لێکۆڵینەوە

10:09 - 12/02/2021

تورکیا بۆ وەرگرتنی پێکوتە ئیگۆرە مسوڵمانەکان رادەستی چین دەکاتەوە؟‌

پەیسەر

ماوەی چەند هەفتەیەکە دەنگۆی رێککەوتنێکی نهێنی لەنێوان تورکیا و چین لەبارەی ئیگۆرەکان بڵاوبووەتەوە، بەپێی رێککەوتنە گومانلێکراوەکەوە، ئەنقەرە لە بەرامبەر وەرگرتنی پێکوتەی چینیدا، ئامادەیە ئیگۆرە مسوڵمانەکانی نیشتەجێی تورکیا رادەستی پەکین بکاتەوە. دەنگۆکە ترسی خستووەتە دڵی ئیگۆرەکانی تورکیا و بۆ دەرفەتی دەربازبوون دەگەڕێن.

پێکوتە بەرامبەر مسوڵمان
ئاژانسی ئاسیۆشەیتد پرێس، راپۆرتێکی وردی لەبارەی ئەگەری رێککەوتنی تورکیا و چین بۆ رادەستکردنی ئیگۆرە مسوڵمانەکان لە بەرامبەر پێکوتەدا بڵاوکردووەتەوە.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لەگەڵ ئەوەی تاکو ئێستا بەڵگەیەکی روون لە بەردەستدا نییە بوونی ئەم رێککەوتنە لەنێوان تورکیا وچیندا بسەلمێنێت، بەڵام ئیگۆرەکانی تورکیا کە ژمارەیان ٥٠ هەزار کەسە، ترسیان لێنیشتووە و وەک خۆیان دەڵێن لە هەر ساتێکدا چاوەڕێن پۆلیس بدا بەسەر ماڵەکانیاندا و رادەستی چین بکرێنەوە.

هەڵکوتانە سەر مەتسەیدی
عەبدوڵا مەتسەیدی، یەکێکە لە ئیگۆرە مسوڵمانەکانی نیشتەجێی تورکیا، لەبارەی ئەو شەوەی پۆلیس دای بەسەر ماڵەکەیدا دەڵێت، "شەو ویستم بچمە جێگای خەوەکەم و بنووم، پۆلیس هاتنە سەر ماڵەکەم، پۆلیسێک هاواری کرد و وتی، پۆلیسین، دەرگا بکەرەوە."

ئەوانەی هەڵیانکوتابووە سەر ماڵەکەی مەتسەیدی زیاد لە پۆلیس بوون، دەمانچەیان پێبووە و جلوبەرگی هێزەکانی دژە تیرۆریان لەبەردا بووە. پۆلیسەکان لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ مەتسەیدی کردووە و پرسیاریان لێکردووە ئایا بەشداری هیچ چالاکییەکی لە دژی چین کردووە؟ پۆلیسەکان هەڕەشەی رەوانەکردنەوەیان لە مەتسەیدی و هاوسەرەکەشی کردووە بۆ چین.

هێزەکانی پۆلیس مەتسەیدیان بردووە بۆ سەنتەرێکی ناردنەوەی پەنابەران و لەژێر هەڕەشەی رادەستکردنەوەیدایە بە دەسەڵاتدارانی چین.

مەلیکەی هاوسەری مەتسەیدی بە ئاژانسەکەی راگەیاندووە، "لە رادەستکردنەوەی هاوسەرەکەم بە چین دەترسم لەلایەن تورکیاوە و نیگەرانی تەندروستی عەقڵیی هاوسەرەکەشمم."

ئۆپۆزسیۆن و پارێزەران وازناهێنن
لە چەند هەفتەی رابردوودا ئۆپۆزسیۆنی تورکی و یاساناسان بە توندی ئەم رێککەوتنەیان سەرکۆنە کرد و گومان دەکەن تورکیا لەژێر فشاری چیندا ئیگۆرەکان رادەست بکاتەوە، ئەمەش بە پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ ناو دەبەن.

