ڕاپۆرتی کوردستانی

11:48 - 10/02/2021

ئەو مەلایەی لە مزگەوتدا خودا و لە دەرەوە کوردی دەپەرست‌

پەیسەر

لەسەروەختی شۆڕشی گەلانی ئێران دژی شا، رۆژێک لە شاری مهاباد لەنێوان گەنجانی چەپ و نەتەوەیی دا دەبێتە شەڕ، خەڵکی پەنا بۆ ئیمام و خەتیبی مزگەوتی گەورەی مهاباد دەبەن تا ئاو بکات بەو ئاگرەدا. مەلای مزگەوتی گەورە دەگاتە ناو شەڕەکە و ئاڵا سوورەکە لە چەپەکان وەر دەگرێت و ماچی دەکات و دەیخاتە سەر سەری. ئاگری ناکۆکییە بەناوبژیوانی مامۆستای مێزەر بەسەر دادەمرکێتەوە.

ئەو مەلایەی کە ئاڵای سووری کۆمۆنیستی ماچ دەکات، شێخ عیزەدینی حوسێنییە کە لە سەدەی بیست تا سەرەتای سەدەی بیست و یەک، لە بزووتنەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیریی رۆژهەڵاتی کوردستاندا، رۆڵێکی گەورەی گێڕاوە.

نموونەی مەلای وەکو شێخ عیزەدینی حوسێنی لەناو کورد دا ئەگەر تاقانە نەبێ، ئەوا زۆر دەگمەنە. ژیان و بیرکردنەوە و رەفتاری ئەو پیاوە لە هەموو قۆناغەکانی ژیانیدا، نوێخوازیی بووە. هاوار و هەڵمەت بووە بۆ هۆشیاریی نەتەوەیی و ئاینیی.

شێخ عیزەدین ساڵی ١٩٢١ لە شاری بانە لەدایكبووە. وەکو هەر منداڵێکی تری ئەو کاتەی کورد، تەنیا رێگەیەک بۆ خوێندن و خوێندەواریی، ژوورە نزم وتەنگەبەرەکانی مزگەوت و حوجرە بووە. بۆیە لەم پێناوەدا عیزەدینی منداڵ چەندین گوند و مەلا دەگۆڕێت تا قۆناغەکانی خوێندنی ئاینیی تەواو بکات.

لە هەڕەتی لاوێتیدا، شێخ عیزەدین هێشتا فەقێیە کاتێ تێکەڵی جوڵانەوەی سیاسی و بیری نەتەوەیی دەبێ لەڕێی کۆمەڵەی (ژێ – کاف)ــەوە.

بۆ خۆشبەختی شێخ عیزەدین و لاوە گۆشکراوەکانی بیری ناسیۆنالیستیی ئەو کاتەی کورد، کۆماری کوردستان دەبێتە نۆبەرەی خەبات و چاویان بە ئاڵای کوردستان و نووسینی کوردی دەگەشێتەوە.


مەلایەکی چەپ
لە سەروەختی بەشداریکردنی رۆژهەڵاتی کوردستان لە شۆڕشی گەلانی ئێران دژ بە دەسەڵاتی شا، شێخ عیزەدین دەبێتە کەسایەتییەکی بەرچاوی سیاسی لە شاری مهاباد و کوردستان. شێخ زیاتر لە چەپەکان بە تایبەت (کۆمەڵە)وە نزیکە، ئەمەش هەمیشە جێی پرسیار بووە بۆ خەڵک کە چۆن دەبێ مەلایەکی مێزەر بەسەر و ئیمام جومعەی مهاباد لەگەڵ چەپ و کۆمۆنیستەکاندابێ؟

بەڵام بیری چەپ و پشتگیریی لە عەدالەتی کۆمەڵایەتی شێخ عیزەدین، زۆر لەوە پێش زیاترەو دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتە کۆماری کوردستان کۆتایی پێهاتووە و دەسەڵاتی شای ئێران حاکمی موتەڵقە بەسەر کوردستانەوە. لەڕێی بەشداریکردنی لە بزووتنەوەیەکی جوتیارانی ناوچەی موکریان لە سەرەتای پەنجاکان، ناوبانگی شێخ لە ناوچەکەدا دەدرەوشێتەوە.

