ڕاپۆرتی کوردستانی

10:51 - 14/02/2021

تورکیا بە تەرمی سێ سەرباز و ١٣ گولەبارانکراوەوە گارەی بەجێهێشت‌

پەیسەر

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ١٤ی شوبات، وەزیری بەرگری تورکیا کۆتاییهاتنی ئۆپراسیۆنی چڕنوکی هەڵۆ-٢ی راگەیاند. تورکیا بەپێی لێدوانی خۆی سێ کوژراوی داوە و تەرمی ١٣ کەسیشیان دۆزیوەتەوە کە گولەباران کراون. لە ئێستادا گومان هەیە دەربارەی ناسنامەی گولەبارانکراوەکان و زیانەکانی تورکیا لە شەڕەکەدا.

چڕنوکەکە کۆتایی هات
ئەمڕۆ خولوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا لەگەڵ یاشار گویلەر سەرۆک ئەرکانی سوپای تورکیا و ژمارەیەک فەرماندەی باڵای سەربازی لە ناوەندی بەڕێوەبردنی ئۆپراسیۆنی چڕنوکی هەڵۆ-٢ لە پارێزگای شرناخ کۆتایی ئۆپراسیۆنەکەی راگەیاند.

ئاکار وتی، لە ٤٠ ئامانجی پەکەکە لە ناوچەی گارە دراوە، بە سەرکەوتوانە پێگە و بارەگاکانی پەکەکە لە ناوچەکەدا وێران کرا. ئاکار دوو بارە جەختی لەسەر دابەزاندنی سەربازەکانی لە شاخی گارە دووپاتکردەوە.

ئامارەکان لە زاری تورکیا
خولوسی ئاکار لە بارەی ئاماری شەڕەکەوە وتی، سێ ئەفسەریان کوژراوە و سیانی دیکەشیان بریندار بووە.

لەبارەی کوژراوەکانی گەریلاشەوە ئاماژەی بەوە کرد، ٤٨ گەریلا کوژراون کە سیانیان کادری باڵان، ئەمە جگە لە دەستگیرکردنی دوو گەریلا. زیانێکی زۆریش بەر پێگە و بارەگاکانی پەکەکە کەوتووە.

١٣ گولەبارانکراو
ئاکار لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، لە کاتی ئۆپراسیۆنەکەدا دەستیان بەسەر چەند ئەشکەوتێکدا کردووە، لە یەکێک لە ئەشکەوتەکاندا تەرمی ١٣ "هاوڵاتی"یان دۆزیوەتەوە. یەکێک لە کەسەکان گولە بە شانی و ١٢ کەسەکەش دیکە گولە بە سەریانەوە نراوە.

لە ئێستادا دەنگۆی ئەوە هەیە کە ئەو ١٣ کەسە دەستگیرکراوەکانی میت و دەزگا ئەمنییەکانی تورکیا بوون لای گەریلاکانی پەکەکە، بەڵام تاکو ئێستا هیچ لێدوانێکی فەرمی پستڕاست یان رەتیناکاتەوە.

یاشار گویلەر سەرۆک ئەرکانی سوپای تورکیا لەم بارەیەوە دەڵێت، "لە دوای ساڵی ٢٠١٥وە چەند کارمەندێکمان لەلایەن پەکەکەوە رفێندراوە. ئەم هاوڵاتیانەشمانیان لە چەند ئەشکەوتیکدا شاردووەتەوە."

پەکەکە: تورکیا دیلەکانی کوشت
پەکەکە لێدوانەکانی تورکیا رەتدەکاتەوە و رایگەیاندووە، سوپای تورکیا خۆی دیلەکانی گەریلا کوشتووە.

زاگرۆس هیوا، وته‌بێژی كۆما جڤاكێن كوردستان (كه‌جه‌كه‌)  له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژەی بەوە کردووە، "سوپای تورکیا لە چیاى گارە لە ڕێگەى هێرشی فڕۆکەکانیەوە سەرجەم دیلەکانى خۆى کوشتووە و  بۆردوومانی ئه‌و شوێنه‌ی كردووه‌ كه‌ سه‌ربازه‌ دیله‌كانی لێبووه‌.

