و لە دۆخێکی خراپدان کە دەگاتە ئاستی ئەشکەنجە و سوکایەتی.

هەلی بەهێزبوونەوەی داعش
پسپۆڕانی بواری رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریش باس لەوە دەکەن، داعش دۆخی خراپی کامپەکان، بەتایبەتی هۆل بۆ بەهێزکردنەوەی خۆی بەکاردەهێنێت.

ڤلادیمێر فۆرۆنکۆڤ سەرۆکی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر هۆشداری بە وڵاتانی جیهان دەدات و داواین لێدەکات رێگای دەربازبوون بۆ ٢٧ هەزار منداڵی ناو کامپی هۆل بدۆزنەوە.

ئەو بەرپرسە داوا لەو وڵاتانە دەکات ئەم منداڵانە بگەڕێننەوە و  وەک قوربانی مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن، ناشبێت دادگایی ئەو منداڵانە بکرێت کە تەمەنیان لە خوار ١٤ ساڵانەوەن.

باس لەوەش دەکات دۆخی منداڵان لە کەمپی هۆل لە بەردەم مەترسیدایە و لەو بابەتانەیە دەبێت سەرنجی بخرێتە سەر.
منداڵانی ناو کەمپی هۆل سەر بە ٦٠ وڵاتی جیهانن، تاکو ئێستا روسیا، فەڕەنسا و کازاخستان بەشێک لەو منداڵانەیان بردووەتەوە، ئەڵمانیا و کەنەداش تەنها یەک منداڵیان بردووەتەوە.

کامپێک بە ٦٥ هەزار کەسەوە
نەواف خەلیل سەرۆکی ناوەندی کوردی بۆ لێکۆڵینەوە دەڵێت، زیاتر لە ٢١ هەزار خێزان لەم کامپەدا نیشتەجێن، ١٤ هەزاریان لە ٥٠ رەگەزی جیاوازی وڵاتانن، ٤٥٪ی دانیشتوانی کامپەکە عێراقین، ٤١٪یان سورین، ١٤بەشەکەی دیکەش سەر بە رەگەزەکانی دیکەن.

ئاماژەی بەوەش کردووە، ٣٤ رێکخراوی کۆمەڵگای مەدەنی هاوکاری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای کوردستان دەکەن بۆ بەڕێوەبردنی کامەپەکە، ئەمە سەرەڕای مانگی سوری نێودەوڵەتی، پزیشکانی بێسنور، یونسێف و رێکخراوی دیکەش.

نەواف خەلیل دەربارەی دانیشتوانی کامپەکە دەڵێت، تەنانەت پزیشاکانیش رووبەڕووی سەختی دەبنەوە، چونکە هەندیک جار کە پزیشکێک چارەسەری هەندێک دانیشتوانی کامپەکە دەکات پێی دەوترێت ئەمەش لە بێباوەڕەکانە.

١٠ هەزار خێزانی چەکدارانی داعش
باس لەوەش دەکات، زیاتر لە ١٠ هەزار خێزانی چەکدارانی داعش لەم کامپەدان و بەردەوام خەریکی خۆڕێکخستنەوە و ئەنجامدانی چالاکین، بۆیە دەبێت نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هاوکاری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای کوردستان بکەن، تاکو بتوانرێت کۆنترۆڵی کامپەکە بکرێت.

عەبدولوەهاب عاسی لە ناوەندی جسور بۆ لێکۆڵیەنەوە دەڵێت، زانیارییەکان دەربارەی کامپەکە هێشتا کەم و شاراوەن، رەنگە زۆربوونی رووداوەکانی کوشتنیش لە کامپەکەدا بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە ئاسایشی کەمپەکە نەیەوێت بە تەواوی کۆنترۆڵی کامپەکە بکات.