ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

11:37 - 12/02/2021

سانسۆری کتێب لە تورکیا؛ لە گەندەڵی دارایی و کتێبی منداڵانەوە بۆ فێمینیزم‌

پەیسەر

لەسەردەمی "رەجەب تەیب ئەردۆغان"دا سانسۆری کتێب لە تورکیا زۆر بواری گرتووەتەوە، هەر لە کتێبی منداڵانەوە بۆ کتێبە فێمینیستییەکان و ئەو کتێبانە پەردە لەسەر گەندەڵییەکانی حکومەتەکەی ئەردۆگان هەڵدەماڵن یان ئەوانەی پرسیار لەسەر کودەتاکەی ساڵی 2016 دروست دەکەن.

 

 لەم دواییانەدا،کۆمەڵەی بڵاوکەرەوەکانی تورکیا پوختەی ڕاپۆرتێکی دەربارەی دۆخی بڵاوکردنەوەی کتێب لە تورکیا لە ساڵی 2020 دا بڵاوکردەوە. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، ئازادیی رادەربڕین و چاپەمەنیی لە تورکیا تا دێت زیاتر بەرتەسک دەبێتەوە و سانسۆری حکومەت لە ماوەی سەرۆکایەتیی ئەردۆغاندا بە بەردەوامی زیادی کردووە.

سانسۆری حکومەت ڕێگری کردووە لە بڵاوبونەوەی دوو کتێبی بابەتی فێمینیزم، کە ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ساڵی ڕابردوو بڵاوی کردووەتەوە. لەگەڵ ئەم رێگریەشدا، داواکاری گشتیی تورکیا تۆمەتی " فیتنەچێتی"ی داوەتە پاڵ تانەر کڵچ، سەرۆکی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە تورکیا.

پارتی گەلی کۆماری"جەهەپە"ش بێبەش نەبوون لەم سانسۆرکردنە. حکومەت بڵاوکردنوەی دوو کتێبی لەلایەن دەزگای چاپی ئەم حزبەوە قەدەغە کردووە.  کتێبەکان هەردووکیان لەسەر ئابڕووچوون و گەندەڵی دارایی بووە لەم وڵاتەدا. کتێبێکی دیکەی ئەم حزبەش راوەستێنراوە، ئەمەیان وروژاندنی پرسیارە لەسەر کودەتا شکستخواردووەکەی  هاوینی ساڵی 2016، کتێبەکە چەندین پرسیاری لەسەر کودەتاکە کردووە کە تا ئێستاکە بێ وەڵامن. حزبی دادو گەشەپێدانی سەر بە ئەردۆغان رێگری دەکات لە لێکۆڵینەوەی پەرلەمانی سەبارەت بە کودەتا  شکستخواردووەکەی ئەم وڵاتە.

سانسۆرکردنی کتێبی منداڵان
سانسۆرکردن بەرۆکی کتێبی منداڵانیشی گرتووەتەوە. ئەمەش هەواڵیکی زۆر سەرسوڕهێنەر نییە، چونکە لە ساڵی 2019 ئاشکرابوو کە حکومەتی تورکیا کتێبە فێرکارییەکانی قوتابخانەکانی دەسوتاند، تاوەکو ئەو کتێبانەی خۆی مەبەستێتی بیکاتە جێگرەوەیان.

لە ساڵی رابردوودا، زۆر کتێبی منداڵان لە تورکیا سانسۆرکران. چەندین کتێبی ئەڵمانی وەرگێڕدراو لەنێو لیستی کتێبە قەدەغەکراوەکاندا بوون وەک "منداڵە بچكۆلەکان لە کوێوە دێن"، کتێبەکە لەلایەن راڤێنسبێرگەوە بڵاوکراوەتەوە و باس لە پەروەردەی سێکسی بۆ منداڵانی چوار بۆ حەوت ساڵان دەکات. حکومەت ئەم کتێبەی خستووەتە ناو لیستی کتێبە "ناپەسەند"ەکانەوە و دادگاش داوای 10 ساڵ  زیادانیکردنی بۆ وەرگێر و بڵاوکەرەوەی چاپی تورکی کتێبەکە دەکات.

قەدەغەکردن و سنوردارکردنی کتێبی منداڵان لە تورکیا، دەگەڕێتەوە بۆ پاشخانە ئیسلامییەکەی ئەردۆغان. حکومەت کۆمسیۆنێکی  سەر بە وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی و خێزان دروستکردووە، کە بریارە هەموو کتێبەکانی منداڵان بە فلتەری ئەم کۆمسیۆنەدا تێپەڕێت و هەڵبسەنگرێن بۆ ئەوەی بزانرێت "پەسەند"ە یان نا.

سانسۆرکردنی کتێبی نووسەرە دیارەکانی ژن یان کورد لە تورکیا
هاوشێوەی کتێبی منداڵان، حکومەتی تورک کێشەی لەگەڵ کتێبەکانی بوکێت ئوزونەر، نووسەری ژنی پێشەنگی ئەو وڵاتەی هەیە.  بڵاوکردنەوەی دوو لە کتێبەکانی بە تۆمەتی  "بەدڕەوشتی" و " لادانە ڕەوشتییەكان" قەدەغە کراون. ئەم رێگریانە ڕووبەڕووی رەخنەی بەرفراوان بوویەوە.  نووسەر لە هەژماری تویتەرەکەی خۆیەوە رەخنەی لەم سانسۆرکردنە گرت و  نارەزایەتی  دەربڕی. سیاسەتی سانسۆری حکومەت لە تورکیا، بووەتە بابەتی  گەرمی گفتوگۆ لەسەر شانۆی چاپەمەنی ئەم وڵاتە.

ڕۆژنامەی "تاتس"ی ئەڵمانی بڵاوی کردووەتەوە، ئەو کتێبانەی کە لەلایەن کوردەکانەوە نووسراون رووبەڕووی سانسۆرکردن دەبنەوە. کتێبەکانی سەلاحەدین دەمیرتاش، سەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)  ئەگەرچی قەدەغە نەکراون، بەڵام بە هەموو مانایەک هەوڵ بۆ ڕێگریکردن لە دابەشکردنیان دراوە. بەڕێوەبردنی شاری ئیستەنبول لە دەستی دژبەرانی ئەردۆغاندایە، هەر بۆیە کتێبەکانی دەمیرتاش لە سەر سیستمی دابەشکردنەی خۆی دەڕۆیشت، بەڵام بەهۆی هێرشێکی هاککرنەوە ناچارکران کتێبەکە لە سیستمی دابەشکردن بسڕنەوە.

سانسۆرکردن تەنها کتێبی نەگرتووەتەوە
زیادبوونی رێگرییەکان لەماوەی حکومڕانی ئەردۆغاندا، تەنها کتێبەکانی نەگرتووەتەوە. ساڵی رابردوو، بەشێک لە زنجیرەیەکی "نێتفلێکس" بەناوی (Designated survivor) سانسۆرکرا، هۆکارەکەشی ئەوەبوو کەسایەتییەکی زنجیرەکە زیاد لە پێویست ئەردۆگان دەوروژێنێت. حکومەتی ئەڵمانیا  رەخنەی لەوە گرت، کە ئازادی ڕادەربڕین لە تورکیا بە توندی سنووردار کراوە. وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، کە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا ئازادی کۆبوونەوە، کۆمەڵەکان، ئازادیی ڕادەربڕین و ئازادیی ڕۆژنامەوانی لەو وڵاتەدا بە توندی بەرتەسک بووەتەوە.