12:49 - 11/01/2019
پشت له شه‌قام و روو له سۆشیال میدیا
ره‌نگه قۆناغى نوێى سیاسى بۆ ئۆپۆزسیۆن ته‌واو ئه‌زمونێكى جیاوازبێت له پێشووتر، چه‌ند مانگه‌ى ده‌ستپێكى كارى ئه‌و هێزانه‌ى ئۆپۆزسیۆنبوونى خۆیان راگه‌یاند، سه‌ره‌تاى ده‌ركه‌وتنى چمكى ئه‌و جیاوازییه بوو، به فشار و كاریگه‌رى گه‌وره‌وه نه‌هاتنه مه‌یدانه‌كه و جوڵه‌كانیان گۆمه مه‌نگه‌كه‌ى نه‌شڵه‌قاند، بۆ چه‌ند مانگه‌ى دواكه‌وتنى پێكهێنانى حكومه‌ت و تێپه‌ڕاندنى ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كانیش ناڕه‌زاییه‌كان له ئیدانه‌و كه‌مپینى سۆشیال میدیادا بڕایه‌وه.
دواى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ى كۆتایى ئه‌یلولى رابردوو دوو هێز بێ دوودڵییه‌كى ئه‌وتۆ ئۆپۆزسیۆنبوونى خۆیان راگه‌یاند كه خاوه‌نى ١٣ كورسى په‌رله‌مانن، له‌دۆخى نیگه‌رانى و بێ‌ئومێدى خه‌ڵكانێكى زۆردا كاره‌كه‌ى ئه‌وان هه‌رچه‌ند ئاسان نییه به‌ڵام زه‌مینه‌ى جموجوڵى بۆ ره‌خساندوون، چونكه نیگه‌رانى و توڕه‌بوونه‌كان ئێستا به‌راورد به ده‌ستپێكى ئۆپۆزسیۆن و خولى سێیه‌مى په‌رله‌مان قه‌به‌تربوون و كێشه‌كان قه‌ڵه‌وتربوون.
هه‌رێمى كوردستان له‌به‌رده‌م ئه‌زمونێكى نوێى ئۆپۆزسیۆندایه، ئه‌زمونى پێشتر به یه‌كگرتووییه‌كى تاڕاده‌یه‌ك تۆكمه‌وه رووبه‌ڕووى هه‌ژمونى ده‌سه‌ڵاتبوونه‌وه‌و خاوه‌نى ٣٥ كورسى په‌رلەمان بوون، ئه‌وان له‌چه‌ند قۆناغێكى جیاوازدا كارتى شه‌قامیان جوڵاند و فشاریان له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات دروستكرد، له ١٧ی شوبات دەسەڵاتیان تووشى سه‌غڵه‌تبوونى گه‌وره كرده‌وه جوڵه‌ى جیاواز كه‌وته په‌رله‌مان و حكومه‌ت، هێشتا گله‌یى و ره‌خنه‌ش زۆرن كه ئه‌نجامێكى ئه‌وتۆى ئه‌و هه‌وڵانه نه‌چنرانه‌وه.
ئێستا شه‌قامەکان چۆڵن و سۆشیال میدیا پڕن له نیگه‌رانى
ئه‌زمونى نوێى ئۆپۆزسیۆن یه‌كگرتوویى به گوتار و كرداریانه‌وه دیارنییه، پێناچێت به ته‌نها هه‌ر لایه‌كیان بچنه ژێربارى جوڵاندنى شه‌قام بۆیه‌ش تا ئێستا باس له فشاره‌كان ناكه‌ن له رێگه‌ى شه‌قامه‌وه بۆ گۆڕانكارى، دژى دواكه‌وتنى حكومه‌تى نوێ و كارانه‌كردنى په‌رله‌مان، و پێشتریش دژى ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كان ناڕه‌زاییه‌كانیان له راگه‌یاندن و سۆشیال میدیا بڕانده‌وه‌و درێژه‌یان پێنه‌دا، ئه‌زمونى نوێى ئۆپۆزسیۆن زۆرتر رووى له سۆشیال میدیا و پشتى له شه‌قامه، بۆیه ئێستا شه‌قام چۆڵن و سۆشیال میدیا پڕن له نیگه‌رانى، پێچه‌وانه‌ى سه‌رده‌مى ١٧ى شوبات شه‌قامه‌كان له سۆشیال میدیا قه‌رەباڵغتربوون، مۆدێلی ئەوان سۆشیال میدیا کۆڵەکەی سەرەکییەتی.
