ڕاپۆرتی کوردستانی

12:15 - 14/02/2021

چوار رۆژ دادبینی کۆمپانیای دیناسیتی، دژی حکومەتی هەرێم و ئاشتی هەورامی‌

یادگار سدیق گەڵاڵی

سەرلەبەیانی ڕۆژی ٨ ی شوباتی ٢٠٢١ دادبینیی داوای دیناستی دژی حکومەتی هەڕیمی کوردستان و کەسی د. ئاشتی هەورامی دەستی پێکرد، ماوەی چوار رۆژ بەردەوام بوو ، کاتژمێر ٤:١٥ ی دوای نیوەڕۆی ١١ی شوبات  کۆتایی بە دادبینییەک هات.

ئێمەش وەکو ڕوونبین هەروەک چۆن لە دادبینییەکەی ٢١ ی ئابی ٢٠٢٠ ئامادەبوین ئەم چوار رۆژەش بەبەردەوامی ئامادەی دادبینییەکە بووین.بە پێویستی دەزانین لێرەدا وەکو خزمەتێک بە ڕوونبینی ( شەفافییەت) بەکورتی چەند خاڵیکی سەرەکی دادبیینییەکە بڵاو بکەینەوە:

پێشەکییەک
کۆمپانیای "دیناستیتایبەت بە نەوت و گاز و بازرگانی سنووردار" کە کۆمپانیایەکی نەوتیە  سکاڵایەکی یاسایی لە دادگەی باڵای لەندەن لە دژی ئاشتی هەورامی وەزیری پێشووی سامانە سروشتییەکان تۆمار دەکات.بە پاساوی دەستێوەردانی نایاسایی و ڕێگریی نایاسایی لە دەستبەکاربوونیان لە دوو کێڵگەی نەوتی کە پێشتر پشکەکانیان لە کۆمپانیایەکی ئیسپانی کڕیوە.لە داواکەدا داوای بڕی یەک ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دۆلار دەکات وەک قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانەی پێیان گەیشتوو.ە.کۆمپانیای ناوبراو کۆمپانیایەکی خۆماڵییە و لە سلێمانی دامەزراوە.

کۆمپانیاکە پێشتر پشکەکانی دوو بلۆکی نەوتی (کەی ٣٩) و (کەی ٤٤)ی لە کۆمپانیای دیکە کڕیوەتەوە، کە یەکەمیان دەکەوێتە کێڵگەی نەوتی تۆپخانە و دووەمیان دەکەوێتە کێڵگەی نەوتی کوردەمیرەوە وڕێککەوتنەکەیان بەگوێرەی گرێبەستی هاوبەش لە بەرهەم بووە. بەپێی بانگەشەکانی کۆمپانیای دیناسیتی  پشکەکانیان بە چەندین ملیۆن دۆلار لە کۆمپانیایڕیپسۆڵ کڕیوەتەوە. کۆمپانیاکە  بانگەشەی ئەوە دەکات، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بەشێوەی نایاساییڕێگری کردووە لە دەستبەکاربوونیان و داوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەیان لێ کراوە  بەو هۆیەوە زیانیان بەرکەوتووە.

داواکەی دیناسیتی لە دادگای بازرگانی لەندەن لەمانگی ئابی ٢٠١٩ وە تۆمار کراوە و فایلیکەیسەکە لەدادگایە. داوکە  لەسەر چەند کێشەیەکە لەدیارترینیان:
 " بەشێەوەیەکی نایاسایی پلاندانان بۆ زیانگەیاندن بە دیناسیتی، دەست تێوەردانی نایاسایی، ترساندن و هەڕەشەلێکردن، دەستێوەردان بۆ پێشێل کردنی گرێبەست"
داواکە دژی ١- حکوموتی هەرێمی کوردستان  ٢- دکتۆر ئاشتی هەورامی بەشێوەیەکی کەسیی.   

لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ دا لەفرۆکەخانەی هیسرۆ لە لەندەن  دکتۆر ئاشتی ئاگادار دەکرێتەوە لە داواکە(تەبلیغ دەکرێت).
داوا لەسەرکراوی دووەم کە دکتۆر ئاشتییە لەڕێگەی پارێزەرەکەیەوە بەڕێز دەنینگ داوای لە دادگا کردووە بەپێی یاسای پارێزبەدی دەوڵەت ١٩٧٨ بڕگەی ١٢ دکتۆر ئاشتی مافی پارێزبەندی هەیە. رێوشوێنی ئاگادارکردنەوەکەی ئەبوایە لە ڕێگەی وەزارەتی دەروە پێ بگەشتایە نەوەک بە شێوەی کەسی چونکە ناوبراو پۆستێکی حکومی هەیە، لەبەر ئەوە دادگای بەریتانیا مافی دادبینی کردنی نییە. داوای کردبوو کە ئەم خاڵە یەکلا بکرێتەوە. گەر دادگا مافی پارێز بەندی پێ بدات ئەوا داواکانی تر نابینرێت.
ئەوەبوو لە ٢١ی ئابی ٢٠٢٠دا رۆژێک دادگا دانیشت بۆ دیاریکردنی ئاراستەی داواکەو گوێی لە وتەی لایەنەکانی داواکە گرت و ئەوکات بڕیار درا کە ٨ی شوبات بۆماوەی ٣ رۆژ دادبینی بکرێت و پسپۆڕەکان روبەڕووی پرسیار بکرێنەوە.