بەشێک لە پەرلەمانتار و سەرکردە دیارەکانی ئۆپۆزسیۆن، حکومەتی تورکی بەوە تۆمەتبار دەکەن کە "لە بەرامبەر بەدەستهێنانی پێکوتەی چینیدا ئیگۆرەکان دەفرۆشن". دواکەوتنی بارە پێکوتەکان لە چینەوە بۆ تورکیا بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک گومانەکانی لەبارەی ئەم رێککەوتنەوە زیاتر کرد، چونکە چاودێران پێیان وایە ئەم دواکەوتنە بۆ ئەوەیە چین فشار لە تورکیا بکات بۆ بەدەستهێنانی پێکوتەکەی ئامادەی رادەستکردنی ئیگۆرەکان ببێت.

قۆڵبڕین
یڵدرم کایا پەرلەمانتاری ئەنقەرەی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) دەڵێت، چین تەنها سێ یەکی ئەو ٣٠ ملیۆنە ژەمە پێکوتەیەی بۆ تورکیا ناردووە کە بڕیار بوو رەوانەی بکات و بەڵینی دابوو.ئەمە لە کاتێکدایە تورکیا بە شێوەیەکی سەرەکی پشتی بە پێکوتەی چینی بەستووە.

یڵدرم پێی وایە دواکەوتنی گەیشتنی ژەمە پێکوتەکانی چین بۆ وڵاتەکەی ئاسایی نییە و ئەوان پارەیان بەم پێکوتەیە داوە. یڵدرم بە نیگەرانی و گومانەوە دەپرسێت؛ تورکیا قۆڵی تورکیا دەبڕێت؟

پەرلەمانتارەکەی جەهەپە باس لەوە دەکات، لەبارەی فشارەکانی چینەوە بە فەرمی پرسیاری لە حکومەتی وڵاتەکەی کردووە، بەڵام تاکو ئێستا هیچ وەڵامێکی دەستنەکەوتووە.

چین؛ تاریکاندنە
حکومەتی چین رەتیدەکاتەوە پڕۆژە یاسای "رادەستکردنەوە" ئیگۆرەکان بە ئامانج بگرێت. هەر وەک (Wang Wenbin) وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاندووە، هیچ پەیوەندییەک لەنێوان رێککەوتن – پڕۆژە یاساکە و بابەتی پێکوتەکەدا نییە.

وتەبێژەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانێکدا لەم بارەیەوە وتی، "پێم وایە پێشبینییەکانت (پێدانی پێکوتە بەرامبەر رادەستکردنی ئیگۆر) راست نین."

میدیاکانی چینیش دەنگۆی رادەستکردنی ئیگۆرەکان لە بەرامبەر پێکوتەدا بە "تاریکاندن و شێواندن" ناو دەبەن.

تورکیا: ئیگۆرەکان بەکارناهێنین
تورکیاش وەک چین دەنگۆکان رەتدەکاتەوە و بە ناڕاستی دەزانێت. مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆتایی ساڵی رابردوو رایگەیاند، دواکەوتنی پێکوتەکەی چین پەیوەندی بە کەیسی ئیگۆرەکانەوە نییە.

چاوشئۆغڵو باسی لەوەش کرد، "ئێمە ئیگۆرەکان بۆ مەبەست و ئامانجی سیاسی بەکارناهێنین و بەرگری لە مافە مرۆییەکانیان دەکەین."

رادەستکردنەوە
لەگەڵ هەموو رەتکردنەوەکانی هەردوو حکومەتدا، بەڵگەنامەکان دەریدەخەن لە ماوەی رابردوودا چەند هاوڵاتییەکی ئیگۆری دانیشتووی تورکیا رادەستی چین کراونەتەوە.

ئەوەی گومانەکانی زیاد کرد و بابەتەکەی گەرمتر کردەوە، لێدوانێکی باڵیۆزی تورکیا بوو لە پەکین لە پەراوێزی باسکردنی پێکوتەکەی چیندا کە وتبووی، تورکیا "هاریکاری یاسایی" دەنرخێنێت. ئەم رستەیە ترس و دڵەڕاوکێی لای ئیگۆرەکان دروستکردووە و دەترسن تورکیا لە رێگای یاساوە رادەستیان بکاتەوە بە چین.

گروپە توندڕەوەکان؛ بیانوی پۆلیسی تورکی
بەپێی زانیاری و بەڵگەنامەکان، لە ماوەی ساڵانی رابردوودا بەشیکی زۆر کەم لە ئیگۆرەکانی تورکیا، پەیوەندییان بە گروپە چەکدارەکانی سوریاوە کردووە و لەو وڵاتە راهێنانیان پێکراوە، بەڵام زۆرینەی ئیگۆرەکان لە توندڕەوەکان هەڵدێن و پێشیان وایە ئەم گروپانە زیان لە دۆزەکەیان دەدەن.

