ڕاپۆرتی کوردستانی

01:51 - 16/02/2021

١٣ دیلە کوژراوەکە چی بە تورکیا دەدات و چی لێدەبات؟‌

پەیسەر

ھێرشی سەر گارە کۆتایی ھات، کۆتاییەکی سەخت بۆ تورکیا و سوپاکەی. ئەو سوپایەی ویستی ١٣ دیل لە دەستی گەریلاکانی پەکەکە رزگار بکات، بەڵام تەنھا توانی تەرمەکانیان بۆ کەسوکارەکانیان بباتەوە. تورکیا دەیەوێت خوێنی دیلەکان بکات بە چەک و لە دژی پەکەکە و مانەوەی ئاکپارتی بەکاریبھێنێت. پەکەش سەرجەم زانیارییەکانی سوپا رەتدەکاتەوە.

١٣ دیل
خولوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا لە پێنجەم رۆژی ئۆپراسیۆنی (چڕنوکی ھەڵۆ - ٢)دا رایگەیاند، کۆتاییان بە ئۆپراسیۆنەکەیان بۆ سەر گارە ھێناوە و ئۆپراسیۆنەکەشی بە سەرکەوتوو ناو برد.

ئاکار وتی، لەکاتێکدا ویستویانە ١٣ ھاوڵاتی دیلیان لەدەستی پەکەکە رزگار بکەن، بەڵام لەلایەن گەریلاکانەوە گوللەباران کراون. ھەموان سەرەتا پێیان وابوو کوژراوەکان "ھاوڵاتی"ن، بەڵام دواتر ھەموو شت گۆڕا.

ھاوڵاتی یان سەرباز و پۆلیس؟
دوای چەند کاتژمێرێک لە لێدوانەکەی ئاکار، والی ماڵاتیا رایگەیاند، توێکاری بۆ تەرمی کوژراوەکان لبەردەوامیی ھەیە و ١٠کەسیان ناسراونەتەوە، کە سەرباز و پۆلیسن.

سەرەڕای ئاشکرابوونی ناسنامەی کوژراوەکان کە سەرباز و پۆلیس و کەسانی سەر بە دەزگا ئەمنییەکانی تورکیان، بەڵام تاکو ئێستاش تورکیا دیلە کوژراوەکان بە "ھاوڵاتی" ناو دەبات، ئەمەش رووبەڕووی رەخنەی جددی و گەورە بووەتەوە.

بۆچی بە سەرباز دەڵێن ھاوڵاتی؟
چەند رۆژێکە رەخنەی توند ئاڕاستەی وەزیری بەرگری و بەرپرسانی تورکیا دەکرێت کە بۆچی بە سەربازە دیلەکان دەڵێن ھاوڵاتی؟ لەم بارەیەوە ئایتون چای پەرلەمانتاری ئیی پارتی شاری ئیزمیر کە لە ھەمان کاتدا ئەندامی لیژنەی ھەواڵگری و ئاسایشی نیشتیمانییە لە پەرلەمابی تورکیا دەڵێت، بۆچی بە سەربازە دیلەکان دەڵێن ھاوڵاتی؟ ئامانجێکی گەورەی ئۆپراسیۆنەکە ئازادکردنی دیلەکان بوو، ئایا پێش ئۆپراسیۆنەکە ئامادەکاریتان کردبوو؟ یان نەتانکردبوو؟

پەرلەمانتارەکە لە درێژەدا دەڵێت، بۆچی بەو سەرباز و پۆلیسە دیلانەی کوژراون دەڵێن "ھاوڵاتی مەدەنی"، ئەمە بۆ شاردنەوەی ئەو شکستەیە کە نەتانتوانی سەرباز و ھێزە ئەمنییە دیلەکانی ژێر دەستی پەکەکە رزگار بکەن؟

دیلی دیکە و شاردنەوە
پەرلەمانتارەکەی تورکیا باس لە "ئەگەری دیلی دیکە" دەکات و فەرماندە و وەزیری بەرگری تورکیا دەخاتە ژێر بەرپرسیارییەتییەوە. پەرلەمانتارەکە دەپرسێت، ئایا رفێندراو و ھاوڵاتی دیلی دیکە لەژێر دەستی پەکەکەدا ماون؟ کەی رفێندراون و ژمارەیان چەند کەسە؟

ئێستا بەرپرسانی سەربازی تورکیا لەم بارەیەوە خراونەتە ژێر گومانی زۆرەوە، بۆیە پەرلەمانتارەکەش لە وەزیری بەرگری دەپرسێت، بۆچی تۆ یان فەرماندەی ھێزە چەکدارەکان کوژرانی دیلەکانتان رانەگەیاند و والی ماڵاتیا ئەم کارەی کرد؟ لە کۆتایشدا دەپرسێت، پێتان وایە ئۆپراسیۆنەکە بە سەرکەوتوویی کۆتایی ھاتووە و ئامانجەکانی پێکاوە؟

