ڕاپۆرتی کوردستانی

12:13 - 10/02/2021

سیاسەتی بادانەوەی ئەردۆغان؛ سازش بۆ لێدان لە کورد‌

پەیسەر

لە مێژووی نوێی تورکیادا، سیاسەتێکی نوێ بەدیدەکرێت، سیاسەتێک کە رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاڕاستەی دەکات، ئەویش سیاسەتی "بادانەوە"یە. ناوەڕۆک و پوختەی ئەم سیاسەتە بریتییە لە گۆڕینی سیاسەت و ئاڕاستەی پەیوەندییەکان لە پڕێک و بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو. لە ئێستادا رۆژئاوای کوردستان لەبەردەم دەرئەنجامە ترسناکەکانی ئەم سیاسەتەدایە.

بادانەوە؛ سیاسەتە بنەڕەتییەکەی ئەردۆغان
یەکێک لە سیاسەتە بنەڕەتییەکانی ئەردۆغان "سیاسەتی بادانەوە"یە. پوختەی سیاسەتەکە لای ئەردۆغان ئەوەیە؛ بە ئاسانی ئاڕاستەی سیاسەتەکانی دەگۆڕێت و هەنگاوی چاوەڕواننەکراو دەنێت.

بۆ نموونە ئەردۆغان بە ئاسانی و بەبێ گوێدان بە رابردوو، روو لە دوژمنەکانی دەکاتەوە و دەستی دۆستایەتییان بۆ درێژ دەکاتەوە. لەپڕ و لە ناکاوێکدا تەلەفۆن بۆ ئەو سەرۆک و سەرکردانە دەکات کە چەند ساڵێک لە ناکۆکیدا بووە لەگەڵیان. دۆستایەتی خۆی بۆ ئەو وڵاتانە دەردەبڕێت کە پێشتر بە دوژمنی تورک و مسوڵمانانی داناوە.

تورکیا لە ٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠١٥ فڕۆکەیەکی جەنگیی سیخۆ ٢٤ی روسی پێکا، کە سەرقاڵی هەڵمەتێکی ئاسمانی بوو لە دژی چەکدارانی داعش لە نێو خاکی سوریادا. ئەم کارە پەیوەندییەکانی نێوان روسیا و تورکیا تاکو خراپترین ئاست برد.

دوای ماوەیەک و لە ١٩ی مانگی دوازدەی ساڵی ٢٠١٦ لە پێشەنگایەکی فۆتۆگرافیدا لە ئەنقەرە، ئەندرێ کارلۆڤ باڵیۆزی ڕووسیای تەمەن 62 ساڵان بە دەستی پۆلیسێکی تورک کوژرا.

ئەم دوو رووداوە دوو وڵاتە گەورەکەی خستە ناو قەیرانێکی قوڵەوە، لەگەڵ ئەوەی چاوەڕوان دەکرا ئەردۆغان وەک هەمیشە سیاسەتی ملنەدان بەرامبەر رکابەرەکانی پەیڕەو بکات، بەڵام وەهای نەکرد و گەڕایەوە بۆ سیاسەتی "بادانەوە". هەموو نەرمییەکی بۆ روسیا نواند و کردییەوە بە دۆستی خۆی.

ئەردۆغان نەک هەر پەیوەندییەکانی ئاسایی کردەوە، بەڵکو بە فەرمی و لە رێگای نامەشەوە داوای لێبوردنی لە ڤلادیمێر پوتین کرد.

ئەردۆغان ئەم سیاسەتەی بەرامبەر چینیش جێبەجێکردووە، سەرەڕای هێرشکردنە سەر چین لەسەر مسوڵمانەکانی ئیگۆر، کەچی ئێستا هاوپەیمانی گەورەی چینە و بە شان و باڵی سەرکردەکانی چیندا هەڵدەدات. تەنانەت بەپێی چەند زانیارییەک کە (پەیسەر پرێس) بڵاویدەکاتەوە، دەوترێت تورکیا لەگەڵ چین رێککەتووە، لە بەرامبەر پێکوتەدا، ئیگۆرە مسوڵمانەکانی دانیشتووی تورکیا کە لە چینەوە هەڵهاتوون، رادەستی پەکین بکاتەوە.

