ڕاپۆرتی کوردستانی

01:54 - 17/02/2021

١٣ دیلە کوژراوەکەی گارە ناکۆکی دەخاتە ناو حکومەتی ئاکپارتییەوە‌

پەیسەر

بابەتی کوژرانی ١٣ دیلەکەی تورکیا و شکستی ئۆپراسیۆنی سەر گارە، ناکۆکی قوڵی خستوەتە ناو حکومەتەکی پارتی داد و گەشەپێدان، سەرەڕای ئەوەی وەزیرانی بەرگری و نواوخۆ پێکەوە روونکردنەوە دەدەن، بەڵام زانیارییەکان باس لە ناکۆکی قوڵی هەردوو وەزیر دەکەن لەبارەی ئۆپراسیۆنەکەوە.

سەردانی پارتەکان
بۆ روونکردنەوەی ئۆپراسیۆنی سەر گارە و کوژرانی ١٣ دیلەکەی تورکیا، خولوسی ئاکار وەزیری بەرگری و سولەیمان سۆیلو وەزیری ناوخۆ سەردانی کەمال کڵچدار ئۆغڵو سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری و مەراڵ ئاکشەنەر سەرۆکی پارتی باش-یان کرد. دواتریش هەردوو وەزیر بۆ هەمان مەبەست چوونە پەرلەمانی تورکیا و روونکردنەوەیان بە پەرلەمانتاران دا.

هەردوو وەزیرەکەی تورکیا وێنەی دیلە کوژراوەکان و راپۆرتی شیکارییان پێشکەشی سەرۆکی هەردوو پارتەکە و پەرلەمانی وڵاتەکەیان کردووە، تاکو بیسەلمێنن پەکەکە دیلەکانی کوشتووە، هەڵەی تورکیا نەبووە و ئۆپراسیۆنەکەش شکستخواردوو نەبووە.

لەگەڵ ئەوەی دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست هاوپەیمانی پارتی داد و گەشەپێدانە، بەڵام پێی باش بووە لە پەرلەمان گوێ لە دوو وەزیرەکە بگرێت نەک سەردانی بکەن.

ئاکار و سۆیلۆ لە کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ کڵچدارئۆغڵو وتویانە، "ئێمە شەڕی ئەم گروپە تیرۆریستییە بە پشتیوانی ئێوە و هەموو گەلەکەمان ئەنجام دەدەین." هەموو ئەو زانیارییانەشیان رەتکردەوە کە گومان دەخەنە سەر توانای هێزی سەربازی لەوەی کە نەیانتوانیوە دیلەکان رزگار بکەن.

دواتر هەردوو وەزیر سەردانی مەراڵ ئاکشەنەریان کرد و روونکردنەوەیان پێدا، وێنەی کوژراوەکان و راپۆرتە شیاکرییەکانیشیان خستە بەردەستیان.

وەزیرانی بەرگری و ناوخۆ داوای چاوپێکەوتنیان لە پارتی دیموکراتی گەلان نەکردووە و ئامادەش نین لەبارەی ئۆپراسیۆنەکەوە هیچ روونکردنەوەیەکیان پێبدەن.

 

ئەردۆغان بۆ کڵچدارئۆغڵو
ئەمڕۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا هێرشی توندی کردە سەر کەمال کڵچدارئۆغڵو گوایە وتویەتی ئەردۆغان بەرپرسیارە لە کوشتنی دیلەکان.

ئەردۆغان وتی، "بەبێ شەرمانە و بەبێ ماندووبوونتۆمەت دەبەخشییەوە. چۆن دەڵێیت سەرۆک کۆمار بەرپرسی شەهیدکردنی ئەم دیلانەیە، لە کاتێکدا ئێمە پێنج شەش ساڵە کاریان لەسەر دەکەین. ئەی کڵچدارئۆغڵو بۆ ئەوەی زانیارییت پێبدەن دوو وەزیری ناردە لای تۆ، بەڵام تۆ شایستەی ئەمە نەبوویت."

ناکۆکی ئاکار و سۆیلو
یەکێک لەو بابەتانەی لەناو ئۆپۆزسیۆنی تورکیادا باسی لێوە دەکرێت ناکۆکییەکانی نێوان وەزیری ناوخۆ و بەرگرییە دەربارەی ئازادکردنی دیلەکان. تەنانەت باس لەوە دەکرێت لەنێوان هەردوو وەزیردا ناکۆکی و گرفت دروستبووە.

زانیارییەکان باس لەوە دەکەن، سولەیمان سۆیلۆ وەزیری ناوخۆ، خولسی ئاکار وەزیری بەرگری بە بەرپرسیاری شکستی ئازادکردنی دیلەکان و ئۆپراسیۆنی گارە دەزانێت.

بەرپرسێکیش دەڵێت، هۆکاری ئەوەی هەردوو وەزیرەکە پێکەوە روونکردنەوە دەدەن، ئەوەیە کە ناکۆکی قوڵ هەیە لە نێوانیاندا. ئاکار کە ناتوانێت لەژێر باری شکستەکە دەربچێت، چاوی لەوە بووە کە سۆیلو بە زمانە سیاسییەکەی رزگاری بکات، هەر بۆیە قسەکانی سۆیلو لە پەرلەمان لە گوتاری سیاسیی دەچوو وەک ئەوەی وەک وەزیری ناوخۆ قسە بکات.