ئەو پارێزەرانەی بەرگری لە مافی ئیگۆرەکان دەکەن و رادەستکردنەوەشیان بە چین رەتدەکەنەوە، رایدەگەیەنن، پۆلیسی تورکیا هیچ بەڵگەیەکی لەبەردەستدا نییە پەیوەندی نێوان ئیگۆرەکان و گروپە چەکدارەکانی سوریا بسەلمێنێت.

بێبەڵگەیی و رێگری خەڵک
ئیلیاس دۆغان پرۆفیسۆری یاسایی لە زانکۆی ئەنقەرە دەڵێت، دەستگیرکردنی ئیگۆرەکان ئامانج و هاندەری سیاسیان هەیە و پۆلیس هیچ بەڵگەیەکی لەبەردەستدا نییە.

دۆغان پێی وایە تەنانەت ئەگەر پڕۆژە یاساکە لە پەرلەمانی تورکیاش دەنگی لەسەر بدرێت، رادەستکردنەوەی بەکۆمەڵی ئیگۆرەکان بە چین روونادات، چونکە هاوڵاتیانی تورکیا لەگەڵ ئیگۆرەکان هاوسۆزن، بەڵام ناردنەوە و رادەستکردنی تاک تاکی ئیگۆرەکان بەردەوام لە زیادبووندایە.

تورکیا لە پەناگەوە بۆ ترس
بەشێک لە ئیگۆرەکانی چین تورکیایان وەک پەناگەیەک تەماشا کرد و روویان لەم وڵاتە کرد، ئەمەش بەهۆی نزیکییە رەگەزی و کەلتورییەکانی هەردوولا و مسوڵمانییەتییان. تورکیا ماڵێكی ئارام بوو بۆ ئیگۆرەکان و بەبێ ترس دەژیان.

دوای ئەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان وتی، مامەڵەی چین لەگەڵ ئیگۆرەکان کۆمەڵکوژییە، ئیتر ساردی کەوتە نێوان پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات، هەر ساردییەکیش لە پەیوەندییەکانی نێوان چین و تورکیا لە بەرژەوەندی ئیگۆرەکاندایە.

کودەتا؛ پشت لە ئەمریکا و روو لە چین
لەگەڵ هەوڵی کودەتاکەی ١٥ی تەموزی ٢٠١٦ هەموو شت گۆڕانی بەسەردا هات. دوای هەوڵی کودەتاکە حکومەتەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان پشتی لە ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپا کرد، تەنانەت ژمارەیەکی بەرپرسی پلە باڵای تورکیا ئەمریکا و رۆژئاوایان بە پلان داڕێژەری کودەتاکە ناو برد.

بۆشاییەکی گەورە دروستبوو، چین وەک رکابەری ئەمریکا ئەم هەلەی قۆستەوە و توانی جێگای خاڵیی ئەمریکا پڕ بکاتەوە. چین لە رێگای پێدانی ملیاران دۆلار بە تورکیا و کردنەوەی کارگەی گەورەوە بە بەهای چەندین ملیار دۆلار، توانی بۆشاییەکە پڕ بکاتەوە.

کردنەوەی کارگەیەکی خەڵوز لەلایەن چینەوە لە تورکیا بە بەهای ١،٧ ملیار دۆلار، بۆ ئەم دۆخە ئابوورییە قورسەی تورکیا زۆر گەورە و سەرنجڕاکێش بوو.

هاتنی ملیۆنان گەشتیاری چین بۆ تورکیا، بادانەوەی ئەردۆغان بەرەو چین و وەسفکردنی سەرکردەکانی چین، وای کرد پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات زیاتر بەهێز ببێت.

ئابووری بەرامبەر ئیگۆر
دوای بەهێزبوونی پەیوەندییەکانی نێوانیان، چین داواکارییەکانی بۆ گەڕاندنەوە و رادەستکردنی ئیگۆرەکان زیادیان کرد.

