ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

02:03 - 15/02/2021

لەبری تاران، ئیسرائیل لە دیمەشق ئێرانی بۆردومان کرد‌

پەیسەر

ئیسرائیل جارێکی دیکە میلیشیا ئێرانییەکانی لە سوریا خەڵتانی خوێن کرد. دوای نیوەشەوی رابردوو، ئیسرائیل موشەکبارانی میلیشیا ئێرانییەکانی کرد و نۆ کەس کوژران، ئەوەی ئەم هێرشە لە هێرشەکانی دیکە جیادەکاتەوە ئەوەیە لە شاری دیمەشق بووە، ئەمەش ئەو قسەی ئیسرائیلییەکانی سەلماند کە دەیانوت "ناهێڵین ئێران لە سوریا ئیسراحەت بکات."

لێدان لە نیوەشەودا
ئاژانسی هەواڵی سوری (سانا) رایگەیاند، کاتژمێر یەک و ١٨خولەکی سەرلەبەیانی ئیسرائیل بۆردومانی چەند ناوچەیەکی شاری دیمەشقی کردووە.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە کردووە، کە هێزی بەرگری سوریا رووبەڕووی هێرشەکان بووەتەوە و زۆربەی موشەکەکانی خستووەتە خوارەوە، وەک چۆن لە ساڵانی رابردوودا وڵاتەکەیان رووبەڕووی هێرشەکان بووەتەوە و زۆربەی موشەکەکانیان خستووەتە خوارەوە.

روانگەی سوریش بۆ مافەکانی مرۆڤ باسی لە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر شاری دیمەشق کردووە و رایگەیاندووە، ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر شاری دیمەشقی کردووە و تاکو ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە نۆ کەس کوژراون کە سەر بە میلیشیاکانی سەر بە ئێرانن.

لێدان لە دیمەشق
ئاماژە بەوەش کراوە، هێرشەکان لە دوای نیوەشەو ئەنجامدراون و پێگەی میلیشیا ئێرانییەکانی لە رۆژئاوا و باشوری شاری دیمەشق کراوەتە ئامانج.

لەبارەی کوژراوەکانیش روانگەکە دەڵێت، لە هێرشەکەدا دوو کەس لە ناوچەی کەسوە و حەوت کەسیش لە بنکەی فیرقەی چوار لەسەر رێگای دیمەشق – بەیروت کوژراون، هیچکام لە کوژراوەکانیش سوری و عەرەب نین، دیاریش نییە ئەفغانی یان پاکستانین.

بەپێی زانیارییەکان هێرشەکەی ئیسرائیل بووەتە هۆی وێرانکردنی گەنجینەی موشەکە پێشکەوتووەکان کە ئێران لە ماوەی پێشوودا ئەم موشەکانەی بۆ فیرقەی چوار گواستووەتەوە.

نیو کاتژمێر هێرش
زانیارییەکانی روانگەی سوری ئاماژە بەوە دەکەن، موشەکبارانکردنی پێگەکانی سوریا و ئێران لە دیمەشق نزیکەی نیو کاتژمێر بەردەوامیی هەبووە. بەپێچەوانەی زانیارییەکانی ناسا، روانەگەکە دەڵێت بەسێک لە موشەکەکان گەیشتوون بە ئامانجەکانیان.

ئەمەش لە کاتێکدایە سێی ئەم مانگەش ئیسرائیل هێرشی کردە سەر میلیسیاکاننی حزبوڵا و بەرگری نیشتمانی بۆ رزگارکردنی جۆلان.
لە دوای ساڵی ٢٠١١، سوپای ئیسرائیل بەردەوام هێرشی کردووەتە سەر هێزە ئێرانییەکان لە سوریا. بنیامین نەتەنیاهوش هەمیشە جەختی کردووتەوە کە رێگە بە بوونی ئێران لە سوریا نادەن.

١٨ هێرش لە شەوێکدا
مانگێک پێش ئێستاش کاتژمێر یەک و دە خولەکی شەو ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی کردە سەر شاری دەیرەزوور و ناوچەی بوکەمال. روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤیش هەواڵەکەی پشتڕاست کردەوە و رایگەیاند ١٨ هێرشی ئاسمانی کراوەتە سەر هێزەکانی رژێمی سوریا و میلیشیاکانی سەر بە رژێمی ئێران لە خۆرهەڵاتی سوریا.

٢٣ کوژراو
روانگەکە باسی لەوەش کردبوو، هێرشەکان کراونەتە سەر گەنجینەی چەک و بنکە سەربازییەکانی رژێمی سوریا و میلیشیا چەکدارەکانی ئێران لە دەیرەزوور و بوکەمال لە سنوری سوریا – عێراق.

بەپێی زانیارییەکانی روانگەکە لە هێرشەکاندا پێنج ئەندامی رژێمی سوریا و ١١ ئەندامی میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ئێران کوژراون.

لە هەواڵەکەی روانگەی سوریدا هاتووە، بەهۆی هێرشەکانەوە گەنجینەی چەکی هێزەکانی رژێم و میلیشیاکان تێکشکێندراون، ئەو بنکانەشی هێرشیان کراوەتە سەر لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، حیزبوڵا و فاتمییەکانەوە بەکارهاتووە و بۆ راهێنان و ئامادەکردنی چەکدارەکانیان بەکاریانهێناوە.

