ڕاپۆرتی کوردستانی

09:38 - 19/02/2021

گارە وەک بیانوو؛ داخستنی هەدەپە لەنێوان ئەردۆغان و باخچەلیدا‌

پەیسەر

ماوەی چەند مانگێکە مەهەپە داوای داخستنی هەدەپە دەکات و چەندین جاریش ئەم داوایەی ئاڕاستەی ئاکپارتی کردووە، بەڵام وەڵامی وەرنەگرتووە. پارتە نەتەوە پەرستەکە لە ئێستادا گارەی کردووە بە بیانووی داخستنی هەدەپە و هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە.

دەوڵەت باخچەلی: دەبێت هەدەپە دابخرێت
١١ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٠، دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست لە تویتەری خۆیەوە داوای داخستنی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)ی کرد و وتی، "کاروانەکە ئاوا ناڕوات، دەبێت داد و ماف دەستبەکار بن و قوفڵ لە دەرگای هەدەپە بدەن، دەبێت ئەم پارتی تیرۆر و دابەشکەرە دابخەن."

باخچەلی سەڵاحەدین دەمیرتاشی بە "تیرۆریست" ناوبرد و داوای کرد کۆتایی بە دۆسییەکەی بهێنرێت و لەوە زیاتر درێژە نەکێشێت.

باخچەلی ماندوو نابێت
رۆژی سێشەممە دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست جارێکی دیکە داخستنی هەدەپەی هێنایەوە بەر باس.

باخچەلی لە کۆبوونەوەی گروپی پەرلەمانتارانی پارتەکەیدا وتی، دوای گارە هیچ شتێک وەک خۆی نامێنێتەوە. لەسەر ئەم بنەمایە داخستنی هەدەپە پێویستە، دڵنیاشە دادگا ئەوەی پێویستە دەیکات. کە دادگاش دۆسییەکەی کردەوە بەپێی یاسای پارتە سیاسییەکان داوای داخستنی هەدەپە دەکەن.

بێوەڵامی ئاکپارتی
سەرەڕای دووبارەکردنەوەی داوای داخستنی هەدەپە لەلایەن دەوڵەت باخچەلی و مەهەپەوە، بەڵام لەلایەن ئەردۆغان و ئاکپارتییەوە هیچ وەڵامێک نەدراوەتەوە و رەتکراوەتەوە، ئەمەش چەندین هۆکاری ناوخۆی و دەرەکی هەیە کە وا دەکەن داخستنی هەدەپە زیانێکی زۆر لە پارتی داد و گەشەپێدان بدات.

ئاکپارتی کە تا ئاستێک هەوڵیداوە دەستکاری ئەو یاسایانە بکات کە داخستنی پارتەکانیان ئاسان کردبوو، تاکو ئێستا نەیویستووە بچێتە ژێر باری ئەم داواکارییەی مەهەپە، بەڵام دوور نییە شکستی تورکیا لە ئۆپراسیۆنی گارە بۆچوونی ئاکپارتی نەگۆڕێت.

ترسی بەهێزبوون
لەگەڵ ئەوەی پارتی داد و گەشەپێدان کێشەی گەورەی لەگەڵ پارتی دیموکراتی گەلاندا هەیە و لە مەهەپە زیاتر پێی خۆشە دابخرێت، بەڵام بەرپرسانی ئاکپارتی داخستن بە چارەسەر نازانن.

ئەوەی وای کردووە ئاکپارتی ئەم داوایەی مەهەپە رەتبکاتەوە، ئەوەیە بەرپرسانی حزبی فەرمانڕەوا پێیان وایە داخستنی پارتە کوردییەکان وەها دەکات پارتی دواتر کە دادەمەزرێت لە پارتەکەی پێشووتر بەهێزتر بێت، ئەمەش وەک کاردانەوەیەکی کورد لە دژی داخستنی پارتەکانیان.

لەبەرئەوەشی ئاکپارتی خۆی لەبەردەم داخستندا بووە و ئەزموونێکی تاڵی لەم بارەیەوە هەیە، ناتوانێت بە ئاشکرا کار لەسەر داخستنی پارتێک بکات، چونکە دەبێتە دووڕووییەکی سیاسیی گەورە بۆی.