دەشڵێت، "ماوه‌ی چوار بۆ شه‌ش ساڵ دەبێت پارێزگاریمان له‌ دیله‌كان كردووه‌، نه‌مانهێشتووه‌ زیانیان پێبگات و پاراستومانن، به‌ڵام له‌و لە بۆردومانی تورکیا سەرجەم دیلەکان کوژراون."

لەبارەی دیلەکانەوە زاگرۆس وتی، "دیله‌كان بریتی بوون له‌ پۆلیس، سه‌رباز و میت."

هاوکات ناوەندی پاراستنی گەل(نەپەگە) رایگەیاندووە، "هێرشی سەر کامپی دیلەکانی دەوڵەتی تورکیا لە گارە، بە هیچ جۆرێک بۆ رزگارکردنیان نەبووە، بەڵکو ئامانج لەناوبردنیان بوو، دەوڵەتی تورکیا خۆی لێی بەرپرسیارە. سوپای تورکیا هێرشی ئاسمانیی و زەمینیی کردووەتە سەر کامپی دیلەکان و بووەتە هۆی کوژرانی بەشێک لە ئەندامانی میت و پۆلیسی خۆی، کە لای گەریلا دیل بوون."

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتوەوە، " تورکیا هەوڵ دەدات راستییەکان چەواشە بکات و پەکەکە تاوانبار دەکات، کە دیلەکانی کوشتووە، هەموو کەس باش دەزانێت کە ساڵانێکی دوور و دڕێژە تاکو ئێستا بە شێوەیەکی مرۆیی لەگەڵ دیلەکانی شەڕدا مامەڵەیان کردوە و وێڕای هێرش و بۆردوومانە چڕەکانی سوپای تورکیا لە شوێنی پارێزراودا دیلەکانیان ڕادەگرت، ئەو هێرشە ئاسمانییانەی کە لە ماوەی چواڕۆژدا بە شێوەیکی چڕ لەلایەن سوپای تورکیاوە کرایە سەر کامپی دیلەکان، بە مەبەستی ئەوە بوو، کە هەموو دیلەکان بکوژن و کەس لێی بەساغ دەرنەچێت."

تورکیا؛ دیلەکان پۆلیس و سەرباز بوون

دوای ئەوەی تورکیا رایگەیاند، دیلەکان هاوڵاتی بوو، پەکەکە ئاشکرای کرد دیلەکان پۆلیس و سەر  بە میت بوون و لای ئەوان دیل بوون و پاراستویانن، بەڵام لە هێرشی تورکیادا کوژراون، ئەمڕۆ ئایدن باروش والی ماڵاتیا رایگەیاند، ناسنامەی ١٠ لە دیلەکان ناسراوەتەوە کە شەشیان سەرباز و دوانیان پۆلیسن.

بەپێی قسەی والی ماڵاتیا، دیلەکان لە ساڵەکانی ٢٠١٥ بۆ ٢٠١٦ لەلایەن گەریلاکانی پەکەکەوە رفێندراون و لە چیای گارە راگیراون.


گۆڕەپانی شەڕەکە
یاشار گویلەر دەربارەی گۆڕەپانی شەڕەکە دەڵێت، گۆڕەپانی ئۆپراسیۆنەکە بریتی بوو لە ٧٥ کیلۆمەتری فراوانی و ٢٥ کیلۆمەتر قوڵی، "ئەمەش گەورەترین رووبەری شەڕە کە تاکو ئێستتا کردبێتمان."

ئاماژەی بەوەش کرد، "لە دوای ئۆپراسیۆنەکانمان لە حەفتانین، خواکوڕک و ناوچەکانی دیکە، پەکەکە کەوتنە ژێر فشارەوە، بۆیە بە هەموو هێزی خۆیانەوە روویان لە ناوچەی گارە کرد، پێیان وابووە لەم ناوچەیەدا لە ئاسایشدا دەبن، بۆیە ئێمەش لەم ناوچە فراوانەدا ئۆپراسیۆنەکەمان ئەنجامدا."

