ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

09:29 - 19/02/2021

گروپێک بۆ رەوەندی جولەکە؛ کەنداو دەرگا بۆ جولەکەکان دەکاتەوە‌

پەیسەر

جولەکە دەیەوێت بەڕووی کۆمەڵگا ئیسلامییەکاندا بکرێتەوە. هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ رێککەوتن لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی، گەورەترین و فەرمیترین هەنگاوی ئیسرائیلن بۆ نزیکبوونەوە لە وڵاتانی عەرەبی. لە ئێستاشدا دامەزراندنی گروپێکی جولەکە لەناو ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو، نوێترین هەوڵی جولەکەکانە بۆ هاتنە کەنداو.

کۆمەڵەی رەوەندی جولەکە لە کەنداو (AGJC) لە خۆناساندنیاندا دەڵێن، رێکخراوێکی گشتیی رەوەندەکانی جولەکەیە لە دەوڵەتانی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو، کە کار بۆ بونیادنان و پەرەدان بە ژیانی جولەکە لە ناوچەکە دەکات.

گروپەکە باس لەوە دەکات، "لە کاتیکدا هەموو کۆمەڵگایەک سەربەخۆیە، بەڵام هاوبەشن لە ئامانجدا و روئیای هاوبەشیان هەیە، ئەوانیش هەوڵ دەدەن ژیانی جولەکەکان لە کەنداو بڕازێننەوە، ئەمەش بۆ سود و بەرژەوەندی دانیشتوانی کەنداو و گەشتیاراندا."

گروپەکە باس لە رۆڵی ئەنجومەنی کەنداوی عەرەبی دەکات لە چاودێریکردنی چەند پڕۆگرام و خزمەتگوزارییەکی وەک (Beth Din of Arabia)، ئاژانسی کۆشەر عەرەبی و چالاکییەکانی خولی ژیان و پڕۆگرامەکانی دیکە.

رۆژی دووشەممە گروپەکە راگەیەندرا کە گروپێکی سەر بە جولەکەکانی کەنداوە، لەناو ئەنجومەنی هاریکاری کەنداودایە و یەکەم گروپی جولەکەی لەم جۆرەیە لە ناوچەکەدا.

گروپەکە لەلایەن حاخامە گەورەکانی ناو ئەنجومەنی جولەکە – ئیمارات بەڕێوەدەبرێت، لەوانەش دکتۆر ئیبراهیم نونو کە سەرۆکی گروپەکەیە و لە هەمان کاتدا سەرۆکی رەوەندی جولەکەیە لە بەحرەین، هەروەها دکتۆر ئیلی عەبادی.

دامەزراندنی ئەم گروپە لە چوارچێوەی قۆناغەکانی جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئیبراهیمە کە لە کۆشکی سپی واژۆ کرا، ئەوەش سەرەتای رێککەوتنەکانی دیکەی ئیسرائیل بوو لەگەڵ بەحرەین، سودان و مەغریب.

گروپەکە کار بۆ دامەزراندنی دادگایەکی تایبەت بە جولەکەکان دەکات بۆ کارکردن لەسەر ناکۆکییە مەدەنییەکان، کارەباری کەسی، سروتەکانی جولەکە، هەروەها بۆ کارکردن لەسەر کاروباری بازرگانی.

یەکێکی دیکە لە ئامانجەکانی گروپەکە بریتییە لە بەردەستخستنی خواردنی کۆشەری تایبەت بە جولەکەکان لە هەر شەش وڵاتەکەی کەنداو.

ئیلی عەبادی لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل ديڵێت، ئەم گروپە هەلێکە، چونکە ناوچەکە بەڕووی بوونی کۆمەڵگای جولەکەدا کراوەتەوە. "هەوڵ دەدەین بگەین بە ژێرخانێکی پێویست بۆ کۆمەڵگەی جولەکە لە وڵاتانی کەنداو."

عەبادی باسی لەوەش کردووە، لە سعودیە جولەکە هەن، بەڵام تاکو ئێستا بە ئاشکرا ناژین و خۆیان دەرناخەن، بەشێک لە جولەکەکانی سعودیەش ئەندامی ئەم گروپەن.

سەبارەت بە پشتیوانی کەنداویش دەڵێت، دەسەڵاتدارانی ئیمارات پشتیوانی دامەزراندنی گروپێکیان بۆ کۆمەڵگای جولەکە کردووە و ئامادەیی خۆشیان بۆ دامەزارندنی گروپەکە و هەر کارێکی پێویست دەربڕیوە.

ئەوەی تاکو ئێستا راگەیەندراوە، گروپەکە هاوکارییەکان لە ئەندامەکانی وەردەگرێت و پشتیوانی مادی لە هیچ حکومەتێکەوە وەرناگرێت.

دامەزراندنی ئەم گروپە لە ناو کەنداودا، لە کاتێکدایە تاکو ئێستا ئیسرائیل بە فەرمی پەیوەندییەکانی لەگەڵ کوەیت، عومان، قەتەر و سعودیە ئاسایی نەکردووەتەوە، بەڵام هەوڵەکان بەم ئاڕاستەیەدا بەردەوامیی هەیە.

سەرەڕای نەبوونی پەیوەندی فەرمی، بەڵام لە نەوەدەکانی سەدەی رابردووەوە قەتەر نووسینگەی نوێنەرایەتی بازرگانی ئیسرائیلی لەسەر خاکەکەی کردەوە، بەڵا بەهۆی رووداوەکانی فەڵەستین و دروستبوونی پێکدادانەکانی فەڵەستینییەکان و سوپای ئیسرائیل نووسینگەکە داخرا.

ژیانی جولەکەکان لە سەردەمی هاوچەرخدا لە هەشتاکانی سەدەی نۆزدەوە دەستیپێکردووە. ئەوەش کاتێک جولەکەکان گەیشتنە بەحرەین، لەو کاتەوە وردە وردە ژمارەی رەوەندی کوردی لە وڵاتانی کەنداوی عەرەبی روویان لە زیادبوون کرد. لە ئێستاشدا گەورەترین رەوەندی جولەکە لە کەنداودا لە وڵاتی ئیماراتە.