قۆناغى نوێى كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى بۆشایى گه‌وره‌ى بۆ ده‌سه‌ڵات دروستكردووه كه ئۆكسجین به ئۆپۆزسیۆن ده‌دات، به‌ڵام كۆمه‌ڵێك تایبه‌تمه‌ندى هه‌یه كه ده‌ستوپێى ئۆپۆزسیۆن و ده‌وره چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ى سڕده‌كات، ئاریان ره‌ئوف مامۆستاى زانكۆ و توێژه‌رى سیاسى، پێیوایه ئێستا ئه‌و قۆناغه‌یه كه رۆڵى هێزه‌مه‌ده‌نییه‌كان سست ده‌كات و به‌پێچه‌وانه‌وه هێز به‌و لایه‌نانه ده‌داته‌وه كه خاوه‌نى چه‌كن و زمانى چه‌ك تێكه‌ڵى ركابه‌رییه سیاسیه‌كان ده‌كه‌ن.
ئاریان بۆچوونه‌كه بۆ په‌یسه‌رپرێس روونكرده‌وه‌و گوتى، ئه‌م دۆخه جیاوازه له پێشتر و ساڵى ٢٠٠٩ ئێستا له هه‌رێم قۆناغى دواى جه‌نگه، متمانه‌ى هاوڵاتیان گۆڕاوه به‌رامبه‌ر پرۆسه‌ى سیاسى، له‌به‌رئه‌وه‌ى له‌چه‌ند ساڵى رابردوو هیچیان ده‌ستنه‌كه‌وتووه، ئۆپۆزسیۆنیش به‌شێكه له‌و پرۆسه سیاسییه"بۆیه ده‌توانین بڵێین ئۆپۆزسیۆن رۆڵێكى ئه‌وتۆى نابێت، له‌به‌رئه‌وه‌ى دۆخى دواى جه‌نگه له هه‌موو وڵاتان دواى جه‌نگ ئۆپۆزسیۆن و هێزه مه‌ده‌نییه‌كان تا چه‌ند ساڵێكى دواتر رۆڵى لاوازیان ده‌بێت".
ئه‌و كاریگه‌رییه‌ى شه‌قام دروستیده‌كات سۆشیال میدیا ناتوانێت دروستیبكات
به‌بڕواى ئه‌و، ئۆپۆزسیۆنى ئێستا له سۆشیال میدیا ده‌رفه‌تى خۆنیشاندانى به خه‌ڵكى زیاتره له شه‌قام، چونكه له شه‌قامدا ئه‌و وه‌ڵامگۆیه‌ى نیه"بۆیه ئۆپۆزسیۆن ده‌یه‌وێت بوونى خۆى بسه‌لمێنێت، ناتوانێت جوڵه بكات له‌شه‌قام سۆشیال میدیا به‌كاردێنێت، بۆئه‌وه‌ى بڵێت ئه‌م ئۆپۆزسیۆنه ئاماده‌باشییه‌كى هه‌یه، ئه‌و كاریگه‌رییه‌ى شه‌قام دروستیده‌كات سۆشیال میدیا ناتوانێت دروستیبكات، ئه‌مه ماناى ئه‌وه نییه له گرنگییان كه‌مبكه‌ینه‌وه رۆڵى خۆیان ده‌بێـت، ده‌كه‌وێته سه‌رئه‌وه‌ى تاچه‌ند جددین، به‌ڵام ئه‌و كاریگه‌رییه‌ى نابێت كه ٢٠٠٩ هه‌یبوو".
