ڕاپۆرتی کوردستانی

11:16 - 13/02/2021

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی؛ هاوڕێی ئاسمانیی عێراق و هەسەدە‌

پەیسەر

لەگەڵ ئەوەی داعش تێکشکێنراوە و کۆتایی بە خەلافەتەکەی هێنراوە، بەڵام تاکو ئێستا هێزەکانی عێراق و هێزەکانی سوریای دیموکراتیش لە زۆرینەی ئۆپراسیۆن و هێرشەکانیاندا، پشتیان بە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش بەستووە.

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش کۆتایی بە دەسەڵاتە سێ ساڵییەکەی داعش لە سوریا و عێراق هینا، بەڵام ماوەی سێ ساڵ زیاترە پاشماوەکانی داعش بەردەوامی بوون و مانەوەی خۆیان دەدەن.

تاکو ئێستا هێزەکانی عێراق و هێزەکانی سوریای دیموکرات، پشت بە پشتیوانییە ئاسمانییەکانی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتی ئەمریکا دەبەستن، ئەمە لە کاتێکدا هاوپەیمانان زیاتر تەرکیزیان خستووەتە سەر راهێنان و راوێژکاریی.

لە مانگەکانی کۆتایی ساڵی رابردوودا، فڕۆکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، دەیان هێرشیان کردووەتە سەر چەکدارانی داعش لە سوریا و عێراق. ئەمە لە کاتێکدایە داعش وەک مێژوو سەیردەکرێت.

لەبەرئەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات بنکەی ئاسمانییان نییە و خاوەن هێزی ئاسمانی نین، زۆر زیاتر لە عێراق پێویستیان بە پشتیوانییە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هەیە و لە زۆرینەی هەرە زۆری ئۆپراسیۆنەکانیاندا لە هاریکاریدان لەگەڵ فڕۆکەکانی هاوپەیمانی.

بۆ پابەندبوون بە بەڵێنەکانی هەڵبژادن، دۆناڵد ترەمپ لە پایز و زستانی رابردوو ژمارەی هێزەکانی لە عێراق لە سێ هەزارەوە بۆ ٢٥٠٠ سەرباز کەمکردەوە، بەڵام ئەم کەمکردنەوەیە نەبووە هۆی کەمبوونەوەی ژمارەی ئۆپراسیۆنەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش.

لە ئێستادا مەزندە دەکرێت ژمارەی چەکدارانی داعش لە سوریا و عێراق بگەنە هەشت تاکو ١٦ هەزار کەس، ئەم ژمارەیە لە چەند ساڵی رابردوو، بەتایبەت لە ساڵی رابردوودا هەوڵیان داوە لەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنییان تێدا دروستبووە چالاکی ئەنجام بدەن و زیان لە هێزە عێراقی و سورییەکان بدەن.

لە چەند مانگی رابردوودا هێزە عێراقییەکان توانیویانە بە رێژەیی پشت بە خۆیان ببەستن. بۆ نموونە لە مانگەکانی کۆتایی ساڵی رابردوو هێزە عێراقییەکان ١٧٢ هێرشیان کردووەتە سەر چەکدارانی داعش، ئەمەش بەراورد بە ساڵی رابردوو ٥٠٪ بەرزبووەتەوە. ئەم هێرشانە دوور بوون لە پشتیوانی هەلیکۆپتەرەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و عێراقییەکان خۆیان ئەنجامیانداوە.

یەکێک لە سەرکەوتنەکانی عێراق ئەوە بوو، لە چەند مانگی رابردوودا توانیان فڕۆکە هەواڵگرییەکانیان بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لەبارەی چەکدارانی داعش بەکاربهێنن، ئەم هەنگاوە لەلایەن بەرپرسانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە بە "نیشانەی پێشکەوتن" ناو برا.

لەگەڵ ئەم پێشکەوتنەشدا، بەپێی راپۆرتە سەربازییەکان، عێراقییەکان بەردەوامن لەو هێرشانەی کە پێویستیان بە پشتیوانی هاوپەیمانی هەیە، بەتایبەت لەو هێرشانەدا کە هەستیار و گرنگن.

لە دوای کشانەوەی راوێژکارانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە بنکەی بەلەدی ئاسمانیی لە باکوری بەغدا لە کۆتایی ساڵی رابردوو، فرۆکە ئێف ١٦کان لە ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکاندا بەشدارییان نەکردووە. ئەمە لە کاتێکدایە وتەبیژی ئەمنیی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراقی رایگەیاندووە، ئێف ١٦کان لە هێرشێکی سەر چەکدارانی داعش لە حەوتی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو بەشدارییان کردووە.

فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکاش باسی لەوە کردووە، فڕۆکە ئێف ١٦کانی عێراق لە کۆتایی ساڵی رابردوودا بە هاوبەشی شانەی لێدانی سەر بە هێزەکانی هاوپەیمانی لە بەغداد، دوو هێرشیان کردووەتە سەر چەکدارانی داعش.

بەپێی راپۆرتەکانی فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا، ئێف ١٦ کانی عێراق زیاتر بۆ کاری راهێنان بەکاردەهێنرێن. بۆ نموونە لە ٢٧١ چالاکی و فڕینی ئەم فڕۆکانە جگە لە چوار دانەیان، هەموویان بۆ کاری راهێنان بووە.

سەرەڕای کۆتایی داعش، تاکو ئێستا ٩٠٠ سەربازی ئەمریکی لە باکوری خۆرهەڵاتی سوریان، دوو ئەرکی سەرەکیشیان پشتیوانیکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات و بیرە نەوتییەکانە.

هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ هێرشە ئاسمانییەکان، زانیاری کۆکردنەوە و چاودێریکردنی چەکدارانی داعش، پشت بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەبەستێت. ئەمە جگە لەوەی ئۆپراسیۆنەکانیان بە هاوبەشی هاوپەیمانی ئەنجام دەدەن.

لەگەڵ ئەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەیەوێت ئۆپراسیۆنەکانی کەم بکاتەوە، بەڵام تاکو ئێستا بەردەوامن لە پشتیوانی هەسەدە.

لەنێوان مانگەکانی تشرینی یەکەم تاکو سەرەتاکانی کانونی یەکەمی ساڵی رابردوو، هێزەکانی سوریای دیموکرات ٣٤ ئۆپراسیۆن و چالاکییان لە دژی داعش ئەنجامداوە، لەم ژمارەیە ٢٧ چالاکییان بە هاوبەشی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بووە. حەوت چالاکییەکەی دیکەش بە راوێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەنجام دراوە.

لە چالاکییە هەستیارەکاندا، هێزی تایبەتی سەر بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هاریکاری هێزەکانی سوریای دیموکراتیان کردووە.