بادانەوە بۆ ئەمریکا
خوڵوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا بە میدیاکانی تورکیای راگەیاندووە، دەکرێت هەمان چارەسەری قوبرس بۆ بابەتی ئێس ٤٠٠ پەیڕەو بکەن، ئەمەش یەکەم هەنگاوی بادانەوەیە بەرەو واشنتن.

قوبرس ساڵی ١٩٩٧ بۆ خۆپارێزی و دژایەتی تورکیا، سیستمی ئێس ٣٠٠ی لە روسیا کڕی، بەڵام دواتر و لەژێر فشار و هەڕەشەکانی تورکیادا، سیستمەکەی بە یۆنان فرۆشت. لە ئێستادا تورکیا دەیەوێت هەمان رێگا بگرێتە بەر تاکو لەگەڵ ئەمریکادا پەیوەندییەکانی چاک بکاتەوە، چونکە ئەمریکا بە روونی بە تورکیای وتووە، تاکو سیستمی ئێس ٤٠٠ چارەسەر نەکرێت، پەیوەندییەکانیان باش نابێتەوە.

بادانەوە لەسەر حسابی کورد
بەپێی سەرچاوە نزیکەکان لە وەزارەتی بەرگری تورکیاوە، مەرجی ئەنقەرە بۆ وازهێنان و دەستبەرداربوون لە سیستمی ئێس ٤٠٠ ئەوەیە، ئەمریکاش پشت لە رۆژئاوای کوردستان بکات و دەست لە پشتیوانیکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات هەڵبگرێت.

ئێستا تورکیا تۆپەکەی خستووەتە گۆڕەپانی ئەمریکاوە، بەڵام لێدوانەکانی بەرپرسانی ئەمریکا تاکو ئێستا بەو ئاڕاستەیەن کە واشنتن لەم کاتەدا پێویستی بە هەسەدەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش و سەپاندنی هەژموونی خۆی لە سوریادا.

رێگریی گەورەی بەردەم هەنگاوەکەی تورکیا، روسایە، روسیا کە ئەم سیستمە بەرگرییە بەهێزەی بە تورکیا فرۆشتووە، بە ئاسانی قایل نابێت تورکیا دەستبەرداری سیستمەکەی ببێت. رۆژانی داهاتوو بابەتەکە روونتر دەبێتەوە.

پرسیارە گەورەکان ئێستا ئەمانەن؛ تورکیا ئامادەیە پشت لە روسیا بکاتەوە و بچێتەوە واشنتن؟ روسیا ئەمە قبوڵ دەکات؟ ئەمریکا ئامادەیە پشت لە کورد بکات؟ جێگرەوەی کورد چی دەبێت و چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم پێشهاتەدا دەکات؟

گەڕانەوەیەکی پێویست بۆ بنەڕەتی کێشەکان

کورد؛ گرێ گەورەکەی واشنتن و ئەنقەرە
تورکیا و ئەمریکا دوو هاوپەیمانی گەورە و مێژوویی یەکترن، سەرەڕای دەیان کێشەیی گەورە و مێژوویی لەنێوانیان، تاکو ئێستا توانیویانە وەک هاوپەیمان و دۆستی یەکتر بمێننەوە.

تورکیا و ئەمریکا تاکو سەرهەڵدانی شۆڕشی سوریا هاوپەیمانی گەورە و بەهێز بوون، بە ئاسانی کێشە و قەیرانەکانیان تێدەپەڕاند، بەڵام دروستبوونی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای کوردستان و پشتیوانی و هاوکاری ئەمریکا بۆ شەڕڤانان، گەورەترین کێشەی خستە نێوان هەردوو وڵاتەوە.

ناکۆکییە گەورەکە
ئیدارەکانی ئەمریکا بە درێژایی ١٠ چەند ساڵی رابردوو گەورەترین پشتیوانی و هاوکارییان پێشکەشی شەڕڤانانی رۆژئاوای کوردستان کردووە، سەرەڕای ئەوەی ئەمریکا دەیەویست تورکیا ئەم کارە وەک دژایەتی خۆی نەبینێت، بەڵام بێسود بوو.