به‌مدواییانه ناكۆكى نێوان دوو هێزه چه‌كداره‌كه‌ى هه‌رێمى كوردستان یه‌كێتى و پارتى، چووه دۆخێكى هه‌ستیاره‌وه كادیره‌كانى یه‌كدییان ده‌ستگیركرد، بۆچوونێك هه‌یه پێى وایه چه‌نده ململانێى ئه‌و دووهێزه گه‌وره‌تربێت ركابه‌رى ئۆپۆزسیۆن و ده‌سه‌ڵات كاڵتر به‌رچاوده‌كه‌وێت، له دۆخى به‌ركه‌وتنى ئه‌و هێزه چه‌ك به‌ده‌ستانه‌دا سه‌رنجه‌كان له‌سه‌ر دۆسیه‌كانى چاكسازى و گۆڕانكارى ریشیه‌یى كه‌مده‌بنه‌وه چاوه‌كان زۆرتر ده‌چنه سه‌ر زۆرانگرتنى ئه‌و دووهێزه.
ئاریان ره‌ئوف ده‌ڵێت،"خه‌ڵك توڕه‌تره ده‌زانێت ئۆپۆزسیۆن بۆ ئه‌م قۆناغه رۆڵى نابێت ئه‌و هێزانه‌ى ئۆپۆزسیۆنبوونى خۆیان راگه‌یاندوه ناتوانن هه‌نگاوى گه‌وره بنێن و فشارى گه‌وره دروستبكه‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌ى ئه‌م هێزه سیاسییانه‌ى ده‌سه‌ڵاتیان گرتووه‌ته ده‌ست رۆڵى چه‌ك زیاتره لایان، ئێستا قۆناغى دیل به‌دیل گه‌ڕاوه‌ته‌وه، قۆناغه‌كه گه‌ڕاوه‌ته بۆ ئه‌و كاته‌ى نێوانى یه‌كێتى و پارتى نه شه‌ڕ بوو نه ئاشتى، هێزه‌ئۆپۆزسیۆنه‌كان ناتوانن شه‌قام بجوڵێنن، چونكه شه‌قام بێئومێدبووه، ئۆپۆزسیۆن ناتوانن كارێكى ئه‌وتۆ بكه‌ن".
سۆشیال میدیا ناڕه‌زاییه‌كان قوت ده‌دات و توڕبوونه‌كان خاڵى ده‌كاته‌وه‌و بڕست له‌شه‌قام ده‌بڕێت
ره‌نگه ئۆپۆزسیۆنى نوێ له‌وه گه‌شتبێت كه گواستنه‌وه‌ى نیگه‌رانییه‌كان له شاقامه‌وه بۆ سۆشیال میدیا سه‌رئێشه‌و ده‌رده‌سه‌رییان كه‌متربكاته‌وه و خه‌ڵكێكى زۆریش بێ ماندووبوون به ده‌ورى په‌یامه‌كه‌دا كۆبكه‌نه‌وه، به‌ڵام ئه‌و شێوازه بۆ ده‌سه‌ڵاتیش بژارده دڵخوازه‌كه‌یه، چونكه ئه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات ته‌نگه‌تاو ده‌كات زیندووكردنه‌وه‌ى شه‌قام و خۆپیشاندان و مانگرتنه‌كانه، به‌پێچه‌وانه‌وه بۆچوون هه‌ن كه پێیان وایه سۆشیال میدیا ناڕه‌زاییه‌كان قوت ده‌دات و توڕبوونه‌كان خاڵى ده‌كاته‌وه‌و بڕست له‌شه‌قام ده‌بڕێت.
عه‌زیز ره‌ئوف نوسه‌رو چاودێرى سیاسى سه‌باره‌ت بۆ رۆڵى ئۆپۆزسیۆن و میكانیزمه‌كانى فشاركردنى بۆ په‌یسه‌رپرێس قسه‌یكرد گوتى"ئه‌گه‌ر سۆشیال میدیا‌و ئینته‌رنێت نه‌بووایه پێم وایه شۆڕشێكى گه‌وره دروستده‌بوو، سۆشیال میدیا نابێته جێگره‌وه‌ى شه‌قام به پێچه‌وانه‌وه خه‌ڵك ته‌مه‌ڵ ده‌كات، ئه‌گه‌ر سۆشیال میدیا نه‌بوایه خه‌ڵك كۆده‌بووه‌وه، سۆشیال میدیا هیچ كاریگه‌رییه‌كى نییه، ئه‌م فۆرمه له ئۆپۆزسۆن ته‌نها له سۆشیال میدیا و ته‌له‌فیزیۆن بوونى هه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌و شوێنه‌ى خۆى ده‌یه‌وێت، ئه‌مه‌ش جگه له ماندوكردن هیچى دیكه نیه، پێم وانییه شه‌قام بجوڵێت، بشجوڵێت خۆى ئه‌جوڵێت".