بەهێزبوونی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان پەکین و ئەنقەرە بێ داواکاری نەبوو. بەپێی بەڵگەنامەیەک کە ساڵی ٢٠١٦دزەی کردووە و لەلایەن پێگەی (Axios) و ئاسیۆشەیتد پرێسەوە بڵاوکرایەوە، چین داوای رادەستکردنی فرۆشیارێکی مۆبایلی ئیگۆریی دانیشتووی تورکیای کردبوو.

چین فرۆشیارە ئیگۆرییەکەی تۆمەتبار کردبوو بەوەی کە پەیوەندی لەگەڵ داعشدا هەیە. کەسەکە دەستگیرکرا و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کرا، بەڵام بەهۆی نەبوونی بەڵگە لەسەری، ئازاد کرا.

هەڵهاتن
عەبدولڕەحیم پاراک، شاعیرێکی ئیگۆری دانیشتووی تورکیایە، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا دوو جار دەستگیر کراوە. پاراک کە سێ ساڵی لە زیندانەکانی چیندا بەسەر بردووە، زیندانەکانی تورکیا لە چاو زیندانەکانی چین بە "هۆتێل" ناو دەبات.

ترسی ئیگۆرەکان لە رادەستکردنەوەیان بە چین لەلایەن تورکیاوە، وای کردووە دەست بە کۆچکردن بکەن بۆ وڵاتانی ئەوروپا، بەتایبەت ئەڵمانیا و هۆڵەندا.

عەلی کوتاد کە ساڵی ٢٠١٦ لە چینەوە بۆ تورکیا هەڵهاتووە باس لەوە دەکات، ئێستا هێندە بێچارەن ناچارن بە هەر ریگایەکی نایاسایش بێت تورکیا بەجێبهێڵن.

کوتاد دەڵێت، "تورکیا وڵاتی دووەممان بوو، بە راستی لە ترسداین."

دەستگیرکردن و راگرتنی نزیکەی ٥٠ ئیگۆر لە چەند مانگی رابردوودا لەلایەن پۆلیسی تورکییەوە لە سەنتەرەکانی رادەستکردنەوەدا، گومانەکانیان لەبارەی راستی رێککەوتنەکەوە زیاتر کردووە، چونکە ئەم ژمارەیە لە چاو ساڵی رابردوودا زۆر بەرزترە.

پێکوتە وەک کارتی فشار
تاکو ئێستا هیچ بەڵگەیەکی یەکلاکەرەوە و نووسراو لەبارەی ئەم رێککەوتنەوە نییە، لەگەڵ ئەوەشدا پەرلەمانتارەکانی ئۆپۆزسیۆن و پارێزەران ترس و گومانیان هەیە و پێیان وایە چین پێکوتەی دژ بە کۆرۆنا وەک کارتێکی فشار بەرامبەر تورکیا بەکاردەهێنێت، تاکو قایل بێت بە رادەستکردنەوەی ئیگۆرەکان.

توشبوونی زیاتر لە دوو ملیۆن و نیو کەس و مردنی زیاتر لە ٢٦ هەزاری دیکە لە تورکیا بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، وای لە تورکیا کردووە نەرمی زیاتر بەرامبەر چین بنوێنێت تاکو بەزووترین کات ڤاکسینەکەی پێبدات، ئەمەش ترسی لای رەخنەگران دروستکردووە کە تورکیا ناچار بێت بۆ زیاتر بەدەستهێنان پێکوتەکەی چین ئیگۆرەکان "بفرۆشێت."

گومان لە فرۆشتنی ئیگۆرەکان
گومانەکان بێبنەما نین، چونکە لەگەڵ ئەوەی چەند ساڵیک پێس ئێستا رێککەوتن لەبارەی ئیگۆرەکانی تورکیا لەنێوان پەکین و ئەنقەرەدا ئامادە و واژۆ کرابوو، بەڵام لە کۆتا مانگی ساڵی رابردوودا چین لە ناکاوێکدا راساندنی بۆ رێککەوتنەکە کرد و تەسدیقی کرد.

بڕیاریشە لە چەند مانگی داهاتوودا رێککەوتنەکە بخرێتە بەردەم پەرلەمانتارانی تورکیا بۆ دەنگدان لەسەری. ئەم پەلە پەلە لەلایەن هەردوو وڵاتەوە گومانەکانی لەبارەی "فرۆشتنی" ئیگۆرەکان بە چین زیاتر کردووە.