جەیمس جێفری، نوێنەری تایبەتی پێشووی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا و نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ بەشی تورکی پێگەی (DW)، باس لە خراپی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و تورکیا لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپ دەکات و دەڵێت، پەیوەندییەکانمان لەبارەی سوریا لەگەڵ ئەنقەرە باش و گونجاو بوو. تورکیا و ئەمریکا لەبارەی ئامانجەکان لە سوریا هاوڕا بوون. هەردوولا لەم بابەتانەش هاوڕابوون؛ چارەسەری سیاسیی بۆ سوریا، گۆڕانی ریشەیی رژێمی سوریا، دەرچوونی گروپەکانی سەر بە ئێران لە سوریا و لەناوبردنی یەکجارەکی داعش لە سوریا.

بەڵام لەبارەی بابەتی گروپە کوردییەکان لە باکوری سوریا، ناکۆکی قوڵمان هەبوو. ئەمریکا لە رووبەڕووبوونەوەی داعش هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) وەک هاوپەیمان دەبینێت. بەڵام تورکیا دەڵێت بڕبڕەی پشتی هەسەدە یەکینەکانی پاراستنی گەلە (یەپەگە) کە درێژکراوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یە، بەم جۆرەش ناڕەزایەتییە توندەکانیان بەردەوامیی هەیە...

ئێمە لەم بارەیەوە نەمانتوانی تورکیا قایل بکەین، تورکیا (لەبارەی هەسەدەوە) نەگەیشت بەو خاڵەی کە بڕوا بە ئێمە بکات. بۆیە ئێمەش بێئومێد بووین، زۆر بێئومێد.

هاوکاری ئەمریکا بۆ رۆژئاوای کوردستان
یەکێک لە گلەیی و ناڕەزایەتییەکانی تورکیا لە ئەمریکا، هاوکاریکردنی شەڕڤانانی رۆژئاوای کوردستانە، کە ئەنقەرە بە هەڕەشەی دەزانێت بۆ سەر ئاسایشە نەتەوەییەکەی، بۆیە لە چەند ساڵی رابردوودا یەکێک لە کێشە گەورەکانی نێوان هەردوو وڵات، بابەتی رۆژئاوای کوردستان بووە.

خولوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانیدا باس لەوە دەکات، یەکێک لە کێشە گرنگەکانیان لەگەڵ ئەمریکییەکان بابەتی یەپەگەیە و تاکو ئەم کێشەیەش چارەسەر نەکرێت، ئاڵۆزییەکانی نێوانیان بەردەوام دەبێت.

مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیاش لەم بارەیەوە وتویەتی، سیاسەتی هاوکاریکردنی یەپەگە لە ئیدارەکەی ئۆبامادا سەریهەڵدا کە بایدن تێیدا بەشدار بوو، چاوەڕوانی وڵاتەکەشی لە ئیدارەی نوێی بایدن ئەوەیە کە واشنتن لەم هەڵەیە بگەڕێتەوە و راستی بکاتەوە.

مانەوەی داعش و گروپە توندڕەوەکان لە سوریا، وای لە ئەمریکا کردووە کە هاوکاریکردنی رۆژئاوای کوردستان بە پێویست بزانێت تاکو ئەم گروپانە بە بەهێزی نەگەڕێنەوە، بۆیە چاوەڕوان ناکرێت ئیدارەی نوێی ئەمریکا دەست لە هاوکاریکردنی رۆژئاوا هەڵبگرێت، تەنانەت لە چەند مانگی رابردوودا زۆرترین بڕی هاوکاری ئەمریکا بە شەڕڤانان گەیشتووە.

لۆید ئۆستن وەزیری نوێی بەرگری ئەمریکا لە ئیدارەکەی باراک ئۆبامادا فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا بووە و بە یەکێک لە داڕێژەرانی سیاسەتی هاوکاریکردنی یەپەگە دادەنرێت.

یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان وەها دەکەن ئیدارەی نوێی ئەمریکا بەردەوامبێت لە هاوکاریکردنی رۆژئاوای کوردستان، بوونی برێت مەکگۆرگە لە ئیدارە نوێیەکەدا کە بە دژایەتی تورکیا بەناوبانگە.