دوای چەند کاتژمێرێک روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، ژمارەی کوژراوانی رژێمی سوریا بۆ حەوت کەس و میلیشیا چەکدارەکانیش بۆ ١٦ کەس بەرزبوەتەوە، بەمەش کۆی کوژراوەکانی هێرشەکەی ئیسرائیل گەیشتووەتە ٢٣ کەس.

ئەگەری جەنگی ئیسرائیل - ئێران
مانگی رابردوو رۆژنامەی (نیزەڤیسیمایا)ی روسی راپۆرتێکی لەبارەی ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگ لەنێوان ئیسرائیل و ئێران لە باشوری سوریا بڵاوکردەوە. رۆژنامەکە هۆشداری داوە لەوەی کە هەردوو لایەن چەکی زۆر ورد و پێشکەوتوو بەکاربهێنن، بەتایبەت دوای ئەوەی میلیشیا چەکدارەکان دەستیان بە موشەکی پێشکەوتوو گەیشتووە.

لە رپۆرتەکەدا هاتووە، سیناریۆکە ئەوەیە کە باشوری سوریا دەبێت بە گۆڕەپانی جەنگ و ئەمەش نزیکە لە ساڵی ٢٠٢١دا رووبدات و ئیسرائیلیش ئامادەکاری فراوانی بۆ ئەم جەنگە کردووە.

ئەگەری هێرشی ئێران
زانیارییەکانی رۆژنامە روسیەکە پشتی بە راپۆرتێکی پەیمانگای لێکۆڵینەوەکانی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل بەستووە لە زانکۆی تەلئەبیب کە مەترسی و هەڕەشەکانی سەر ئیسرائیلی لە ساڵی ئایندەدا هەڵسەنگاندووە.

راپۆرتی پەیمانگا ئیسرائیلییەکە باسی لەوە کردووە، کە توانا و وردیی میلیشیا ئێرانییەکان زیادیان کردووە و لە توانایاندایە هێرش بکەنە سەر ئامانجە ئیسرائیلییەکان.

سێ هێرش لە ١٠ رۆژدا
رۆژنامە روسیەکە ئاماژەی بە چربوونەوەی هێرشە ئیسرائیلییەکان داوە و نووسیویەتی، تەنها لە ماوەی ١٠ رۆژی سەرەتای مانگی رابردوودا ئیسرائیل سێ جار بە چڕی هێرشی کردووەتە سەر میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ئێران.

هێرشەکانی ئیسرائیل لەسەر بنکە و گەنجینە سەربازییەکانی حیزبوڵا و فەیلەقی سوپای پاسداران لە باشور و رۆژئاوای شاری دیمەشق چڕبوونەتەوە.

ئامادەکاری ئیسرائیل
رۆژنامەکە ئەوەسی خستووتەڕوو کە ئیسرائیل چاوەڕوانی هێرشی میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ئێرانە و بۆ ئەمەش ئامادەکاری پێویستی کردووە. تەنانەت لە باشوری ئیسرائیل سیستمی بەرگری دژە موشەکی بڵاوکردووەتەوە.

لە دوای ساڵی ٢٠١١، ئیسرائیل بەردەوام و بە چڕی بۆردومانی هێزەکانی رژێمی سوریا، میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ئێران، حزبوڵای ئێرانی و ئەو هێزانەی کردووە کە پەیوەستییان بە تاران و دیمەشقەوە هەیە.

ئیسرائیل: رێگە بە بوونی ئێران نادەین
ئیسرائیل چەندین جاریش هێرشی کردووەتە سەر ناوچە سەربازی و ستراتیژییەکانی رژیمی سوریا لە شاری دیمەشق، بەڵام سوریا جگە لە رەتکردنەوە هیچ کاردانەوە و هێرشێکی گەورەی نەبووە.

بەرپرسانی ئیسرائیل بەردەوام دووپاتیان کردووەتەوە بە هیچ جۆرێک رێگە بە بەهێزبوونی تاران لە سوریا نادەن و دەبێت کۆتاییان پێبهێندرێت.

وەک بنیامین نەتەنیاهو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاندووە، بە هیچ جۆرێک رێگە بە بوونی ئێران لە سوریا نادەن، چونکە ئامادەیی سەربازیی ئێران لە سوریا هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەی.

بێزارکردنی ئیسرائیل و تۆمەتبارکردنی
لەگەڵ هەموو هەڕەشەکانی ئیسرائیل و هێرشە سەربازییەکانی بۆ سەر میلیشیاکانی، ئێران هەمیشە هەوڵی بێزارکردنی ئیسرائیلی داوە، وەک ئەوەی سەرەتای ئەمساڵ لایەنگرانی سەر بە حیزبوڵای لوبنانی لەسەر سنوری لوبنان – ئیسرائیل وێنەکانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی کوژراوی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران و ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری کوژراوی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی عێراقیان بەرزکردەوە.

ئەوەی مایەی سەرنجە، ئیسرائیل بە دەگمەن هێرشی کردووەتەوە سەر چەکدارانی داعش لە سوریا و هەندێک سەرچاوەش باس لەوە دەکەن ئیسرائیل لە سوریا هیچ زیانێکی لە چەکدارانی داعش نەداوە.

ئەمەش وای کردووە کە رژێمی سوریا بەردەوام ئیسرائیل بە پشتیوانی داعش تۆمەتبار بکات، وەک ئەوەی شەوی رابردوو بەرپرسێکی سەربازی سوریا بە ئاژانسی سانای وتووە کە ئیسرائیل پشتیوانی لە داعش دەکات.