ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

10:33 - 15/02/2021

تورکیا لەنێوان بەرزەفڕی و کەوتنەخوارەوەدا‌

پەیسەر

تورکیا پێگەیەکی جیۆستراتیژی زۆر گرنگی هەیە، ئەمە کردوویەتی بە وڵاتێکی بەهێز، لە دوای هاتنە سەر کاری داد و گەپێدانیش ئەم وڵاتە هەوڵیداوە ببێت بە هێزی گەورەی ناوچەکە، بۆ ئەم ئامانجەش دەستی بە فراوانخوزای گەورە کردووە. پرسیارەکە ئەوەیە لەم ناوچە گەرمەدا و لە ناو ئەم هەموو گێژاوەدا تورکیا بەرز دەبێتەوە یان شست دەهێنێت؟

دیلی پێگە و رابردوو
پێگە ستراتیژییەکەی تورکیا، شوێنە جوگرافییەکەی و مێژووی چەند سەد ساڵەی ئیمپراتۆرییەتییەکەی، وایان کردووە ئەم وڵاتە هەم بەهێز بێت و هەم لە لاوازترین دۆخدا خۆی وەک بەهێز پیشان بدات.

لە دوای روخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانییەوە تاکو ئێستا، هەموو حکومەتەکانی تورکیا خەونی زیندووکردنەوەی مێژووی رابردوویان هەبووە و وڵاتانی دراوسێیان بە بەشێکی دانەبڕوای جەستەی رابردوویان سەیر کردووە.

تورکیا لە ١٠٠ ساڵی رابردوودا بووە بە دیلی رابردووە درێژەکە و دەیەوێت زیندووی بکاتەوە، بۆیە بەردەوام بە دوای ئەوەوەیە خەونی گەیشتنەوە بە رۆژە بەهێزەکانی بەدیبهێنێتەوە.

خەونی دروستکردنی دوژمن
خەونی تورکیا بۆ دروستکردنەوەی مێژووی رابردوو وای کردووە ناچار بێت دەست بە فراوانخوازی بکات، بە کرادریش فراوانخوازی نەکردبێت بە لێدوان کردوویەتی و باسی لێوە کردووە.

تورکیا هەمیشە دەڵێت وڵاتانی دراوسێی بەشێکی دانەبڕاوی رابردوویانە، بەڵام لەبەرئەوەی دۆخی جیهان رێگای پێنادات، ناچار بووە ئاستەکەی کەم بکاتەوە، هەر بۆیە بەردەوام بۆ نموونە باسی ویلایەتی موسڵ دەکات کە بەشێکە لە جەستەی و رۆژێک هەر دەگەڕێتەوە.

ئەم لێدوان و نیازانەی تورکیا وای کردووە بیدات بە گژ وڵاتانی دروسێیدا، چونکە ئەم وڵاتانە تورکیا وەک هەڕەشە لەسەر ئایندەی خۆیان دەبینن.

ناوچەی گەرم
ئەمریکا چاوی لەسەر ناوچەی ئاسیا و زەریای ئارامە، لەم کاتەدا تورکیا و روسیا چاویان لەسەر دەریای سپی ناوەڕاست، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەی قەوقازە.

گرنگینەدانی ئەمریکا بە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هەندێک قۆناغی چەند ساڵی رابردوودا، وای کردووە روسیا و تورکیا دەستکراوەتر بن و هەژموونی خۆیان لە ناوچەکەدا بەهێز بکەن، ئەمەش زیاتر لە سەردەمی ئیدارەکەی دۆناڵد ترەمپدا روویدا.

روسیا و تورکیا لە ناوچەکەدا، بە سازان و سازشکردن، هەوڵیانداوە هەریەکە و لە ناوچەیەکدا هەژموون و دەسەڵاتی خۆیان لە ناوچەی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا بەهێز بکەن.

کورد؛ کێشە گەورەکە
لەگەڵ ئەوەی ئەمریکا بەردەوام رەخنەی لە تورکیا گرتووە و باسی لەوە کردووە وەک هاوپەیمان مامەڵە ناکات، بەڵام هیچکام لە کێشەکان وەک کێشەی کورد نێوان ئەم دوو وڵاتەی تێکنەداوە.

