ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

02:10 - 10/02/2021

منداڵانی کارکەر لە ئێران؛ قوربانیانی هەژاری و قەیران‌

پەیسەر

کارکردنی منداڵان بە پارەیەکی کەم لە بازارەکانی ئێراندا سوودێکی زۆری هەیە بۆ خاوەنکارەکان. هەر بۆیە دامەزراوە بەرپرسە حکومییەکان لەم وڵاتەدا نەک هەر هەوڵی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە نادەن، بەڵکو کەمتەرخەمی سەرەکی ئەوانن. نەوەکانی داهاتووی ئەم وڵاتە لەژێر چەپۆکی کارکردنی تاقەتپڕوکێندان، تەنیا بۆ ئەوەی خێزانەکانیان بتوانن بەزیندوی بمێننەوە.

ئەمڕۆ زۆرێک لە منداڵانی ئێران بەهۆی هەژاری و قەیرانی ئابورییەوە ناچارن واز لە خوێندن بهێنن و بۆمانەوەی خۆیان و خێزانەکانیان روو لە بازارەکانی کار بکەن.

رووبەڕووی توندوتیژی و ئازاردان دەبنەوە
ئەم منداڵانە رووبەڕووی توندوتیژی و ئازاردان دەبنەوە. کارکردن ئەم منداڵانە پێشێلکردنێکی جدی مافی منداڵانە. زیاتر لە 5٪ کاری بیناکاری لە ئێراندا، کە یەکێکە لە قورسترین کارەکان، لەلایەن ئەم منداڵانەوە ئەنجام دەدرێت.


راپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی میهر ئاماژەوە بەوە دەکات، بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی ئەنجامدارو لەلایەن زانکۆی زانستە کۆمەڵایەتییەکانەوە، ژمارەی منداڵانی کارکەر و منداڵانی سەر شەقام لەشارەکانی ئێراندا نزیکەی 70 هەزار منداڵە.

کۆڵی قورس لەسەر شانی بچوک
لە هەموو شارەکانی ئێراندا ئەم منداڵانە دەبینرێن. کۆڵێکیان بە کۆڵەوەیە و لە شەقامەکاندا رێدەکەن. بەدوای خاشاک، باتری پلاستیکی و  شتە فڕێدراوەکاندا دەگەڕێن. ئەوان سەردەکەن بەناو خۆڵ و خاشاک، زبڵ، عەمبارەکاندا. بە دیتنیان هەست بەو بارە گرانەی سەرشانیان دەکەی لەچاو تەمەنەکەیاندا، زۆربەشیان منداڵانی بچووکن.


وەحید یەکێکە لەمنداڵە کارکەرەکان، لەناویاندا لە هەموویان بچوکتر بوو، بەو تەمەنەشیەوە لە هەموان زیاتری ئیشی دەکرد. وەحید وتی "  بەدایکم و باوکمەوە، 14 سەر خیزانین و من کوڕە گەورەی ماڵەوەم. باوکم پیرە و گورچیلەیەکی نییە، بۆیە ناتوانێت ئیش بکات."

کارکردنێکی زۆر و داهاتێکی کەم
سەبارەت بەوەی لە ڕۆژێکدا چەند سەعات کاردەکات و چەند وەردەگرێت، وەحید دەڵێت "سەعات حەوتی بەیانی لە ماڵ دەردەچم و شەو کاتی خەوتن دەگەڕێمەوە. ڕۆژانە 30 بۆ 40 کیلۆ زبڵ و خاشاکێک ،کە بۆ ریسایکڵین بشێت، کۆدەکەمەوە و لە گەراجێکی تایبەتیدا بە کەسێکی دەفرۆشم. بۆ هەر کیلۆیەک 1500 تومەن وەردەگرم"نزیکەی 10 سەنت".


 کاتێک پرسیار لە وەحیدکرا، ئایا ئەم پارە کەمە بەشی 14 سەر خێزان دەکات یان نا؟، باسی لەوە کرد" نازانم!. هەموو مانگێک دەچمەوە و پارەکە دەدەمە دایکم و دەگەڕێمەوە بۆ گەراجەکە. نازانم بەشیان دەکات یان نا. ناتوانم زیاتر کۆبکەمەوە، مەگەر عارەبانەیەک بکڕم. ئێمە لە مەشهەد ( باکووری ڕۆژهەڵاتی ئێران )ەوە هاتوینەتە ئێرە، خێزانەکەم لە مەلارد (دەوروبەری تاران) دەژین، بەڵام من لە گەراجدا دەژیم، تاوەکو لە زبڵدان نزیک بم. ساڵی دووەمی خوێندنی سەرەتاییم تەواو کرد و  کە هاتمە ئێرە ئیتر نەگەڕامەوە بۆ قوتابخانە. برایەکی حەوت ساڵانم هەیە، دەبوو ئەمساڵ بچووایەتە قوتابخانە، بەڵام نەیتوانی گوتیان دەبێت مۆبایلی هەبێت ،  مۆبایلمان نییە!."