گویلەر دەشڵێت، بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەکانیان ئەو ئەندامانەی هێزە ئەمنییەکانیان کە لەلایەن پەکەکەوە رفێندراون، لەم ناوچەیەدا شاردراونەتەوە.

سێ کوژراوەکەی تورکیا
لەگەڵ ئەوەی هێزەکانی پاراستنی گەل ئاماژە بە کوژرانی زیاتر لە ٣٠ سەربازی تورکیا دەکات، بەڵام تورکیا تەنها دانی بە کوژرانی سێ سەرباز و برینداربوونی سێ سەربازی دیکەدا ناوە.

گویلەر دەڵێت، لە کاتژمێر چوار و ٥٥ی خولەکی سەرلەبەیانی ١٠ی شوبات، واتە لە دووەم کاتژمێری ئۆپراسیۆنەکەدا هێرشی زەمینی دەستیپێکرد و لە رێگای هەلیکۆپتەرەوە سەربازەکانیان لە ناوچەکە دابەزاندووە، لە یەکەم رووبەڕووبوونەوەدا لەم کاتەدا، سێ سەرباز کوژراون و سیانی دیکەش بریندار بوون.

تورکیا لە گارە دەدات
لە بەرەبەیانی رۆژی ١٠ی شوباتەوە تورکیا "ئۆپراسیۆنی چڕنوکی هەڵۆ-٢"ی بۆ سەر گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە شاخی گارە لە هەرێمی کوردستان دەستپێکرد.

وەزارەتی بەرگری تورکیا دەڵیت، "بە ئامانجی سەقامگیرکردنی ئاسایشی سنورەکانمان و پوچەڵکردنەوەی هێرشەکانی تیرۆر لە باکوری عێراقەوە بۆ سەر ئاسایش و خەڵکەکەمان، لە چوارچێوەی بەرگری رەوا لە گەلەکەمان، لە رۆژی ١٠ی شوباتەوە "ئۆپراسیۆنی چڕنوکی هەڵۆ-٢" بۆ سەر بارەگا و ناوچەکانی پەکەکە لە ناوچەی گارە لە باکوری عێراق دەستیپیکردووە."

لە راگەیەندراوی وەزارەتی بەرگری تورکیادا هاتووە، زیاتر لە ٤٠ فڕۆکەی شەڕکەڕ، هەواڵگری، بێفرۆکەوان و سوتەمەنی پێدەر لە ئۆپراسیۆنەکەی گارەدا بەشدارن.

ئاماری شەڕەکە لە زاری پەکەکەوە
ژمارەکانی ناوەندی چاپەمەنی و ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) لە ژمارەکانی تورکیا جیاوازن. هەپەگە لە راگەیەندراوی رۆژی هەینیدا دەڵێت، "تاکو ئێستا ٣٠ سەربازی تورکیا کوژراون و دەیان سەربازی دیکەش بریندار بوون.

هەپەگە لەبارەی دابەزاندنی سەربازانی سوپای تورکیا لە گارە دەڵێت، سەربازانی تورکیا هەوڵیانداوە لە چیای گارە دابەزن و جێگیر ببن، بەڵام گەریلاکاننیان بە توندی بەرپەرچیان داونەتەوە و ناچاریان بوون بکشێنەوە و دانەبەزن.

پێنج رۆژەکە چی روویدا؟
بەپێی زانیاری و بڵاوکراوەکان پێنج رۆژی شەڕەکە تاکو ئەمڕۆ بەم جۆرە بووە؛

لە رۆژی یەکەمدا واتە ١٠ی شوبات، یەکەم پێکدادانی نێوان تورکیا و گەریلا لە گوندی سیانێ روویداوە و زیان بە تورکیا گەیەندراوە. لە نزیک نیوەڕۆدا سوپای تورکیا هێرشی کردووەتەوە سەر سیانێ و شەڕ و پێکدادان روویداوەتەوە.

