ڕاپۆرتی کوردستانی

11:46 - 11/02/2021

داعش چی بەسەر کاکەییەکاندا هێنا؟‌

پەیسەر

کە داعش گەیشتە عێراق و بەشێکی گەورەی وڵاتی خستە ژێر دەستی خۆی، هەموان کەوتنە بەر پەلامارەکانیان، بەڵام ئەوانەی لە هەموان زیاتر تووشی کوشتن و دەربەدەری بوون، پێکهاتە و باوەڕدارانی ئاینەکانی دیکە بوون. یەکێک لەوانەش کاکەییەکان بوون. بوونی سمێڵ و هەندێک تایبەتمەندی تێیاندا، وەهای کردووە بە ئاسانی لەلایەن چەکدارانی داعشەوە بناسرێنەوە و بکرێن بە ئامانج. داعش چی بەسەر کاکەییەکان هێنا؟

کاکەییەکانی کەرکوک
کاکەییەکانی کەرکوک مێژوویەکی درێژ و رابردوویەکی دووریان هەیە، بەشێکی گەورەیان لە باشوری شاری کەرکوک دەژین و ١٨ گوندیان هەیە. لە پەیوەندییەکی باشدان لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکە و بە جیاوازییەکانیانەوە دەژین و درێژە بە ژیانیان دەدەن.

نالەباری دۆخی ئەمنیی و نەبوونی خزمەتگوزارییەکان وای لە کاکەییەکان کرد بەشێک لە گوندەکان چۆڵ بکەن و روو لە ناوچەکانی دیکە یان شار بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێکیان سەرەڕای نالەباری دۆخ و ترسی داعش، لە ناوچەکانی خۆیاندا ماون و ئامادە نین ناوچەکانیان بەجێبهێڵن.

کاکەییەکان و گروپە توندڕەوەکان
ئەو پێکهاتانەی ئاین و مەزهەبی جیاوازیان هەبووە، لە هەموان زیاتر لەبەردەم مەترسی گروپە توندڕەوەکاندا بوون، زۆربەیان ناچار بوون لەم ناوچانە هەڵبێن، ئەوانەشیان کەوتنە دەست گروپە چەکدارەکان یان کوژران یان بە پارەیەکی زۆر ئازاد کران.

کاکەییان هەمیشە ترسیان لە سەرهەڵدانی گروپە چەکدارەکان هەبووە، هێزە ئەمنییەکانیش وەک پێویست پارێزگارییان لینەکردوون و ناچار بوون خۆیان پارێزگاری لە خۆیان و ناوچەکانیان بکەن.

کاکەییەکان و داعش
سەرهەڵدانی داعش سەرەتای نەهامەتییەکی گەورە و درێژخایەن بوو بۆ کاکەییەکان، ئەمەش بەهۆی جیاوازی و ئاین و باوەڕەکانیان. لێرەوە کاکەییەکان کەوتنە بەر چەقۆی چەکدارانی داعش لە باشوری کەرکوک.

بەپێی قسەی کاکەییەکان، لە دوای هاتنی داعشەوە تاکو ئێستا، ٤٥٠ کاکەیی لەسەر دەستی ئەم چەکدارانەی داعش و شەڕەکاندا کوژراون، ئەمەش بۆ پێکهاتەیەکی ژمارە کەمی وەک کاکەییەکان ژمارەیەکی زۆر گەورە و بە ئازارە. بەشێکی دیاری کوژراوەکانی داعش لە یەک گۆڕستانی ناوچەی کاکییەکانی کەرکوک بە خاک سپێردراون.

سوربوون لەسەر باوەڕ
کاکەییەکان باجی سوربوونیان لەسەر باوەڕ و ئاینەکەیان داوە، چونکە ئامادە نەبوون دەستبەرداری باوەڕەکەیان ببن و دینەکەیان بگۆڕن.

کوێخا عەزیز بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندووە، "ئەوان (داعش) رقیان لە ئاینەکەی ئێمەیە، ئاینەکەی ئێمەش دیارە چۆن هاتووە و چۆن بووە، مێژوو هەمووی باس کردووە. بۆیەش رقیان لە ئێمەیە کە ئێمە وەک ئەوان نوێژ و رۆژو ناگرین، هەر دینەش شێوازی خۆی هەیە."

سیمای جیاواز و قوربانی
بەپێی هەندیک سەرچاوە ژمارەی کاکەییەکان لە عێراق و هەریمی کوردستان دەگاتە ٧٥ هەزار کەس بەڵام هەندێک سەرچاوەی دیکە باس لەوە دەکەن ژمارەیان لە سەرووی ٢٠٠ هەزار کەسەوەیە. لە ماوەی رابردوودا هەم راستەوخۆ لەلایەن چەکدارانی داعشەوە کوژراون، هەم لە تەقینەوەکاندا کراون بە ئامانج و گیانیان لەدەستداوە.

بەپێی قسەی هەندێک لە کاکەییەکان بوونی سمێڵی درێژ وای کردووە، بە ئاسانی لەلایەن چەکدارانی داعشەوە بناسرێنەوە و بکوژرێن یان دەستگیر بکرێن و دواتر بە پارەیەکی زۆر ئازاد بکرێن.

نەبوونی نوێنەرایەتی
یەکێک لە کێشە گەورەکانی کاکەییەکان ئەوەیە نوێنەریان نییە و کەس نییە دەنگیان بە دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەت بگەیەنێت. کاکەییەکان وەک پێکهاتەکانی دیکە نین و بێبەشبوون لەوەی وەک پێکهاتەکانی دیکە بەپێی سیستمی کۆتا لە هەرێمی کوردستان و عێراق نوێنەریان لە پەرلەمان هەبێت.

زیاد کاکەیی هاوڵاتییەکی کاکەییە دەڵێت، "لە عێراق و کوردستان نوێنەری راستەقینەمان نییە بتوانێت دەنگمان بگەیەنێت. هۆکارەکەشی ئەوەیە ژمارەیان ناگات بەو ئاستەی بتوانین کورسی پەرلەمان بدەستبهێنین، بەڵام حزب و لایەنەکانیش گرنگیان پێنەداون کە وەک پێکهاتەکانی دیکە لە سیستمی کۆتا سودمەند بین."

کاکەییەکان لە سەردەمی کۆرۆنادا
كتێبی (كاكەییەكان لە سەردەمی كۆرۆنا)دا، کە لە ٢٤ راپۆرتی رۆژنامەوانی بە هەردوو زمانی عەرەبی و ئینگلیزی پێكدێت، لەلایەن دەزگای (كەركوك ناو) ئامادەكراوە، رۆژی سێشه‌ممه‌ ٩ی شوباتی ٢٠٢١، له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نیشته‌جێبونی رزگاری له‌ ناوه‌ندی قه‌زای داقوق لە مەراسیمێكدا ناسێندرا.

لە مەراسیمەکەدا كە لانیكەم ١٠٠ كەسایەتی كاكەیی بەشداربون، باس لە دۆخی کاکەییەکان لە ماوەی شەش مانگی ساڵی رابردوو کراوە کە لە کتێبەکەدا خراوەتەڕوو.