شوێنی حەوانەوەی منداڵە کارکەرکان
هادی 17 ساڵ لەبارەی شوێنی ژیانیانەوە دوا " ئەمە یەکێکە لە گەراجەکانی مامۆستا. مامۆستا لە کەرەج سێ گەراجی هەیە و هەموومان ئیش بۆ ئەو دەکەین. گەراجی "مشکین دەشت" لە دەوروبەری پارکی ئیبراهیم ئابادە، نزیکەی 20 کەسین و شەو لەوێ دەمێنینەوە، هەموو گەراجەکە کراوە بە ژووری مانەوە. هەروەها، چەندین خێزان لەوێ دەژین و کرێ دەدەن بە مامۆستا."
هادی نەخوێندەوارە و هیچ کات نەچووەتە قوتابخانە. دەستێكی کرێکارانەی زبری هەیە و بە دەنگێکی بەرز قسە دەکات " ئێمەش لە مەشهەدەوە هاتینە ئێرە. باوکم مرد و شەش خوشکم هەیە ، بچووکن  و ناتوانن کاربکەن، دایکم لە کارگەیەکی دروستکردنی جلوبەرگدا کار دەکات و شەوان لەوێ لەگەڵ خوشکەکانم دەخەوێت. لە راستیدا، ئەوان وەک پاسوانی شەوانەن. من ئیش دەکەم، تاوەکو خوشکەکانم  بتوانن بخوێنن."
دەربارەی مامۆستا  پرسیارمان لە هادی کرد  ئەویش وتی: "هەر لەسەرەتاوە هەمووان ( ئەرباب )یان پێدەگوت . هەروەها پێشی دەڵێین مامۆستا. ئەو شتانەی کە کۆی دەکەینە، بە ئەوی دەفرۆشین. هەموو ڕۆژێک پارەمان دەداتێ، هەتا ئێستا من کارم بۆ چەند کەسێک کردووە و پارەیان پێ نەداوم، بەڵام مامۆستا هەموو ڕۆژێک پارەم  پێدەدات.»

سەبارەت بەوەی مامۆستا چی لەو زبڵ و خاشاکە دەکات، هادی وتی " مامۆستا لەگەڵ شارەوانی گرێبەستی هەیە. ئەمە ناوچەی ئەوە و ئێمە تەنها ڕێگەمان پێدراوە کار لە ناوچەکەی ئەودا بکەین. ئەگەر لە دەرەوەی ئەم ناوچەیە کاربکەین، بەرپرسانی شارەوانی دێن و دەمانگرن"
وحید ئاماژەی بەوەشدا، "مامۆستا سێ گەراجی هەیە، ئۆتۆمبیلێکی مۆدێل بەرزی پێیە، کرێکاری زۆری هەیە و دەوڵەمەندە"

تەمەنێکی کەم و ئازارێکی زۆر
هادی و وەحید سەرەڕای تەمەنی بچووکیان، هێندەی بەتەمنێک ئازاریان چەشتووە. کاتێک لە وەحیدم پرسی: «براگەورەت نییە؟» ، خەندەیەکی تاڵ هاتە سەر لێوی و گوتی : ئەگەر هەمبووایە، بەم جۆرە ئیشم دەکرد؟!، ئەمەش بەو مانایە دێت، رازیبووە کە سەرۆکی خێزانێکە و دەبێت ئازار بچێژێت و  ژیانیان دابین بکات. ئەمانە چیرۆکە خەیاڵیەکانی هەزار و یەک شەوە نین، ئەفسانە نین، بەڵکو ژیانی تاڵی منداڵانی دەست بریندار و شێوە ژاکاوی ئێرانن، لەبری خوێندن، کۆڵی قورسی زبڵ و خاشاکیان بەسەر شانەوەیە.


خاڵی هاوبەشی چیرۆکی ئەم منداڵانە هەژاری و بێکارییە. ئەم هۆکارانە ئەوەندە قورساییان  خستووەتە سەر شانیان و هێندە  زیانبەخشن، کە ڕێگەیان پێنادات لەم بارودۆخەی ئێستا دەرچن. ( وەحید و هادی ) هیچ کات بۆ خۆیان تەرخان ناکەن. لە ئەوپەڕی هەرزەکاریی، لەو ماوە هەستیارەی تەمەندا، لە کاتێکدا کە پیویستیان بە گرنگی پێدان، خۆشی و بەختەوەری هەیە، تەنیا بۆ مامنەوەی خێزانەکانیان لە ژیاندا کاردەکەن. ئەو ڕۆژانەی کە دەبێت لەخزمەتی دروستکردن و پەرەپێدانی کەسایەتی ( وحید و هادی ) دا  بێت، لەناو زبڵدانەکاندا تێدەپەڕن.