لەو بزووتنەوەیەدا شێخ زۆر لێبڕاوانە لەگەڵ جوتیار و رەعیەتدا تێدەکۆشێ بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتی دەرەبەگ و ئاغاکانی ئەو ناوچەیە.

شێخ عیزەدین لەگەڵ ئەوەی ئەوپەڕی رێز و ستایشی هەبوو بۆ کۆماری کوردستان، بەڵام هەمیشە رەخنەی ئەوەی لەو کۆمارە دەگرت کە رۆڵ و پێگەی داوەتەوە بۆ ئاغا و دەرەبەگ و دەستڕۆشتووان. بۆیە دەیوت: کورد کاتێ پێش دەکەوێ و نزیک دەبێتەوە لە ئازادبوون، کە سیستمی ئاغا و دەرەبەگ بگۆڕێت.

سەرێک نیوەی بۆ جامانە و نیوەی بۆ مێزەر
لە کاتی روخانی دەسەڵاتی شای ئێران و دەسەڵاتداربوونی هەردوو حزبی کۆمەڵە و دیموکرات لە رۆژهەڵاتی کوردستان، شێخ عیزەدینی حوسێنی لەلایەن هەمووانەوە رێزی لێدەگیرێ و هەڵدەبژێردرێ بە سەرۆکی ئەنجومەنی شورای مهاباد کە بەرزترین دەسەڵاتی ئیداریی بووە لەو کاتەدا.

لە کاتی گفتوگۆی نێوان حکومەتی کاتیی ئێران و کورد، شێخ عیزەدین رادەسپێردرێ کە سەرۆکایەتی شاندی کورد بکات لەگەڵ هەیئەتی حکومەتی ناوەندی دا. جارێکیش سەردانی خومەینی دەکات لە قوم. دوای تەواوبوونی دیدارەکەی و لە کاتی جێهشتنی ژوورەکە، خومەینی دەست دەگرێ بە جبەکەی شێخ عیزەدینەوە و پێی دەڵێ: ئارامی کوردستانم لە تۆ دەوێ. شێخ عیزەدینیش دەڵێ: منیش خودموختاری کوردستانم لە تۆ دەوێ.

ئەمە لە کاتێکدابوو کە لەو سەروەختەدا شێخ عیزەدین لە کۆمەڵەوە نزیک بوو، هەمیشە ماڵ و شوێنی کارەکەی کە دواتر بە "دەفتەری مامۆستا" ناسرا، گەنجانی چەپ هەڵیان دەسوڕاند. بەڵام بۆ خۆی هەرگیز نەبووە ئەندامی کۆمەڵە.

نووسەر و سیاسەتمەداری كورد ئەحمەدی ئەسکەندەری کە زۆر نزیک بووە لە شێخەوە دەیگێڕێتەوە "رۆژێک لە نێوان مەنسوری حیکمەت و عەبدوڵڵا موهتەدی و مامۆستا شێخ عیزەدیندا بوو بە مشتومڕ لەسەر دامەزراندنی حزبێکی کۆمۆنیستیی، مامۆستا وتی واز لە حزبی کۆمۆنیستیی بێنن ئەوەتا ئەوروپای شەرقی چۆن وازی لێدێنن".

ئەسکەندەری هەروەها دەڵێ: مامۆستا بۆ خۆی دەیوت باوەڕم بە بنەماکانی چەپ هەیە، بەس باوەڕم بە ماتەریالیزم نییە.

لە دوایین مانگەکانی تەمەنیدا لە دیدارێکیدا بێژەرەکە لێی دەپرسێ: تۆ پیاوێکی رۆحانی و ئاینیی بوویت، کەچی لەگەڵ حزبێکی کۆمۆنیستی وەکو کۆمەڵەدا بووی؟
لە وەڵامدا شێخ عیزدەین دەڵێ: خەباتی من تەنیا لە پێناوی ئازادی و رزگاریی میللەتی مەزڵومی کورددا بووە نەک ئەوەی کۆمەڵە بووبم. ئەو کاتە هەموومان خەباتمان دەکرد بۆ بەدەستهێنانی ئەو مافە نەک شتی تر.