موژدەکەی ئەردۆغان چی بوو؟
چەند رۆژێک پێش ئۆپراسیۆنەکە و لە کاتی ئۆپراسیۆنەکەدا باس لە موژدەکەی ئەردۆغان کرا. زانیارییەکانیش باس لەوە دەکەن موژدەکەی ئەردۆغان ئەوە بووە کە رایبگەیەنێت سەربازە دیلەکانیان لەدەستی پەکەکە رزگار کردووە، بەڵام گەریلاکان موژدەکەیان ھەڵوەشاندووەتەوە.

پەرلەمانتارەکە دەڵێت، ئەردۆغان بەڵێنی موژدەی دا، بەڵام ھیچ موژدەیەکی رانەگەیاند، ئایا ھیچ پەیوەندییەک لەنێوان ئۆپراسیۆنەکە و موژدەکەدا ھەیە؟ ئایا دەکرێت زانیاری ھەڵە بە سەرۆک کۆمار درابێت؟ زانیارییەکان دەڵێن، ئەگەر تورکیا بیتوانیایە سەرباز و پۆلیسە دیلەکان رزگار بکات، ئەوا وەک موژدەیەک رایدەگەیاند.

کۆدەنگیی پڕوپاگەندە
لە ئێستادا حکومەتی تورکیا کەوتوەتە خۆی و دەیەوێت کۆدەنگییەک بۆ بابەتی کوژرانی دیلەکان دروستبکات، تاکو ھەموان بە ھەموو دەنگە جیاوازەکانەوە رایبگەیەنن "پەکەکە دیلەکانی کوشتووە".

بۆ ئەم مەبەستە خولوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا و سولەیمان سۆیلو وەزیری ناوخۆ لەگەڵ کەمال کڵچدار ئۆغڵو سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری کۆبوونەوە و ئەگەریش ھەیە لەگەڵ مەرال ئەکشەنەر سەرۆکی ئیی پارتی کۆببنەوە و ئەنجامی ئۆپراسیۆنەکە و کوژرانی دیلەکانیان بۆ روونبکەنەوە.

ھەردو وەزیر ئامادەنین لەگەڵ پارتی دیموکراتی گەلان (ھەدەپە) کۆببنەوە. ئەمە لە کاتێکدایە ئەمڕۆ پەرلەمانتارانی (جەھەپە) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گومانیان خستە سەر لێدوانەکانی بەرپرسانی وڵاتەکەیان و وتیان، دەبێت ھەرکەسێک بیر لە کوشتنی ئەم ١٣ دیلە بکاتەوە، لە ھەر وڵاتێکدا ١٣ دیل بکوژرێت دەبێت بەرپرسان بەرپرسیارییەتییەکە لەئەستۆ بگرن و باجەکەی بدەن.

ئەمریکا: راستبێت سەرکۆنەی دەکەین
دوای رووداوەکە ئەنتۆنی بڵینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەگەر راستبێت پەکەکە ئەم دیلانەی کوشتووە، ئەوا سەرکۆنەی دەکەن.

ئەم لێدوانە نیگەرانی تورکیای بەدوای خۆیدا ھێنا. بۆیە ئەمڕۆ مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی ئەنجامدا.

بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی ھەردوو وڵاتەکە، ئەمریکا سەرەخۆشی لە تورکیا کردووە و سەرکۆنەی رووداوەکەشی کردووە.

سود و زیان
ئۆپۆزسیۆن، میدیای دژبەر و و رەوتی رەخنەگری تورکیا بەرپرسانی سەربازی و حکومەت بە بەرپرسی کوژرانی دیلەکان دەزانن، پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتداریش لە رێگەی میدیاکانەوە ھەوڵ دەدات رووداوەکە وەک "دڕندەیی" پەکەکە وێنا بکات و بۆ یەکلاکردنەوەی کێشە ناوخۆییەکان سودی لێوەربگرێت.

١٣ دیل کوژراون، پەکەکە دەیەوێت پیشانی بدات ئەو دیلانەی چوار ساڵە دەیانپارێزت و نەیکوشتوون، بە ئۆۆراسیۆنی تورکیا کوژراون، ئاکپارتیش دەیەوێت ناوخۆی وڵاتەکەی و وڵاتانی جیھان (بەتایبەت) ئەمریکا بخاتە سەر ئەو باوەڕەی پەکەکە ھەڕەشەیە بۆ ھەموان.