چەند خاڵێک لە دادبینییەکە زۆر بەکورتی
وەک چۆن لەمانگی ئابدا دیاری کرا بۆ پرسیار کردن لە شایەتی کەسە پسپۆڕەکان کە لە لایەن لایەنەکانی داوەکەوە پشتی پێ بەسرابوو . رۆژی یەکەم و بەشێکی زۆر لە رۆژی دووەم تەرخانکرا بۆ پرسیارلێ کردنی پسپۆڕەکان.

بابەتی سەرەکی لەسەر  ماددەکانی ١١٠ تا ١١٥ی دەستور و ماددەی ١٢١ ی دەستوری عێراق بوو.. دوو  پرۆفیسۆر کە هەریەکەیان لەسەر داوای لایەنێکی داواکە ووتەیان لێ وەرگیرا و ڕایان تاوتوێ دەکراو روبەڕوی پرسیار دەکرانەوە. هەریەکەو بە ئاراستەیەکی جیا دەدوان ، شاهێدی دکتۆر ئاشتی ڕای وایە  بەپێی ئەومادە دەستورییانە هەموو کردارەکانی هەرێم دەستورین، لەبەرانبەردا شاهێدی دینا سیتی بە پێچەوانەوە قسەی دەکرد. ئەم خاڵە کاتێکی زۆری دادگای گرت کە راستەوخۆ پەیوەستبوو بە پارێزبەندی دەوڵەت و یاسای ١٩٧٨ مادەی ١٢ وە. دواکار دەیویست بیسەلمێنێ کە مامەڵەکانی هەرێم و دکتۆر ئاشتی دەستوری نین و پارێز بەندی نایان گرێتەوە و یاسای ئینگلیز دەتوانێت کەیسەکە ببینێت. لەبەرانبەردا دوالەسەرکراوی دووەم کە دکتۆر ئاشتییە لە ڕێی پارێزەرەکەیەوە ڕاو بەڵگەی پێچەوانەی دەخستە ڕوو.

بۆ چی چەخت لەسەر دەستوری بوون دەکرێتەوە؟
سەلماندنی ئەم خاڵە یاخود باوەرپێهێنانی دادوەر بەهەر ئاراستەیەکدا راستەوخۆ کاریگەری دەبێت لەسەر دەرئەنجامی داواکە. پارێزەرەکەی دکتۆر هەورامی دەڵێت؛ پشت ئەستور بە دەستورهەرێم دەستەڵاتی بەڕێوەبردنی سامانی سروشتی هەیە و بەوکارە هەستاوە کە دەستەڵاتەکەی لەدەستورەوە وەرگرتووە ، هەروەها دەستور مافی دانانی یاسای داوە بەهەرێم و دکتۆر ئاشتیش وەکو وەزیرێکی هەرێم مامەڵەی کردووە بە پێی یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان ماددەی ٢٤ - ٣ کە دەستەڵات دەدات بەوەزیر رەزامەندی بدات بە گواستنەوەی کۆنترۆڵی کێڵگەیەک یان گرێبەست کردن بە چەند مەرجێک کە دبێتباوەڕی هەبێتکۆماپانیاکە توانای دارایی و تەکنیکی و شارەزایی هەیە.

لەبەرانبەردا پارێزەرانی داواکار پێیان وایە داوالەسەرکراو مافی پارێزەندی نییە لەبەر ئەوەی هەرێم دەستەڵاتێکی بەکار هێناوە بەبێ گەڕانەوە بۆ ناوەند و دەستوریش ڕێگەی پێ نەداوە.

سامانی سروشتی بۆ بەرژەوەندی خەڵکی هەرێم بەکار هێناوە نەک هەموو عێرق. داهاتی نەوتیش نەگەڕاوەتەوە بۆ عێراق هەروەها ئەو گرێبەستانەشی کە ئیمزایکردووە (هاوبەشیکردن لەبەرهەم)  ناوەند ناڕازییەو سکاڵای لە دژ تۆمارکردووە لە دادگای ئیتحادی  لە بەغداد.

ئارگیومێنتی پارێزەرانی دینا ستی بەئاراستی ئەوەیە، هەرێم وڵات نییە و وەکو وڵات مامەڵەی کردووە بۆیە لە ئاستی بەریتانیادا نییەوە کو وڵات  تاوەکو پارێزبەندی هەبێت. هەروەها وتی بۆ نمونە ئەگەر پێشمەرگە تاوانێک بکات ئەوا هیچ پارێزبەندییەکی نێودەوڵەتی نییە ئەم نموونە جێی سەرنجە گەرچی تەنها بۆڕوونکردنەوە باسکرا. خاڵێکی تر کە بەدادوەریان وت ئەوەبوو گەر بڵێن مامەڵەکانی هەرێمی کوردستان دەستورییە، لە و حاڵەتەدا داوادەکەین کە هەرێم رەزامەندی دادگای باڵای عێراق بهێنێت تا بیسەلمێنێت مامەڵەکانی دەستوین.