ئۆپراسیۆنەکە چۆن ئەنجامدرا؟
ئاکار لە ئەنجومەنی گشتی پەرلەمانی تورکیا لەبارەی ئۆپراسیۆنەکەوە وتی، پێش ئۆپراسیۆنەکە ئامادەکاری ورد کرا. پێنج مانگ سەرنج خرایە سەر ناوچەکە و دواتریش ئۆپراسیۆنەکە دەستیپێکرد. هەوڵی نزیکبوونەوە لە ئەشکەوتەکە درا، لە دەرگای ئەشکەوتەکەوە تەقە دەکرا و روومانە دەهاویژرا، سەربازەکان وەڵامی تەقەکانیان دەدایەوە، هەر نەدەکرا بۆردومانی ئەشکەوتەکە بکرێت، تەنها گازی فرمێسکرێژ بەکارهێنراوە و هیچ بۆردومان و تەقەیەک نەکراوە.

"داوا لە تیرۆریستەکان (گەریلاکان) کرا کە خۆیان رادەست بکەن، چەند جارێک ئەم داوایەمان کردەوە، لە دەرگای ئەشکەوتەکەوە گازمان دەپرژاند تاکو کاریگەری لەسەر توانای بینینی تیرۆریستەکان دروست بکەین، تیرۆریستێک خۆی رادەست کرد، بەڵام ئەوانی دیکە خۆیان رادەست نەکرد. دوای ماوەیەک دووەم تیرۆریست دەستگیرکرا، کە چووینە ژوورەوە تەرمی دیلەکانمان بینی و دەرمانهێنانەوە."

سۆیلو چی وت؟
سولەیمان سۆیلوش بە دۆسییەکەوە کە وێنە و راپۆرتی پزیشکی تایبەت بە کوژراوەکانی تێدا بوو، هاتە ناو هۆڵی ئەنجومەنەوە.

وەزیری ناوخۆ لە قسەکانیدا رەخنەی توندی ئاڕاستەی هەدەپە و رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ گرت و وتی، "جوگرافیای گارە سەختە"، رەخنەی لەو کەسانەش گرت کە باس لەوە دەکەن ئامادەکاری پێویست بۆ ئۆپراسیۆنەکە نەکراوە.

سۆیلو لە قسەکانیدا وتی، "پەرلەمانتارێک پێشتر چووەتە گارە، ئەگەریش دەتانەوێت ناوەکەی دەڵێم."

دوای قسەکانی وا راگەیاندرا کە ئەو پەرلەمانتارە سەر بە هەدەپەیە، بەڵام هەدەپە ئەوە رەتدەکاتەوە.

شاردنەوەی شکست
لەناو هەردوو پارتی جەهەپە و پارتی باش باس لەوە دەکرێت، سەردانی هەردوو وەزیرەکە بۆ شاردنەوەی شکستەکەیە و هەوڵ دەدەن شکستەکە بەسەر هەمواندا دابەش بکەن.

بەرپرسێکی باڵای جەهەپە کە ناوی ئاشکرا نەکراوە بە بی بی سی راگەیاندووە، هەوڵ و ئامادەکاری پێویست بۆ رزگارکردنی دیلەکان نەکراوە. "ئەڵبەتە ناڵێین دەوڵەت ئەم دیلانەی کوشتووە، بەڵام ناکرێت بە تۆپ و فڕۆکەوە روو لە شوێنێک بکەیت کە دیل و بارمتەی لێبێت. دەبێت لەو کارەدا دەروونناسێک هەبێت و رێککەوتن بکرێت. بەڵام ئەوەی بینیمان ئۆپراسیۆنێک بوو بەبێ ئامادەکاری."

بەرپرسەکەی جەهەپە لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت، ئەم سەردانانە بۆ ئەوەیە بڵێن کوژرانی ئەم دیلانە بەهۆی ئێمەوە نەبووە و پەکەکە کردوویەتی، لە لایەکی دیکەشەوە دەیانەوێت ئۆپۆزسیۆنیش بکەن بە بەشێک لە شکستەکە. ئەوە جگە لەوەی دەیانەوێت پشتیوانی بدۆزنەوە تاکو بە هەموانەوە دژایەتی رەخنە نێودەوڵەتییەکان بکرێت. بۆیە ئەگەر ئۆپراسیۆنەکە سەرکەوتوو بوایە و دیلەکان رزگار بکرانایە، ئەوا ئەم سەردانانەش ئەنجام نەدەدران.

تاکلایەنە بووە
یەکێکی دیکە لە رەخنەکانی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا ئەوەیە کە حکومەت بەشداری بە هیچ لایەن و رێکخراوێکی نێودەوڵەتی نەکردووە لەم پرسەدا.

لەم بارەیەوە پەرلەمانتارێکی پارتی باش دەڵێت، "دەکرا بۆ رزگارکردنی ئەم دیلانە لە پەرلەمان لیژنەیەک پێکبهێنرێت یان لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ قسە بکرێت و لە رێگەی رێککەوتنەوە رزگار بکرێن.