لە دوای پشتگیریکردنی ئیدارەی باراک ئۆباما لە کوردانی سوریا و یەکینەکانی پاراستنی گەل، کێشەکانی نێوان واشنتن و ئەنقەرە گەیشتنە خراپترین ئاستی خۆی. ئەمە لە کاتێکدا بوو ئەمریکا و تورکیا لە سوریا هاوپەیمان و هاوبەش بوون و ستراتیژیان لەبارەی دیمەشقەوە هاوشێوە بوو.

هەل بۆ تورکیا
لاوازبوونی وڵاتانی ئەوروپا، کەمبوونەوەی رۆڵیان لە ناوچەکەدا، سەرقاڵ بوونیان بە کێشە ناوخۆییەکان و کێشەی کۆچبەران و دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا، وای کرد ناوچەکە لەبەردەم روسیا و تورکیادا تەخت ببێت و بتوانن خۆیانی تێدا بەهێز بکەن.

تورکیا لە بواری سەربازی، دیپلۆماسی، ئابووری و سیاسیی هەوڵی دا خۆی بەهێز بکات و ببێت بە سەرداری ناوچەکە، بەڵام تورکیا فراوانخوازییەکانی رووبەڕووی دەیان قەیرانی قوڵ بوونەوە و توشی مەترسییەکی گەورەش بوویەوە.

زنجیرەی شکستەکان
لەگەڵ ئەوەی تورکیا پێی وایە سەرکەوتوو بووە، بەڵام هەموو وەدەستهاتووەکان پیشانی دەدەن تورکیا کەوتووەتە ناو دەیان کێشەی ناوخۆی و دەرەکییەوە.

فروانخوازییەکانی ئەنقەرە لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست دای بە گژ یۆنان و قوبرسدا و وڵاتانی ئەوروپاشی کرد بە دوژمنی خۆی. هێرشکردنە سەر رۆژئاوای کوردستان دای بە گژ ئەمریکادا. کڕینی سیستمی بەرگری ئێس ٤٠٠ش هێندەی دیکە ئەنقەرەی لە واشنتن دوورخستەوە و خستییە بەردەم سزاکانی ئەمریکا. دەستگیرکردنی سیاسی، نووسەر، چالاکوان و رۆژنامەنووسانیش وای کرد لەلایەن وڵاتانی جیهان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە رەخنەی زۆری لێبگیرێت.

سوریی تورکیا و رکابەرەکانی
ئەوەی بڕیار لەسەر ئێستا و دۆخی داهاتووی تورکیا دەدات، وڵاتە رکابەرەکانی ئەنقەرەیە، تورکیا چەند سورە لەسەر بەهێزبوونەوەی خۆی، رکابەرەکانیشی هێندە سورن لەسەر سنوردانان بۆ تورکیا.

سعودیە دوای ئاشتبوونەوەی لەگەڵ قەتەر هەڕەشەی گەورەیە بۆ سەر پێگەی تورکیا لە ناوچەکەدا، بەتایبەت کە قەتەر دۆستی هەرە نزیکی تورکیایە. پاریس کە رکابەری سەرسەختی ئەنقەرەیە، سورە لەسەر دژایەتیکردنی فراوانخوازییەکانی تورکیا لە ناوچەکەدا، بەتایبەتی لە لیبیا و رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست.

هاوکارییەکانی سعودیە و فەڕنسا بۆ یۆنان، ئاماژەی فشارێکی گەورەی ریاز و پاریسن بۆ سەر ئەنقەرە. ئەمە جگە لەوەی زۆرینەی هەرە زۆری وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکاش پشتیوانی یۆنان دەکەن و دژ بە هەنگاوەکانی تورکیا هەڵوێستیان دەربڕیوە.

پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ روسیا و باشکردنەوەی پەیوەدنییەکانیشی لەگەڵ ئەمریکا، دوو ئاڵنگاری گەوەرەی بەردەم کۆماری تورکیان، چونکە باشبوونەوە لەگەڵ هەریەکەیان مانای خراپبوونەوەیە لەگەڵ لایەنەکەی دیکە، تورکیاش تاکو سەر ناتوانێت لەنێوان هەردوو هێزە گەورەکەی جیهاندا یاری بکات و بەرژەوەدنییەکانی بپارێزێت.