دوای داخستن و ترسی ئاکپارتی
لە ئەگەری داخستنی پارتی دیموکراتی گەلان، دوو ئەگەری بەهێز هەن، یەکەم بریتییەوە لە دامەزراندنی پارتێکی دیکەی کوردی، دووەم ئەگەریش بریتییە لە یەکگرتن لەگەڵ یەکێک لە پارتە بەرهەڵستکارەکانی ئێستا، کە ئەم ئەگەرەیان دوورترە.


بەرپرسێکی باڵای ئاکپارتی کە ناوی ئاشکرا نەکراوە بە بی بی سی راگەیاندووە، "ئێمەش سورین لەسەر داخستنی هەدەپە، بەڵام ئێمە دەمانەوێت لە سندوقی دەنگداندا دایبخەین. چونکە ئێمە لە چاکسازییە دەستورییەکانی ٢٠١٠ کارمان لەسەر ئەوە کرد داخستنی پارتەکان سەخت بکەین، بۆیە پێویستە وانە لە رابردوو وەربگرین."

ترس لە دەنگدەری کورد
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان کە وەها دەکات ئاکپارتی خۆی لە داخستنی هەدەپە بەدوور بگرێت، ترسە لەوەی دەنگی دەنگدەرە کوردەکان لەدەستبدات، چونکە ئیتر کوردەکان تێدەگەن هەمیشە لەبەردەم داخستنی پارتەکانیاندان و پارتی فەرمانڕەواش بەرپرسی ئەم کارەیە.

ئەگەر هەدەپە دابخرێت، ئەوا دەنگدەرە کوردە پارێزگارەکان روو لە هەردوو پارتی ئایندەی ئەحمەد داودئۆغڵو و پارتی دەڤای عەلی باباجان دەکەن، ئەمەش گەورەترین مەترسییە بۆ سەر پێگەی پارتە فەرمانڕەواکە لە باکوری کوردستان، چونکە ئەردۆغان نایەوێت دەنگدەرەکانی روو لە دوو رکابەرەکەی بکەن کە چەندین ساڵ پێکەوە کاریان کردووە.

جێگرەوەی داخستن
لەناو پارتی داد و گەشەپێداندا، لەبری داخستن هەڵگرتنی پارێزبەندی بووەتە جێگای گفتوگۆ و بیرلێکردنەوە. پارتەکە لە ئێستادا هەدەپە و پەکەکە وەک یەکتر دەبینێت و بە یەک چاو سەیریان دەکات.

لەبری داخستن، ئاکپارتی کار بۆ ئەوەی دەکات، بابەتی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتارانی هەدەپە بخاتە ناو بەرنامەی لیژنەی دادی دەستوریی پەرلەمانەوە، تاکو پارێزبەندیان لەسەر هەڵبگیرێت و دواتریش دادگایی بکرێن.

پارتی داد و گەشەپێدان نایەوێت ئەزموونی نەوەدەکانی ساڵی رابردوو دووبارە ببێتەوە، کە بە بەرچاوی جیهانەوە پۆلیس لەناو پەرلەمانی تورکیادا پەرلەمانتارانی پارتی دیموکراسی (DEP) دەستگیرکرد و بردنیە دەرەوە. لەبری ئەوە دەیەوێت یەک یەک پارێزبەندییان لەسەر هەڵبگرێت و دادگاییان بکات.

لە ئێستادا ١٣٠٠ دۆسییەی هەڵگرتنی پارێزبەندیی لەسەر پەرلەمانتاران لە پەرلەمانی تورکیایە، نزیکەی ٩٠٠ دانە لەم دۆسیانە لەسەر پەرلەمانتارانی هەدەپەیە و پەیوەستە بە بابەتی "تیرۆر" و پەیوەندییان بە پەکەکەوە.

فشارەکانی سەر هەدەپە
ماوەی چەند مانگێکە فشارێکی زۆر لەسەر هەدەپە هەیە، لە دوو ساڵی رابردووشدا زۆرترین سەرۆک شارەوانی سەر بە هەدەپە دەستگیرکران و لە کارەکانیان دوورخرانەوە. ئەمە جگە لە دەستگیرکردنی دەیان بەرپرسی پارتەکە.

دوای ئۆپراسیۆنی گارەش فشارەکان بۆ سەر هەدەپە زیادیان کرد، لە هەڵمەتەکانی چەند رۆژی رابردوودا دەزگا ئەمنییەکانی تورکیادا، سەدان ئەندام، لایەنگر و بەرپرسی هەدەپەیان لە شارە جیاوازەکانی باکوری کوردستان و تورکیا دەستگیرکرد.