قەیرانی ئێس ٤٠٠
یەکێک لە قەیران و کێشە گەورەکانی نێوان ئیدارەی ترەمپ و تورکیا کڕینی سیستمی بەرگری ئێس ٤٠٠ی روسی بوو لەلایەن ئەنقەرەوە، چاوەڕوانیش دەکرێت ئەم قەیرانە لەسەردەمی ئیدارەکەی بایدندا بەردەوامی هەبێت و تەنانەت گەورەتریش بێت.

ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پێش دەستبەکاربوونی پەیامێکی توندی ئاڕاستەی تورکیا کرد، هۆشداریشی داوە لە نزیکبوونەوەی زیاتری ئەنقەرە لە مۆسکۆ.

بلینکن لە دانیشتنی لیژنەی پەیوەندییە دەرەکییەکانی کۆنگرێسدا قسەی کرد و وتی، "هاوئاڕاستەیی و نزیکی هاوپەیمانێکی ستراتیژی، واتە بە ناو هاوپەیمانی ستراتیژیمان لەگەڵ روسیا کە یەکێکە لە رکابەرە ستراتیژییە گەورەکانمان، مایەی قبوڵکردن نییە."

بەکارهێنانی "هاوپەیمانی بە ناو ستراتیژی" بۆ تورکیا پەیامێکی روون و ئاشکرای ئیدارەی نوێی ئەمریکایە بۆ تورکیا کە هەمان هەڵوێستی ئیدارەی پێشووییان هەیە دژی نزیکبوونەوەی ئەنقەرە لە مۆسکۆ، بەتایبەت ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە کڕینی سیستمی بەرگری ئێس ٤٠٠وە هەیە.

بلینکن لە بەردەوامی قسەکانیدا ئاماژە بە سزاکانی ئیدارەی پێشووی ئەمریکا دەکات و دەڵێت، "تەماشای کاریگەریی سزاکانی ئێستا بۆ سەر تورکیا دەکەین، دواتریش بەپێی ئەوە بڕیار دەدەین ئایا پێویستە سزاکان زیاد بکەین یان نا."

بلینکن دەربارەی رەفتاری تورکیا بە روون و ئاشکرایی قسەی کرد و هۆشداری بە تورکیا دا، "تورکیا لە زۆر ڕووەوە وەک ئەوەی پێویستە لەسەری، وەک هاوپەیمان رەفتار ناکات، ئەمەش بۆ ئێمە کێشەیەکی جددی، زۆر جدییە، لەم رووەوە چاو کراوەین."

سەرەڕای هەموو سزاکانی ئەمریکا، هەفتەی رابردوو ئەردۆغان وتی، بۆ دووەم بەتاری ئێس ٤٠٠، گفتوگۆکانیان لەگەڵ روسەکاندا بەردەوامیی هەیە، ئەمەش وەها دەکات ئیدارەی نوێی ئەمریکاش توندتر ببێتەوە و ئەگەری سەپاندنی سزای زیاتریش بەسەر تورکیا بەرزتر بکاتەوە، بەم جۆرەش یەکێک لە کێشە ئاڵۆزەکانی چوار ساڵی رابردووی نێوان هەردوو وڵات، بۆ ئیدارەی نوێی ئەمریکا دەگوازرێتەوە.

باجی ئێس ٤٠٠
تورکیا بۆ کڕینی ئێس ٤٠٠ بڕی دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری بە روسیا داوە، ئەمەش بۆ تورکیا کە لە دۆخی قەیرانی دارایی و ئابووریدایە و لە ناوچەکەش رووبەڕووی چەندین رکابەر بووەتەوە پارەیەکی زۆرە.

دوای ئەوەی ئێس ٤٠٠ی کڕی، ئەمریکا کۆمپانیا تورکەکانی لە لیستی کڕیارانی فڕۆکەی ئێف ٣٥ دەرکرد، پنتاگۆنیش رایگەیاند، زیانی ئەم دەرچوونەی تورکیا لە کڕینی ئێف ٣٥، دەگاتە نۆ ملیار دۆلار.

بەم جۆرە تورکیا نە سیستمی بەرگری ئێس ٤٠٠ بەکاردەهینێت کە پارەکەی داوە، نە ئەو پارەیە بەدەستدەهێنێتەوە کە لە کڕینی ئێف ٣٥ کان خەرجی کردووە و نە ئێف ٣٥کانیش بەدەستدەهینێت. بەم جۆرە تورکیا نزیکەی ١٣ ملیار دۆلار زیانی کردووە، نە ئێس ٤٠٠یش بە باشی بەکاردەهینێت و نە ئێف ٣٥کانیشی بەدەستهێنا.

