ڕاپۆرتی کوردستانی

09:50 - 18/02/2021

سەرۆک پارتەکانی تورکیا ئەردۆغان رەخنەباران دەکەن‌

پەیسەر

دوای کوژرانی ١٣ دیلەکەی تورکیا، سەرۆکی پارتەکانی تورکیا بە توندی هێرش دەکەنە سەر رەجەب تەیب ئەردۆغان و هەندێکیشیان بە بەرپرسی کوژرانی دیلەکانی دەزانن. ئەم هێرشانە هەوڵەکەی ئەردۆغانی بۆ یەکڕیزی لەبارەی بابەتی کوژرانی دیلەکانەوە رووبەڕووی شکست کردەوە.

کەمال کڵچدارئۆغڵو:بە دەهۆڵ و زوڕناوە بارمتە رزگار دەکرێت؟
رۆژی سێشەممە کەمال کڵچدارئۆغڵو سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهە) لە کۆبوونەوەی گروپی پەرلەمانتارانی پارتەکەیدا، بە توندی هێرشی کردە سەر رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و بە بەرپرسی کوژرانی ١٣ دیلەکەی تورکیا لە گارە ناوی برد.

کڵچدارئۆغڵو لە ئەردۆغانی پرسی، " وەک سەرۆک کۆمار، بۆ رزگارکردنی ئەو دیلانەی لە ساڵی ٢٠١٥وە لەژێر دەستی پەکەکەدان چیت کردووە؟. کاتێک لە ساڵی ٢٠١٩ عەبدوڵا ئۆجەلان رایگەیاند لە هەڵبژاردنەکاندا پشتیوانیت دەکات بۆچی داوای ئازادکردنی ئەم دیلانەت نەکرد، هەڵبژاردنەکانی شاری ئیستەنبوڵ لە ئەم دیلانە بەنرختر بوو؟"

کڵچدارئۆغڵو لە درێژەی قسەکانیدا وتی، " کە تۆ بە ترەمپت دەوت دۆستەکەم، بۆچی ئەم دۆستەیەتییەت بۆ رزگارکردنی دیلەکان بەکارنەهێنا؟ ئەی بۆ نەهات بە بیرتدا کە داوای هاوکاری لە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بکەیت تاکو لە ئازادکردنی دیلەکانماندا هاوکار بن؟"

سەرۆکی جەهەپە وتیشی، "بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی رزگارکردن دەچن، کەچی دیلەکان دەمرن، بە حساب لە دەستی رێکخراوە تیرۆریستییەکە رزگاریان دەکەن. پلانەکە ئاوا بووە؛ رۆژی چوارشەممە دێت و ئەردۆغان دەڵێت ئێمە قارەمانین، ئێمە ئاوا و ئاواین و ١٣ دیلمان رزگار کردووە، مەگەر ئامانج و پلانتان وانەبوو؟ بەڵی وابوو؟"

کڵچدارئۆغڵو بەم جۆرە درێژەی بە رەخنەکانی دا، "بۆ خاتری خوا بە دەهۆڵ و زوڕناوە بارمتە رزگار دەکرێت؟ بەرپرسی شەهیدکردنی ئەم ١٣ کەسە رەجەب تەیب ئەردۆغانە، با کەس بیر لە هیچی دیکە نەکاتەوە."

داودئۆغڵو: ئۆپراسیۆنی رزگارکردن ئاشکرا ناکرێت
ئەحمەد داودئۆغڵو سەرۆکی پارتی ئایندەش بە هەمان شێوە رەخنەی ئاڕاستەی رەجەب تەیب ئەردۆغان کرد.

داودئۆغڵو لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەنووس مورات یەتکین دەڵێت، ناکرێت پێش ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی رزگارکردن بە ئاشکرا باسی لێوە بکرێت.

داودئۆغڵو لەبارەی ١٣ دیلە کوژراوەکەوە دەڵێت، "ئەردۆغان ناچار بووە کە پەیوەندی بە بایدنەوە بکات و لەم بارەیەوە قسەی لەگەڵ بکات، بەڵام قسەنەکردنی ئەردۆغان لەگەڵ بایدن لەم ماوە زۆرەدا ئاماژەی ناکۆکیی پەیوەدنییەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیایە."

کارامۆڵائۆغڵو:ئۆپراسیۆنەکە شکستی هێناوە
تەمەل کارامۆڵائۆغڵو سەرۆکی پارتی سەعادەتیش خۆی لە رەخنەبارانکردنی ئەردۆغان نەپاراست و خستییە ژێر بەرپرسیارییەتییەوە.