هەمان رۆژ و لە کاتژمێرەکانی دوای نیوەڕ و سەر لە ئێوارەدا، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا دیسان لە سیانێیان داوەتەوە. لەو چەند کاتژمێرە کەمەدا شەش جار دەڤەری سیانێ بۆردومان کراوە‌.

لە رۆژی یەکەمدا وەزارەتی بەرگری تورکیا رایگەیاند سەربازیان لە گارە - سیانێ دابەزاندووە، بەڵام هەپەگە رەتیکردەوە و وتی، تورکیا بە هێلیکۆپتەر هەوڵی داوە سەرباز دابەزێنێت، بەڵام گەریلاکان رێگایان پینەداون و ناچاریان کردوون پاشەکشە بکەن.

ڕۆژی دواتر، واتە ١١ی شوبات، تورکیا ئەم هێرشانەی ئەنجامداوە؛
شەش هێرش بۆ سەر هەرێمی سێدارێی گارە، پێنج هێرش بۆ سەر هەرێمی نێرانێ، نۆ هێرش و پەلامار بۆ سەر دەوروبەری گوندی مووسەلەکا، بلند بازی و شکفتیان.

هەمان ڕۆژ، لە کاتی نیوەڕۆدا فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا هەرێمی کۆلیتیان لە خواکوڕک بۆردومان کرد.

دوێنێ ١٢ی مانگ و لە سێیەم رۆژی شەڕەکەدا، تورکیا دیسان هێرشی کردەوە سەر شاخی گارە و گوندەکانی بناری شاخەکە.

هەر دوێنێ گوندەکانی چەم شرتێ و سەری چل گێڕا بەسەختی بۆردوومان کران، دوانیوەڕۆش فڕۆکەکانی تورکیا گەلی زەنتکیان لە بناری چیای گارە لە سنووری شارۆچکەی چەمانکێ بۆردوومانکرد.

دوای عەسری هەینی فڕۆکەکانی تورکیا چیای خێرێیان لە سنووری شارۆچکەی قەسرۆک و قەزای شێخان بۆردوومانکرد.

سەرلەئێوارەش لە بناری چیای گارە شەڕی سەخت لەنێوان پەکەکە و سوپای تورکیا روویدایەوە.

شەوی رابردووش دیسانەوە فرۆکەکانی تورکیا چەند گوندێکی بناری چیای گارەیان بۆردومان کردەوە، بەڵام هیچ زانیارییەک لەبارەی زیانەکانەوە بڵاونەکرایەوە.

ئەمڕۆ سەرلەبایەنی و لە چوارەم رۆژی شەڕەکەدا، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆردومانی گوندی سیانێیان کردەوە، واتە ئەو گوندەی یەکەم رۆژی ئۆپراسیۆنەکە بۆردومان کرا.

لە رۆژی پێنجەمدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە ١٤ شوبات بوو، تورکیا کۆتایی ئۆپراسیۆنەکەی لە چیای گارە راگەیاند.

شەڕی "دۆستەکان"
رۆژی هەینی وەزارەتی بەرگری تورکیا لە راگەیەندراوەکەیدا باسی لە رۆڵی "دۆست و هاوپەیمانەکان"ی کرد لەم شەڕەدا.

لە راگەیاندراوەکەی وەزارەتی بەرگری تورکیادا هاتبوو، "بە هاریکاری و تەنسیق لەگەڵ دۆست و هاوپەیمانەکانمان، پێش هێرشەکان ئامانجەکانی پەکەکەمان لە شاخی گارە دیاریکرد و دواتر هێرشمان کرد."

هەپەگە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی بەرگری تورکیای رەتکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، "هیچ پشتڕاستکردنەوەیەکمان لەبارەی بەشداریکردنی هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئۆپەراسیۆنەکەی گارەدا نییە، ئەو زانیارییانەشی تورکیا باسی دەکات لەم بارەیەوە درۆن و راست نین، ئەوەی هەیەو راستە سوپای تورکیا هێز و کۆپتەرەکانی لە بنکەی شرناخەوە بۆ بنکەی باشیک گواستووەتەوە، لەوێشەوە بەسەر شارۆچکەی باکرمانی سەر بە ئاکرێدا چوونەتە سەر ناوچەکانی گارە، بەڵام لەم دۆخەدا هیچ کاردانەوە و دژایەتییەک لە پارتییەوە بۆ ئەم کارەی تورکیا نەبینراوە."