دیندارێکی لیبراڵ
لە منداڵییەوە تا رۆژی مردنی، شێخ عیزەدین دەستبەرداری ئاینی ئیسلام نەبوو نەک هەر ئەوە بەڵکو مێزەری مەلایەتیشی لا نەبرد.مرۆڤ سەنتەری ژیان بووە لای شێخ عیزەدین، بە روونی دەیوت "هەموو دروستکراوەکانی خودا لە پێناو ئارامیی و رەفاهیەتی مرۆڤدا خولقاون، بۆیە نابێ بە هیچ پاساو و بیانوویەک ئازادی مرۆڤ زەوت بکرێ. ئەگەر مرۆڤ نەبێ خوداوەند زەوی و ئاسمانی بۆ چیە؟"

سەبارەت بە تێکەڵکردنی ئاین و سیاسەت زۆر بە راشکاوانە دەیوت " لە هەر شوێنێکدا هەوڵدرا ئاین تێکەڵی سیاسەت بکرێ، دەبێ لێی بدرێ. هەرگیز نابێ ئاین دژی زانستبێ چونکە هەردووکیان نیعمەتی خودان یەکەمیان هی کۆنە و دووەمیان تازەیە. ناکرێ و نابێ وەکو هەزار و چوارسەد ساڵ لەمەوبەر دینداری بکرێ و بسەپێنرێ".

سەبارەت بە مافی ژنان شێخ عیزەدین دەڵێ: لە ژیانی مەلایەتیمدا هەرگیز ژنی دووەمم بۆ پیاوێک مارە نەکردووە ئەگەر ژنی یەکەمی لە ژیاندا مابێ و لەگەڵ مێردی خۆی بێ. هەرگیز کچی بچووکم مارە نەکردووە و زۆر دژی ئەوەبووم چونکە رەنگە ئەو کچە کە گەورەبوو بە مێردی خۆی رازی نەبێ."

لە دوایین دیداری تەلەڤزیۆنیدا کە چوار مانگ پێش کۆچی دوایی لەگەڵی ئەنجامدراوە، بێژەرەکە لێی دەپرسێ: ئێستا تەمەنت نەوەد ساڵە و لە سوید لە دووری وڵاتی خۆت دەژی. ئایا کە بیر لە رابردوو دەکەیتەوە پەشیمان نیت و ناڵێی خۆزگە هەر خەریکی مزگەوت و مەلایەتی خۆم بوایەم و چیم دابوو لەو هەموو سەرئیشەیە؟

شێخ بە زەردەخەنەوە دەڵێ: نەک پەشیمان نیم بەڵکو زۆر زۆر شانازیی و فەخر دەکەم کە هەموو توانا و ژیانم لەپێناوی ئازادی گەلی کورددا تێپەڕاندووە. خەباتی من بۆ ئەوە بووە میللەتەکەم بە ئازادی و کەرامەتەوە بژی، ئیتر بۆچی لەوە پەشیمان بم.

هەر کەسێک یان حزب و بزووتنەوەیەکی سیاسی لە چوار پارچەی کوردستان بیانەوێ شانازی بە رابردووی کوردەوە بکەن، ئەوا هەموویان ناچارن جێگایەکی تایبەت بدەن بە شێخ عیزدەینی حوسێنی. چەپەکان بەو بەشەی ژیانی کە بۆ چینی هەژار و چەوساوە تەرخانی کردبوو. نەتەوەییەکان ناتوانن ئەو هەموو خەبات و کۆششانەی شێخ پشتگوێ بخەن.

لیبراڵ و عەلمانییەکان ناتوانن دیدە راشکاوانەکانی شێخ عیزەدین سەبارەت بە جیاکردنەوەی ئاین لە سیاسەت فەرامۆش بکەن. رێکخراوەکانی ژنان هەر دەبێ باسێکی ئەو  دژایەتییەی شێخ عیزەدین بکەن دژی فرەژنی و بەزۆر بەشوودانی کچان. ئیسلامییەکانیش مافی ئەوەیان نابێ مامۆستایەکی ئاینیی مێزەر بەسەر بخەنە لاوە کاتێ باسی مێژووی پیاوانی ئاینیی کورد بکرێ.

شێخ عیزەدینی حوسێنی رۆژی ١٠ی شوباتی ٢٠١١ لە تەمەنی نەوەد ساڵیدا، لە وڵاتی سوید کۆچی دوایی کرد و لەسەر وەسێتی خۆی تەرمەکەی لە گردی سەیوان لە شاری سلێمانی بە خاک سپێردرا.