کارامۆڵائۆغڵو وتی، "نەفرەت لەو تیرۆرە دەکەم کە گیانمان جەرگمان دەسوتێنێت و گیانمان ئازار دەدات. بەڵام ئەم ئۆپراسیۆنە بۆچی ئەنجامدرا، پێویستە وەڵامی ئەم پرسیارە بدرێتەوە."

سەبارەت بەوەی کە حکومەت دەیەوێت شکستەکە بەسەر هەموو پارتەکاندا دابەش بکات ئاماژەی بەوە کرد، " ئەگەر تەماشای لێدوانەکانی بەڕێز ئەردۆغان بکەین، دەردەکەوێت کە ئۆپراسیۆنی رزگارکردنەکە شکستی هێناوە، کەچی هەڵسوکەوت و هەڵوێستی پارتی فەرمانڕەوا وەهایە دەڵێیت پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن بەرپرسی ئەم شکستەن، ئەمەش مایەی قبوڵکردن نییە."

سەرۆکی سەعادەت بە توندی رەخنەی لە هەڵوێستێکی ئەردۆغان گرت و وتی، "ئەردۆغان لە کاتی قسەکردن لە کۆنگرەی پارتەکەیدا پەیوەندی بە دایکی یەکێک لە شەهیدەکانەوە دەکات و قسەی لەگەڵ دەکات، وەک ئەوەی کاتی دیکە نەبێت بۆ ئەم کارە، ئەمەشی تەنها بۆ خۆدەرخستنە تاکو بڵێت ئەها ئێمە چەند لە خێزانەکانیانەوە نزیکین، کەسێک نەبووە پێی بڵێت ئەم کارە مەکە، ئەمە عەیبە."

ئاکشەنەر
مەراڵ ئاکشەنەر سەرۆکی پارتی باش-یش وەک سەرۆکی پارتەکانی دیکە بە توندی هێرشی کردە سەر رەجەب تەیب ئەردۆغان و رایگەیاند، مافی گەلی تورکیایە بزانێت ئۆپراسیۆنی گارە چۆن بووە.

ئاکشەنەر لە کۆبوونەوەی گروپی پارتەکەیدا لە پەرلەمان وتی، "رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بابەتێکی نەتەوەییە، دەبێت هەموو کەس بە وریاییەوە باسی بکات، بەڵام ئەگەر هەڵەیەک هەبێت، نابێت بیانوو بۆ شاردنەوەی بهێنرێتەوە."

سەبارەت بە ئەردۆغانیش وتی، "ناکرێت خۆت موژدەکان رابگەیەنیت و شکستەکانیش بدەیت بە والی و وەزیرەکان رایبگەیەنن."

باسی لەوەش کرد، "بێدەنگی بەرامبەر بابەتەکانی تایبەت بە ئاسایشی نەتەوەیی شتێکی ئاساییە، بەڵام دەمانەوێت بزانین چی بەسەر رۆڵەکانماندا هاتووە."

ئاکشەنەر زمانی رەخنەکانی توند دەکاتەوە و دەڵێت، "ئێوە لە هیچ وڵاتێکتان بیستووە بە هاوڵاتییە رفێندراوەکانی بڵێن دیل؟ بە توندی ئەردۆغان ئاگادار دەکەمەوە؛ ئەوەی بەبێ شعورانە و بە کەیفی خۆت دەیڵێیت لە داهتوودا دێتەوە رێگامان. ئەم میللەتە باجی ئەو کارانەت دەدات کە نایزانیت و دەیانکەیت. ئاگات لە زمانت دەبێت و بە باشی کارەکانت ئەنجام دەدەیت، تۆ نوێنەرایەتی ٨٣ ملیۆن کەس دەکەیت."

سەرۆکی پارتی باش بەم جۆرە کۆتایی بە قسەکانی دەهێنێت، "کەسی دەوڵەتی لە کاتێکی ئاوادا دەردەکەوێت، لە کاتێکی ئاوادا دەتوانێت ماف و بەهای کورسییەکەی بدات. تۆ لەم شکستەدا کەوتیت. ئەها مرۆڤ هەندێک جار لە بری خەڵکی تر تەریق دەبێتەوە، ئێمەش لەبری تۆ ئەوەندە تەریق بووینەتەوە ماندوو بووین. کەچی تۆ لە تەریقکردنەوەی ئێمە هەر ماندوو نەبوویت."