ئەمە لە کاتێکدایە لە دووەم رۆژی هێرشەکەدا هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمپا جڤاکێن کوردستان- کەجەکە رایگەیاند، "سوپای تورکیا بەبێ رەزامەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان ناتوانن هیچ جۆڵەیەکی داگیرکەری لە شاخی گارە ئەنجامبدەن، چونکە دەبێت رێگاپێدان و پەسەندکردنیان لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە وەرگرتبێت."

ئەمریکا؛ یاری دوو سەرە
ئەمریکا لەبارەی ئۆپراسیۆنی ئەمجارەی تورکیاوە لێدوانی جیاواز دەدات و لێدوانەکانیش لەگەڵ یەکتردا یەکناگرنەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە، "داوا لە تورکیا دەکەین ڕێز لە سەروەری عێراق بگرێت، هەر هێرشێکی سەربازی لەناو خاکی عێراقدا، پێویستە لەسەر بنەمای ڕەزامەندی و ڕێز لە سەروەری عێراقدا بێت."

لە هەمان کاتدا باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئەنقەرە لێدوانێکی جیاواز دەدات و دەڵێت، "ئێمە خەمبارین بە کوشتنی سەربازەکانی تورکیا لەلایەن تیرۆریستانی پەکەکە و سەرەخۆشیش لە خێزانی سەربازە کوژراوەکان دەکەین، پاڵپشتی لە تورکیای هاوپەیمانی ناتۆشمان دەکەین".

حەشد ئامادەی بەرگرییە
حەشدی شەعبی رایگەیاندووە، ئامادەن بەرگری لە شنگال بکەن و رێگا نادەن سوپای تورکیا شارەکە داگیر بکات.

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا حەشدی شەعبی سێ لیوای بردووەتە شنگال و لە چەند شوێنێکی جیاوازدا بڵاویکردوونەتەوە.

بەپێی زانیارییەکان لە ناوچەکەوە، لیوای ٢١ی حەشدی شەعبیی بەدر لە رۆژهەڵاتی شنگال، لیوای ١٤ لەسەر چیای شنگال و  لیوای 33 لە رۆژئاوای شارەکە جێگیر کراون.

لیواکانی حەشدی شەعبی کە لە نەجەف، کەربەلا و موسڵەوە روویان لە ناوچەکانی شنگال کردووە، رایانگەیاندووە ئامادەن بەرگری لە هەر هێرشێک بکەن کە بکرێتە سەر شارەکە. 

چەکدارانی حەشد کە نزیکن لە ١٠ هەزار کەسەوە دەڵین، لەسەر داوای فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێكی لەناكاوی توركیا بۆ ناوچەكە هاتوونەتە ناوچەکە و جێگیر کراون.

نوجەبا هەڕەشە دەکات
دوێنێ شەممە بزوتنەوەی نوجەبا بە سەرۆکایەتی ئەكرەم كەعبی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، "وڵات لە قۆناغی پەرتەوازەییدایە و هەڵوێستە رەسمییە لاوازەكان و بەرژەوەندیی تەسكی حزبایەتی، وڵاتیان كردووەتە گۆڕەپان بۆ پێشێلكاری و زیادەڕۆیی وڵاتان."

بزوتنەوەکە لەبارەی هێرشەکانی تورکیا و پالانەکانی ئەنقەرەوە دەڵێت، بەپێی زانیارییەكان، توركیا نیازی وایە پارێزگای نەینەوا تاوەكو قەزای شنگال داگیر بکات، ئەگەریش هەڵوێستە فەرمییەكان بەو لاوازیە بمێننەوە ئەمە دوایین پێشێلكاریی نابێت."