هەرلایەکی داواکە بەڵگەی خۆی دەخستە روو پشتی بە کەیسی هاو شیوە و ڕای لێکۆڵەرەوان و پرۆفیسۆرەکانی بواری دەستور و کەیسی هاوشیوە دەخستە روو.

لەئەگەری نەبوونی پارێزبەندیدا کێشەی زۆر گەورە بۆ هەرێم دروست دەبێت ئەگەر هەیە هەنگاوی دی بەدوادا بێت، چوونکە ئەم دادگایە دادگای ناوبژیوانی نییە، بەڵکو دادگایەکی ئینگلیزییە و دەبێت بە پێشینەیەک و هەرێم لەبەردەم دادگایەکی بێگانەدا دادگایی دەکرێت و دەرئەنجام هەموو کارێکتەرەکانی حکومەتیش پارێزبەندییان نابێت. هەروەها کاتێک بڕیار بدات بەوەی پارێزبەندی نییە و یاسای ١٩٧٨ و مادەی ١٢ی پارێزبەندی دەوڵەت  هەرێم ناگرێتەوە، ئەوکات دادوەر دەبێت بۆ بڕیارەکەی پشت بەبەڵگەی بەهێز ببەستێت و دەستور و مادەکانی پەیوەست بەدەستەڵاتەکانی هەرێم دەبن بە بنەما، دەرئەنجام  کێشە بۆ گرێبەستەکانی نەوتی هەرێم و یاسایی بوونی دروست دەبێت . لەلایەکی تر پێگەی هەرێم ئەوەندەی تر لە بەغداد لاواز دەکات و بەهانەی یاسایی لەبەردەم بەغدا دەبێت بۆ چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ نەوت و گازی هەرێم.

خاڵیکی تر کە بەشێکی زۆری رۆژی چوارەمی دادبینییەکەی گرتەوە سەربەخۆیی دادگاکانی هەرێم و توانای بڕیاردانیان بوو لە بەرانبەر دەستەڵات دارانی هەرێم و بەرپرساندا ، چەند نمونەیەکی کەیسی هاوشێوە هێنرایەوە کەلەسەر بنەمای ئەوە دادگا دەبێت بڕیار بدات بۆ گەشتن بەدادوەری و لە هەرێم دادگاییەکە نەکرێت.

بە مێژوو شوێن، باسی ئە هەرەشەو دەستوەردان وفشارانە کرا کە لە دیناسیتی کراوە بۆ ئەوەی بکشێتەوە لە ڕێکەوتنەکەی لەگەڵ کۆمپانیای رێپسۆل. باسی دابەشکاری ئەنجومەنی دادوەری و وازهێنانی ٤دادوەرلەبەر دەستێوەردانی حیزبی لەکاری دادگاکاندا کرا. باسی ئەوە کرا کە د کتۆر ئاشتی وەڵامی ئەو پرسیارانەی نەداوەتەوە کە پارێزەرانی داواکار لێیان کردووە.

پارێزەری دکتۆر ئاشتی دەڵێ ئێمە هیچ پابەندییەکمان نییە بەرانبەر دینا ستی و هیچ گرێبەستێک نییە لەنێوانماندا و تەنانەت ئەو نامانەی لەنێواندا هەیە تایبەتە بە کۆمپانیای ریپسۆل و وەزیر نەک دیناستی. ئەم کەیسەی دیناستی کەیسێکی کارگێڕییە، دەتوانن لەبەردەم دادگای کارگێری هەرێمدا دژی وەزارەت یان وەزیر داوا تۆمار بکەن. وەزیر مافی خۆیەتی بەپێی یاسا کە ئەگەر قەناعەتی نەبێت بە توانای تەکنیکی و مادی و شارەزایی کۆمپانیایەک رەزامەندی نەدات لەسەر گواستنەوەی کۆنترۆڵی کۆمپانیایەک بۆ یەکیکی تر. چونکە ئەم گرێبەستانە گرێبەستی درێژ خایەنن بۆ ٢٠ تا ٢٥ ساڵە و لە تاتبەتمەندی و دەستەڵاتی حکومەتە.

ئەمە زۆر بەکورتی چەند خاڵێکی کەمی دادبینییەکە ، بەڵام زۆر بەی ئارگیۆمێنتەکان لەو چوارچێوەیەدا دەخولانەوە لەگەڵ ئەوەی هەردولای کێشەکە بەڵگەکانی خۆیان پێشکەش دەکرد.

دادووەر لەماوەی چەند مانگی ئایندەدا بڕیار دەدات لەسەر کەیسەکە و دەرئەنجامی داواکە زۆر گرنگ دەبێت بۆ هەرێمی کوردستان نەک تەنها لەرووی قەرەبووی کۆمپانیاکە کە  داوای ٦,١ ملیار دۆلار دەکات بەڵکو  لەڕوی مامەڵەی یاسایی و تەفسیری دەستور و پارێزبەندییەوە.