گرفتێكى دیكه كه رووبه‌ڕووى ئۆپۆزسیۆن ده‌بێته‌وه، تاقیكردنه‌وه‌ى كارته‌كانه له پێشتردا
ئه‌و نوسه‌ره به نائومێدى زۆره‌وه له‌سه‌ر ئۆپۆزسیۆن باسیله‌وه‌كرد"من شتێك نابینم به‌ناوى ئۆپۆزسیۆن، ئۆپۆزسیۆن به چه‌مكه فراوانه‌كه‌ى من جیاوازییه‌كى ریشه‌یى قوڵ نابینم، هێزى ناڕازى و ده‌نگه‌ده‌نگ هه‌یه نه‌ك ئۆپۆزسیۆن، ره‌خنه له‌یه‌كێتى و پارتى كۆتایى هاتووه هه‌رنه‌ماوه دیل به‌دیله‌كه‌ى ئه‌م دواییه پێى گوتین ئیتر ره‌خنه له پارتى و یه‌كێتى كۆتایى هاتووه".
گرفتێكى دیكه كه رووبه‌ڕووى ئۆپۆزسیۆن ده‌بێته‌وه، تاقیكردنه‌وه‌ى كارته‌كانه له پێشتردا به‌جۆرێك ئۆپۆزسیۆن ناچارده‌كات به‌دواى كارتى به‌هێزتر و جیاوازتر بگه‌ڕێت كه كار له بێ‌ئومێدى گه‌وره‌ى خه‌ڵك بكات له پرۆسه‌ى سیاسى، عه‌زیز ره‌ئوف ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد،"ئه‌م هێزانه‌ى ئۆپۆزسیۆنن ناتوانن شه‌قام بجوڵێنن خراپترین مۆدێل له هه‌رێمى كوردستان ئۆپۆزسیۆنى ده‌نگده‌ره كه له‌سه‌ر حه‌شامات و ده‌نگ ئیش بكات، نه‌ده‌توانن شه‌قام بجوڵێنن نه‌ده‌توانن فشار بكه‌ن، گوتارى ئێستاى ئۆپۆزسیۆن به قسه‌كردن تاقیبووه‌ته‌وه، قسه به‌سه ئیتر ده‌بێت كار له‌سه‌ر په‌روه‌رده‌ى سیاسى بكرێت".
سه‌ره‌ڕاى ئه‌و شێوازه نوێیه‌ى ئۆپۆزسیۆن بۆ كاركردن په‌یڕه‌ویده‌كات، كه زۆرتر فشارن له میدیا و سۆشیال میدیا و ئه‌و رێگه مه‌ده‌نییانه‌ى تاقیكراونه‌ته‌وه، هێشتا كێشه‌قوڵ و بۆماوه‌ییه‌كانى حكومه‌ت، نێوانه شلۆقه‌كه‌ى هه‌ولێر و به‌غدا و لێڵى چاره‌نوسى بودجه و مووچه‌و پاشه‌كه‌شى ئازادییه كه‌سییه‌كان، و كۆمه‌ڵێك كێشه‌ى ماوه‌درێژه‌ى دیكه خۆراكى مانه‌وه‌و گه‌شه‌ى ئۆپۆزسیۆنن و زه‌مینه‌ى ئه‌وه ده‌ره‌خسێنێت گوتارى ئۆپۆزسیۆن پێشوازى لێكراوبێت، ئه‌وه‌ش ره‌نگه ده‌رفه‌ت بدات به ئۆپۆزسیۆن بۆشاییه‌كانى خۆى پێ دابپۆشێت و قه‌ره‌بوونى جوڵه سڕه‌كانى بكاته‌وه.