ئێس ٤٠٠ی نەکڕیایە
ئونلوهیسارجکڵکی دەڵێت، "ئێس ٤٠٠مان نەکڕیایە پارەکەی کە دوو ملیار و نیو دۆلارە لە گیرفانمان دەبوو، ئێف ٣٥کانی ئەمریکاش لە فڕۆکەخانەکانمان دەبوو، کۆمپانیاکانی پیشەسازی بەرگری وڵاتیشمان بەردەوام دەبوون لە بەرهەمهێنانی پارچەکانی ئێف ٣٥."

دەشڵێت، "واتە هەم پەرەمان قازانج دەکرد و هەم بەرهەمهێنانی تەکنۆلۆجی بەردەوام دەبوو، رووبەڕووی سزاکانیش نەدەبووینەوە، هەروەها بە پاتریۆت و چەند سیستمێکی دیکەش رووبەڕووی ئەو هەڕەشانە دەبووینەوە کە لەسەر وڵاتەکەمان هەیە.

 هەڵوێستی ئەردۆغان
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لەبارەی سزاکانەوە دەڵێت، ئەمە یەکەم جارە سزای هاوپەیمانێکی ناتۆ بدرێت، ئەمە چی هاوپەیمانییەتییەکە؟

ئاماژەی بەوەش کردووە، ئامانجی بنەڕەتی ئەم سزایانە ئەوەیە رێگری لەبەردەم پێشکەوتنی پیشەسازی بەرگری تورکیا دروستبکەن و تورکیا بکەن بە وڵاتێکی پەیوەستبوو، ئەمریکا کە خۆی وەڵامی داواکارییەکانی وڵاتەکەی ناداتەوە، کەچی سزای ئەنقەرە دەدات تەنها لەبەرئەوەی ویستویەتی لە شوێنی دیکەوە پێداویستییەکانی پڕ بکاتەوە.

روو لە روسیا و پشت لە ئەمریکا
تورکیا بڕیار بوو یەکێک لە فڕۆکە هەرە پێشکەوتووەکانی ئەمریکا بکڕێت، کە ئەویش ئێف ٣٥ بوو، بەڵام رووکردنە دوژمنە سەرسەختەکەی واشنتن کە مۆسکۆیە، هەموو ریسەکەی لە تورکەکان کردەوە بە خوری، دوای ئەم ئاڕاستە گۆڕینە ئەمریکییەکان دەستیان بە سزادانی تورکیا کرد.

ئەمریکا چەندین جار رایگەیاندنبوو باجی رووکردنە مۆسکۆ قورس دەبێت، بەڵام تورکەکان گوێیان نەگرت و سوربوون لەسەر کارەکەیان، بۆیە دوای کڕینی سیستمی ئێس ٤٠٠، ئەمریکا بڕیاریدا بڕیاری فرۆشتنی ئێف ٣٥ بە تورکەکان رابگرێت.

سزای هاوپەیمان
ئەمریکا دەستی بە سەپاندنی سزاکان بەسەر تورکیادا کرد، ئیدارەی ترەمپ بەپێی ماددەی ٢٣١ لە یاسای سەپاندنی سزا بەسەر دوژمنانی ئەمریکا سزای بەسەر تورکیادا سەپاند و سزاکانیش پیشەسازی تورکیایان بەئامانج گرت.

سزاکان پێدانی مۆڵەت و بەڵگەیان بە پیشەسازی بەرگریی سەرۆکایەتی کۆمار راگرتووە کە کەلوپەلی تەکنۆلۆجی هەناردە بکەن.

هەر بەپێی سزاکانی ئەمریکا، تورکیا ناتوانێت هاوکاری دارایی و قەرز لە ئەمریکا و ئەو دەزگایانەش وەربگرێت کە هاوپەیمانی ئەمریکان. هەروەها سزای ئیسماعیل دەمیر سەرۆکی پیشەسازی بەرگری تورکیا و سێ کەسی دیکەی دەزگاکە درا کە رۆڵیان هەبووە لە کڕینی سیستمی بەرگری ئێس ٤٠٠ی روسی بۆ تورکیا.